Home هاوپۆلنه‌كراو ئامانجەکانی پشت “کۆنگرەی نەتەوەیی کورد!” چین؟ 

ئامانجەکانی پشت “کۆنگرەی نەتەوەیی کورد!” چین؟ 

by Abdulla Mahmud

عەبدوڵا مەحمود2

abdulla.mahmud@gmail.com

www.abdullamahmud.com

وا بڕیارە ٢٤ ئەم مانگە، کۆنگرەی نەتەوەیی کورد! بەبەشداری نوێنەری زوربەی زۆری حزب و رێکخراوە سیاسییە ناسیونالیستە کوردەکانی هەر چوار بەشی کوردستان و نوێنەرانی ناوەندە فەرمیەکانی وڵاتانی ئەوروپا و ناوچەکەو میوانداری ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان ببەسترێت.

دیارە پێشتریش بیرۆکەو هەوڵ بۆ سازدانی کۆنگرەی نەتەوەیی! دراوە، بەڵام بەهۆی دەستێوەردان و رێگری وڵاتانی ناوچەکەو ململانێی و گرژی ناوخۆیی نێوان هێزو لایەنە سیاسیەکان، هەوڵەکان ناکام ماونەتەوە. ئەوەی ئەمجارە شانسێک دەدات بە بەستنی کۆنگرەکە، ئەوەیە کە وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەتیش تورکیا نەک رێگری ناکات لە بەرپاکردنی کۆنگرەی نەتەوەیی! بەڵکە لە بنەرەتدا پرۆژەی خۆیەتی و پێشنیاری سەرۆکی کۆنگرەکەشی کردووە، کە ئەگەر مەسعود باررزانی بێت لاریان لە بەستنی وەها کۆنگرەیەک نییە. ئەمجارە حزب و لایەنە سیاسیەکان، لەدۆخی جەنگی چەور” گەرم” دا، نین لەگەڵ یەکتری و هەموو لایەنەکانیش جگە لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی ئێران کە تائێستا خواستی ریفراندۆم جیابونەوەی کوردستان بۆ چارەسەری ستەمی نەتەوایەتی، بانگەشە دەکات، تەواوی حزب لایەنە سیاسیەکانی تری هەر چوار بەشی کوردستان هەڵگری یەک پەیامن، پەیامی دەست راگەیشتنیان بە دەسەڵاتی مەرکەزیە لە هەرکام لە وڵاتەکانی تورکیا، ئێران و سوریاو ئەوە لە عیراقیش بەکردەوە بەشێکن لەدەسەڵات لەناوەندو لە کوردستانیش دەسەڵاتیان هەورازی زیاتر لە ٢٠ ساڵەی بریوە، کە هیچ نزیکایەتیەکی بە چارەسەری ستەمی نەتەوایەتیەوە نییە… بۆیە چەندین پرسیار خۆیان دەسەپێنن و هاتنە پێشی پرسیارەکانیش بەشێکی سەرەکی وەڵامەکەن. ئامانج لە بەستنی ئەم کۆنگرەیە چییە؟ بۆچی تورکیا کە ملۆزمی سەر کێشەی خەڵکی کوردستان و هەرهەوڵێکی حزبە ناسیونالیستەکانیشە کە باسی کێشەی کورد بکەن، کەچی پشتیوانی لەم کۆنگرەیە دەکات؟ هۆکار چییە تورکیا پارتی و مەسعود بارزانی رادەسپێرێ بۆ بەستنی ئەم کۆنگرەیە؟

    هەوڵدان بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد! ئەگەر بەدەست پێشکەری حزبە قەومیەکانی کورد بێت یان لەچوارچێوەی خۆشخزمەتیاندا بۆ وڵاتێکی ناوچەکە بە وەکالەت دەستی بۆ ببەن، کەڵک وەرگرتنەلە ستەمی نەتەوایەتی سەر خەڵکی کوردستان بۆ ئامانجێکی تر کە پەیوەندی بە چارەسەری ستەمی نەتەوایەتی سەر خەڵکی کوردستانەوە نییە. بەشدار بوون لە دەسەڵاتی ناوەندی هەرکام لەو وڵاتانە، خودمختاری بێت یان فیدرالیزمی قەومی، کە پەیامی هاوبەشی هەموو حزبەکانی بۆرژوا- ناسیونالیزمی کوردە، نەک چارەسەری زوڵمی نەتەوایەتی و نە گەرانەوەیە بۆ ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستانە، بەڵکە هەرکام لەوانە خۆیان کۆسپی بەردەم چارەسەری ستەمی نەتەوایەتی و رێچکەی قوڵکرنەوەی ململانێی و قەومی و ئاڵۆزکردنی پرسی چارەسەری کیشەی نەتەوایەتی سەر خەڵکی کوردستانن.

ئەوە جێگای سەرنج و هەڵوێستەیە، وە رۆشنە، بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، بە پێچەوانەی هەوڵەکانی پێشووی حزبە بۆرژوا- ناسیونالیستەکانی کورد،  بۆ بەستنی، ئەمجارە بەستنی کۆنگرە پرۆژەیەکی تورکییە و سپێردراوەتە پارتی و مەسعود بارزانی بۆ بەرپاکردن و گەیاندنی بەمەنزڵی خواستی دەوڵەتی تورکیا. لە جەرگەی دۆخی تایبەتی ناوخۆیی و دەوڵەتی تورکیاو هەلومەرجی پر ئاڵوگۆڕی خێرای ناوچەکە و ململانێیی سیاسی و قوتبەندیەکانیدا.

درێژە کێشانی ململانێی و کێبەرکێی ناوخۆی سوریا، ناکام مانەوەی سیاسەتەکانی ئەمریکاو غەرب لە پەیوەند بە دۆخی سوریا، لە بانگەشەی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئەسەد و دەستێوەردانی ناتۆوە بۆ هێنانە گۆری گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانە، گۆڕانی بەسەر هاوسەنگی هێزو شانسی قوتبە ناوچەکاندا هێناوە. تورکیا وەکو زلهێزو هەڵگری تموحی هەژمونی بەسەر ناوچەکەدا، بە پاشەکشە و ناکام مانەوەی سیاسەتەکانی ئەمریکاو غەرب، لە بەرامبەر قوتبی روسیاو چین و سەرسەختی دەسەڵاتی ئەسەددا، گەورە زەرەمەندی هێزی ناوچەکەیە. تێکچونی دۆخی ناوخۆیی تورکیاو بێداربونەوەو راسانی جەماوەری لە ژێر کاریگەری شۆرشەکانی دنیای عەرەب و لەسەر بنەمای هێرشەکانی بۆسەر ئازادی و مافە فەردی و مەدەنییەکان و… دەستپێکردنی سەرەتای کۆتایی، دەسەلاتی ئەردۆگانیزم و ئیسلامی سیاسی لە تورکیادا، هەلومەرجێکی زۆر تایبەت و ئاڵوگۆرێکی بەرجەستەو حاشاهەڵنەگرە. 

  لە هەلومەرجێکی ئاوا تایبەتدا جوڵاندن و بەکاربردنی دۆسیەی کێشەی خەڵکی کوردستان، کەبەپێی پانتایی کێشەکەو باگراوندی مێژویی و روپێوێکی ناوچەیی کەهەیەتی، لەلایەن تورکایەوە، گرنگیەکی زۆر تایبەتی هەیە. دەستبردنی تورکیا بۆ پرۆژەی وەرێخستنی کۆنگرەی نەتەوەیی و سپاردنی بە پارتی وەکو هێزیكی هاو بەرژوەندی سیاسی و ئابوری خۆی، وە باڵادەست لەکوردستان و نەیاری مالیکی و قوتبی ئیرانی، هەنگاوێکی بەنەخشەی تورکیایە بۆ بەرگرتن بە مەوقعیەتی سیاسی و هێشتنەوەی هەژمونی خۆی و پاراستنی بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوری و ناوچەیەکانی. لە هەلومەرجێکی ئاوادا تورکیا بەدوای چەند ئامانجێکەوەیە، کەئەو ئامانجانە پێویستی بە ئارامی سیاسی، بێدەنگرتنی پەکەکە و لاباڵەکانی پەکەکە لە ناوچەکە و پشتیوانیکردنی لە پارتی هەیە، کە کاری بەوەکالەتی بۆ ئەنجام دەدات. 

درێژەدان بە پرۆسەی ئاگربەست و سات و سەودای لەگەڵ پەکەکە، یەکێکە لە ئامانجەکانی. تورکیا دەیەوێت پەکەکە بکاتە دەستەمۆی سیاسەتەکانی خۆی لەبەرامبەر چەند ئیمتیازێکی نادیاری وەکو گۆڕینی هەندێک بەندی دەستور، یان بانگەشەی تۆکمەکردنی دیموکراسی،…تاد، ئەمە لەکاتێکدایە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری لە تورکیا تەقینەوەی بەخۆیەوە بینی و دەسەڵاتی ئەردۆغان و حزبەکەی خستە بەردەم نەفرەتێکی جەماوەری لە پای سەندنەوەی ئازادییەکان و پیشێلکردنی ئازادی فەردی و مەدەنیەکان و پێلێراکێشانی بۆ ئاڵوگۆر لە چەندین برگەو یاسادا. لە ناودڵی ئەم نارەزایەتیانەدا، بەهۆی کاریگەری زاڵبونی ئاسۆی بزوتنەوەی ناسیونالیستی پەکەکە بەسەر بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی خەڵکی هوشاری کوردستاندا، بەشی زۆری خەڵکی کوردستان بەکردەوە خرانە ژێر ئاسۆی سیاسەتی ئەردۆغانیزمی تورکیا و لەدەرەوەی ریزی بزوتنەوەی سەراسەری لەدژی دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکیادا، راگیران…

کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بۆ دەوڵەتی تورکیا، بۆ راگرتنی پەکەکە و لەو رێگایەشەوە بۆ لێکترازانی بزوتنەوەی نارەزایەتی خەڵكی کوردستان لەگەڵ بزوتنەوەی حەقخوازانەی سەراسەری لە تورکیادا، یەکێك لە ئامانجەکانیەتی کە دەیەوێت لە رێگای بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی! و وەرگرتنی پەیامی ئاشتیەوە لەو کۆنگرەیەدا، دڵنیایی وەربگرێت…

بێدەنگردن و پەراوێز خستنی پارتی یەكێتی دیموكراتی  PYD وەکو باڵێکی پەکەکە لە سوریا، کە بە رەزامەندی رژێمی ئەسەد باڵادەستی بەشێکی زۆری ناوچە کوردنشینەکانی سوریای پێسپێردراوە، یەکێکی ترە لە ئامانجەکانی دەوڵەتی تورکیا. بۆ ئەم مەبەستە دەوڵەتی تورکیا لەلایەکەوە پشتیوانی لە بەرەی نوسرەو چەکدارەکانی قاعیدە دەکات لەبەرامبەر بەدەسەڵاتی ئەسەد و لەلایەکی تریشەوە بەو هاوکارییەی دەیەوێت پەیەدە، توشی شکست و پاشەکشە بکات و رێگەبگرێت لەوەی لە داهاتودا، ببێتە هەرەشە لەسەر توکیا. بەتایبەت کە تورکیا دەزانێت ئەمانە بەشێکن لە پەکەکە. تورکیا دەیەوێت لە رێگای کۆنگرەی نەتەوەیەوە، گوشارەکانی بۆسەر ئەو هێزە پەرەپێبدات و هاوکاتیش لەرێگای حزبە دەستە خوشکەکانیەوە!! لە پارچەکانی تر کە بەشداری کۆنگرەی نەتەوەیی دەبن دەستەمۆ بکات و مل بە دەسەڵات و دەستێوردانی بە وەکالەت “لە بری” ی پارتی دیموکراتی کوردستان بکات… تورکیا بەپەراوێزخستن و ملکەچ پێکردنی پەیەدە بە دەسەڵاتی پارتی، نەیارێکی تری سەرسەختی خۆی لە سوریادا، و هاوسنور لەگەڵ تورکیادا، بێدەنگ دەکات و هاوسەنگی هێزی خۆی لە سنورەکان و لەناو سوریاشدا بە قازانجی خۆی، دەشکێنێتەوە…

پژاک کە ئەمیش پەکەکەی کوردستانی ئێرانە، و لاباڵێکی پەکەکەیە… لەگەڵ یان لە پرۆسەی درێژەماوەی گفتوگۆ و سازانی پەکەکە لەگەڵ تورکیادا، و لە رێگای پەکەکەوە، تورکیا دەیەوێت دەستی بەسەر بزواندن و جوڵاندنیدا، لە کاتی پێویستدا هەبێت و وەکو هێزێك لە ململانێی خۆی لەگەڵ ئێران بەکاری بهێنێت.

مەسەلەیەکی تر ململانێی نێوان دەوڵەتی تورکیا و حکومەتەکەی مالکییە کە لە پشتیوانی ئێران بەهرەمەندە. تورکیا بە هەڵبژاردنی پارتی بۆ سازدانی کۆنگرەی نیشتمانی، پارتی دەکاتە کارتی دەستی خۆی بۆ کێبەرکێی خۆی لەگەڵ دەسەڵاتەکەی مالکیدا، کە هاوکات پشتیوانی لە مانەوەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دەکات…

پارتی بەو پێگەیەی لەعێراقدا هەیەتی کە نەیاری مالکی و هاوکات هێزی سەرەکی و بڕیاربەدەستی دەسەڵاتدارێتییە لە کوردستاندا، هەروەها بەو باڵادەستیەی لە کورستاندا سەپاندویەتی و بەو پشتیوانییە جیهانی و رێکەوتنامە ئابوری و سیاسی و هاوبەرژەوندیەی لەگەڵ تورکیا هەیەتی، جغرافیایەک کە پارتی تیادا باڵادەستە، جغرافیا و ناوەند و پشتی بەرەی جەنگی ئۆپۆزیسێۆنی ئێران و تورکیایەو ئۆپۆزیسێۆنە ئۆردۆگا نشینەکانی ئەو وڵاتانەیە، کە هەمیشە لە ژیر گوشاری پارتیدان. پارتی هەرکاتێک بخوازێت هەموو هەوڵێک دەدات ئەو هێزانە وەکو کارتی مامەڵە و ئامرازی جێمەبەستی خۆی کەڵک لێوەر بگرێت… هەر ئەو پێگەیەی پارتیشە وای کردوە بتوانێت زوربەی زۆری حزبەکانی ناو بازنەی بزوتنەوەی کوردایەتی بەشەکانی تری کوردستان و حزبەکانی کوردستانی عێراق بە هێزە ئۆپۆزیسێۆنەکانی دەسەڵاتەکەی خۆیشی بکێشێتە ژێر ئەو چەترەی کە کۆنگرەی نەتەوەیی، تیا سازدەکات و کۆنترۆڵی دەکات. پارتی ئامادەکاری و سازدان و بەرێوەچونی ئەم کۆنگرەیە، بە وەکالەت بۆیە بۆ تورکیا دەکات تا لەو رێگایەوە، خۆی وەکو حزبی دایک و سەرچاوەی سەرەکی بزوتنەوەی کوردایەتی نەک هەر لە کوردستانی عێراقدا بەڵکو لە ئاستی کوردستانی گەورە!! و وەکو حزبی رەسەنی هەموو کوردانی پارچەکان، نیشان بدات. هەروەها بە کۆکردنەوەی هەموو ئەو حزب و لایەنانە، سەرنجی خەڵکی کوردستان و لەسەر گرفتە ناوخۆیەکانی کوردستان دەگوازێتەوە سەر پرسێکی تر. هەموو نەیارەکانی خۆشی کێشی ناو گەمەیەک دەکات، کەبەرژەوەندی خۆی تیا، باڵادەست دەکات. بارزانی دەیەوێت لەرێگای ئەم کۆنگرەیەوە خۆی وەکو سەرۆکی نەتەوەیی، نیشان بدات و ببێتە مەرجەعێک کە هەموو حزبەکان بۆی بگەرێنەوە. وەکو رەمزێکی نەتەوەیی! و کاریزمایەک دەربکەوێت…

ئەوەی کەنارەوایە، ئەم کۆنگرەیە، لەسەر پایەی بوونی ستەمی نەتەوایەتی خەڵکی کوردستان بۆ خزمەتی دەوڵەتێکی قەومی فاشستی تورکیا و بۆ جێ پێقایمکردنی کۆمەڵێک حزب و لایەنی سیاسی بۆرژوا- قەومی  کورد، کە دوورو نزیك نەک هەڵگری چارەسەری ستەمی سەر خەڵکی کوردستان نین، بەڵکە خۆیان کۆسپی بەردەم چارەسەری پرسی خەڵکی کوردستانن. ئەم کۆنگرەیە، کۆنگرەیەکە لە دژی خواست و ویستی خەڵکی کوردستان و هاوپشتی و هاوخەباتی و هاوچارەنوسی کرێکاران و زەحمەتکێشانی دانیشتوانی کوردستان لەگەڵ کرێکاران و زەحمەتکێشانی سەراسەری ئەو وڵاتانەیە… دیارە هاوکات دژی هەموو خەبات و تێکۆشان و بزوتنەوەیەکی سەراسەری و ئازادیخوازانە و کۆمۆنیستیشە. بۆیە ئەرکی بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان و بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستە کە هەوڵەکان و پەیامی ئەو هێزانەو کۆنگرەکەیان، بە خەباتی لێبڕاوانە و کردەنی، وەڵام بدەنەوە.

ناوەراستی ئۆگستی ٢٠١٣     

 

  

لەوانەیە تۆ ئەمانەشت بە دڵ بێت

لێدوانێک بەجێ بهێلە

هاوڕێمان بن!

پەیوەندی

دەتوانن ڕاستەوخۆ پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ هەر سەرنج و پێشنیار و ڕاگۆرینەوەیەک، لە ڕێگای:

abdulla.mahmud@gmail.com

دیمانەی پێشەنگ

Play Video