دیمانەی گۆڤاری دیدگای سۆسیالیستی ژمارە ٥ لەگەڵ عەبدوڵا مەحمود
سەبارەت بە ناڕهزایهتیهكانی كوردستان و ئاسۆ و ئامانجهكان:
دیدگای سۆسیالیستی: ماوهی ئهم دووساڵەی دوایی كه ژیان و گوزەرانی کرێکاران و کارمەندان و جەماوەری بێبهش زیاتر بەرەوخراپی چووە و قهیرانی ئابوری و سیاسی ژیانی هاڕیون، ناڕهزایهتیهكان فراوان بوونهتهوه. لەدوای ١٧ شوباتەوە هێشتا هەست ناکرێت جەماوەر ئەزمونێکی وەرگرتبێ بۆ دەربرینی ناڕهزایهتیەكی ئامانجدار و ئاسۆدار. بەگشتی هۆکاری ئەمە بەچی ئەزانن؟ یاخود چ قسەیهكتان ههیه لەو بارەیەوە؟
عەبدوڵا مەحمود: من لام وانییە، خەڵکی کرێکار و زەحمەتکیش لە درێژەی خۆپیشاندان و ناڕهزایهتیەکانیاندا، ئەزمونیان وەرنەگرتبێ. هەموو خۆپیشاندان و ناڕهزایهتیەکی جەماوەری هەڵگری ئەزموونی تایبەت بەخۆیەتی. کرێکاران و کارمەندان، جەماوەری ناڕازی لە دڵی هەر مانگرتن و کۆبونەوە و خۆپیشاندان و ئاکسیۆنێکدا، ئەزموون وەردەگرن و خاراوتر دەبن. بەچاویان ڕۆشنتر دەبێت. رابەرو قسەکەری تازەی تیا دێنە دەر. ئەگەر لە ١٧ شوبات و پێش ١٧ شوباتدا، خەڵک و بزووتنەوەی ناڕهزایهتی جەماوەری تا رادەیەکی زۆر لەلایەن ئۆپۆزیسێۆنی بۆرژوازییەوە، جڵەو کرابوو، یان ئەوان ئاڕاستەیان دەکرد و دروشم و داخوازیان دەخستە بەردەمی، ئەوا بە دوای ١٧ شوباتدا، بزووتنهوهی ناڕهزایهتی جەماوەری و بزووتنهوه کۆمەڵایەتیەکان تا رادەیەکی زۆر لەم ئۆپۆزیسێۆنە، دوور کەوتونەتەوە. خۆشباوەڕییان بەو ئۆپۆزیسیۆنە تا ئاستێکی بەرچاو، رەویوەتەوە. ئەمە ئەزمونێکی گرنگ و هەنگاوێکی ئیجابییە کە دەبێ بە ئاڕاستهی دوورکەوتنەوەی یەکجاری لە ئاسۆ و سیاسەتی ئەم بزووتنهوهیە بەرەوپیش بچێت. تەنانەت لە باری سیاسیەوە ئاڵوگۆری بەسەردا هاتووە، ئێوە تەماشا بکەن، لە ناو دڵی هەراوهوریایەکی میدیا و ماسمیدیا و راگەیاندنێکی هەزار سەردا، کە دەیانەوێ کێشەکانی خەڵکی کوردستان لەوانەش دۆخی داڕوخاوی ئابوری و بێموچەیی و بێمافی و… بگێڕنەوە بۆ پرسی سیاسی نێوان حزبەکان و پەککەوتنی پەرلەمان و پرسی سەرۆکایەتی هەرێم و…تاد، ئەمە نەیتوانی جەماوەری ناڕازی فریوبدات، زەهنیان لەسەر خواستەکانیان بگوازێتەوە بۆ پرسی بەزۆر دروستکراو و ململانێی حزبەکان. ئەمە نیشاندەری بە ئاگاهاتنەوە و دورکەوتنەوەیە لە سیاسەتی ئۆپۆزیسێۆنی بۆرژوازی کورد. ئەوە لە کاتێکدایە، پێش ١٧ شوبات و دوای ١٧ شوباتیش تا ئەوکاتەی کە ئۆپۆزیسێۆنی بۆرژوازی کورد چووە نا حکومەتی بنکە پان و فراوانەوە، کەم خۆپیشاندان و ناڕهزایهتی و مانگرتن و کۆبونەوە هەبوو، مۆر و خەت و نیشانی بزووتنهوهی گۆڕان و ئۆپۆزیسێۆنی بۆرژوازی کوردی پێوە نەبێت.
خۆپیشاندان و کۆبونەوە ناڕهزایهتیەکانی نزیک بە دوومانگی رابردووی مامۆستایان و بەشێکی فەرمانبەران، کە کاردانەوەو بەرگری لە خۆکردنە، لەبەرامبەر هێرشی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورددا، زۆر ئامانجدار و ئاسۆدارە. “خواستی دانی موچە لەکاتی خۆیدا و هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پاشەکەوتی موچە” زۆر رۆشنە. سەرباری هەوڵی زۆری ئۆپۆزیسێۆنی بۆرژوازی بۆ جڵەوکردن و بەلارێدابردن و بارگاوی کردنی بە دروشمی سیاسی تر و بۆ مەبەستی تر، هۆشیارانە لەسەر خواستە سەرەکیەکانی خۆیان ماونەتەوە و راوەستاوانە پێداگری لەم دوو خواستە سەرەکی و بنەرەتیەی ئێستایان دەکەن. ئەم بزووتنهوهیە بەراستی بزووتنهوهیەکی شۆرشگێرانە و پڕشکۆیە لە مێژووی بزووتنهوهی ناڕهزایهتی جەماوەری کوردستاندا. ئەم بزووتنهوهیە گوشارێکی زۆری خستۆتە سەر دەسەڵاتی سیاسی و ناچار بە ملدانی چەندین داخوازی کردووە و کەچی هێشتا بزووتنهوهکە بەردەوامە و بەو ئاستە لە وەڵامی دەسەڵات رازی نییە کە باسی دابینکردنی پارەی هاندانی مامۆستایان دەکات. دیارە هێشتا بۆ سەرکەوتنی کۆتایی پێویستی بە ئیبتکاراتی تر و گۆشاری زیاترو فراوانترە. پێویستی بە پشتیوانی بەشەکانی تری کۆمەڵگا لەوانە کرێکاران و کارمەندان و کەس و کاری خوێندکاران و توێژە بێبەشەکانی تری کۆمەڵگایە. پێویستی بە سەراسەری کردنەوەی زۆرترە، وە پێویستی بە رێكخراوبوون و بەرچاو رۆشنی زیاترە. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا تا ئێستا ئەم بزووتنهوه ناڕهزایهتیە زۆر پێشرەوی کردووە و دەبێ بەهەموو توانایەکەوە پشتیوانی لێبکرێت. من لام وایە ئەم ناڕهزایهتیە هەر ئێستا سەرکەوتووە، لەگەڵ ئەوەشدا بە ئامانجەکانی خۆی نەگەیشتووە و ماویەتی، بەڵام ئاسۆی سەرکەوتنی دیارە و دەسەڵات ناچارە مل کەچ بکات.
سۆسیالیستی دیدگای: لهم ناڕهزایهتیانهدا فۆڕمی ڕێكخراوبوونی كرێكاران و كارمهندان و مامۆستایان و توێژهكانی تر بهدی ناكرێ، جگه له ههوڵدانهكانی ئهم دواییه (كه دوایی دێینه سهری). سهرهتا پێتان وانیه ئهمهش یهكێكه له خاڵه لاوازهكانی تهواوی ناڕهزایهتیهكان؟ گهر وایه، هۆكاری ئهمه به چی لێك ئهدهنهوه؟
عەبدوڵا مەحمود: بێگومان یەکێک لە لاوازییە سەرەکیەکانی بزووتنهوهی ناڕهزایهتی جەماوەری لە کوردستاندا، یان باشتر بڵێم بزووتنهوه کۆمەڵایەتیەکانی وەکو( کرێکاران و کارمەندان، ژنان و لاوان و خوێندکاران…) نارێکخروابوونە لە رێکخروای سەربەخۆ و ئازادانەی خۆیاندا. کۆبونەوە هەیە، خۆپیشاندان و مانگرتن و بایکۆت هەیە، رابەران و قسەکەرانی هەیە، بەڵام هێشتا کۆبونەوەکان و لەدەوری یەک بوونەکان، شوێنی کۆبونەوەکان، ناوەندەکانی کار، ناوەندەکانی خوێندن و قوتابخانە و پەیمانگاو زانکۆکان،…تاد، تا دەگاتە دەستەی وەرێخستنی ناڕهزایهتیەکان و گروپە هاندەرەکان، نەبوونەتە سەکۆیەک بۆ هەڵبژاردنی نوێنەران و گفتوگۆی جدی بۆ پێكهێنانی رێکخراوەی ئازادانەی خۆیان. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەکردەوە ناوەرۆکی ڕێكخراوەکانی سەر بە حزبە سیاسیەکان بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسۆنەوە، دەرکەوت کە هیچ نین جگە لە کۆمەڵێک رێکخراوی زەردی موچەخۆر بۆ ئیحتیواکردنی ناڕهزایهتیە جەماوەریەکان و هەوڵدان بۆ کپکردنەوەی ناڕهزایهتیەکان و کارکردنی بە نەخشە بۆ بەلاڕێبردن و سات و سەودا پێوەکردنیان.
پێکهێنانی رێکخراوەی رادیکاڵی جەماوەری و سەربەخۆ و ئازادانە، ئەرکێکی هەرە لەپێشەوەی رابەران و هەڵسوراوانی کرێکاری و کۆمۆنستییە، کە دەبێ دەستی بۆببەن. دەست نەبردن بۆ پێکهێنانی رێکخراوەی سەربەخۆی جەماوەری و پیشەیی بۆ هەرکام لە بزووتنهوه کۆمەڵایەتیەکان، بێ هۆکار نییە. سەرەکیترین هۆکارەکانی ئەم گرفت و لاوازییە ئەمانەن. یەکەم: کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگایەکی حزبی داگرە، کۆمەڵگایەکە کایەی سیاسی کەشی زاڵی سەر کۆمەڵگایە و خودی سیاسەتیش لە هونەرێک و ئامرازێک بۆ ئاڵوگۆڕ و کێبەرکێی سیاسی و ململانێی مودێرنی بەدیلەکانی حکومڕانی و سیستەمی جیاواز و کایەیەک بۆ دەسەڵات، کراوەتە کایەیەکی ناشیرین و بێبەها و نابووت. کراوەتە رێگایەک بۆ دزی و تاڵانی و بازرگانی و کرێگرتەیی و بەبارمتەگرتنی پاروی دەمی خەڵک. ئەم دۆخە کە دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردی خوڵقێنەریەتی، دەستبردنی هەر دەستە و گروپ و هەوڵێک بۆ دروستکردنی حزب و رێکخراوەی جەماوەری و پیشەیی…تاد، تا رادەیەکی زۆر سەخت و هاوکات سانسۆر کردووە، وە رێگری زۆری بۆ دروست کراوە. ئەم دۆخە دەستبردن بۆ دروسکردنی رێکخراوەی جەماوەری لەلایەن رابەران و هەڵسوراوانی كرێكاران و فەرمانبەران و بزووتنهوه ناڕهزایهتییە جەماوەرییەکان، روبەرووی رێگری و ناو ناتورە و دەستی دەرەکی لەپشت بوون و … کردووە. بۆیە پێشمەرجی پێکهاتنی هەر رێکخراوەیەکی پیشەیی و جەماوەری و رادیکال و جێکەوتە، لە گرەوی بوونی هێزو بزووتنهوهی سیاسی و حزبی تا رادەیەک توانادار…هەیە. دووەم: کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگایەکی نۆرماڵ بە قەوارەی دەوڵەتی و حکومەتی” بەهەر ناوەرۆکێکەوە بێت” نییە. لە جێگای ئەوە دوو حزبی دەسەڵات بەدەست بە پشتیوانی هێزی چەکدار و بە خۆبەستنەوە بە یەکێک لە دەوڵەت و قوتبە ناوچەیەکانەوە، بەڕێوە دەبرێت. ئەگەر رێكخراوێکی جەماوەری و پیشەیی لە زونی زەرد دروستبکرێت، پانتایی و مەودای هەڵسوارانی بە کردەوە و کاریگەری لەو زونە تێناپەرێت و بە پێچەوانەشەوە لە زونی سەوز و نیلیدا بە هەمان شێوە، رێکخراوەی جەماوەری و پیشەیی زۆر محەلی و پارێزگایی دەکات. ئەم دۆخە رێگریەکی ترە بۆ پێکهێنانی رێکخراوەیەکی سەراسەری و جەماوەری و پیشەیی…تاد، لە ئاستی کوردستاندا. ناڕهزایهتی و داوا و خواست لە لایەن هیچ حکومەت و دامەزراوەیەکی یاساییەوە وەڵام نادرێتەوە، چونکە کۆمەڵگا خاڵییە لە سیستەمی حکومرانی و دەوڵەتسازی. داوا و داخوازی راستەوخۆ روو لە حزب و قەڵەمرەویی ئەو حزبە لە زونێکی دیاریکراو دەکات، کە پشتی بە میلیشیای چەکدار بەستووە، ئەمەش گرفتێکی واقعییە و حاڵەتی ئاوا لە دنیادا ناوازەیە. سێهەم: ئەزمونی رێکخراوەی جەماوەری و پیشەیی لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتی بزووتنهوهی کوردایەتیدا، دەگەرێتەوە بۆ بزووتنهوهی شورایی ساڵی ١٩٩١ و پاشان ئەو رێکخراوە جەماوەی و پیشەیانەی بە دوای پێکهاتنی حزبی کۆمۆنیستی کریكاریی عێراقدا پێکهات. واتە بە بێ بوونی حزب و ڕێکخراوەی سیاسی تا رادەیەک جێکەوتوو هێزدار، کە لەپشتی ئەو رێكخراوە جەماوەریی و پیشەیانەو رابەران و هەڵسوراوانی بێت، تا رادەیەکی زۆر سەختە و پڕ گرفتە. بوونی بزووتنهوهیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و رێکخراوەیی و حزبی جێکەوتە و تا رادەیەک هێزدار، مەرجێکی سەرەکی دروستبوونی رێكخراوەی جەماوەری و رادیکاڵ و پیشەیی جێکەوتەیە بۆ بزووتنهوه کۆمەڵایەتیە جۆراوجۆرەکان. بەداخەوە لە ئێستادا، حزب و بزووتنهوهیەکی ئاوا، بە قیافەیەکی هێزدار و جێکەوتوەوە جێگای خاڵییە، تا رابەران و هەڵسوراوانی بزووتنهوه جەماوەریەکان، بە پشت و پەنای خۆیانی بزانن و متمانەی بەرگریکردنیان، لێوەربگرن. ئێوە دەزانن ڕێکخراوەی کرێکارانی بیناسازی، رێکخراوەی كرێكاران و کارمەندانی تەندروستی، رێکخراوەی سەربەخۆی ئافرەتان و سەنتەری ژنان، رێکخراوەی مامۆستایان… و سەرجەم ئەو رێكخراوانەی تر کە لە ناوەراستی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا، هەبوون، بەرهەم و حاسڵی بوونی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی بوو، کە لە کێشمەکێشێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دا بوو، لەسەر چەندین پرسی چارەنوس سازی ئەو کاتە لەگەڵ دەسەڵاتی بۆرژوا ناسیونالیستی کورد. لە ئێستاشدا دەبێ حزبی سیاسی دەستپێشکەر بێت، بۆ پێکهێنانی رێكخراوەیی جەماوەری و پیشەیی، بە پێی ئامادەیی رابەران و هەڵسوراوانی بزووتنهوه جەماوەریەکان. ئەرکی حزبی کۆمۆنیستی کریکایی کوردستانە بە نەخشەوە لەو زەمینەیەدا هەنگاوی پێویست بنێت و لەگەڵ رابەران و هەڵسوراوانی بزووتنهوه جەماوەرییە کۆمەڵایەتیەکان کۆببێتەوە و هانیان بدات بۆ دەستبردن بۆ رێکخراوەی خۆیان و پشتیوانی بەکردەوە کردن لێیان. لێرەدا بەپێویستی دەزانم پێ لەسەر راستیەک دابگرم، خەڵکی كرێكار و زەحمەتکیش لە هەلومەرجی ئێستای دنیادا، و بەدیاریکراوی بەدوای شکستی بلۆکی شەرقەوە، کە چەندین دەهە ئەم سیستەمە بۆرژوازییە دەوڵەتیەیان، بە ناوی کۆمۆنیزمەوە دەرخواردی بەشەریەت دەدا، تا کۆمۆنیزم لە چاوی رای گشتی دنیادا لەکەدار و ناپەسەند بکەن، کە چاو دەکەنەوە چاویان بە سیستەم و جۆرێک لەدەسەڵات دەکەوێت. دیموکراسی، پەرلەمانتاریزم، لیبرالیزم، ناسیونالیزم و مەزهەبگەرایی و…تاد. بۆیە دەبنە دیموکراتی، دەبنە لیبراڵ، دەبن بە ناسیونالیست. تەنانەت بۆ دین و مەزهەب… بە پێی جغرافیا خهڵك مەیل و لایەنگری و بۆ دین و مەزهەبەکان، دەردەبرن یان هەڵدەبژێرن. لە وڵاتە دواکەوتووەکان و دەسەڵاتی پشت بەستو بە شەریعەت خەڵک بەشێوەی ویراسی، دین و مەزهەبیان بەسەردا دەسەپێنرێت. بێ ئەوەی کەس خۆی ئەمە وەکو بیروباوەرێک هەڵبژێرێت، یان تەمەنێک دیاریبکرێت، بۆ باوەرهێنان پێی. ئەمە بۆ کۆمۆنیزم وانییە. بۆ ئەوەی خەڵک بکەیت بە کۆمۆنیست، دەبێ حزبی دەخاڵەتگەری کۆمەڵایەتی، یان بزووتنهوه و دەسەڵاتێکی کۆمۆنیستی، هەبێت. لەگەڵ ئەوەدا خولیای ئینسان بۆ ژیانی باشتر و تەسەل تر و ئازادتر و بەرابەر، ئارەزوویەکی خۆرسکی ئینسانە، بەڵام ئەو ئینسانانە لە خۆیانەوە و بەشێوەی خۆرسک نابن بە کۆمۆنیست و هەڵسوڕاوی کۆمۆنیستی و سوسیالیستی. لە حاڵێکدا ئەمە بۆ بزووتنهوهکانی تر وانییە. دنیای بۆرژوازی و رەوت و بزووتنهوهکانی، دەسەڵاتی جۆراوجۆری بۆرژوازین و باوەری ئەم بزوتنەوانە بوونەتە ئەفکاری باوی کۆمەڵگا. هەروەکو مارکس دەڵیت” بیروباوەری زاڵ بەسەر هەر کۆمەڵگەیەکدا، بیروباوەری چینی دەسەڵاتدارە لەو کۆمەڵگەیەدا” من لەم رونگەیەوە پێداگری لەوە دەکەم کە بۆ پێکهێنانی ڕیکخراوەی سەربەخۆی جەماوەری و پیشەیی کرێکاری و رادیکاڵ، پێویستە حزبێکی کۆمۆنیستی شۆرشگێر و دەخالەتگەری کۆمەڵایەتی هەبێت، کە جەنگی دەسەڵات بکات، لە کێشمەکێشی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بێت، لەگەڵ بۆرژوازی. حزبێکی لەو چەشنە دەتوانێ رابەرانی سۆسیالیست و کۆمۆنیست دروست بکات و پێکهێنانی رێکخراوەی جەماوەری و پیشەییش بە شێوەیەکی کارا و پێویست، بخاتە دەستوری رابەرانیەوە.
چوارەم: کەوتنی رژێمی بەعس و پاشان لاچوونی ئابلۆقەی ئابوری لەسەر خەڵکی عێراق ، و پشت ڕاستکردنەوەی خەڵک لەژێر کاریگەری و قورسایی ئاکامەکانی ئابلۆقەی ئابوریدا، دەروازەیەکی بۆ چینی کرێکار و بزووتنهوهی جەماوەریەکانی تر رەخساند، تا لە دۆخی پاسییف بوون و بڕوابەخۆنەبوون بۆ ئاڵوگۆرکردن بە هێزی خۆیان، جێگا بدات بە ئەکتیف بوون و برواهێنان بەوەی کە دەتوانن بەدەستی خۆیان ئاڵوگۆر بە قازانجی خۆیان و هێزی خۆیان بەدەست بهێنن. بە تایبەت ئەمە بۆ زوربەی جەماوەری مەحرومی کوردستان، زۆر بەرجەستە بوو. تا دەسەڵاتی بەعس لەسەر کار بوو، هەمیشە هەرەشەی بەعس لەسەر کوردستان واقعیەتیک بوو، کە ناسیونالیزمی کورد زۆر کەڵکی لێوەردەگرت. ناسیونالیزمی کورد هەمیشە خۆی لەبەرامبەر بەعسدا، نیشان دەدا، کەوتنی رژێمی بەعس ئەم کارتەی لەدەست ناسیونالیزمی کورد دەرهێنا. ئەمجارە بزووتنهوهی ناڕهزایهتی جەماوەری هەم ترسی رژێمی بەعسی نەما، هەم رووی ناڕهزایهتی و داوا و داخوازی راستەوخۆ ناسیونالیزمی کوردی دەکردە نیشانە. ئەم دۆخە” کەوتنی بەعس، لاچوونی ئابلۆقەی ئابوری و کەم بوونەوەی کاریگەریەکانی، بوژانەوەیەکی تارادەیەکی ئابوری، لاوازبوونی پاسیفیزم و ئەکتیف بوونەوەی جەماوەر بۆ ئاڵوگۆر” تیکڕا دۆخێکی تەواو جیاوازی دروست کرد و ئەو رەوەندەی لەساڵی ١٩٩١ وە بەردەوام بوو، ئاڵوگۆری بەرجەستەی تیا پێکهات. جەماوەی کرێکار و زەحمەتکیش بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانیان و بەرگری لەخۆکردنیان، دەستیان دایە، خۆپیشاندان و ناڕهزایهتی دەربرین. بەجۆرێك کە زوربەی زۆری شارو شارۆچکەکانی کوردستانی گرتەوە، لە زوربەی شارو شارۆچکەکاندا، دەستە و ناوەند و کۆرو کۆمەڵ، لە ژێر ناوی جیاوازو دژی گرانی و بێکاری و دزی و گەندەڵی پێکهاتن. خۆپیشاندان و ناڕهزایهتی جەماوەری بەرفراوان دەستی پێکرد. تورەیی خەڵک لە دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد، فراوانتر و بەرینتر دەبوەوە، لە شارەکانی کەلار و رانیە و قەڵادزێوە بۆ سلیمانی و ناوچەکانی ژیر دەسەڵاتی پارتی تا دەگاتە هەڵەبجە قوڵپی دەدا، ئەوە بوو تورەیی خەڵک لە هەلەبجە گەیشتە ئەو رادەیەی مۆنیومێنتی هەڵەبجە بسوتێنن. لە رانیە و کەلار بەیەکدادانی توند لە نێوان خەڵکی ناڕازی و هێزە سەرکوتکەرەکانی دەسەڵاتدا، رویدا. راوەدونان و گرتن و ترس و تۆقاندن لە لایەن دەسەڵاتەوە، لە ترسی تورەیی خهڵك دەستی پێکرد. ئەم دۆخە، هەم ئاستی بزووتنهوهی ناڕهزایهتی جەماوەری بردە سەر و هەم حزب و رێکخراوە سیاسیەکانی خستە مەوقعیەتێكی ترەوە. ئاکامی ئەو ئاڵوگۆرە ئەزمەی نێوخۆیی حزبەکانی قوڵتر کردەوە، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان توشی لێکترازان و شەقکردن کرد. میدیاو ماس میدیای کۆنترۆڵنەکروا و ئەهلی پێکهاتن و دەستیان کراوەتر بوو. بزووتنهوهی گۆڕان لەلایەن بەشی جیابوەوە لە یەکێتی پێکهات و پاشان بووە حزبێکی سیاسی. بە واتایەکی رۆشنتر، لەتبوونی یەکێتی، دروستبوونی بزووتنهوهی گۆڕان، دەرکەوتنی میدیای ئەهلی! …تاد، بەرهەمی دۆخی کەوتنی دوای بەعس و رەوتی روو لە پێشی بزووتنهوهی ناڕهزایهتی بوو لە کوردستان، نەک بە پێچەوانەوە کە بەشێکی زۆر لە نوسەرانی موچەخۆر و مۆڵەپێدراو و ئەندام پەرلەمانی تازە تەسەل و توێژەری سیاسی، کاڵفام نیشانیان دەدا، کە ئەوە میدیا و بزووتنهوهی گۆڕان بووە، چاوی خەڵکی کردۆتەوە و خەڵکی هێناوەتە سەر جادە. دیارە هیشتا بۆ ئەم کاسبییە پوچە کەسانێک ماون ئەم دەهۆڵە دەکوتن و دەڵین میدیای ئەهلی و حزبی گۆڕان چاوی خەڵکیان کردۆتەوە و پەردەیان لەسەر گەندەڵی و چی و چی… هەڵماڵیوە.
دیارە بەداخەوە بە هۆی نەبوونی حزب و رێکخراوەیەکی توانادار و جێکەوتەو جێگا متمانەی چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتێکێش، بزووتنهوهی گۆڕان، توانی سواری شەپۆلی ناڕەزایەتی خەڵک ببێت و داوا و داخوازیەکانی بزووتنهوه کۆمەڵایەتیەکان، بەو جۆرە ئاڕاسته بکات، کە بزووتنهوهکەی خۆی پێ قەڵەو و گەورە بکات. بەم شێوەیە بزووتنهوهی گۆڕان فایلی خۆپیشاندان و ناڕهزایهتیهکانی کێشکرد و کردنی بە دەستمایەی بەشداری لە حکومەتێکی گەندەڵ و دز و ناشەفاف میلیشیایی و خۆ گرێدراو بە دوو دەوڵەتی کۆنەپەرستی وەکو ئیران و تورکیا و سیاسەتەکانی ئەمریکا و غەرب و تەماحە بێ کۆتاییەکانیان.
پێنجەم: لەو کاتەی کە بزووتنهوهی گۆڕان پێکهات تا بەشداریان لە حکومەتی بنکە فراواندا، هەموو یان وردتر بڵێم زوربەی بزووتنهوه کۆمەڵایەتیە جەماوەریەکان، لە بزووتنهوهی و ناڕهزایهتی کرێکارییەوە بۆ بزووتنهوهی لاوان و خوێندکاران و بزووتنهوه ناڕهزایهتیە جەماوەریەکانی توێژەکانی تری کۆمەڵگا، کەوتنە ژێر هەژموون و سیاسەتی بزووتنهوهی گۆڕان. بزووتنهوهی گۆڕان لە رێگای چەندین بانگەشەی قەبە و دیماگۆجی، لە چەشنی گۆڕانی ریشەیی، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ناشەفافیەت، تا دەگات بە بانگەشەی عەدالەتی کۆمەڵایەتی…تاد، توانی زۆربەی هەرەزۆری بزووتنهوه کۆمەڵایەتیەکان جڵەو بکات و بەشی هەرە زۆری رابەرانی ئەم بزوتنەوانە پەلکێشی ریزەکانی بکات، یان بێدەنگیان بکات. بەم شێوەیە بزووتنهوهی گۆڕان بە کردەوە توانی دەسەڵاتی گەندەڵ و دز و تاڵانچی میلیشیایی لەدەستی بزووتنهوه ناڕهزایهتیەکانی پێشوو رزگار بکات و پاشەکشە بە ویست و خواستەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان بکات. کارێک کە بۆ دەسەڵاتی یەکێتی وپارتی سەختر بوو، گۆڕان بە بانگەشەی درۆزنانە و فریوکارانە و خۆشباوەری جەماوەری بەم بزووتنهوهیە، توانی ئەنجامی بدات. لەو کاتەوە کە بزووتنهوهی گۆڕان چووە نا حکومەتی بنکە فراوان و بەکردەوە بووە بە شێک لە دەسەڵاتی گەندەڵ و دز و سەرکوتگەر، رەوتی پاشەکشەی دەستی پێکرد و ئێستا ئەم رەوتی پاشەکشەیە تا دێت بەرەو خوار دێت و بزووتنهوهی جەماوەریش بە وەلانانی خۆشباوەریەکانی بە بزووتنهوهی شکست خواردوی حزبی گۆڕان، رەوتێکی روو لەسەر و تا رادەیەکی سەربەخۆ دەگێڕێت. بزووتنهوهی کارمەندان و مامۆستایانی دوو مانگی رابردوو، سەرەتای وەڕێکەوتنی سەرکەوتوانەی ئەم بزووتنهوهیەیە و دەبێ بە وشیارییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. دیارە ئەمە دوبارە سەرەتای دەستبردنی رابەران و هەڵسوراوانی بۆ کاری رێکخراوەیی فەراهەم کردووە.
شەشەم: بە جیا لە هەموو ئەمانە دۆخێکی ئاکسیۆنیش زاڵە. ئەم دۆخە ئەوەیە کە هێشتا رابەران و هەڵسوراوانی بزووتنهوه کۆمەڵایەتیەکان، نمایشی تورەبوونی کاتی و کۆبونەوە و خۆپیشاندان و مانگرتنی کاتی و کورت مەودایان، هەیە بۆ گوشار خستنە سەردەسەڵات. هێشتا وەدیهێنانی هەندێک خواستی ئابوری و داوای کاتی کەشی زاڵە. ئەگەر ئەم دۆخە جێگای خۆی بدات بە خەبات و تێکۆشانێکی درێژ مەودا تر و بەردەوام بۆ داخوازیەکان و بەرگری لە مافەکانیان، بەناچار دەستبردن بۆ پێکهێنانی رێکخراوەی جەماوەریی و پیشەیی، دەبێتە ئەولەویەتی رابەران و چالاکوانانی بزووتنهوه کۆمەڵایەتیەکان. هێرشی دەسەڵات کاتی و مەودا کورت نییە تا بەهەمان شێوە وەڵام بدرێتەوە. دەسەڵات هێرشی سیستماتیک و بەردەوام دەکاتە سەر کرێکاران و کارمەندان و داخوازی و مافەکانیان. بۆیە دەبێ بەهەمان شێوە ئەو دەسەڵاتە وەڵام وەربگرێتەوە. وەڵامێکی بەردەوام و خەباتیکی نەپساوە… بۆ ئەمەش پێویستە هەرچی زووە دەست ببەن بۆ پێکهێنانی رێکخراوەی سەربەخۆو ئازادانەی جەماوەری و مەبنای هەر رێکخراوەیەکی جەماوەریش لە بنەرەتدا بەرژەوەندی هاوبەشە بێ لەبەرچاوگرتنی ناسنامەی حزبی و سیاسی و بیروباوەر و ئایدۆلۆژی…تاد
دیارە دەکرێت هۆکاری تریش هەبن… بەڵام من لام وایە ئەمانە هۆکارە سەرەکیەکانن.
دیدگای سۆسیالیستی: هاوڕێ عهبدوڵا، خهڵكی بێبهش، مامۆستایان و كارمهندان ئهوهنده ناڕهزایهتیان دهربڕی و ئهوهنده هاتنه سهر شهقام و وهڵامیان وهرنهگرتهوه، ئێستا بۆچوونێك ههیه ئهڵێ، ’’ئیتر هیچ شتێك لهگهڵ ئهم دهسهڵاته سوودی نییه، كه دهستی گرتووه به گوێ و چاویهوه‘‘! ئایا له كاتێكدا كه بهدیلێكی تر نههاتۆته پێشهوه، ئهم قسهیه ناگات به نائومێدی؟ ئهی باشه گهر ئهم شێوازانه سوودیان نهبووه و نییه، چی تر بكرێ تاكو لانی كهم دهسهڵات ناچار بكرێ مل به داوای دابینبوونی ژیان بدات؟ یاخود ئایا ناكرێ خهڵك خۆی بهدیلێكی ڕۆشن بخاتهڕوو له كاتێكدا كه ئهزانرێ له ئاستی ناوخۆییدا داهات و سهروهتێكی زۆر ههیه؟
عەبدوڵا مەحمود: هاتنە مەیدانی کارمەندان و مامۆستایان و بۆ خواستەکانیان، بەردەوامە و درێژەی هەیە و خەریکە دوومانگ تێدەپەرێنیت. دەسەڵات ناچار بەسازش بووە، هاوکات هەراسی دەسەڵات لەم خۆپیشاندان و کۆبونەوە و بایکۆتە کە رۆژ بەرۆژ زیاتر دەبێت و پەتی تەحەمولی دەسەڵاتی بەرەو پچران دەبات. وەڵامی سەرکوتکەرانەی ١ی دیسەمبەر، دەست ئاوەڵاکردنی بەڵتەجیەکانی کوردایەتی بۆسەر رابەران و هەڵسوراوانی خۆپیشاندانەکان، دەستبردنی خێڵەکیانە و ئاغاواتی بۆ ماڵ و مڵکی چالاکوانان وەکو سوتاندنی سەیارە و تاڵانی…تاد. نیشان دەدات کە بێ ئومێدی و هیوابڕاوی لەلایەن بزووتنهوه ناڕهزایهتیە جەماوەریەکانەوە نەک نییە، بەڵکو ئەوە دەسەڵاتە رووی لە پاشەکشەو ملدان و هاوکات دەستبردنە بۆ سەرکوتی بێپەردەی خۆپیشاندان و ناڕهزایهتیەکان. بزووتنهوهی ناڕهزایهتی کرێکاران و کارمەندان و مامۆستایان، ناتوانێ بێ ئومێد بێت. راستە گرفت و کێشەی هەیە، راستە هێشتا وەکو پێویست وەڵامی یەککلاکەرەوەیان بەدەسەڵات نەداوەتەوە، بەڵام راستی ئەوەیە سوربوونی کارمەندان و مامۆستایان و بەردەوامی دانیان بە خۆپیشاندان و ناڕهزایهتیەکان، نیشانەی ئومێدەواربوون و گرەوکردنە لەسەر سەرکەوتن و چۆک دادان بەدەسەڵات. لەوانەش بترازێت خەڵکی کرێکارو زەحمەتکیش، مامۆستایان وکارمەندان، لە درێژەدان بە خۆپیشاندان و بایکۆت و کۆبونەوەکانیاندا، هیچ لەدەست نادەن، وە هیچییان نییە لەدەستی بدەن، بەپێچەوانەوە بێدەنگ بوونیان، دەبێتە هۆی لەدەست دانی ژیان و گوزەرانی خۆیان و خێزانەکانیان. ئاخر ئەگەر دەسەڵات وەڵام بە خواستەکانیان نەداتەوە وە ناچار بە وەڵامدانەوە نەکرێت، ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان دەکەوێتە مەترسیەوە. دەسەڵات ئەگەر وەڵام بداتەوە و دەبێ بیداتەوە، هیچ لەدەست نادات، جگە لەوەی بەشێک لەخواست و ویستی دزراو بەناچاری لە ژێر گوشارو هێزدا، دەگێڕێتەوە.
چەند راستی پێویستە پەنجەیان بخرێتە سەر سەبارەت بەوەی بۆچی دەسەڵات زوو چاوی نەکردەوە و گوێکانی هەڵنەخست، بەدیاریکراوی بۆچی دەسەڵات لەسەرەتادا خۆی کەڕو کوێر کرد؟ یەکەم هۆکار ئەوەیە کە خۆپیشاندان و ناڕهزایهتیەکان و بایکۆت بە شێوەی سەرەکی لە زونی سەوزو نیلییە. دیارە ئەمەش لاوازی نییە و نابێ سەرزەنشتی خەڵکی ئەم زونە بکرێت، وەکو میدیای نۆکەر هەندێک نووسەر باسی دەکەن. راستیەک هەیە دەبێ وەکو نەوتراوێک بوترێت. ئەویش ئەوەیە دۆخی دوو زونی سەوزو زەرد، دوو دۆخی جیاوازی نێوان دوو دەسەڵاتی جیاوازن. ئەگەر هەرێمی کوردستان یەك جغرافیای دیاریکراوە، بەڵام ئەم جغرافیایە دوو دەسەڵاتە و بەرەو دوو کۆمەڵگاش پاڵ دەنرێن. رووبەرووبونەوەی ئەم دوو دەسەڵاتەش لەیەک کاتدا ئەگەر نەڵێم مەحاڵ بەڵام دەتوانم بڵێم ئەستەمە. ناکرێ لەیەک کاتدا چاوەروانی ئەوە بکرێت لە دهۆک هەولێر و سلێمانی خۆپیشاندان بۆ یەک پرس لەیەک کاتدا بکرێت. تەنانەت روبەروبونەوەی خۆپیشاندان و ناڕهزایهتیەکانیش جیاوازە. عێراق و کوردستان چۆن تا هاتووە لەیەک دوور کەوتونەتەوە، و بوونە دوو کۆمەڵگای جیاواز، مامەڵەی دەسەڵاتی جیاواز و بە ئەجندای جیاواز و بە خۆبەستنەوەی ناوچەیی جیاواز، کۆمەڵگای شەق کردووە ئەم شەقکردنەش بە ئاقاری لێک دوور کەوتننەوەی زیاتری نێوان جغرافیای زونی سەوزو زەردە لەگەڵ یەکتری. لەزوونی زەرد دەسەڵات زۆرتر یەک قوتبیە و لەزوونی سەوز چەند قوتبیە. هەر ئەمەش وای کردووە کەشی ئاواڵەی سیاسی لە زونی سەوزدا، ئاوەڵاتر و لە زونی زەردا داخراوتر بێت. کۆنترۆڵی خۆپیشاندان و ناڕهزایهتی لە زونی زەردا یەک هێزی خاوەن تەمەرکوز ئەنجامی دەدات. لەزونی سەوزدا دەسەڵاتێکی نامتەمەرکیز. دیکتاتۆریەت و سەکوت لەزونی زەردا، ئاسانتر بەڕیوە دەبڕیت تا زونی سەوزی جێگای مململانێی دەسەڵات. لە زونی زەردا دەسەڵات بۆ پارتی یەکلایی بۆتەوە، لە زونی سەوزدا جەنگ بۆ یەکلایی کردنەوەی دەسەڵات، کورەکەی گەرمە. هەموو ئەمانە مامەڵەی جیاواز و دۆخی ئەم دوو زونەی لەگەڵ یەک جیاواز کردووە. کەسانێک کە لایان وایە هەولێر و دهۆک شامی شەریف و خاڵی لە تورەیی و ناڕهزایهتییە، هۆکارەکەی تینەگەیشتن و روکەش روانینە بۆ ئەم ئاڵوگۆڕانەی لە ٣١ ئابی ١٩٩٦ وە، بەدواوە تا هاتووە ڕویانداوە.
لەناو واقعیەتێکی ئاوادایە، کە باڵای خۆپیشاندان و ناڕهزایهتی لە زونی سەوزدا، بڵندتر و زیاتر و فراوانترە. دەسەڵات لەزوونی سەوزدا” یەکێتی و گۆڕان” لەسەرەتادا هەموو هەوڵیان ئەوە بوو دۆخی كرێكاران و کارمەندان و مامۆستان ناڕهزایهتیەکان، بگێرنەوە بۆ ململانی سیاسی نێوان خۆیان و پارتی و لەو رێگایەشەوە رووی داوا و داخوازیەکانی کارمەندان و مامۆستایان، لە خۆیان دوور بخەنەوە و ناڕهزایهتیەکانی زونی سەوز ئاڕاستهی پارتی بکەن. ئەمەش بەکردەوە هەم شانی دەسەڵاتی لە زونی سەوزلە بەرپرسیارێتی خاڵی دەکردەوە هەمیش هیچ ئازار و کاریگەرییەکی بۆسەر دەسەڵاتی پارتیش نەبوو کە دەسەڵاتی زون و جغرافیایەکی دوورو دابراو لە زونی سەوزو نیلییە. ئەمە یەکێک لە لاوازیەکانی خۆپیشاندان و ناڕهزایهتیەکانی کارمەندان و مامۆستای بوو لە سەرەتادا. دووەم: ئۆپۆزیسێۆنی بۆرژوازی کورد، حزبی گۆڕان و ئیسلامیەکان، لەسەرەتای خۆپیشاندانەکاندا، چ وەکو هەڵسوراوانیان و چ وەکو بەرپرس و ئەندام پەرلەمانە تەسەلەکانیان، خۆیان خزاندبووە خۆپیشاندان و ریزی بایکۆت و کۆبونەوەکانەوە، هەموو هەوڵیان ئەوە بوو، داوا و خواستەکانی بزووتنهوهی ناڕهزایهتی بەلاڕێدا بەرن بەوەی کە هۆکاری ئەم کێشانە و ئەم دۆخی گرانی و بێ موچەییە، هۆکارەکەی پرسی سەرۆکایەتی هەرێم و پەکخستنی پەرلەمانە، تا لەو ڕیگایەوە داوا و داخوازیە رەوا و رۆشنەکان لە بیر ببەنەوە پرسێک کە کێشەی حزبەکان و خانەوادەی بۆرژوازی کوردە نەک هی خەڵک، بە باڵای خەڵکی کوردستان ببڕن. وە هەموو هەوڵێکیان دا بیکەنە دەستمایە و سەرمایەی گوشاربردن بۆ پارتی تا لەململانێی سیاسیدا، باڵانسی هێز بەقازانجی خۆیان بگۆڕن و پارتی ناچار بە بەشێک لە خواستە سیاسیەکانی خۆیان بکەن. ئەمەش لاوازیەکی تر بوو، بەڵام ئەم وەهمەش تا رادەیەکی زۆر رەوێنرایەوە و ئێستا دەسەڵاتی زونی سەوز و نیلی زۆرتر نیشانەیە.
سێیەم: حزبی گۆڕان و بەشێکی قسەکەرانیان، بۆ دەربازکردنی دەسەڵات یەکێتی هاوپەیمانی ئێستایان و بۆ دورخستنەوەی بەرپرسیاریەتی خۆیان لە وەڵام دانەوە بە خواستی مامۆستایان و کارمەندان. هەوڵیاندا ئەمجارە رووی خواستەکانی بزووتنهوهی ناڕهزایهتی بگوازنەوە بۆ بەغدا و داوای موچە لە عەبادی بکەن. ئەمەش زۆر زوو وەکو گاڵتەجاریەکی تێپەر، تێپەری… لای هەموو کەس و رۆشنە پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیران و تورکیا نزیکترە تا حکومەتی بەغدا. پارتی هیندەی لە تورکیاو یەکێتی هیندەی لە ئیران نزیکن، هیچیان نیو ئەوەندە نزیکایەتیان لەگەڵ بەغدا و حکومەتی فیدراڵی نییە. بۆیە تەرحێکی ئاوا، گەمژانە و بنەماکەی هەڵچوونی هەرزەکارانەیە، هەر بۆیە زوو کۆتایی پێهات.
تیپەڕاندی هەموو ئەمانە و لە مەیداندا مانەوەی بزووتنهوهی ناڕهزایهتی جەماوەری کارمەندان و مامۆستایان، لەلایەکەوە نیشان دەدات بێئومێدیەک لەئارادا نییە و لە لایەکی تریشەوە ئاماژەیەکی رۆشنە بۆ چوونەپێشەوەی ناڕهزایهتیەکە و دورکەوتنەوە لە ئاسۆی حزبەکانی بزووتنهوهی بۆرژوا ناسیونالیزمی کورد. ئەم دابڕانەش لە بزووتنهوهی بۆرژوازی کورد و ئۆپۆزیسێۆنەکەی، ئێستا هەرەشەیەکی جدییە لە سەر دەسەڵاتی زونی سەوزو نیلی، بۆیە ئێستا کە کاریگەری ئەم بزووتنهوهیە دەرکەوتووە و چۆتە ئاستێکی باڵاترەوە، ئەم دەسەڵاتە بە یەکێتی و گۆڕانەوە، لەهەوڵی سەرکوتکردنیدان و دەست لە هیچ کردەوەیەکی سەرکوتگەرانەی بەعس ئاسا ناپارێزن. دیارە پارتیش هەموو هاوکارییەک بۆ سەرکوتی ئەم بزووتنهوهیە پێشکەشی یەکێتی و دەسەڵاتی زونی سەوز دەکات، چونکە کاریگەری ئەم بزووتنهوهیە لەسەر زونی زەرد و تورەیی ئەم زونە دەبێت و هەر ئێستاش هەیەتی.
پێویستە ئەم بزووتنهوهیە، ئەو راوەستاوی و جەرائەتە لەخۆی نیشان بدات لە ١ دیسمبەر نیشانیدا و لەوەش واوەتر دەبێ تواناییەکانی زیاتر بکات لە رێگای راکێشانی پشتیوانی کرێکارانی ناوەندە کرێکارییەکان و بەشەکانی تری چینی کرێکار و کارمەندانی ناوەندەکان و کەسو کاری خوێندکاران و بەدەست هێنانی پشتیوانی بزووتنهوه کۆمەڵایەتیەکانی تری وەکو لاوان و ژنان و… تا دەگاتە راکیشانی پشتیوانی بزووتنهوه پشکەوتنخوازو رێکخراوە کرێکاریی و جەماوەرەیەکانی دنیای دەرەوە بۆ خواستەکانی خۆیان و گوشار هێنان بۆ دەسەڵات، تا هەرچی زوترە مل بە خواست و ویستی ڕۆشنی کامەندان و مامۆستایان، بدات.
تا ئەوجێگایەش باسی شێوازی ترو بەدیلی تر دەکرێت، بێگومان بەدیل و شێوازی تری خەباتکارانە لە درێژەی ئەم خەباتەی ئێستادا، دەتوانرێت خۆیان نیشان بدەن. بەڵام لە ئێستادا، بەدیاریکراوی دەست بردنی کارمەندان و مامۆستایان بۆ رێکخراوبوون، لە رێکخراوەی سەربەخۆیی خۆیاندا، ئەرکێکی هەرە لەپێشی رابەران و هەڵسوراوانی کارمەندان و مامۆستایانە، کە رێکخراوەی سەربەخۆی و جەماوەری و پیشەیی خۆیان پێکبهێنن، کە مەبناکەی پارێزگاری بێت لە بەرژوەندی هاوبەشی کارمەندان و مامۆستایان، بێگوێدانە ناسنامەی حزبی و دینی و بیروباوەری سیاسی…تاد. پێکهێنانی رێکخراوەی کارمەندان و فەرمانبەران، پێکهێنانی رێکخراوەی مامۆستایان، ئەولەویەتی کاری بزووتنهوه ناڕهزایهتیەی کارمەندان و مامۆستایانە. دیارە دەستبردنی رابەرانی کرێکاریش لە ناوەندەکانی بەرهەم هێنان و کارگەکاندا، بەتایبەتیش رابەرانی سوسیالیست، ئەرکێک و پێداویستیەکە کە رۆژ بەرۆژ خۆی دەسەپێنێت. جەماوەری پرژ و بڵاو، کرێکاران و کارمەندان و موچەخۆرانی نارێکخراو، بە ناڕێكخراو بوون و لە دەوری یەک نەبوونیان، ناتوانن هێزی واقعی خۆیان و کاریگەری خۆپیشاندان و مانگرتن و کۆبونەوەکانیان وەکو خۆی ببینن و بناسن.
دیدگای سۆسیالیستی: له دوای ههستانی جهماوهری ١٩٩١ هوه خهڵك ئهزمونی لهگهڵ شهڕی ناوخۆ، بهشكردنی دهسهڵات، پهرلهمان و گۆڕینی دهموچاوهكان، سهرههڵدانی گۆڕان و قوتبوونهوهی زیاتری ئیسلامیهكان به ناوی ئۆپۆزسیۆنهوه…. هتد كهچی ههر قهیرانه و ههر بارودۆخی ژیانی كۆمهڵگا زیاتر بهرهو ههڵدێر ڕۆیشتووه. ئیتر قسه هاتۆته سهر گۆڕانكاری ڕیشهیی. سیماكانی ئهم گۆڕانكاریه چیه و به كێ ئهكرێ؟ واته داینهمۆ و توخمی چالاك بۆ ئهم ئاڵوگۆڕه، كه ههموو ڕۆژێك پێویستی خۆی نیشان ئهداتهوه، چیه؟
عەبدوڵا مەحمود: هۆکاری قەیرانە نەبراوەکان و کۆمەڵگا بەقەیران ئاڵودەکردن، بەرهەمی دەسەڵاتی بۆرژوا ناسیونالیستی کوردو ئۆپۆزیسۆنی بۆرژوازی کوردە. جەنگی ناوخۆ، سەرهەڵدانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی بۆگەن لە هەناوی دەسەڵاتی گەندەڵی بۆرژوازی خۆیدا، بە قەومی و ئیسلامیەوە، ئاکامی راستەوخۆی قەیرانی دەسەڵات و حکومداری ناسیونالیزمی کوردە لە بەرێوەبردنی کۆمەڵگا و ناكاراییهتی لە وەڵامدانەوە بە سەرەتاییترین ویست و داخوازی خەڵکی کوردستاندا. ئەم دەسەڵاتە بە شهڕو بە ئاشتیەوە، بەحکومەتی هاوبەشی و پشت بەستو بە رێکەوتنی ستراتیجی، بە دوو حکومەتی بۆ هەردوو زونی سەوز و زەرد، تا دەگات بە حکومەتی بنکە فراوان و بەشداری ئۆپۆزیسێۆن تیادا…تاد. وەکو چەندین تەجروبە شکستی خۆیان نیشاندا و تاقیکرانەوە، نەک هەر ئەوە بەڵکە سەرجەم ئەم ئەزموونە، ئەزمونێکی شکست خواردوە و قابیلی هیچ جۆرە چاکسازیەک نییە. وە ئاڵوگۆری دەسەڵات لە کوردستاندا، کە خاڵییە لە سیستەمی حکومڕانی و دەوڵەتداری و یاسایی، ناکرێت ئاڵوگۆر لە رێگای هەڵبژاردنەوە بکرێت… بە قەولی تۆنی كلیف لە دیموکراسی بۆرژواییدا ( ئەگەر مرۆڤیک لە تیکرایی ژیانی خۆیدا ١٠ جار دەنگ بدات، ئەوا دەشێت بڵێین ئەوکەسە بۆ ماوەی نیوسەعات گەمەی دیموکراسی کردووە). ئەمە لە کوردستان و ژێر سایەی دەسەڵاتی میلیشیاییدا زۆر پوچتریشە… گەمەی هەڵبژاردن و دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە رێگای هەڵبژاردنەوە، کایەیهکی فریودەرانەی حزبی دەسترۆشتووە بۆ فریودانی راگشتی و دنیای دەرەوە. تەنانەت شۆڕش لە کوردستاندا، بەشێوەی ئاسایی و بەو جۆرەی لە کۆمەڵگایەکی خاوەن دەوڵەت و حکومرانی بۆرژوازیی ئاساییدا، روودەدەات، ناتوانرێت روبدات و میکانیزمی تایبەتی خۆیی هەیە… “کە ئێرە جیگای ئەو باسە نییە”
لە ١٧ شوباتی ٢٠١١ وە کە بە ئیلهام لە “بەهاری عەرەبی” و شۆرشی وڵاتانی باکوری ئەفریقیا، رویدا… تا هاتووە پرسی کۆتاییهێنان بە دهسهڵاتی ناسیونالیزمی، فراونترو فروانتر دەبێتەوە. نەفرەت و تورەیی لەم دەسەڵاتە چۆتە ئاستی باڵاترەوە. باوەرهێنان بەوەی کە یەکیتی و پارتی و ئۆپۆزیسێۆنی بۆرژوازی کورد و حزبی گۆڕان و ئیسلامیەکان، ناتوانن وەڵام بە گرفتەکانی کۆمەڵگا بدەنەوە و تا دێت بەرەوسەر دەچێت. تەماشای ئەم دروشمانە بکەن کە بەم دوایە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە بەرزکراونەتەوە (کێ کوردستانی فەوتان پێنچ حزبەکەی پەرلەمان، موچە لە بەغدا نیە لای یەکێتی و پارتیە، خەڵک لەسەر جادەیە بۆ خەبات ئامادەیە، بە یەکێتی و بە گۆڕان سلێمانیان دۆڕان، ئەی حکومەتی بێ کارا خەڵک لێتان بێزارە، نە مەسعود نە عەبادی نان شکۆ ئازادی، سەرۆکی هەرێم ترۆیە پەرلەمانیش پەرۆیە).
ئەمە بەرۆشنی نیشانی دەدات کە خەڵکی ناڕازی کوردستان، هەموو حزبەکانی خانەوادەی بۆرژوازی بە بەرپرس دەزانن. هەموویان بە هۆکاری دۆخی نەخوازراو قەیراناوی کوردستان لەقەڵەم دەدەن. پارتی و یەکیتی شکستیان خوارد، خۆشباوەری بە گۆڕان و ئیسلامیەکان، تا رادەیەکی زۆر رەویوەتەوە کۆمەڵگا لە بۆشاییەکی گەورەی حکومداری و ئیدارەداندا پەلوپۆ دەکوتێت. ئایندەی سیاسی کوردستان، لەناو هەڵچون و داچونەکانی ناوچەکە، لە پەیوەند بە حکومەتی فیدرال لە پەیوەند بە وڵاتانی ناوچەکەوە، نادیارە. هەموو هێزو لایەنە سیاسیەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی کورد، دەستەوەستانن لە وەڵامدانەوە بەکۆمەڵێک گرفت و کیشەی سیاسی و حکومداری تا دەگات بە وەڵامدانەوە بە ژیان و گوزەرانی خەڵکی. وە هەموویان بنبەستن لە نیشاندانی رێگا چارەیەکی کارساز بۆ ئایندەی سیاسی خەڵکی کوردستان… ئەمانە هەموویان بونەتە مەبنای پێداویستی ئاڵوگۆری ریشەیی لە کوردستاندا. ویستی گۆڕانی ریشەیی، ویستێکی کۆمەلایەتی و جەماوەرییە، کێ وەڵام دەداتەوە کێ دەبێت فریاد رەسی کۆمەڵگای کوردستان؟ کۆمەڵگا چی دەخوازێت؟
بێگومان لە روانگەی چینی کرێکار و حزبی مارکسی ئەودا، چارەسەر ئاڵوگۆری ریشەییە لە بنیادی سیستەمی سیاسی و حکومرانی و توڕدانی هەموو ئەو ئەزمونەیە کە لە ساڵی ١٩٩١ وە تا ئێستا درێژەی هەیە. ئەم ئەزمونەی بزووتنهوهی کوردایەتی کە بەرهەمی ملهوری و جەنگ و وێرانکاریی کۆمەڵگا و داروخاندنی ناوچەییە. ئەم ئاڵوگۆرە تەنها بە شۆڕشی لە خوارەوەی بێبەشان، چینی کرێکاری رێکخراو و جەماوەری زەحمەتکیشی یەکگرتوو دەکرێت. دیارە شۆرشی کرێکاریش لە خۆیەوە رونادات و پێناگرێت. پێویستی بە حزبی سیاسی کۆمۆمۆنیستی و مارکسی هەیە. کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی میلیشیایی بزووتنهوهی کوردایەتی پێشمەرجی هەر شۆڕش و ئاڵوگۆرێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابورییە. چونکە ئەم دەسەڵاتە ڕیگری سەرەکی هەر ئاڵوگۆرێکی جدی و بەرچاوە لە کۆمەڵگادا. شۆڕش تاکە وەڵامە کە سەرەتا دەبێ ئەم دەسەڵاتە بە میکانیزمی گونجاوی خۆی رابماڵێت و لە جێگایدا، دەسەڵاتی هاوبەشی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکیش، جیگای بگرێتەوە. سیستەمێک دابمەزرێنێت کە ئازادی ئینسان مەبنا بێت و ژیانی تەسەل و خۆش گوزەران و ئازاد و بەرابەر، ژیانی هەموو تاکەکانی بێت. بۆئەوەی بە ئاقاری شۆرشی کۆمەڵایەتی چینی کرێکارو لەخوارەوەی کۆمەڵگادا، هەنگاوی بەکردەوە و کۆمەڵایەتی بنرێت. سەرەتا پێویستە چینی کرێکار و توێژەکانی کۆمەڵگا، لە رێکخراوەی جەماوەری و پیشەیی حزبی خۆیاندا رێکخراوبن. نوێنەرانی واقعی خۆیان لە کەشی ئازاد و کۆبونەوەی گشتی خۆیاندا هەڵبژێرن. هەروەها حزبی سیاسی یان دەبێت خاوەنی رێکخراوەی حزبی شۆرشگێر لە ناوەندە کرێکاریی و چارەنوسسازەکان و گەرەکەکاندا بێت، یان خاوەنی ماشێنێکی گەورە و فراوانی هوشیاردەرانە و رێكخراو و راگەیاندنی سەراسەری بێت، کە باوەری زاڵی کۆمەڵگا، بگۆرێت بە باوەڕی پێویستی دەستبردن بۆ شۆرش و هەڵتەکاندنی سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و چێنایەتی مەوجود. بەو هێزە رێكخراو و هوشیار و ساختارە حزبیەی لە ناوەندکانی بەرهەمهێنان و گەرەکەکاند، پێک دێت. دەتوانرێت گوشار لەدوای گوشار و پاشەکشە بەدوای پاشەکشە بە دەسەڵات و تواناییەکانی بکەن و سەرئەنجام لە درێژەی خەباتێکی نەپساوەی بەرچاو رۆشندا، هاوسەنگی هێز لە هەموو کارگە و کارخانەکانی بەرهەمهێنان و هەموو ناوەندە خەدەمیەکان و گەرەکەکاندا، بە قازانجی خۆیان و ئامانجەکانیان بگۆڕن، وە ئەم هێزە رێکخراو و یەکگرتووە تابکرێ سەراسەری بکرێت و لێكههڵبپێكرێت و نوێنەرانی هەڵبژێردراوی هەر کارگە و کارخانەیەک، لەگەڵ نوێنەری کارگە و کارخانەکانی تر نوێنەرایەتی کرێکارانی شار و پاشان چەند شار و هەرێمی کوردستان، وەکو نوێنەری هەڵبژیردراوی کۆمەڵگای کوردستان، هاوشان لەگەڵ نوێنەری هەڵبژێردروای ناوەندە خەدەمی و گەرەکەکاندا، نوێنەرایەتی جەماوەری، جەماوەری سەراسەری کوردستان بن و لەکات و زەمەنی دیاریکروادا… بریاری دەستکۆتاکردنی بۆرژوازی لەدەسەڵات بدەن و دەسەڵاتی جەماوەری رێکخراوی كرێكاران و کارمەندان و خەڵکی ستەم لێچوو، جێگای دەسەڵاتی سەروخەڵکی ئەو کەمایەتیە بگرێتەوە، کە کۆمەڵگای بە ئەزمون و دەسەڵاتێکی تاڵانچی و سەرکوتکەرەوە، توشی دەیان دەردەسەری و کوێرەوەری و بێمافی کردۆتەوە. دیموکراتیەتی زوربە” واتە چینی کرێکاری رێکخرواو هۆشیار” بۆ تیکشکاندنی پەلەقاژەی کەمایەتیەکی دهسهڵاتدار و دەزگا و هێزە چەکدارو و جاسوسیەکان و هەموو هەوڵەکانی، دەست بۆ هەموو شێوازو رێگاكانی خەباتکارانە ببات و کۆتایی بەم دەسەڵاتە سەرو چینایەتی و ملهورە بۆرژوازییە بهێنێت و لە جیگایدا، سیستەمی سۆسیالیستی، لەسەر وێرانەی سیستەمی داروخاوی بۆرژوازی بنیات بنرێت. ئەمە رێگا چارەی سەرەکی و ئاڵوگۆری بنەرەتی و بەرابەری هێنەری ئابوری و زامنی ئازادی و مافە ئینسانیەکانی. دیارە وەکو وتم ئەمە کە شۆڕشی کرێکارییە بە بێ حزبی سیاسی و کۆمۆنیستی جێ متمانەی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکیش و توانادار و بەرچاو رۆشن، مەحالە. دیارە ئەلگوی تر و شیوەی دەسەڵاتدارێتی تریش هەیە، وەکو کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی میلیشیایی و دامەرزاندنی کۆمەڵگایەکی سکیولاری غەیرە قەومی و دەرکێشانی کوردستان لەو گێژاوەی تیایدا راگیراوە بەهۆی فدرالیزمی قەومی و جیاکردنەوەی لە عێراق… ئەلگۆیەکی تر و شێوازێکی تری حوکمرانییە. کە هەموو هاوڵاتیان لەبەرامبەر ماف و یاسادا، یەکسان تەماشا بکات. ئەمەشیان بەبێ حزبی سیاسی لانی کەمی مۆدێرن ئیمکانی زۆر سەختە. لە دۆخی سیاسی ئێستای کوردستاندا، چونکە هیچ حزبێکی عەلمانی بوونی نییە، دیسان ئەرکی دامەزراندنی سیستەمێکی سکیولاری غەیرە قەومی، کاری حزبی کۆمۆنیستی چینی کرێکارە. کاری حزبێکە کە دەبێ کوردستان لەو گێژاوەی بە هۆی لکاندنی بە عێراقی عروبی ئیسلامیەوە، دەربهێنیێت و جیابونەوەی کوردستان لە عێراق و پێکهێنانی وڵاتیکی سەربەخۆ، بکاتە مەبنا، کە دیسان ئەمەشیان بەبێ دەستکۆتاکردنی رێگریەکانی بەردەمی ممکن نیییە. خودی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد کۆسپێکی سەرەکی بەردەم ئەم ویستە و خواستی جیابونەوەی کوردستانن لە عێراق و دامەزراندنی دەسەڵاتی پشت بەستوو بە جەماوەری خەڵکن. بۆیە لەهەموو حالەتێکدا چ بەوەی شۆرشی كرێكاری ئەنجام بدرێت و چ بەوەی لەجێگای دهسهڵاتی ئێستا سیستەمێکی سکیولار دابمەزرێت… بە بێ حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی و ئەنتەرناسیونالی خاوەن هێز و توانا ناکرێت. ئەمەش ئەرکی بە هێزکردنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان دەخاتە سەرشانی کۆمۆنیستەکان، بۆ ئەوەی لەم دۆخی داکشان و پڕ ئاڵوگۆرەدا، هەنگاوی پێویست بنێت. دیارە ئەم هەلومەرجە ناسەقامگیر و پر داکشان و هەڵکشانە دەتوانێت لە ساتی دیاریکراوی خۆیدا، حزبی زۆر بچوک گەورەبکات و پێشرەوی پێ ببەخشێت و حزبی زەبەلاحی گەورەش کەنار بخات. ئەگەر حزبی کۆمۆنیستی كرێكاریی کوردستان ئامادەیی بۆ وەڵامدانەوە بە دۆخی کوردستان لەخۆی نیشان نەدات و سیاسەت وپرۆژەی دیاریکراو و نەخشەی بەکردەوە و رابەری ئامادەیی نەبێت بۆ روبەروبوونەوەکان، ئەوا رەوتی داکوژان دەپێوێت و … پێویستی پێکهێنانی حزبێکی تری کۆمۆنیستی کە ئەرکی شۆرشی کرێکاری و گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی ئامانجی بێ ئەمماو ئەگەری بێت، دەکاتە پیداویستیەکی حاشاهەڵنەگر.
تێبینی: ئەم گفتۆگۆیە لەلایەن گۆڤاری دیدگای سۆسیالیستی ژمارە ٥ لەگەڵ من و هاوڕێیان محسین کەریم و دەشتی جەمال سازدراوە، سەبارەت بە بزوتنەوەی نارەزایەتی کارمەندان و مامۆستایان… من لیرەدا تەنها ئەوبەشەم داگرتووە کە خۆم وەڵامم داوەتەوە. کەسانێک کە دەیانەوێت هەموو تەوەرەکە و بۆچونی هاوڕییانی تر بزانن، دەتوانن سەردانی سایتی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی یان سۆراغی گۆڤارەکە بکەن کە لە زۆرێک لە کتێبخانەکانی کوردستان، دەست دەکەوێت… یان دەتوانن پەیوەندی بکەن بەسەر نووسەری گۆڤارەکە هاوڕی جەمال محسین بۆ چۆنیەتی دەستکەوتنی…عەبدوڵا مەحمود
سەرەتای جەنیوەری ٢٠١٧