Home هاوپۆلنه‌كراو ساڵی تازەتان پیرۆز

ساڵی تازەتان پیرۆز

by Abdulla Mahmud

                                                                                    عەبدوڵا مەحمود

abdulla.mahmud@gmail.com

www.abdullamahmud.com

هاوڕێیان و ئازیزان و دۆستان و خۆشەویستانم… لەهەر گۆشەو کەنارێکی ئەم گۆی زەویەن، ساڵی تازەتان پیرۆز بیت… بەهیوای توڕدانی ساڵە رەشەکان.

Beautiful text Happy New Year 2016 with fireworks illustration

Beautiful text Happy New Year 2016 with fireworks illustration

هاوڕێیان و ئازیزان… پاش چەند سەعاتێکی تر، دنیا پێدەنێتە ساڵێکی نوێوە… ٢٠١٧ و ساڵی ٢٠١٦ جێدەهێڵێت… ساڵێک جێ دەهێڵێت، کە دەکرێ بوترێت، ساڵێکی رەش، یان رەشە ساڵ. ساڵی رابردوو، ساڵی هێرشی هەمەلایەنەی نیزامی زاڵمانەی سەرمایەداری بوو بۆسەر چینی کرێکار و بێبەشانی دنیا و هێرش بۆسەر مافەکانیان و ئازادیەکانیان. ساڵی ترساندنی ئەو ئؤردوە ئینسانیە بوو کە وێل و خەباتکاری ئازادی و بەرابەری ئابوری وشکۆی ئینسانی بوون. ساڵی بەردەوامی جەنگ و نائەمنی بوو. ساڵی سەربەرزکردنەوەو بەرەو هەورازچوونی راسیزم و سەرەتایەکی بەهێزی قوتبوونەوەی ترامپەکان بوو. ساڵی درندەیی و هەوسارپچراوی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی و تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی و داعشی و جەنگی نێوانیان بوو. ساڵی دەستێوەردانی ئامانجدارانە و سیاسی و سەربازی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی بوو لە زوربەی زۆری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و باکوری ئەفریقیاو ناوەندەکانی بەرامبەرکێی قوتبە جیهانییەکاندا. هەموو ئەمانە لە ژێر ناوی درۆزنانەی روبەرووبونەوەی تیرۆر و دیکتاتۆریەت و گێرانەوەی ئاشتی و ئارامیدا، بەڕێوە بران. بۆرژوازی و ‌هێزە رەنگارەنگەکانی لە ململانێی دەسەڵات و پاوانی دنیاو چاوچنۆکیدا، کلور کلور ئینسانیان کردە قەرەبروت و کەم ئەندام و بە ملیۆنان کەسیشیان لەهەموو تەمەنێک ئاوارەو دەربەدەر کرد. چەندین شارو شارۆچکەیان، خاپورو کردە وێرانە و ئاسەواری شاریان تیا سڕیەوە. لەبەرامبەردا ساڵی هەوسارپچراوی تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی و داعشی بوو، چ لەو شوێنانەی داعش دەسەڵاتی رەشی محمەدی و خولەفاکانی راشدینی تیا پەیرەو دەکردو دۆزەخی دنیای وەهمی سبەینێی، لەسەر ئینسانی زیندوو واقعی سەر زەوی پیادەدەکرد، و چ لە ئەوروپادا دەستی برد بۆ هەموو جۆرە داهێنانێکی ئینسانکوژی و ژیانکوژی لە ناوەندی چەندین شاری جیهانیدا و سایەی ترسی، کردە مۆتەیەکی رەشی دەورەیی. ئەم بەرامبەركێی ئیمپریالیستیەی نێوان بلۆکەکانی دنیاو نێوان تیررۆریزمی نیودەوڵەتی و دەوڵەتی لەگەڵ تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی، هۆلۆکۆستێکی واقعی و حاشالێنەکراوی دنیای ئەم سەردەمەیە…

ئەگەر ساڵی ٢٠١٦ لە ئاستی جیهانیدا، سیخناخ لە جەنگ و کوشتار و نائەمنی، بێکاری و گرانی و بێمافی و نائەمنی و پەرەسەندنی راسیزم … بوو. ئەگەر ساڵی بەرامبەرکیی بلۆکە جیهانیەکان و گۆرەپانی ململانێی تیرۆریزمی دەوڵەتی و نێودەوڵەتی بوو لەگەڵ تیرۆریزمی ئیسلامی دەست پەروەردەکراوی خۆیان، ئەوا کوردستانی ژێرسایەی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردو حزب و هێزە سیاسیەکانی، کوردستانی ژێر دەسەڵاتی میلیشیایی مافیایی و کرێگرتەیدا…  جغرافیایەکی ناوازەی ناو ئەم گۆی زەویە بوو… جگە لەسەرکوتی ئازادی و پایماڵکردنی سەرەتاییترین ئازادی و مافە فەردی و مەدەنیەکان، ساڵی هات و مانگ نەهات، ساڵی دزین و تاڵانی موچەی کارمەندان و مامۆستایان بوو. نەوتی زۆر بە ئاشکراو بەدزیەوە فرشراو، کەچی موچە دزراو بڕا و بێ نەوتی و بێغازی و سوتەمەنی لەسەرمای زستاندا بوونە مۆتەکە. خزمەتگوزاریەکان لەهەموو ئاستەکاندا، روویان لە نەمان کرد. هێشتا ئاو و کارەبا دوای چارەکە سەدەیەک لەدەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی، وەکو میوانی ناوەخت و بێ وادە دەردەکەون. هێواش هێواش و بە بەرنامەیەکی نەخشە بۆ کێشراو خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتی و تەرفیهی و تەندروستی و پەروەردەیەکان… بەکەرتی تایبەتی هەرزان فرۆش دەکرێن و ئۆردی کرێکاران و کارمەندانی بێکار زیاتر دەکەن. ئەو کەرتە تایبەتیەی کە دیسان سەرمایەداران و بەرپرسانی میلیشیاو حزبی، بەداهاتی تاڵانکراوی خەڵکی کوردستان، دەیکڕنەوە و پاشان بە گرانی بە خەڵکی کوردستانی دەفرۆشنەوە… ساڵی رابردوو جگە لە بێ موچەیی، باوەشێنکردنی کۆنەپەرستی ئیسلامی و داعشی لەلایەن دەسەڵات و میدیای نۆکەرو عەقڵ شۆراوەو برەوی پێدراو ژینگەی داعشی پاراوتر کرا. زوڵمی سەر ژنان لەو دۆخە نەویستراو و داسەپاوە ئابوری و کۆمەڵایەتیەدا، لەو پەرێ خراپیدا بوو، دواین قوربانی ژێر دەسەڵاتی دژە ژنی کوردایەتی سەروین بوو، کە لە رووداوێکی تەم و مژاویدا، بوو بە قەرەبروت وئەویش چووە ریزی، لیست و پەروەندەی درێژی، قوربانیانی توندوتیژی و شەرەف و پیاوسالاری… لیستی تۆمەتبارانی ئازادی تاوانی ژنانیش، بێ لێپرسینەوە، درێژ تر دەبێت. دۆخی مناڵان و لاوانیش خراپتر… بەتایبەتیش ناچار بوونی لاوان و تازە لاوان بۆ گەڕان بەدوای ژیاندا… بە هەزارانی ناچار کرد، رێگای هات و نەهات بگرن و ململانێ لەگەڵ دەریاو شەپۆلە سەرشێتەکانی، کیڵگەی لوغم و پاسەوانی وێژدان شۆراوەی سەر سنورە دەستکردەکان بکەن و بە داخەوە بەدەیان و سەدانیان، ژیانیان سپارد، بۆ ئەوەی ژیان بدۆزنەوە…

لەناو ئەم ساڵە رەشەدا، دەنگی نارەزایەتی بە تایبەتیش  کرێکاران و کارمەندان و مامۆستایان، بە دژی دەسەڵات و ساڵی رەشی بێ موچەیی و بێ خزمەتگوزاریدا، درەوشاوەترین دیاردەی کۆمەڵگای کوردستان بوو… دیاردەیەک کە لە مێژووی بزوتنەوەی رەواو نارەزایەتی جەماوەریدا، بە دژی دەسەڵاتی تاڵانچی و میلیشیایی، هەمیشە بەزیندووی و سەرمەشق بۆ داهاتوو، دەمێنێتەوە…

هاوڕێیان و ئازیزانم… رەشە ساڵی ٢٠١٦ دەروات… با ساڵی داهاتوو بکەینە وەرزی کۆتاییهێنان بەم ساڵە رەشانە، با بەریزی یەکگرتوو رێکخراوەوە، بە هۆشیاری سیاسی و دیدی ئینسان دۆستی و ژیان دۆستیەوە هەوڵەکان و توانا شاراوەکانمان، بخەینە گەر بۆ کۆتاییهێنان بەو ساڵانەی تەنها ژمارەکانیان دەگۆرێت و موسیبەت و بەڵا هەزارسەرەکانیان، دەمێنێتەوە. ئەوەی کە دەتوانێ ژیانی شایستە بەدیبێنێ، کە نان و ئازادی و خۆشبەختی و شکۆی ئینسانی، و دنیایەکی باشتر بنیات بنێت… هەوڵی ئازادانەو بەنەخشەو رێکخروای ئینسانە، بە دیدی ژیان دۆستی و ئینسان دۆستیەوە… با بۆ کۆمەڵگایەکی ئاوا دەست بخەینە ناو دەستی یەکتری و پیرۆزبایی ساڵی تازە، بۆ دەستپكردنی وەرزی ژیان، لە یەکتری بکەین…

دوبارە ساڵی تازە لەهەموو ئێوە و هەموو ئەو ئینسانە پیرۆزبێت، کە وێڵ و خەباتکاری دنیایەکی باشترن… کە ئینسان تیادا بەنرخترین سەرمایەیە.

 دوا کات و ساتی ٢٠١٦

لەوانەیە تۆ ئەمانەشت بە دڵ بێت

لێدوانێک بەجێ بهێلە

هاوڕێمان بن!

پەیوەندی

دەتوانن ڕاستەوخۆ پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ هەر سەرنج و پێشنیار و ڕاگۆرینەوەیەک، لە ڕێگای:

abdulla.mahmud@gmail.com

دیمانەی پێشەنگ

Play Video