Home هاوپۆلنه‌كراو یەکی ئایار بۆنە و رۆژێکی تایبەتە لە خەباتی نەپساوەی چینی کرێکار

یەکی ئایار بۆنە و رۆژێکی تایبەتە لە خەباتی نەپساوەی چینی کرێکار

by Abdulla Mahmud

عەبدوڵا مەحمودthumbs_b_c_f91067a9a2ee87153f7ea21aef2b76de

یەکی ئایار، رۆژی سەربەخۆیی نەتەوەیی و نیشتیمانی نییە. رۆژی هیچ دین و مەزهەبێک و یادی هیچ پەیامبەرێكی خودایی!! و رۆژی هیچ جەژن و بۆنەیەکی ئیسلامی و مەسیحی و… نییە. رۆژی سەرۆک و کاریزمای هیچ وڵاتێک و رەمزی تیکۆشانی هیچ بزوتنەوەو سەرکردەیەکی هیچ کام لە شۆرشەکان نییە. رۆژی ریزەکانی گەل و یەکگرتوویی و پاراستنی بەرژەوەندی گشتی نییە. رۆژی رێزگرتن لە هیچ رەمزێکی حزب و نەتەوەیی و دینی، نییە. رۆژی بەپیرۆز راگرتنی هیچ مقەدەساتێک!! نییە. رۆژی هیچ شاو شاژن و پاشاو پاشازادەکان، مەلیک و سەرۆکەکان و تاج لەسەر نانیك، نییە. رۆژی رێزلێنان لەهیچ تیۆریسیۆن و داهێنەرێكی لۆکاڵی و جیهانی، نییە. رۆژی هیچ حزب و رێکخراوەیەکی سیاسی و جەماوەری و پیشەیی، نییە. یەکی ئایار رۆژی نیشاندانی هاوپشتی و هاوچارەنوسی و جیهانی و رۆژی نەفرەتی چینی کرێکارە، لەدژی نیزامی دیلی هێنەری سەرمایەداری. رۆژی چینێکە کە بێ لەبەرچاوگرتنی سنورەکان، بێ گوێدانە قەوم و دین و مەزهەب و وڵاتەکان، بێ گوێدانە دووری و نزیکی لە یەکتری، بێ گوێدانە رەنگی پێست و رەگەز و کەلتورو و جیاوازی رەنگی ئاڵاکان، بێ لەبەرچاوگرتنی زمان و دیالێکتەکان، بێگویدانە ئەو هەموو هەڵاوردن و جوداسازی و ئەو هەموو رەمزو نیشانەو ئاماژە قەومی و دینی و رەگەزی و جنسیەکان. بێگوێدانە ئەو دەزگا زەبەلاحەی راگەیاندن و ئەو سوپاو دەزگا سەرکوتکەرە ئاشکراو نهێنییە تایبەت و پەروەردەکراوە، بێپەردەو ئاشکرا و دژی کرێکارییەی بۆرژوازی، چینی کرێکار لە یەکی ئایاردا، دەرژێنە سەر شەقامەکانی دنیا و مارشی نەفرەتی چینایەتی خۆیان بە دژی نابەرابەری ئابوری و زوڵمی هەزار سەری سەرمایەداریدا، رادەگەیەنن… دێنە مەیدان و توانایی خۆیان نمایش دەکەن و دنیا دەکەنە شانۆی خۆ دەرخستنی توانایەکانیان و نیشانی دەدەن، کە ئەوان بەرهەمهێن و خاوەنی واقعی هەموو ئەو سەروەت و سامانە بێ سنورو ئەو گەشە لە پێشرەوی هەمەلایەنەی کۆمەڵگادان… نیشانی دەدەن کە ئەوان زوربەی هەرەزۆری کۆمەڵگاو شادەماری بزوتن و چەرخاندنی ئەم گۆی زەویەن. لە یەکی ئایاردا درۆی یەکریزی نیشتمانی، درۆی بەرژەوەندی گشتی، درۆی ئاڵای وڵاتی، درۆی ناسنامەی نەتەوەیی، درۆی ئاپارتایدی رەگەزی، سیمای قێزەونی جودا سازی جنسی، درۆی سنور و دوورو نزیکی سنوری، درۆی کەلتور و  مالتی کەڵچەریزم… جێگای خۆی دەدات بە یەکرێزی و هاوچارەنوسی و هاوپشتی جیهانی….

 چینی کرێکار، کەخوڵقێنەری هەموو سەروەت و سامانی بێ شوماری دنیایەو خۆی بێبەشترین چینی کۆمەڵگایە لە بەرهەمی ئەفریدەو دەست رەنجی خۆی. بۆیە هەرکاتێک چینی کرێکار یەکگرتوانە ئیرادە بکات و هێزی واقعی و سەربەخۆی خۆی بێنێتە مەیدان، بە کار راگرتن و کوژاندنەوەی چەرخەکانی بەرهەم هێنان و دەتوانێ کۆمەڵگا لە جوڵە بخات. دەتوانێ سەرسەخترین و پر تواناترین دەسەڵات و رژێم و دەوڵەت، توشی شەلەل بکات… یەکی ئایار هێشتا گۆشەیەک لە ریزی کرێکاران، هەر بەشێک لەتوانایی ئۆردویەک، هەر نمایشێک لە توانایەکانی، هەر کەمێک لە داخوازیەکانی، هەر بڕێک لە ئامانجەکانی، لەنارەزایەتی و ئایارەکاندا، خستۆتە روو … چینی کرێکار ئەو کاتەی بەتەواوی پەی بەلاوازیەکانی خۆی و پەرش و بڵاوی ریزەکانی و پلان و نەخشەکانی بورژوازی دەبات، خۆی لە حزب و رێکخراوەی جەماوەری و پیشەیی سەربەخۆی خۆیدا ساز دەدات و ئاسۆی کۆمۆنیستی دەکاتە، پەرچەمی خەبات بۆ کۆتاییهێنان بە دنیای سەرەوخواری ئێستا، نەک هەر خۆی وەکو چینێکی سەرەکی بەرهەمهێن و خوڵقێنەری سامان و بەرهەمی دنیا، بەڵكە تەواوی کۆمەڵگا لەدەست نیزامی دیلی هێنەری سەرمایەداری رزگار دەکات و خاوەنانی واقعی کۆمەڵگا دەکاتەوە بە خاوەنی راستەقینە…چینی کرێکار بە شۆرشی کۆمۆنیستی خۆی و بە هەڵوەشاندنەوەی خاوەندارێتی تایبەتی بەسەر هۆیەکانی کارو بەرهەم‌هێنانداو کردنی بەموڵکی گشتی… هەم دابەش بوونی چینایەتی کۆمەڵگا کۆتایی پێدهێنێت و هەم بەرهەمهێنان لە پێناوی قازانجدا دەگۆرێت بە بەهرەمەند بوونی ئینسانەکان لە پێداویستیەکانی ژیانێکی تەسەل و خۆشگوزەراندا… یەکی ئایار بۆنە و رۆژێکی تایبەت لە خەباتی نەپساوەی چینی کرێکارە بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی کۆمۆنیستی… بژی یەکی ئایار   

 

 

 

 

 

لەوانەیە تۆ ئەمانەشت بە دڵ بێت

لێدوانێک بەجێ بهێلە

هاوڕێمان بن!

پەیوەندی

دەتوانن ڕاستەوخۆ پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ هەر سەرنج و پێشنیار و ڕاگۆرینەوەیەک، لە ڕێگای:

abdulla.mahmud@gmail.com

دیمانەی پێشەنگ

Play Video