Home هاوپۆلنه‌كراو پرۆگرامی سیاسی بزوتنەوەی گۆران، چیمان پێدەڵێت؟

پرۆگرامی سیاسی بزوتنەوەی گۆران، چیمان پێدەڵێت؟

by Abdulla Mahmud

عەبدوڵا مەحمودimages (2)

abdulla.mahmud@gmail.com

پرۆگرامی سیاسی بزوتنەوەی گۆران، کە پرۆگرامی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانە، دەشێ وەکو بەرنامەو دیدی سیاسی ستراتیجی بزوتنەوەی گۆران بۆ پرسە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیەکان، لەسەر ئاستی کوردستان و پەیوەندی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدرالی!! سەیر بکرێت. هێڵە بناغەیەکانی ئەم پرۆگرامە، ئەوە دەخاتە روو کە ئەم حزبە نەک هەڵگری جیاوازیەکی بنەرەتی لەگەڵ پارتی و یەکێتی، نییە، بەڵکو نزیکایەتیەکی زۆری لەگەڵ پەیامی رەوتگەلی ئیسلامی هەیە… ئەو هەموو بەند و برگە درێژ و دوبارەبوو وە لاستیکیانەش کە خراوەتە ناو پرۆگرمەکەوە، نەیتوانیوە هێڵە سەرەکیەکانی بشارێتەوە…

لەسەر ئاستی عێراق، بزوتنەوەی گۆڕان، لەگەڵ ئەوەدا فیدرالیزمی قەومی! بەفەرمی دەناسێت، داوای ئیستیحقاقی هەڵبژاردن و ئیستحقاقی نەتەوەیی دەکات لەناو پەیکەرەی دەوڵەتی عێراقداو خوازیاری بەشدارییە لە کۆی دامەزراوەکانی حکومەت بەپێی رێژەی هاوڵاتیانی هەرێم…

ئەمە ناوەرۆکی دیدی گۆڕانە سەبارەت بە دەوڵەتی عێراق و چۆنیەتی پەیوەندی هەرێم لەگەڵیدا. ئەم بۆچونەش هەمان دید و روانینی یەکێتی و پارتییە، کە پێداگرییە لەسەر فیدرالیزمی قەومی. ئەمە لەکاتێکدایە کە دەوڵەت و حکومەت لە عێراق بە مانای واقعی پێک نەهاتۆتەوە. هەموو کێشەو گرفتە کەڵەکەبوەکانی نێوان هەرێم و بەغداش، لە بنەرەتدا بۆ فیدرالیزمی قەومی تایفی دەگەرێتەوە.  ئەو فیدرالیزمە قڵشتی نەتەوەیی و تایەفی و دینی… کەنالیزەکردووەو بەرگی یاساو دەستوری بەبەردا کراوە. ئەوە نەتەوەچیتی و تایفەگەری و مەزهەب گەراییە، کە کۆمەڵگای عێراقی خستۆتە ناو بەرداشی جەنگ و ململانێی تیرۆریستانەو نائەمنیەوە. پەیوەندی هەرێم و ناوەندیش هەمیشە لەدۆخی شلۆقی و کیبەرکییەکیەکی بەردەوامدایە. حزبی گۆران وەکو هەرکام لە حزبەکانی خانەوادەی بۆژوازی کورد، ناسنامەی هاوڵاتی بوون، دەوڵەتی ماف و یاساو دامەزراوەیی… دەکاتە قوربانی ناسنامەی نەتەوەیی و تایفی و مەزهەبی.  بەمەبەستی تامکردنی دەسەڵات لە ناوەندا.

لە پەیوەند بەنوێنەرایەتیکردنی هەرێمیش بە ناوەندەوە. نە باسی ئیسحقاقی ماف و یاسا، بەڵکە باسی ئیسحقاقی هەڵبژاردن و ئیستیحقاقی نەتەوەییە. ئەمە لە حاڵێکدایە نە هەڵبژاردنێکی تەندروست بە پێوەرەکانی باوی دیموکراسی دنیا!! لە ئارادابوووە نە دەتوانرێت لەسایەی حزب و لایەنی نا مەدەنی و نا عەلمانیدا لە ئارادا بێت. ئیستحقاقی نەتەوەیش دیسان خەڵکی سەر بەزمانە جیاوازەکانی تر  لە کوردستاندا، دەکاتە پلە دوو و سێ. هەر وەکو لە کوردستانی پاوانکراوی پارتی و یەکێتیدا، تورکمانێک، مەسیحیەک،عەرەب و یەزیدیەک و کلدانێک، ناتوانێت ببێتە سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیران. ئاواش لە نوینەرایەتی کردندا، بە پێی ئیستحقاقی نەتەوەیی دیسان کورد زمانەکان و لە ناو کورد زمانەکانیش ئەو حزبەی دەنگی زۆرتری!! هێناوە، براوەیە. ئەمە ئەم دیارییە کە بزوتنەوەی گۆڕان پێشکەشی دەکەن، کەهەمان گەمەی پارتی و یەکێتییە و ئیسلامیەکانیش بانگەشەی دەکەن…

سەبارەت بە کێشەی خەڵکی کوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان وەکو یەکێتی و پارتی خوازیاری لکاندنەوەی کوردستانی زیاتر لە دوو دەهەی بەکردەوە جیابوەوەیە  بەعێراقی قەومی- ئیسلامیەوە، لەسەر بنەمای فدارلیزمی قەومی. ئەو فدرالیزمەی تەنها حزبەکانی ناسیونالیزمی کورد تەپڵی بۆ دەکوتن. بزوتنەوەی گۆران نەک خواستی جیابونەوەی کوردستان و نە خواستی قەوارەدان بە دەوڵەتی سەربەخۆ و تەنانەت نە بڕوای بە راپرسی” ریفراندۆم” هەیە، بۆ ئەوەی خەلکی کوردستان، بەشداری لە بریاری چارەنوسی سیاسی هەرێم و ئایندەکەی بکات. لە باشترین حاڵەتدا بۆ رازاندنەوەی پرۆگرامەکەی لە بەندێکدا “ئازادی گه‌لی کوردستان و مافی بڕیاردانی چاره‌نوس، به‌ بڕیاردانی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانیشه‌وه‌، ئامانجێکی باڵا و ستراتیجیی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌.  دیارە ئەم دێرە گشتی و نا ڕۆشنە کە هەموو حزب و لایەن و کەسایەتی و نوسەر و چاودێرێک، دەتوانێت بانگەشەی بکات، لەدوای دەیان بەند و برگەدا دێت، کە “پێداگری لەسەر بەشداری گەلی کوردستان! لە دانانی ستراتیج و سیاسەتەکانی دەوڵەتی فیدرالی!” لە حکومەتی ناوەندی دەکات بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن و نەتەوەیی. ئەمەش تەنها دەکاتە هەوڵدان بۆ لکاندنەوەی کوردستان بە حکومەتی فیدرالی عێراقەوە. ناوهێنانی گەلی کوردستانیش ئارایشێکی رستەبەندییە، دەبێ لەگۆڕان بپرسین کوا و لەکام سەردەمدا و بەفەرمی پرس بەخەڵکی کورستان کراوە تا بزانن چیان دەوێت؟ کام ریفراندۆم بریاری لکاندنەوەی کوردستانی بە حکومەتی ئیسلامی و قەومی عێراقەوە، داوە، کە ئێوە بەرگری لێدەکەن؟

تا ئەو جێگایەش باس لەدیموکراسی! و مافە دیموکراتیەکان و مافی تاکە کەسی و ئازادییە گشتی و سیاسی و رۆژنامەگەری و بیروراو بڵاوکردنەوە و یەکسانی ژن و پیاو، سەروەری یاسا، پەروەردەی تەندروست…تاد دەکات. گومان هەڵنەگرە بانگەشەی ئەمانە، بەبێ پێداگری و تێکۆشانی بەکردەوە بۆ جیاکردنەوەی دین لە سیاسەت، درۆیەکی گەورەیە. چونکە دیموکراسی! بەبێ عەلمانیەت نە مەیسەر دەبێت و نە لە مێژووی کۆمەڵگای ئینسانیدا پێشهاتووە روبدات. پرۆگرامی سیاسی گۆران نەک عەلمانی بوون بەڵکە بە بەڵگەی پێچەوانەی ئەم بانگەشانەمان نیشان دەدات کە زوربەی برگەو خاڵەکانی پرۆگرامەکانی پێرازندۆتەوە… تەماشا بکەن پرۆگرامی گۆران دەڵێت”

   “پاراستنی ئازادی دینداری و سروتی مەزهەبە دینیەکان، رێزگرتن لە ئاینی ئیسلام وەک ئاینی زۆرینەی خەڵکی کوردستان و عێراق”

ئەمە بەسادەیی یانی ئەوە کە دینی ئیسلام باڵادەستە، یەکەمینە، بژاردەی کۆمەڵگایە!!. یانی ملنادات و جەنگاوەری سەرسەختی دژی ئازادی دینداری و بێدینی، ئازادی بڕاو سروت و نەریتە ئاینیی و مەزهەبیەکانە بۆ هەموان بەبێ جیاکاری، بێ ئەوەی کەس ناچاری پیادەکردنیان بکات… پرۆگرامی گۆران مافی دیندار بوون یان بێدینی، یان دینیتری  نا ئیسلام بە هاوشانای دینی ئیسلام بە فەرمی بۆ تاکەکان ناناسێت. بەمەش خۆی لەو راستیە سادەیە نامۆ دەکات کە هەموو دیندارێک هاوڵاتیە، بەڵام هەموو هاوڵاتیەک دیندار نییە یان هەڵگری دینی زوربە نییە. وە هیچ لەوە ڕۆشنتر نییە، کە لە ئێرانی مەزهەبی شیعەدا، مرۆڤی خاوەن مافی تەواو شیعەو لە دەوڵەتێکی مەزهەب سونیدا، خاوەن مافی تەواو سونی و ئەوانی دی پلە دوو زوڵم لێکراو… بەم بەیانە سادەی سەرەوە گۆران وەکو  یەکێتی و پارتی و ئیسلامیەکان و دەسەلاتە ناعەلمانیەکانی وڵاتانی لەدەسەڵات خراوی بەعس و حوسنی موبارەک و سوریاو… دەڕوانێتە ئەم پرسە. ئازادی بڕواو نەریتە ئاینیەکان بۆ هەموان بێ هەڵاوردن بە مافی دینداری و بیدینیەوە، بەفەرمی ناناسیت… گۆڕان بانگەشەی باڵادەستی ئاینی ئیسلام دەکات، کە باش دەزانێت لە کوردستاندا نەریتی ئاینی ئیسلامی قەدەغە نییە و هەڕەشەی لەسەر نییە، بەڵکە مەزهەبی ترو  نادینیەکان و ئاتەئیست و عەلمانیەکانن لە ژێر هەرەشەو فتوای ئیسلامدان و ‌هەڕەشەیان لەسەرە و لیستی قوربانیەکانی کەم نین…

پێداگری گۆران لەسەر شکۆمەندکردنی دینی ئیسلام، هەمان پەیامی ئیسلامیە هاوپەیمانیەکانیانمان بۆ بەیان دەکات… کە گومان هەڵنەگرە لەم دیدەدا دیموکراسی، ئازادییە گشتیەکان، یەکسانی ژن و پیاو، مافی تاکە کەس و  ئازادییە مەدەنیەکان، تا دەگات بە ئازادی بڕواو و  رۆژنامەگەری و بڵاوکرنەوەو بەرواوردکاری و لیکۆڵینەوە توێژینەوەی زانستی و رەخنەگرتن و یاسا بۆ هەموان …تاد،  سنور دار و یاساغن.

ئەمانە سەرەوە پایە سەرەکیەکانی پرۆگرامی سیاسی بزوتنەوەی گۆران و لایەنگرە فەرمی و شەرمنۆکەکانیانن… کەدەسەڵاتیش دەستی پێوە گرتوون. بۆیە ئەم پرۆگرامە سیاسیە لەهیچ ئاست و زەمینەیەکدا، نەک نزیکایەتی بە ویستی خەڵکی کوردستان و ئازادیخوازییەوە نییە، بەڵکو لە دژیانە. هاوپەیمانیەتی گۆرانیش لەگەڵ ئیسلامیەکان مەبناکەی هەر ئەم پرۆگرامە سیاسییە، کەئیسلامیەکان تۆختر بەرگری لێدەکەن.

کۆتایی ئۆگۆستی ٢٠١٣

 

لەوانەیە تۆ ئەمانەشت بە دڵ بێت

لێدوانێک بەجێ بهێلە

هاوڕێمان بن!

پەیوەندی

دەتوانن ڕاستەوخۆ پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ هەر سەرنج و پێشنیار و ڕاگۆرینەوەیەک، لە ڕێگای:

abdulla.mahmud@gmail.com

دیمانەی پێشەنگ

Play Video