عەبدوڵا مەحمود
abdulla.mahmud@gmail.com
سەلماوترین راستی ئەوەیە، کە بەشداری هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنەکاندا لە بەناو دیموکراتی ترین وڵاتانی دنیادا، روو لەداکشانە. ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە و بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن، کەمترو کەمتر دەبێتەوە. پرۆسەیەک کە ناوی نراوە هەڵبژاردنی ئازادانەو چەندین دەهەیە ئەم فۆرمە، بۆتە فۆرمی سیستەمی دیموکراسی پەرلەمانی کارایی خۆی لەدەست داوە. بۆ زۆربەی زۆری کۆمەڵگاو تاکەکانی روون بۆتەوە کە دیموکراسی پەرلەمانی و هەڵبژاردن، ئاڵوگۆری بنەرەتی بەسەر کۆمەڵگادا ناهێنێت و پایە سەرەکیەکانی دەسەڵاتدارێتی و جومگە بناغەیەکانی راگیرکردنی سیستەمی سیاسی و چینایەتی بەدەست لێنەدراوی دەهێڵێتەوە. لە باشترین حاڵەتدا، جێگۆركی حزبی لە حوکمرانیدا روودەدات. حزبێك جێگا بۆ یەکێکی تر بۆماوەی چوار ساڵی داهاتوو چۆڵ دەکات، بێ ئەوەی سیستەمی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی، جوڵەیەک بکات. ئەم کایەیەش بۆ ئەوەیە ئابڕوی سیستەمی دیموکراسی پەرلەمانی و هەڵبژاردن وەکو ئەلگۆ و رویەکی دیموکراسی! بپارێزن و دوبارەو چەندبارە بەرهەمی بهێنەوە. ئەمەش لە ناو دڵی بۆمبابارانێکی فراون و هەمەرەنگ و هەمە چەشنی راگەیاندن و پشتیوانیەکی بێ شوماری دارایدا، بەڕێوە دەچێت. جا ئەگەر ئەم پرۆسەیە لە وڵاتانی پێشکەوتوو وە لەباری سیاسیەوە ئارام و خاوەن یاسادا، بەم جۆرە برواتە پێشەوە. بێگومان لە کوردستاندا، هەڵبژاردن زۆر بێ بەها و بێناوەڕۆکە. بەتایبەت کە یەک تاکە حزبی سیاسی لە خانەوادەی بزوتنەوەی کوردایەتیدا، لەکوردستان پەیدا ناکرێت، عەلمانی بێت و بڕوای بە “دیموکراسی باوی دنیا” هەبێت و ڕیز بۆ دەنگی هاوڵاتیانی دابنێت و ئاکامی هەڵبژاردنەکان قبوڵ بکات.
لە کوردستاندا، هیچ کەسێکی هوشیار و راست بێژ نییە، ئەو راستیە نەزانێت، کە دەسەڵاتی سیاسی و لەرێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە، ناگۆڕێت و لاناچێت. ئەوەی لای وایە دەسەڵاتی زونی زەرد یان دەسەڵاتی زونی سەوز لەرێگای هەڵبژاردنەکانەوە کەنار دەخرێت و وەلا دەنرێت، قوربانی گەورەترین وەهمە و دوای تەواوبوونی گەمەکە، باجەکەی بەکاش دەدات. هەر ئەو راستیە سادەیە، ناوەرۆکی هەموو کایەی هەڵبژاردن و ئەزمونی دیمکراتیەکە!!ی کوردستان، دەکاتە درۆیەکی حزبۆکراتی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنێکی کاڵفامی هاوشێوەی خۆی و نوسەرانی کورت بینی.
لەناو جەرگەی دنیای دیموکراسیی و ململانێی هەڵبژاردنەکاندا، ئۆردیەکی زۆر فراوان و زۆرجار فراوانتر لە ژمارەی ئەوانەی بەشداری دەکەن، بەشداری ناکەن. خەڵکی چۆن مافی بەشداری کردن و دەنگدانیان هەیەو ئەو مافەیان پارێزراوە، ئاواش مافی دەنگ نەدان و بەشداری نەکردن مافێکی سادەی هەر هاوڵاتیەکە… لەکوردستان، نە قەوارەی دەوڵەتی بەفەرمی ناسراو بوونی هەیە، و نە حکومەتی یاساو دامەزراوەیی و هاوڵاتی و ماف. ئەوەی هەیە دەسەڵاتی حزبی پشت بەستوە بەمیلیشیا و سەرکوت، لوشدانی داهاتی خەڵک، پشتیوانی وڵاتانی ناوچەکە، میدیای چەواشەکار و راستی خنکێن، بۆیە ئۆردویەکی بێشومار لە خەڵکی ئازادیخواز و نارازی ئامادە نین بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان بکەن. هۆکاری بەشداری نەکردنی ئەم جەماوەرە، هەر رام نەبون و دەستەمۆ نەبونیان بە دەسەڵاتی میلیشیایی و بانگەشەی پڕ ریکاری و درۆزنانە، دەستبڵاوی لە چەواشەکاری و درۆی حزبەکانی بەشدار لە گەمەی هەڵبژاردنەکاندا، نییە. بەڵکو نارەزایەتی و نا” وتن” ە، بەدەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆن. ئەم بلۆک و شەپۆلی” نا” یە، نیشانەی نەفرەتێکی قوڵی سازش هەڵنەگرە بەرامبەر دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆنی هاوشێوەی خۆی. ئەم ئۆردو بلۆکە پێویستی بە نوێنەرایەتی راستەقینەی خۆیەتی. کە نەک تەنیا لە رێگای راگەیاندنی کاراوە تا بزانرێت بۆ بەشداری ناکەن، بەڵکو لەرێگای بەشداری چالاکانەو پراکتیکی لە کۆی گشتی پرۆسەکە و لەرێگای راگەیاندی پلاتفۆرمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و پەروەردەیی و یاسایی… دیاریکراوی خۆیدا وەکو ئەلتەرناتیفی دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆنی هاوشێوەی خۆی و یەک خێزانیدا، واوەتر بڕوات و جگە لەنیشاندانی کارنامەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و فەرهەنگی، هاوکات لە مەیدانی پراکتیدا، دەبێ خاوەنی شێوازو نەریت و توانایی تایبەتی خۆی بێت. ئەگە حزبەکانی سەر بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆن، بەجیا لە چەواشەکاری و هەڵرشتنی لێشاوی وادەو بەڵینیان، بانگەشە بۆ پاڵێوراوەکانیان و کارنامەکەیان دەکەن، بنکەکانی دەنگدان لەهەموو شوێن و ناوچەو شارو شارۆچکەو گەرەکێک، دەکەنەوە، کەڵک لە دەزگای پانوپۆرێ راگەیاندن وەردەگرن، پاروی دەمی خەڵک بەبارمتەدەگرن، هێزی چەکدار و بەکاردەهێنن، نانبرێن و هەڕەشە و چاوسورکرنەوە، عادەتیانە. زۆر وێژیان وەستانی بۆ نییە، ئۆردوی دەنگ نەدەریش پێویستە، نوێنەرایەتی بکرێت. پێویستە بنکەکانی ئۆردۆی دەنگ نەدەر لەشارو شارۆچکەکەکان لە شوێنی کارو ژیانی خەڵکیدا بە شێوەیەکی زۆر شارستانی لەلایەن هەڵسوراوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی وەکو کرێکاران و ژنان و لاوان و بزوتنەوە نارەزایەتیەکانی دژ بەدەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆن، بکرێنەوە. پێویستە دەنگی ” نا” هۆکارەکانی ناوتنی بە بەرۆشنی بە کۆمەڵگا بگەیەنێ و هێزە بەرینەکەی کۆبکاتەوە. ئاکسێۆن و کۆبونەوەی جەماوەری و خۆپیشاندان سازبدات و کارنامەی خۆی لەدژی دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆن رابگەیەنێ. ئەگەر ئەم شەپۆڵی رەتکرنەوەی دەنگدان و هەڵبژاردنەی دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆنی بۆرژوایی، زوربە یان نیوەش بێت، ریفراندۆم و کەرەنەفاڵێکە، بۆ نواندنی ئیرادەی نەفرەتی جەماوەری بەدژی دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆن و بەشکست کێشانی کایەیەکی قێزەونیان. کایەیەک کە هیچ دیمەنێکی جوانی تیانابینرێت و هەڵگری هیچ ئایندەیەکی باشتر و ژیانێکی تەسەل و ئازادی و ئازادیخوازی نییە، بۆ خەڵکی کوردستان.
ناوەراستی سێبتەمبەری ٢٠١٣