ئامادەکردنی ئەمیر قادر – تایبەت بە هاوپشتی
ڕه‌نگه هیچ دۆز‌و بابه‌تێک له‌میدیای کوردی‌دا هێنده‌ی ده‌سته‌واژه‌ی (هه‌ڵه‌بجه،ئه‌نفال،کۆکوژی و جینۆساید) پانتایی میدیای کوردی دانه‌گرتبێت و نه‌بووبێته قسه‌ی سه‌رزاری سیاسیه‌کانی کورد له 22 ساڵی رابردوودا،لانی که‌م مانگی مارس مانگی به‌رزبوونه‌وه‌ی تای ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌یه،ده‌سه‌ڵاتدران به‌به‌ڵینی قه‌به‌وه دێن و یادی قه‌به‌و ئه‌ستورو رازاوه ده‌گێرن و هه‌ڵسوڕاوانی ئه‌مدۆزه‌ش له‌میدیاکانه‌وه ده‌سه‌ڵات ده‌کوتن و باس له‌وه‌ده‌که‌ن که ئه‌وان دلسۆزترن،چه‌ند مانگی رابردوو و که‌شی هه‌ڵبژاردن ئه‌م گه‌مه‌یه‌ی دژوارتکرد و ئۆپۆزیسیۆن و ده‌سه‌لاتیش جارێکی تر ئه‌م یاریه‌یا‌ن پڕتاوترکرد،ئاستی ئه‌م باسانه له‌شوێنێکه که‌سه‌رکوێر کردن و تارمایی زیاتر ده‌خاته سه‌رئه‌م دۆزه‌و هێنده‌ی تر گۆمی ئه‌م ڕووداوه پڕتاوانکاریه لێڵ ترده‌که‌ن،له‌به‌رانبه‌ردا قوربانیه‌کان و که‌سوکاریان هێشتا له‌ژێر داروپه‌ردووی ئه‌م کاره‌ساته‌دا نه‌هاتوونه‌ته ده‌رو،که‌مترین به‌رچاوڕوونیان نیه،لێکۆڵینه‌وه‌ی کوردی له‌وه‌ش کۆڵه‌وارتره که ئه‌م دۆزه تاوتوێ بکات،سه‌رجه‌م واده‌رده‌که‌وێت که هه‌موو کۆمه‌ڵگاکه له نا ئارامی و لیقه‌ومان و تراومادایه‌و،ڕه‌نگه بتوانین ئه‌مه له‌قوڵایی خه‌ڵکی کوردستاندا به‌دی بکه‌ین،بێ هۆنیه که که‌مترین لێکۆڵینه‌وه‌و توێژینه‌وه‌ی واقعی له‌سه‌ر ئه‌مدۆزه له‌مێشک و ئه‌ندێشه‌ی خه‌ڵکی کوردا شوێن ناگرێت و ئه‌گه‌ر بته‌وێت سه‌ره‌داوێکی باشت ده‌ستبکه‌وێت ده‌بێت بچێت سه‌رچاوه‌و دۆکومێنته بیانیه‌کان سه‌یربکه‌یت،بۆباس کردن له‌م دۆزه ده‌زگای هاوپشتی له‌م باره‌یه‌وه ژماره‌یه‌ک هه‌ڵسوڕاوو لێکۆڵه‌ر ده‌دوێنێت.
پرسیار: چه‌ندین ساڵ به‌سه‌ر تاوانی ئه‌نفال و جینۆسایدا تێده‌په‌ڕیت، دادگای باڵای تاوانه‌کانی عێراق، ژماره‌یه‌ک له‌سه‌رانی ڕژێمی به‌سزای جۆراو جۆر سزاداو تاوانی ئه‌نفال و دواتر هه‌ڵه‌بجه‌ی دانپێداناو وه‌ک جینۆساید ناساندی،هه‌وڵه ناونه‌ته‌ویه‌کانیش هه‌ندێک جوڵه‌یان تێ که‌وتووه،ئایا ده‌کرێت به‌م ئه‌نجامانه دڵخۆش ڕازی بین؟ چۆن بڕوانینه ئه‌و داوی جاڵجاڵۆکه‌یه‌ی که‌چه‌ندین وڵات و که‌سایه‌تی سیاسی و دیپلۆماسی و بازرگان و کۆمپانیا تێیدا هونه‌رمه‌ندانه و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی جیاجیا تێیدا به‌شداربوون ،ئایه ئیمکانی بینینی ڕوخساره شاراوه‌کان و کاراکانی ئه‌م تاوانه چه‌نده،هه‌وله‌کان له‌م ڕاستایه‌دا چۆن ده‌بینن؟
عەبدوڵا مەحمود: ڕاستە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق ژمارەیەک لەسەرانی بەعسی سزا “لە سێدارە”دا، بەڵام نابێ بیرمان بچێت کە دادگایەکە دادگای سیاسی بوو سزاکانیش تۆڵەی سیاسی بوون. ئەمەش ئاراستەی دادگا‌و ئامانجەکانی سزادانەکان لە چوارچیوەیەکی نۆرماڵ و لیپرسینەوەیەکی یاساییەوە دوور دەخاتەوەو مۆرکی سیاسی تۆڵە و عیبرەت دەخاتە جێگای.
محەکی هەر دادگاییەکی یاسایی و سەربەخۆ ئەوەیە کە لە پیش هەموو شتێکدا پێویستە دادگایی‌کردن لە دۆخ و کەش و هەوایەکی وادا بەڕێوەبچێت کە ڕای گشتی هیچ چەشنە گوشار‌و زۆرێکی لە دادگایی کردنەکەدا نەبێت و بێلایەنی دادگا نەخاتە ژێر پرسیارەوە، هاوکات هیچ وروژاندنیکی پێش وەخت فەزای دادگاییکردنەکە لیخن نەکات. هەروەها پێویستە قازی و دادگا بە تەواوی دوربن لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەو لێپرسینەوە. ئەگەر بەو پێودانگەوە تەماشای دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق و پرؤسەی دادگاییکردنەکان بکەین، دەبینین کە چ دادگاکەو چ کەش و هەوای پرۆسەکەو چ جۆری جێبەجێکردنی سزاکان…. مەحکومن لەبەردەم دادگایەکی بێلایەن و مۆدیرنی یاساییدا. بۆیە ئەمە لە جێگای دڵخۆش بوونیکی واقعی کە مەبناکەی پاراستنی کۆمەڵگایە لەدوبارە بوونەوەیان، زۆرتر دەربڕینی دڵخۆشیەکی سیاسییە لەبەرامبەر ئەم تۆڵەو عیبرەتەی داسەپێنراوەتە ئەو لایەنە سیاسییەی کاراکتەرەکانی سزا دراون.
خۆتان و هەموو کەسێکی واقع بین و هوشیار ئەوە دەزانێت کە نەک دادگای باڵای تاوانەکان، بەڵکە خودی حکومەت لە عیراقدا، تا ئێستا سەربەخۆ نییە. ئەوەی مۆتۆری حکومەت و جوڵە و سیاسەت و دەزگاو دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی ئاراستە دەکات هیزو وڵاتانی ناوچەکەن. دادگای باڵای تاوانەکانیش نەک سەربەخۆ نییە، بەڵکە دادگایەکە مەحکوم بە لێپرسینەوەو دادگایی‌کردن. بڕیاری لە سێدارەدانی سەرە تاوانکاری بەعس سەدام حسێن لەسەر ڕووداوی دوجێل و پاشان شێوەی جێبەجێکردنی سزاکەی ماهیەتی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق و حکومەتەکەی بە ڕۆشنی نیشاندا. لە سێدارەدانی بەپەلەی سەدام لەسەر ڕوداوی دوجێل،هێندە کەیسێکی گەورەیە کە ناکرێ سینارێۆکانی پشتی ئەم نمایشە بەسەر دنیای شارستانی و ئینسانیەت و یاسادا بە سانایی لێی بروانرێت، کەسی یەکەمی تاوانبار لە عیراقدا کە پەروەندەی چەندین دەهە لە جەنگی بەعس لە دژی خەڵکی کوردستان و تاوانە زنجیرەیەکانی لەلا بوو، لەسێدارەدانی لە گەمەیەکی سیاسی و تۆڵە سەندنەوەیەکی تایفیدا، هەوڵ و پلانێکی پیش وەخت بوو بۆئەوەی مەلەفی بەخوێن نوسراوی چەندین دەهە دیزە بەدەرخۆنە بکرێت و بە شاراوەیی بمێنێتەوە. لەوەش زیاتر بواری دا بە تاوانبارانی دەرەجە لە خوارتری خۆی تا ڕاستی تاوانەکانیان بەو جۆرەی دەیانەوێ بشێونن یان بشارنەوە.
بۆیە هەرچەشنە دڵخۆشکردنێک دەبێتە مایەی شلکردنەوەی هەوڵ و هەنگاوەکان لە ڕاستای بەدواداچوون بە دوای گەیشتن بە دەرخستنی راستیەکان و دەستراگەیشتن بە دۆزینەوەی بەشداربوان لە تاوانە زنجیرەیەکانی وەکو ( کیمیاباران، ئەنفال، شەپۆلی لەسێدارەدانەکان، ویرانکردنی شار‌و شارۆچکەکان و هەزاران دێهات…. تاد)، سپاردنیان بە دادگا.
بەتایبەتیش کە هەر وەکو خۆتان لە پرسیارەکەتاندا ئاماژەتان پێداوە، پەروەندەی تاوانەکانی بەعس، فایلێکی گەورەیە کە کاراکتەرەکانی جگە لە بەعسەکان هەمەجۆرو ناوچەیی و تەنانەت جیهانین. کارەساتەکانێش هێندە گەورەو بەرچاون و بە ئاشکرا ئەنجام دراون، کە داپۆشینیان لە کارەساتەکان ئاشکرتر دەردەکەون و لە راستیدا بەیانی دەرخستنان دەکەن.
دیارە جگە لەو ژمارەیە لەسەرە تاوانبارانی بەعس کە كێشرانە بەردەم دادگا! بێگومان هەر لە چوارچێوەی رژێمی بەعسی ڕووخێنراودا، بە دەیان و سەدان تاوانباری تر هەن کە دەبێ ناسنامەی بەشداری بوونیان ئاشکرا بکرێت و راکێشی بەردەم دادگا بکرێن، هاوکات تاوانبارانی تری وڵاتانی ناوچەکەو کۆمپانیاو بەڵیندەرە چەکفرۆشەکانی وڵاتانی تر….تاد، هەموویان پێویستە دادگا دەستی پیان بگات. بە تایبەتێش دادگایەک کە بێلایەن و سەربەخؤ بێت،تا لایەنە شاراوەکانی ئەم کوشتاری بەکۆمەلە ئاشکرا بکڕیت و نەکریتە قوربانی سازشی نیوان هێزە بەرژەوەندی خوازەکان.
دیارە دۆزینەوەو راکێشانی تۆڕێکی بەرین کە بەشدار یان هاوکارو نەخشەڕێژکەری ئەم خوێن رێژییە بوون، کارێکی سادەو کەم وەخت نییە، بۆیە پیویستی بە هەوڵ و ماندوبوون و کاتێکی زۆر هەیە، هەموو ئەو هەوڵانەی لە ڕاستای دۆزینەوەو بەدادگاکێشانی تاوانباراندا دراون و بە حەقیش ئامانجیکی ئینسانی لەپشت هەوڵ و ماندوبونیەکەیانە، جیگای ستایشە. بەڵام نابێت بیرمان بچێت کاری زۆر زیاتر‌و هەمەلایەن و فراوانتری گەرەکە.
پرسیار: دوای 22 ساڵ له‌تاوانی هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال وهه‌زاران قوربانی و بێسه‌روشوێن و برینداری ئه‌م دۆزه،سه‌رجه‌م ئه‌و هه‌وڵانه‌ی که هه‌ن و دراون چ حکومی و چ کاری ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی،چه‌ند ساڕێژی ئه‌م برینه‌یان کردووه؟.له‌م باره‌یه‌وه هیچ پرۆژه‌یه‌ک بۆ برینه نه‌بیندراوه ده‌رونی و ڕۆحیه‌کانی قوربانیه‌کان نیه،هه‌ندێک پێیان وایه که ئاگاهانه ناچنه سه‌ر ئه‌م برینه‌و، به‌و هۆیه‌شه‌وه تاکی قوربانی و زیان لێکه‌وتوو له‌تراومادا ئه‌ژی و ناتوانێت به‌رگری له‌دۆزه‌که‌ی خۆی و ما‌فه‌کانی بکات و هه‌مییشه وتاری نامه‌نتقی و ئیحساسی ده‌رخوارد ئه‌درێت و به‌م هۆیه‌وه هه‌میشه نێچیرێکی ئاسانی سیاسیه‌کانه‌و،ئاسان ئه‌توانن به‌ڵێ و نه‌خێره‌کانی خۆیانی به‌سه‌ردابسه‌پێنن؟
عەبدوڵا مەحمود: ساڕیژکردنی برینێکی قوڵ و تراژیدیایەکی کەم وێنە لە دنیای هاوچەرخدا، کاریکی سادە نییە، بە تایبەتیش کاتێک کە خەڵکی قوربانی لێکەوتوو تا ئێستا تراژیدیای بەڕێوەچوونی ژیان یەخەگیریانە.
سوکبوونی کاریگەریەکانی هەرتراژیدیایەک لەویوە دەست پێدەکات کە خەڵکی قوربانی لێکەوتوو، زیندوەکان، ژیانیان، گوزەرانیان، تەمەنیاتیان،لە کەش و دۆخێکی تەندروستدا بێت و زمانەتی پاراستنی کۆمەڵگا لە دوبارەبونەوەی تراژیدیاکان مەیسەرکرابێت. کاتیک ئەمە فەراهەم نەبوو تراژیدیاکە بە شێوەی تر درێژەی دەبێت.
کەیسی کۆمەڵکوژی خەڵکی کوردستان بەرگی کەمپەین و ئاکسێۆنی بەبەرداکراوە، ئێوە تەماشابکەن، جگە لەهەوڵی ماندو نەناسانەو ئینسانیانەی ژمارەیەک خەمخۆرو چەند ڕێکخراوێکی مەدەنی دەستکورت، سەرجەم حزب و ڕێکخراو لایەنە سیاسیەکان ساڵانە چەند رۆژ پێش یادی رووداوەکان و چەند ڕۆژ دوای رووداوەکان، دەکەونە بیری ئەم کارەساتانە. لەم چەند رۆژەشدا سەرقاڵی پێشوازی لە وەفدە بیانی و میوانانی حزبین، یان سەرقاڵی فیستیڤاڵ و کۆرو سمینار‌و شانۆ نمایشکردنن….. جگە لەمە هیچیتریان نییە بۆ وتن و کردن. باقی ساڵەکە باسێک، بەدواداچونێکی جدی، ئاوڕدانەوەیەکی بەنەخشە، خزمەتگوزاری و ژیانێکی شایستە بۆ زیندوەکان لەبەرنامەیاندا نییە. تا ئیستا بۆنی غازی کوشندە،بۆنی لمی بیابان، لە جەستەی ئینسانی و تاکی زیندوی خەڵکی کوردستان دێت. چەند کیلۆمەتر ئەولای مۆنیمێنتەکان کەلاوەو داروخاوە، بەسەدان کەس لە بریندارانی ئەم کارەساتانە لە چاوەروانی مەرگی شینیەییدا ڕاگیراون.
ئەم بیدەربەستییە و نابەرپرسیاریەتییە، کاریگەری تراژیدیاکە هەموو ساتە وەختێک دەمە زەرد دەکاتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەموو کارەساتە جەرگ بڕو کۆمەڵکوژیەکان کە بەسەر خەڵکی کوردستاندا هاتووە، لە جەرگەو کیشمەكێشی نیوان ڕژێمی بەعس و حزب و لایەنەکان بزوتنەوەی قەومی کورددا بووە. وە سەرانی بزوتنەوەی قەومی کورد، لە پێناو بەرژەوەندیەکانەی خۆیان و بزوتنەوەی بۆرژوازی کورددا هەمیشە تراژیدیا‌و کارەساتەکانی خەڵکی کوردستانیان وەکو سەرمایەکی سیاسی بەدەستەوە گرتووە بۆ سازان و پچرینی بەشی سیاسی. لەهەموو دانوسان و سازانەکان و رێکەوتنامەکان و هاوپەیمانیەتیەکانیاندا، فایل و کەیس” پەروەندە” ی تاوانە زنجیرەیەکانی وەکو ئەنفال، کیمیاباران، راگواستنی بە کۆمەڵ، ناپاڵم داباراندن، بەخاککردنی شار‌و شارۆچکەو هەزاران گوند، …. لە ژێر باڵی سەرانی بزوتنەوەی قەومی کورد بووە. هاوکات هەر ئەوان بەدەیان تەن بەڵگەنامەیان دەست بەسەرا گرتووە کە دەتوانرێت لە رێگایانەوە، تاوانباران و نەخشەڕێژان و هاوکاران و سەرجەم بەشداربووانی ئەم تاوانە زنجیرەیانە، دەستنیشان بکرێن و بدۆزرێنەوە، کەچی نایانەوێت و تا ئێستا بە قازانجی خۆیانی نازانن ڕاستی و باگراوندی ئەم کارەساتانە ئاشکرابکرێن.
لەوەها وەزعیەتێکدا سارێژکردنەوەی برینەکان سادە نییە، تا ئێستا کارگەی دوبارە زیندو ڕاگرتنی کارەساتەکان لەلایەن بزوتنەوەی قەومپەرستی کوردەوە، دەگەڕێ.
من لام وایە یەکەم هەنگاوی چارەنووسساز و یەکەم سەرەتای سارێژبوونی برینەکان و قەرەبووکردنەوە ئەوکاتەیە کە خەڵکی کوردستان دەستیان بە دەوڵەتی سکیولار‌و سەربەخۆی خۆیان دەگات، کە ئینسان تییادا ئازاد‌و تەسەل و خؤشگوزەرانە.
تا ئەو کاتەش کە خەڵکی کوردستان لە ژێر قەڵەمرەوی دەسەڵاتی میلیشیایی ئەحزابی قەومپەرستدا بێت، نەک هەر ئیمکانی سارێژکردنی برینەکان سەختە، بەڵکە هەرەشەی دوبارەبوونەوەی تڕاژیدیا لە بەرگی تر‌و بەشێوەی تر مەحاڵ نییە.
راستیەکی تاڵ هەیە ئەویش ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان بێئیرادەکراون. تا حزبە قەومییەکانی کوردستان بەوجۆرەی دەیانەوێت یاری بەچارەنووسی خەڵکی کوردستانەوە بکەن و تراژیدیا‌و کارەساتەکانی لە تونێلی شاراوەییدا ڕابگرن، بە وتار‌و ڤیستیڤاڵی ریاکارانە یادی ئەم کارەساتانە بکەنەوەو لە پێشوازی وەفدی بیانی دەوڵەتاندا دەست لەسەرسنگ بوەستن و وەکو سندوقی سواڵ و سەرمایە کۆکردنەوە تەماشای دنیای لەخوێن هەڵکێشراوی ناوچە کارەسات بارەکان بکەن، بەکردەوە نیشانی ئەدەن ئەوەی کە بۆیان گرنگ نییە بەدواداچوونە بەدوای کارەساتەکانی خەڵکی کوردستان و ئاشکراکردنی دیوەشاراوەکانی ئەم روداوانە. هاوکات هەرچەشنە ئومێد بەستنەوەیەک بەوەی کە ئەم لایەنە قەومی بۆرژوازیانە مامەڵەیەکی بەرپرسانە لەگەڵ ئەم کەیسانە بکەن، ئومێدێکی بێجێگایە. بەداخەوە کەم نین ئەوانەی تا ئێستا خۆشباوەرن بەم حزبانە. پێویستە ئەم خۆشباوەرییە لەلایەن خەمخۆران و رێکخراوە مەدەنی و بەرەی سۆسیالیست و چەپ و رادیکاڵی کۆمەڵگاوە، بڕەوێنرێتەوە.
پرسیار: بیجگه له‌تاوانبارانی به‌عس و ده‌وڵه‌تانی بیانی و کۆمپانیاکان،سه‌دان کورد هارکاری ڕژێمی به‌عس بوون و ده‌ست و چاوی ڕژێم بوون له‌م تاوانه‌دا،تا ئێستا هیچکه‌س له‌مانه نه‌ک هه‌رنه‌دراونه دادگا‌و سه‌یری تۆمه‌ته‌کانیان نه‌کراوه بگره خزمه‌تی باش ده‌کرین وله‌جێگه‌و ڕێگاو ژیانێکی زۆرباش به‌هره‌مه‌ندن ،ئه‌مه له ئاستێکدایه که ئه‌م تۆمه‌تبارانه له 2 ساڵی رابردوودا دژی ئه‌و ده‌نگانه‌ی که داوای دادگاییان ده‌که‌ن له مه‌یدیاکانه‌وه هه‌ڕه‌شه ده‌که‌ن و حیزب و هێزه‌کانیش په‌نایان ئه‌ده‌ن ،چۆن سه‌یری ئه‌مه بکه‌ین و چۆن ئه‌م پارادۆکسه لێکبده‌ینه‌وه؟،بڕیاری به‌ره‌ی کوردستانی بۆلێخۆش بوون له‌م تۆمه‌ت بارانه له‌ساڵی 1991دا چه‌ند واقعی و یاساییه؟
عەبدوڵا مەحمود: یەكیک لەگەورەترین کۆسپەکانی بەردەم بە دادگاکێشانی تاوانبارانی تر لە کەیسی کوشتاری بە کۆمەڵی خەڵکی کوردستاندا، حزبە بۆرژوازیەکانی کوردستانن. هیچیش لەوە بۆیان سادەتر نییە کە تا بۆیان بکرێت ڕێگە بگرن لەوەی هاوکارانی بەعس لە کوردستان بدرێنە دادگا. هەر بۆیە تاوانباران دەپارێزن و یان هێندەی بۆیان بلوێ پاکانەیان بۆ دەکەن. هۆکاری بنەڕەتی ئەم رەفتارەشیان ئەوەیە دەزانن کە ئەگەر ئەمانە بدرێنە دادگا، ئەوا زۆرێک لە بەرپرسەکانی حزبەکان کە خۆشیان تێوەگلاون یان راستەوخۆ دەوریان بووە لەپرؤسەی ئەنفال و شاڵاوی وێرانکاری و کیمیابارانی هەڵەبجەو شوێنەکانی کوردستاندا، ئاشکرا ببن. کەم نین ئەو سەرەک فەوج و مەفرەزە خاسەو بەعسیانەی بە ئاشکرا دەڵین کە پەیوەندیمان بە بەعسەوە بە ئاگاداری حزبەکان و بەرپرسە حزبیەکان بووە.
لێبوردنی ئەمانە لەلایەن بەرەی کوردستانیەوە هێندەی لێ‌خۆش بوونە!! لە تاوانبارانی ئاشکرا، چەند هێندەش بۆ ئەوەیە تاوانبارانی تا ئێستا نهێنی پشتی ئەم تاوانبارانە، بە شاراوەیی بمێننەوە.
جگە لەوەش نیوەی زیاتری سەرکردایەتی یەکێتی و پارتی و حزبەکانی تر تا کەوتنی بەعس لەگەڵ رژێمی بەعسدا پەیوەندیان هەبووەو موچەخۆری بەعس بوون، کە لە بارەگای حزبدا و بێ هیچ بەدواداچون و لێپرسینەوەیەک بڕیاری لێی خۆشبوونیان بۆ دەرکرا و لەوەش سەیرتر وەکو بەرپرسی حزبی مانەوە. ئەوە جگە لەوەی تائێستا نازانرێ چەندیتر لەسەرانی ئەم حزبانە پەیوەندی جۆراوجۆریان بە ئێران و تورکیا‌و..تاد،بووەو هەیە.
لەهەموو ئەمانە واوەتر گۆشەیەک لە دادنپیانانەکان تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا،ئاماژەیەکی ترە بە کەیسێکی تازەو ئاشکراتر لە دەوریان لە کارەساتی هەلەبجەو پیشلەشکری و خۆشخزمەتی سەرانی حزبەکان بۆ ڕژێمی ئێران.
بۆیە هیچ سەیر نییە حزبەکان لە تاوانبارن خۆش ببن و پاکانەیان بۆ بکەن و بەریزەوە بپارێزرێن و هاوکاریان بکەن، ئەمەش نەک هەڵە بەڵکە چاوەروانکراوە. هەر بەهۆی ئەم پشت و پەنایەوەیە کە لەبەرامبەر بە ڕێکخراوەکان و کەسە بەدەربەست و هەڵسوراوەکانی کەیسی بەدواداچوونی چینۆسایدی خەڵکی کوردستاندا، چاویان سوردەکەنەوەو دەست بۆ هەرەشەکردن دەبەن.
خودی ئەم جۆرە مامەڵەیە کە حزبە کوردیەکان لەگەڵ تاوانباراندا پەیرەوی دەکەن، کەیسێکی تایبەتی ترە لە ناو کەیسی جینۆسایدی خەڵکی کوردستاندا.
ئەوەی گرنگە ئەوەیە پیویستە خەڵکی کریکار‌و زەحمەتكێش و قوربانی کوردستان لەم حەقیقەتانە لە هەرچی زیاتر ئاگادار بکرێن.
وە ئەوە ئەرکی ئەو حزب و رێکخراوە ئینسانیانەیە کە خۆیان بە داکۆکیکار لە بەدادگا کێشانی تاوانبارانی تاوانە زنجیرەیەکانی خەڵکی کوردستان دەزانن، کە لە هەولەکانیاندا ماندونەناسانە بەردەوام بن و تا هەموو تاوانباران و نەخشە بۆ کێشەران و هاوکارانیان ئاشکرا بکەن و گوشاری جەماوەری پیکبهێنن و بهێنن تا حزبەکان ناچار بکەن کە تاوانبارانی پارێزراو و هەموو تاوانبارانی تر لە هەر ئاست و پۆستێکی حزبیدا هەن، بدەنە دەست دادگایەکی سەربەخۆ و بێلایەن.
هەرچەشنە چاوپۆشی یان پاکانەکردنێک لە ژێر هەر ناو و بیانویەکدا بێت، وەکو ئەوەی جارێ وەختی نییە. بەرپرسی حزبە، ئەمە کوردەو… سازشێکی ئاشکراو چاوپۆشییە لەئاست تاوانە گەورەکان.
هەر ئەمەش راستگۆیی هەر لایەن وحزب و رێکخراو کەسایەتیەک لە محەک ئەدات،ئەوەی دانپیانانەکانی تالەبانی و نەوشیروان بە جدی ناگرێت و بەدویدا ناچێت، ناتونێ راستگۆ بیت لە بەدادگاکیشانی کەسانی تریش کە پەنجەی تاوانباریان لەسەرە.
هەروەها لێخۆشبوونی بەرەی کوردستانی لە تاوانباران، هیچ پشتیوانەیەکی یاسایی نییە، دەکرێت ئەمان بۆ مەبەستی تایبەت و وەکو حزب لە تاوانباران خۆش بن، بەڵام مافی خەڵکی کوردستان و کەس و کاری قوربانیان حزب بۆیی نییە کایەی پێوە بکات و یاسا‌و دادگا وێڵ بکات و بریاری حزب بخاتە جێگای بریاری دادگا.
بۆیە بریاری بەرەی کوردستانی هیچ رەسمیەتیکی نییە، بریارێک رەسمیەتی هەیە کە دادگایەکی سەربەخۆو بێلایەن دەیدات، هەر کەس و حزب و رێکخراو لایەنێکیش ئەگەر کەمترین رێز بۆ دادگا‌و عەدالەت قایل بێت پیویستە رێز لە بریاری دادگا بگرێت.
پرسیار: نوسه‌ری کتێبی{(دۆزیکی ژه‌هراوی) ئه‌مریکاو عێراق و کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه} یۆست هڵته‌رمان زۆر باسی گرنگ و پرسیاری قورس ده‌ورۆژێنێت و به پاڵپشتی دۆکومێنته‌کانی ده‌وری ئه‌مریکاو ڕۆژئاوا ئه‌خاته به‌ر ڕووناکی،لێره‌و پێی وایه که ئه‌م وڵاتانه هاوتاوانن له جینۆسایدی خه‌ڵکی کوردستاندا،به‌ڵام تا ئێستا ئه‌گه‌ر ئه‌گه‌ر بڕیارێکی شه‌رمنانه‌شیان دابێت باس له تاوانی دژ به مرۆڤایه‌تی ده‌که‌ن نه‌ک جینۆساید،ئه‌م هه‌ڵوێست و هاو تاوانیه چۆن ده‌بینن؟،هه‌مان نووسه‌ر باس له‌وه‌ده‌که‌ت که ده‌بیت ئه‌وڕۆژه بێت وکاتی ئه‌وه‌بێت ڕۆشه‌نبیرو لێکۆڵه‌ره‌وی کورد و ویژدانی کۆمه‌ڵگای کوردی بگاته ئه‌و ئاسته‌ی به جورئه‌ته‌وه تاوانباری و بێتاوانی سه‌ران و رابه‌رانی کورد و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران‌دا چوونه‌ته هاوپه‌یمانی جه‌نگه‌وه‌و به‌شداری ئه‌م کاره‌ساته‌بوون بخرێته به‌رباس و له‌دادگایه‌کی بێلایه‌ندا سه‌یری بکرێت؟.له‌بارێکی تره‌وه‌و هاری ڤان بۆمڵ په‌رله‌مانتاری پارتی سۆسیالیست و فرێت ته‌یڤن په‌رله‌مانتاری پارتی لیبراڵ له هۆڵه‌ندا له‌کاتی به‌شداری کردنیان له‌کۆنگرای دژی جینۆسایدا باسیان له بوونی تریبۆنێکی یاسایی له‌کوردستان کرد بۆ تاوتوێ کردنی تۆمه‌تبارانی کوردستان،ڕای ئیوه له‌م باره‌یه‌وه چیه؟
عەبدوڵا مەحمود: بێگومان چ ئەمریکاو چ زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا،کە لە چوارچێوەی بەرژەوەندی چاوچنۆکخوازیاندا لەپشت رژێمی بەعس بوون و پەیوەندیەکی نەپساوەیان لەگەڵی بووە، دەوریان بووە یان بەشداریان بووە لە جینۆسایدکردنی خەڵکی کوردستاندا. ئەمە چ لەسەر ئاستی رەسمی دەولەتەکاندا و چ لەسەر ئاستی نارەسمی و لە ڕێگای کۆمپانیا بەرهەمهینەرەکانی چەکی کوشندەوە.
بەعس بە هاوکاری و پشتیوانی ئەمریکاو وڵاتانی رۆژئاوایی هێنرایە سەر حوکم. وە جەنگی نابەرابەری ئەم رژێمە لەگەڵ خەڵکی کوردستان بە درێژایی چەندین دەهە، بە بەرچاوی ئەم وڵاتانەو بە چەک و هاوکاری ئەوان ئەنجام دراوە. هەر ئەمەش هۆکاری بێدەنگەلێکردنی درێژی ئەم دەولەت و ڕژێمانە بوو لە پەیوەند بەو تاوانکاریانە.
بیدەنگەلیکردن و هاوکاری دەولەتی ئەمریکای یەکەمین بەکارهێنەری چەکی ئەتۆمی و بایۆلۆژی و کیمیایی و … هاوکاری و بێدەنگەلێکردنی زۆریک لەوڵاتانی رۆژئاوا لەبەرامبەر کۆمەڵکوژی و بەکار‌هینانی چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتیدا،هەرکام لەم دەوڵەتانە دەخاتە بەردەم گومان و لێپرسینەوە.
دیارە ئەم دەولەتانە بە تایبەتیش ئەمریکا، بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی و پاراستنی زلهێزی خۆی لەسەروی هەموو تەعەهوداتێکی نیودەوڵەتی دادەنێت. هەرکاتێک بە پێویستان زانی مۆر و نیشان ئەدەن لە رژێمەکان، جوڵانەوە سیاسیەکان، کەسایەتیەکان…تاد. بۆ نموونە تا چەند ساڵ پێش ئیستا ناوی نیلسۆن ماندێلای رەمزی تێکۆشان بە دژی ئاپارتایدی رەگەزەیدا لە لیستی تیرۆردا بوو. بۆیە نابێ ئەمە بەسەیر وەربگیرێت کە بۆ وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا سەرباری بەشداری و ئاگاداربونیان بیدەنگەیان هەڵبژارد یان دان نانێن بەم تاوانە بە وێنەی جینۆساید یان هەتا بە وینەی تاوانی سیاسی لێی ناڕوانن و زۆرتر لە بەرگی ڕووداوی مرۆیی‌دا تەماشای دەکەن. هەر وەکو چۆن کارەساتی ئاوارەیی ملیۆنی خەڵکی کوردستانی ساڵی ١٩٩١ تا ئیستا، بە روداوی مرۆیی تەماشا دەکەن نەک سیاسی.
بیگومان هەموو لیکدانەوەکان و هەموو ئەو هاوکارییە ئاشکرایەی بەعس و هەموو ئەم چەکە یاساغانەی جبەخانەی رژێمیان پڕکردبوو لەگەڵ ئاگاداربوونی بێ‌گومانی ئەوان لە دنیای هاوچەرخی پر زانیارییدا، راستی بۆچونەکانی نوسه‌ری کتێبی{(دۆزیکی ژه‌هراوی) ئه‌مریکاو عێراق و کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه} یۆست هڵته‌رمان دەسەلمێنێت که ئه‌م وڵاتانه هاوتاوانن له جینۆسایدی خه‌ڵکی کوردستاندا.
بیگومان هەولدان بۆ دەستخستنی دیکۆمێنت و بەڵگەنامەکان دەتوانی کۆمپانیاکان، کاراکتەرەکانی ئەم رژێمانە پەلکێشی بەردەم دادگا بکات، هاوکات گوشاری دنیای شارستانی و شەقامی ئەم وڵاتانە لەدژی سیستەمی دەسەڵاتدارێتی بوروژێنێ، ئەمەش دەکرێ رێگایەک بێت تا ئەم دەوڵەتانە دانبنێن بە هاوکاری و بەشداربونیان لەم تاوانانەدا و سەرئەنجامیش مل بدەن بەوەی کە ئەم تاوانانە بە جینۆساید بناسێنن و ناچاربکرێن بەرپرسیارێتی قەرەبوکردنەوەی بگرنە ئەستۆ.
هەروەها پیویستە ئەو ریزە لە رؤشنبیرو قەڵەم بەدەست و رۆژنامەنووس و لیکۆلەرو مێژوونووس و ڕۆژنامەو گۆڤار و دادوەرانەی تائێستا بە پاساوی ئەوەی توندوتیژی رونەدات یان بە پاساوی ئەوەی دانپیانانەکان ئاکادیمی نین یان کاتەکەی ناسکە…بێنە دەنگ و ببنە گوشار بۆ ناچارکردنی سەرانی حزبەکان تا تەواوی بەڵگەنامەکانیان ئاشکرا بکەن و کۆمەڵگای لێ بەئاگابهێنەوە. وە چیتر پاساو و پاکانە بۆ ژمارەیەک لەسەرانی حزبە کوردیەکان نەکەن کە بە دانپیانانی ئاشکرا، دەرکەوتووە بەشدار بوون لە تاوانەکان و لە کوشتاری خەڵکی کوردستاندا تێوەگلاون.
لەوانەیە یۆست هڵته‌رمانیش ئاگاداری ئەوەبێت کە ژمارەیەکی زۆر لە رۆژنامەو گۆڤار‌و نوسەرو مێژوونوس و لیکۆڵەری کورد و دادوەران…لە کاتێکدا بانگەشەی گەیاندنی زانیاری و هەلدانەوەی دیوەشاراوەکانی دیاردەو رووداوەکان دەکەن، کەچی بەکردەوە لە زۆر کەیسی گرنگ و چارەنووسسازدا لەوانەش لە پەردەهەڵماڵین و ئاشکراکردنی ئەو بەڵگەنامانەی پەیوەندی هەیە بە بەشداری سەرانی حزبەکوردیەکان لەتاوانەکانی چەند دەهەی کۆمەڵگای کوردستاندا، نەخشی هاوکاریکردن بۆ پاساودروستکرن دەگێڕن، دەوری شاردنەوەو دیزە بەدەرخۆنەکردنی گەورەترین کەیس دەدەن. ئەمەش گەورەترین ناحەقییە کە دەرهەق بە خەڵکی کوردستان و کەس وکاری قوربانیان و یاسا و ئینسانیەت و رۆژنامەگەری پێشکەوتنخوازی دەکەن.
بوونی تریبونێکی یاسایی بەڵام بێلایەن و سەربەخۆ بۆ بەدواداچونی بەنەخشەوە بۆ دەرخستنی تاوانباران و دۆزینەوەیان لە رادەبەدەر پیویستە. هیچ پاساوێک نابێ رێگربێت لەوەی هەموو گومانلێکراوانی کورد بەوانەوە لەگەڵ حزبەکانن یان هاوکاری بەعس بوون، پەلکێشی بەردەم دادگا بکرین و دادگا بڕیاری بەرائەت یان تاوانباریان بدات، نەک حزب و لایەنە سیاسیەکان.