بەشی یەکەم
دیدگای سۆشیالیستی: ئه‌م كاته‌ت باش، پێم خۆشه له پێشدا به شێوه‌یه‌كی گشتی یان له چوارچێوه‌یه‌كی گشتییه‌وه بێینە سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌ردوو حزبی هه‌ده‌په و په‌یه‌ده به دوو حزبی چه‌پ ناسراون و هه‌تا هه‌ده‌په له توركیا باسی جۆرێك له ’’سۆشیالیزم‘‘ ئه‌كات. دواتر دێینه سه‌ر ئه‌مه‌یان. ئه‌گه‌رچی ئه‌م دوو حزبه له هه‌ندێ مه‌سه‌له‌یاندا جیاواز ده‌رئه‌كه‌ون، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی زانراوه و ئه‌بینرێ كه له باری ئایدۆلۆژی و چینایه‌تیه‌وه ئه‌م دوو حزبه چوونیه‌كن و له‌ژێر كاریگه‌ری په‌كه‌كه و به‌تایبه‌تی شه‌خسی ئۆجه‌لاندان. بۆ نمونه هه‌ده‌په كه خۆی به سۆشیالیستی له قه‌ڵه‌م ئه‌دات، یان وا ئیدعا ئه‌كات، وه‌ك نمونه‌یه‌كی سیریزای یۆنانی و پۆدیمۆسی ئیسپانی خۆی ده‌رئه‌خات و ئه‌و دیدگایه‌ی كه هه‌یانه دیموكراتیك سۆشیالیزمه. له‌به‌رنامه‌كه‌شیاندا هه‌یانه كه لایه‌نگری یه‌كسانی ژن و پیاون (كه ئه‌مه مه‌سه‌له‌یه‌كه هاوجووتیشه له‌گه‌ڵ په‌یه‌ده‌دا وه‌ك ئاگادارن مه‌رسمومی یاسای یه‌كسانی ژن و پیاویان ده‌ركرد)، باس له دیموكراتی ڕاسته‌وخۆ یان ئه‌وه‌ی پێی ئه‌وترێ خۆسه‌ری ئه‌كه‌ن كه له واقعدا ئه‌مه‌ی دواییان سه‌رێكی به بیرۆكه‌ی كۆنفیدراڵیزمی ئۆجه‌لانه‌وه‌یه یان هه‌ندێ كه‌س په‌یوه‌ستی ئه‌كه‌نه‌وه به ئاناركیزمی مورای بوكچینه‌وه كه بیرمه‌ندێك و هه‌ڵسوڕاوێكی ئاناركیستی ئه‌مریكییه و باس له پێویست نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌كات، به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ ئه‌مه‌یان ڕه‌نگه باسێکی تر بێ. لێره‌وه پێم باشه بێینه سه‌ر ئه‌وه‌ی تۆ وه‌ك كۆمۆنیستێك پێناسه‌ت بۆ ئه‌م دوو حزبه چییه و چۆن ئه‌یانبینیت. ئه‌گه‌ر خۆشت پێت وایه پێویست ئه‌كات ده‌ست بخرێته سه‌ر جیاوازییه‌كانیان ئه‌توانی باسی لێوه بكه‌یت.
عه‌بدوڵا مه‌حمود:
ئه‌م كاته‌تان باش و سوپاس بۆ ئێوه. سه‌باره‌ت به‌م دوو حزبه ڕاستیه‌كه‌ی من هیچ یه‌كێ له‌وان به حزبی چه‌پ نابینم به‌و پێناسه‌یه‌ی كه ئێمه وه‌ك كۆمۆنیسته‌كان هه‌مانه. له ڕوانگه‌ی كۆمۆنیسته‌كانه‌وه چه‌پ به‌و هێز و لایه‌نانه ده‌وترێ كه خوازیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی و به گشتیكردنی ئامڕازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و كۆتاییهێنان به چینه‌كانن. ئه‌مه بنه‌مایه‌كی زۆر ساده‌ی هه‌ر هێزێكه كه خۆی به چه‌پ داده‌نێ له ڕوانگه‌ی ماركسیزم و كۆمۆنیزمه‌وه. ئه‌وه‌ی كه په‌یه‌ده یان هه‌ده‌په ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت له هه‌ندێك له به‌رنامه‌كانیاندا یان هه‌ندێ خاڵیدا باس له چینی كرێكار و سۆشیالیزم و یه‌كسانی ژن و پیاو و ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ری بكه‌ن هه‌ر به‌شێكه له‌و جۆره فریوكارییه‌ی كه ئه‌حزابی بۆرژوازی له سه‌راسه‌ری دنیادا دەیکەن. ئێمه هیچ حزبێك له دنیادا نابینین كه كۆمه‌ڵێك خاڵبه‌ندی ڕازاوه كه كۆده‌بنه‌وه له چوارچێوه‌ی مافه‌كانی مرۆڤدا نه‌بینین. بۆیه ئه‌مانیش وه‌ك دوو حزبی بۆرژوازی له چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌كانیاندا ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ی تیادایه. به‌ڵام له هیچ شوێنێكی به‌رنامه‌ی هه‌ده‌په یان په‌یه‌ده‌دا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌كی نییه. هه‌تا له‌كار و كرده‌وه و ڕه‌فتاریشیاندا ئه‌وه نابینی. دیاره من ئه‌توانم ئه‌وه‌ش زیاد بكه‌م كه ئه‌گه‌ر هه‌تا خودی زاراوه‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی له به‌رنامه‌شیاندا ئاماژه‌ی بۆ بكرێ، به‌ڵام گه‌ر بنه‌ما نه‌بێ، ئه‌وه ناكاته ئه‌وه‌ی ئه‌مانه چه‌پن. چ په‌یه‌ده و چ هه‌ده‌په دوو ڕێكخراوی بۆرژوازین، به‌ڵام به له‌به‌رچاوگرتنی تایبه‌تمه‌ندێتیه‌ك كه له‌و وڵاتانه هه‌یه كه كاری تێدا ده‌كه‌ن. بۆ نمونه حزبێك له توركیادا ئه‌گه‌ر هه‌بێت ناتوانێ واقعیه‌تی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕه‌وتی پێشڕه‌وی ئه‌و كۆمه‌ڵگەیه و مێژووی ڕابردوی و پایه‌كانی عه‌لمانیه‌تی ئه‌م کۆمەڵگەیە لەبەرچاو نەگرێت… بۆیه هه‌ر حزبێك له توركیادا ناچاره ده‌یه‌وێت مۆری چه‌پ بوون له خۆی بدات و كۆمه‌ڵێك به‌ند و خاڵ بهێنێت كه به‌رنامه‌كه‌ی پێ بڕازێنێته‌وه، وه‌ك هه‌ر حزبێكی تر له دنیادا. ئه‌مانیش ده‌كرێ له‌م چوارچێوه‌یه‌دا سه‌یریان بكرێ. به‌ڵام له دنیای واقعدا چ هه‌ده‌په و چ په‌یه‌ده هه‌ریه‌كه‌یان له‌سه‌ر بنه‌مای زوڵمێكی قه‌ومی كه لێیانده‌كرێ ئه‌مانه دروست بوون. بەجیا لەوانە، واقعیه‌ته‌كه‌ی ئه‌مه‌یه سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه ئیدعای ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌مانه ده‌یانه‌وێ كۆمه‌ڵگەیه‌كی دیموكراتیك دروست بكه‌ن له چوارچێوه‌ی تێزێك كه ئۆجه‌لان له كتێبێك سێ به‌رگی به‌رگرینامه‌دا هێناویە‌تی. له‌وێدا له‌چوارچێوه‌ی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه ده‌یه‌وێت باس له كۆمه‌ڵگەی دیموكراتیك بكات، به‌ڵام له دنیای واقعدا كه ته‌ماشای ده‌كه‌یت كاروكرده‌وه‌ی ئه‌و حزبانه پێچەوانەی ئەو بانگەشەیە… له كوێدا، له مه‌یدانی عه‌مه‌لی و واقعیدا، ڕۆژێك له ڕۆژان بیستووته چ هه‌ده‌په و چ په‌یه‌ده پشتیوانیان له بزووتنه‌وه‌یه‌كی كرێكاری بكه‌ن؟ ته‌نانه‌ت پشتیوانیان له هیچ بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری و کۆمەڵایەتی له سه‌راسه‌ری توركیاشدا نەکردووە، پشتیوانیان لە بزوتنەوەی ژنان دژی بە بڕیار و ئیسلامیزەکردنی یاساکان نەکردووە… پێچه‌وانه‌ی ئه‌مانه‌مان دیووه.
جه‌مال موحسین: به‌ڵام هاوڕێ عه‌بدوڵا دێینه‌وه سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه كه ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ڕه‌ت ئه‌كه‌نه‌وه، چونکە ئه‌مه یه‌كێكه له مه‌سه‌له‌كان كه زۆر كه‌س به‌وهۆیه‌وه ئه‌وان به چه‌پ دائه‌نێ، به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه كه‌مێك زیاتر بڕۆین كه وتم چه‌پ، مه‌به‌ستێكی ترم بوو. ئه‌و پێناسه‌یه‌ی تۆ كردت سه‌باره‌ت به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی ئه‌وه بۆ حزبێكی كۆمۆنیستی یان سۆشیالیستی دروسته. به‌ڵام چه‌پ ئه‌كرێ چه‌پی بۆرژوازی هه‌بێ، وه‌ك تۆش به‌شێكیت باس كرد. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خاڵێكی تر هه‌یه، كاتێك سه‌یری به‌رنامه‌ی هه‌ده‌په ئه‌كه‌ی، هه‌تا كه سه‌یری هه‌ڵسوڕانه‌كانیان ئه‌كه‌ی و ته‌نانه‌ت له هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیادا چ ئه‌وه‌ی پێشوو و چ ئه‌مه‌ی ئه‌م دواییه ئه‌بینی یه‌كێك له خاڵه‌كانیان ئه‌وه‌یه كه كرێكار ئه‌چه‌وسێته‌وه و نابێ ئه‌وه‌نده بێ‌ماف بێ، ئه‌بێ ئاستی بژێوی بچێته سه‌ر، ئیتحادیه كرێكاریه‌كانیان به‌هێز بكرێن و ده‌وڵه‌ت سه‌ركوتیان نه‌كا…هتد. بۆیه ئه‌مه وه‌كو خاڵێك كه گوایه داكۆكی له چینی كرێكار ئه‌كات له‌قه‌ڵه‌م ئه‌درێت. وه به‌م مانایه پێی ئه‌وترێ حزبێكی چه‌پ. په‌یه‌ده‌ش له‌به‌رامبه‌ر هێزێكی ڕه‌شی وه‌ك داعشدا وه‌ستایه‌وه و یه‌كسه‌ر مه‌رسومی یاسای یه‌كسانی ژنان و پیاوانی ده‌ركرد، كه ئه‌مه زۆرتر له هێزه چه‌په‌كان ئه‌وه‌شێته‌وه، ته‌نانه‌ت له وڵاتانی ئه‌وروپا ئه‌مه زۆرتر سۆشیال دیموكراته‌كان پێی ناسراونه‌ته‌وه و بۆیان بۆته شانازی ئه‌گه‌رچی به واقعی له‌ژێر كاریگه‌ری بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری و یه‌كسانیخوازی ژناندا بووه. من مه‌به‌ستم له‌وه بوو له‌م ڕوانگه‌یه‌وه باس له‌م حزبانه بكرێ، چونكه گه‌ر وه‌ك مه‌له‌سه‌یه‌كی ڕادیكاڵانه سه‌یری ئه‌م مه‌سه‌لانه بكرێ له‌چاو ئه‌حزابی كۆنه‌په‌رست یان ڕاستڕه‌و و دواكه‌وتوودا ئه‌مه‌ی ئه‌مان پێشكه‌وتووانه و ڕادیكاڵانه‌یه. با لێره‌وه سه‌رنجێك له مه‌سه‌له‌كه بده‌ین.
عه‌بدوڵا مه‌حمود: ڕاستە ئەو پێناسەیەی من کردم، لە ڕوانگەی کۆمۆنیستەکانەوە بوو بۆ چەپ، دەکرێ لە ڕوانگەی تر یان باشتر بڵێین لە روانگەی باڵ و لقەکانی بۆرژوازیشەوە پێناسەی چەپ بکەین… لە خێزانی بۆرژوازیشدا چه‌پ و ڕاست هه‌یه. چ هه‌ده‌په و چ په‌یه‌ده‌ش خۆیان به به‌شێك له چه‌پی كۆمه‌ڵگە ده‌زانن. له هه‌موو كۆمه‌ڵگەیه‌كیشدا له‌وجۆره حزبانه هه‌یه. ڕاسته له كۆمه‌ڵگەی ئێستادا كێشمه‌كێشی چینایه‌تی و سەرەکی له نێوان دوو چیندا هه‌یه، پرۆلیتاریا له‌لایه‌ك و بۆرژوازی له‌لایه‌ك. به‌ڵام مه‌رج نییه هه‌ر ته‌نها دوو حزبیان هه‌بێ، ئه‌حزابی جۆراوجۆریان هه‌یه به‌شێكیان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه سه‌ر به به‌شی چه‌پن، له به‌شی هه‌ژارانن و داكۆكی له به‌رژه‌وه‌ندی بێبه‌شان ده‌كه‌ن، وه به‌شێكیشیان وه‌ك حزبی پارێزگار یان ئه‌حزابی تری ڕاستی بۆرژوازی داكۆكی له بۆرژوازی ده‌كه‌ن به‌شێوه‌یه‌كی ڕاشكاوانه‌تر. لە کۆمەڵگەی سەرمایەدارییدا بەجیا لە كێشه‌ی سەرەکی نێوان چینی کرێکاری و بۆرژوازی، بۆرژوازی خوڵقێنەری دەیان کێشە و گرفتی ترە کە سودمەندە لێی… لەوانە کێشەی ستەمی میللی، هەڵاواردنی ڕەگەزی، پرسی ژینگە، ستەم و هەڵاواردنی ژنان،…تاد، لەبەرامبەر بەو زوڵم و گرفتە کۆمەڵایەتیانەدا، بزوتنەوە و ناڕەزایەتی جەماوەری و کۆمەڵایەتی هەیە، لەو چوارچێوەیەشدا حزبی جۆراوجۆر هەن… ئەوانەی کە كێشه‌یان ژینگە و وەستانەوەیان هەیە بە رووی پیسبوونی ژینگە و کەم بوونەوەی دارستانەکان بە هۆکاری پیس بوونی ژینگە دەزانن و حزبیان بۆی دروستکردووە، وەکو سەوزەکان لە ئەوروپا. هەن كێشه‌ی ژنان و زوڵم لەسەریان کێشەیانە و دەچن حزب و ڕێکخراوەی تایبەت بە رزگاری ژنان!! دروست دەکەن وەکو رەوت و حزبە فیمینیستە جۆراوجۆەرکان. یان هەن كێشه‌ی زوڵمی نەتەوایەتی كێشه‌یانە و حزبی ڕزگاری نیشتیمانی و سەربەخۆخواز دروست دەکەن و ئەگەر لەسەر ستەمی چینایەتی لەگەڵیان بدوێیت، و لێیان بپرسی بۆچی ستەمی چینایەتی بنه‌مای نارەزایەتیتان نییە، دەڵێن ئێمه کێشەی نەتەوایەتیمان هەیە و با سەرەتا ئەوە چارەسەر بکەین… وەکو ناسیۆنالیستێكی فەلەستینی یان ئیرلەندی…تاد. ئەم جۆرە حزب و ڕێكخراوانە کە سەرچاوەی نارەزایەتیان دۆسییەک و كێشه‌یەکی دیاریکراوە کە دەوڵەت و لە بنەرەتدا نیزامی سەرمایەداری سەرچاوەکەیەتی خۆیان بە چەپ دەناسێنن و چەپی کۆمەڵگەن… هەدەپە پەیەدە، لە چوارچێوه‌ی ئەم پێناسەیەدا، چەپن بەڵام چەپی بۆرژوازی کە كێشه‌یان ستەمی چینایەتی نییە و كێشه‌ی سەرەکیان پرسێک و مەسەلەیەکی دیاریکراوی دەرهاویشتەی سەرمایەدارییە، خوازیاری روخاندنی سەرمایەداریش نین، خوازیاری چارەسەری ئەو پرسانەن لە چوارچێوه‌ی هەمان نیزامی سەرمایەدارییدا…
دیارە وەکو چۆن چەندین جۆر لە دەوڵەت کە خاوەنی سیستەمی سیاسی جیاوازن، بۆ نموونە سیستەمی سیاسی فیدرالی ئیداری، فیدرالی قەومی، سیستەمی دینی یان مەزهەبی، قەومی و یان مەدەنی، پۆلیسی و سەربازی یان پەرلەمانی و… سەرۆکایەتی یان پەرلەمانی، سەرۆکایەتی تەشریفاتی یان خاوەن دەسەڵاتی رەها، دیکتاتۆری و سەربازی یان مەدەنی و پشت بەستوو بەیاسا… و لە دنیادا هەن. و لەو نێوەدا دەوڵەتێکی مۆدیرن و ده‌وڵه‌تێك کە ده‌سه‌ڵاتێكی په‌رله‌مانی هه‌یه، یاساكان تا ڕاده‌یه‌ك پارێزراون، باشتره له سیستمێكی پۆلیسی و سه‌ركوتگه‌ر یان سەربازی و دینی و تایفی، ئه‌مه واقعیه‌تێكیه. بۆ ئه‌حزابیش هه‌روایە، ئه‌كرێ ئه‌حزابێك هه‌ندێك له هه‌نگاوه‌كانی جێگای پشتیوانی بێ، بەڵام لەنێوان پشتیوانی کردن لەچەند هەنگاو سیاسەتێک و ناسنامە بەخشیندا، مەودایەکی زۆر هەیە.. دەکرێ و دەبێ پشتیوانی لە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و حزبێک بکەیت کە خوازیاری لابردنی ستەمی میللیە، یان خوازیاری کۆتایی بە ستەمی سەر ژنانە، یان لەدژی شێواندنی ژینگە تیدەکۆشێت، بەڵام ئەمانە هیچیان ناکات بە حزبی چەپ و کۆمۆنیستی… با نموونەیەک بهێنمەوە، مستەفا کەمال ئەتاتورک دوای نزیکەی بە شەش سەدە لە دەسەڵاتی و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، لەساڵی ١٩٢٣ سیستەمی کۆماری و عەلمانیەت لە تورکیا دادەمەزرێنێت، ئەم هەنگاوەی ئەتاتورک لەو سەردەمەدا و تا ئیستاشی لەگەڵ بێت، وەرچەرخانێکی گەورە و هەنگاوێکی جێگا پشتیوانییە، بێ ئەوەی ئەو هەنگاوە ئەتاتورک یان حزبەکەی بکات بە چەپ و کۆمۆنیست… یان ئەوەی کە باسی ئەوە دەکەن نابێ کرێکار بچەوسێتەوە، نابێ ئەوەند بێ‌ماف بن، دەبێ پشتیوانی لە ئیتیحادییەکان بکرێت، ئاستی ژیان و گوزەرانی خەڵک باش بکرێت، دیارە ئەوانە باشن، بەڵام ئەوەی کە ئەمانە لە بەرنامەدا یان لە کەمپەینێکی هەڵبژاردندا پێداگری لەسەر دەکرێت، ناکاتە ئەوەی کە ئەو حزب و رەوتە بکاتە چەپ و کۆمۆنیست، ئەمرۆ هەموو حزبە چەپە بۆرژوازییەکان، یان عەلمانیەکان، سەوزەکان، ریفۆرمیستەکان، ئیکۆنۆمیستەکان… تەنانەت بەشێک لە حزبە راستەکانیش ئەمانە دەخزێننە ناو بەرنامەکانیانەوە یان لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بەدەستیەوە دەگرن، بەلام لە دنیای واقعی و بەکردەوەدا، کەمترین ئاوڕ لە کێشەی کرێکاران و مافەکانیان دەدەنەوە. با نموونەیەک بهێنمەوە، هەدەپە بۆ نەورۆزەکان، بەسەدان هەزار کەس بۆ ئاهەنگی نەورۆز کۆدەکاتەوە چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن، بەڵام ناتوانێ مانگرتنێکی کرێکاریی هەزار نەفەری بۆ کرێ، یان بۆکەم کردنەوەی سەعاتی کار، وەڕێبخات… یان خۆپیشاندان و چالاکیەک بۆ پشتیوانی لە خواستێکی ژنان سازبدات، نە مەشغەڵەیەتی و نە پرسێکی گرنگیشە بۆی،… جا کاتێک لە مەیدانی واقعیدا، ئەوانە به‌شێك لە کار و نەخشەو پرۆژەی ئەو هێزه نەبێت، با لە بەرنامەکەیدا یان لەکەمپەینی هەڵبژاردنەکاندا، نووسرابێت، دەبێ بەچی؟ جگە لە فریوکاریەکی ئاشکراو و بەدەستەوەگرتنی ئەو ئۆردووە بۆ مەبەستی تر…
پێكهاتنی خودی ئه‌و حزبانه و پێكهاته‌كانیان كه ته‌ماشای ده‌كه‌ی، مه‌سائیلی چینایه‌تی نییه تا چوارچێوه‌ی چینایه‌تیش مه‌بنای كار و كرده‌وه‌كانیان پێكبهێنێ، نه په‌یه‌ده و نه هه‌ده‌په وا نین. نمونه‌ی له‌م بابه‌ته‌مان له زۆر شوێنی دنیادا هه‌یه، دەشێ هەدەپە یان پەیەده، یان هێزو حزبی تر چەند هەنگاوێک یان دۆسیەیەک بەدەستەوە بگرن کە قابیلی پشتیوانی بێت، بەڵام ئەمە بەتەنها ناکاتە ئەوەی پشتوانی لەو حزب و هێزه بكه‌ی… لە دنیادا نموونەی لەو بابەتە زۆرە وه‌ك لە فه‌ره‌نسا بۆ نمونه كاتێك نیقاب قه‌ده‌غه ده‌كرێت، ئه‌وه هه‌نگاوێكه تۆ پشتیوانی لێ ده‌كه‌ی. به‌ڵام ئه‌م پشتیوانییه خود به خود ناكاته پشتیوانی له‌و ده‌وڵه‌ته یان ئه‌و حزبه‌ی كه ئه‌و پێشنیاره‌ی هێناوه‌ته ئاراوه. من پێم وایه هه‌ر ئه‌مه بۆ په‌یه‌ده‌ش و هه‌ده‌په‌ش ڕاسته. بۆ نمونه په‌یه‌ده له كوردستانی سوریادا ئه‌وه‌ی كه پێی ده‌ڵێن سیستمی خۆبه‌ڕێوه‌بردن له خواره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگەوه پیاده ده‌كا، خودی ئه‌م هه‌نگاوه قابیلی پشتیوانیه، به‌ڵام ئه‌مه ناكاته ئه‌وه‌ی په‌یه‌ده بكاته ڕه‌وتێكی چه‌پ یان هه‌تا ڕه‌وتێكی شۆڕشگێڕ و هتد. ته‌نانه‌ت ده‌كرێ له وڵاتێكی دیكتاتۆر و سه‌ركوتگه‌ریشدا له‌ژێر فشاری بزووتنه‌وه پێشكه‌وتنخواز و ڕادیكاڵه‌كان و پێشڕه‌ویه‌كانیدا كۆمه‌ڵێك شت به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تدا بسه‌پێنرێ. نمونه‌ی وامان له دنیادا زۆر بینیووه. خۆ ناكرێ كاتێك ئه‌م ده‌سكه‌وته به‌دیهات ئه‌وا مۆری پێشكه‌وتنخوازی بدات له‌و ده‌وڵه‌ته و وه‌كو ده‌سكه‌وتێك بۆ ئه‌و ده‌وڵه‌ت حساب بكرێ. زۆر جار ئەو دەوڵەت و هێزانە لە ناچاری و لەژێر گوشاری بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکاندا ناچارن دەست بۆ هەنگاوی لەو بابەتە ببەن. من پێم وایه به هه‌مان پێوانه دیسان ته‌ماشای په‌یه‌ده یان هه‌ده‌په بكرێ. هه‌تا ئێستا مه‌سه‌له‌ی یه‌كسانی ژن و پیاو كه ئه‌مان به‌رگریان لێ كردووه و قابیلی پشتیوانیه وه ئێمه‌ش وه‌ك كۆمۆنیسته‌كان داكۆكی له‌وه ده‌كه‌ین وه من شه‌خسی خۆم وه‌ك كۆمۆنیستێك به‌رگریم له مه‌رسومی یه‌كسانی ژن و پیاو كرد كه په‌یه‌ده له سوریا ده‌ریكرد. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش كه له‌به‌رامبه‌ر داعشدا پشت به هێزی خۆیان ده‌به‌ستن قابیلی پشتیوانییه. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی كه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی خۆیان هه‌ڵبژاردن و سیستمی به‌شداری له خواره‌وه‌یان هێناوه بێ ناسنامه‌ی قه‌ومی و ئاینی خه‌ڵك بتوانێ له به‌ڕێوه‌بردندا به‌شداری بكات ئه‌مه‌ش قابیلی پشتیوانییه. به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه‌ش ئه‌م ڕه‌وته بۆ من ناكات به ڕه‌وتێكی سۆشیالیستی و كۆمۆنیستی كه بنه‌مای پێكهاتنه‌كه‌ی قه‌ومی نییه. دووه‌م ئامانجه نیهائیه‌كه‌ی و شێوه پێكهاتنه‌كه‌ی و ڕه‌وشتی خه‌باتكارانه‌كه‌ی و په‌یوه‌ندیه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌حزاب و بزووتنه‌وه پێشكه‌وتنخوازه‌كان و بزوتنه‌وه‌ی كرێكاری و… هتد له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی چینایه‌تیه.
دیدگای سۆشیالیستی: زۆر باشه ئه‌و خاڵه‌ی كه تۆ باست كرد سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردن له خواره‌وه خاڵێكی باشه به‌ڕای من. سه‌یركه، په‌یه‌ده هه‌روه‌ك تۆش باست كرد باس له‌وه ئه‌كات خه‌ڵك له خواره‌وه ئۆرگانه‌كانی دیاری بكات و هه‌ڵی بژێرێ و به‌جۆرێك پێویستی به ’’ده‌وڵه‌ت‘‘ نییه. وه هه‌ده‌په‌ش له هه‌ڵبژاردنی ٢٠١٥ دا به ڕۆشنی وتی چونكه هاتنه ناوه‌وه‌ی هه‌ده‌په بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان جۆرێك فه‌وزای له ناو ئه‌حزابی بۆرژوازی توركیادا نایه‌وه كه ئه‌مان پرۆ_په‌كه‌كه‌ین و نابێ به‌شدار بن، به‌ڵام ئه‌مان، بێگومان به پاڵپشتی هێزی په‌كه‌كه، ڕایانگه‌یاند كه گه‌ر ڕێیان پێ نه‌ده‌ن بۆ به‌شداری له په‌رله‌ماندا ئه‌وان له ناوچه‌ی دیاربه‌كر و ده‌وروبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی لۆكاڵی و خۆجێیی خۆیان پێكئه‌هێنن به پشت به‌ستن به‌و شته‌ی كه خۆیان هه‌میشه جه‌ختی لێ ئه‌كه‌نه‌وه و خۆیان پێی ئه‌ڵێن دیموكراسی ڕاسته‌وخۆ (جۆرێك له‌و دیموكراسیه‌ی له وڵاتێكی وه‌ك سویسرا هه‌یه كه گوایه خه‌ڵك زیاتر ده‌ستی هه‌یه له به‌ڕێوه‌بردنی وڵات‌دا)، ئه‌و دوو نمونه‌یه هه‌ندێ كه‌سی چه‌پ و ته‌نانه‌ت سۆشیالیست و كۆمۆنیستیش ئه‌مه‌نده به خاڵێكی ئه‌رێنی دایئه‌نێن ئه‌یچوێنن به ده‌سه‌ڵاتی شورایی له خواره‌وه و ئه‌ڵێن ’’ئه‌مه ئه‌و جۆره‌یه له [سۆشیالیزم] كه به‌و جۆره ته‌قلیدیه‌ی جارانی به ده‌ست نه‌ئه‌هات و ئه‌مه‌ی ئێستا وه‌سیله‌یه‌كه. ئێوه ئه‌ڵێن چی له‌مباره‌یه‌وه؟
عه‌بدوڵا مه‌حمود: ئه‌بێ دوو شت له‌یه‌ك جیابكه‌ینه‌وه. ئه‌وه‌ی كه حزبێك به‌رنامه‌ی چییه و له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌كه و ئه‌وه‌ی له كه‌مپه‌ینێكی هه‌ڵبژاردندا چی ئه‌ڵێ دوو شتی جیان. ئه‌گه‌ر ته‌ماشای بكه‌ی ئه‌بینی له هه‌موو هه‌ڵبژاردنێكدا چه‌پ و ڕاستی بۆرژوازی هێشتا له ژێر سه‌نگینی مێژووی خه‌باتی بزووتنه‌وه كرێكاری و ڕادیكاڵه‌كاندایه و كاتێك دێته سه‌ر دانانی به‌رنامه كۆمه‌ڵێك له‌و خاڵانه‌ی تێ ده‌كه‌ن و به تایبه‌تیش له هه‌ڵبژاردنه‌كان یان هه‌ندێ حاڵه‌تی ئه‌زمه‌گرتوو كه ده‌سه‌ڵات تووش ده‌بێ ئه‌و حزبانه په‌نا بۆ كۆمه‌ڵێك له‌و خاڵ و به‌ندانه ده‌به‌ن كه جیاوازی هه‌یه یان لانی كه‌م ده‌یانه‌وێ جیاوازیه‌كانی خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌حزابه ڕكابه‌ره‌كانیاندا گه‌وره‌تر نیشان بده‌ن. بۆیه ئه‌و دوو خاڵه‌ی كه تۆ باست كرد، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێ دیموكراسی ڕاسته‌وخۆ یان ده‌سه‌ڵاتی لۆكاڵی له‌وێ بێكبهێنن من پێم وایه به ڕاستی ئه‌وه به‌شێكی په‌یوه‌ندی به هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه هه‌یه كه له‌وێ هه‌بوو، لەلایەکەوە کارتێکی فشار بوو بۆسەر دەوڵەت و هاوکات به‌شێك بوو لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکان، نەک ئەجندایەکی جدی و پرۆژەیەکی هەدەپە.
دیدگای سۆشیالیستی: ڕاسته ئه‌وه په‌یوه‌ندی به‌و كه‌مپینه‌وه هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌وان له‌به‌رنامه‌كه‌شیاندا ئه‌وه هاتووه وه‌ك خاڵێكی سه‌ره‌كی كه ’’باوه‌ڕیان به دیموكراسی ڕاسته‌وخۆ هه‌یه‘‘ وه ڕۆشنیشیان پێ داوه كه ئه‌مه به مانای ده‌خاڵه‌تی ڕاسته‌وخۆ و هه‌میشه‌یی جه‌ماوه‌ره.
عه‌بدوڵا مه‌حمود: ده‌زانم، من ئه‌وه‌م بینیوه. به‌ڵام وه‌ره ته‌ماشا بكه هه‌ر له به‌رنامه‌ی خودی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانیشدا ئه‌و به‌نده هه‌یه، ئه‌وانیش باسی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری ده‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت نمونه‌كه‌شی ده‌گێڕنه‌وه بۆ سه‌رده‌می پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی لادێكان كه له‌سه‌رده‌می شاخدا هه‌بوون و ده‌یانه‌وێ ئه‌وه بگوێزنه‌وه بۆ شاریش. به‌ڵام بۆ یه‌ك جاریش له دنیای واقعیدا نه‌یانكردووه. به قه‌ولی نوام چۆمسکی ئه‌ڵێ ’’تۆ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌حزابی سیاسی بناسی ده‌بێ سه‌یری ڕه‌فتار و كردار و هه‌ڵوێستگیری سیاسی‌یان بكه‌ی نه‌ك بانگه‌شه و به‌نده‌كانی به‌رنامه‌ی‘‘. به‌هه‌رحاڵ من ده‌مه‌وێ جه‌خت بخه‌مه سه‌ر دوو خاڵ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه زۆرتر ڕۆشن بێته‌وه، یه‌كه‌م: له شوێنێكی وه‌ك توركیادا دوو شت ڕوونادات له كوردستانه‌وه، یه‌كه‌میان، نه له كوردستانه‌وه توركیا ده‌كرێته كۆمه‌ڵگەیه‌كی دیموكراتی ناده‌وڵه‌تی، وه دووه‌م نه له كوردستانی توركیاوه ده‌وڵه‌ت ده‌ڕوخێت. به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌شیان كه باسی دیموكراسی جه‌ماوه‌ری ده‌كه‌ن من تێناگه‌م هێزێكی وه‌ك په‌یه‌ده كه وه‌كو له به‌رنامه‌كه‌یدا هه‌یه‌تی و ده‌سه‌ڵاتی خۆسه‌ری جه‌ماوه‌ری داده‌مه‌زرێنێ و پشتیوانی له كۆمه‌ڵگەی دیموكرات ده‌كه‌ن. به‌ڵام له ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی ١٦ ساڵه‌ی ئه‌ردۆگان و ئاك پارتیدا چه‌ندین خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی له شاره‌كانی ئه‌نكه‌ره و ئیستانبول ڕوویانداوه به دژی به ئیسلامیزه‌كردنی توركیا هه‌ده‌په حه‌رفێكی له‌سه‌ر نه‌ووتووه و نه‌شبۆته به‌شێك له‌و بزووتنه‌وه‌یه و ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ی كه ده‌یه‌وێ حه‌ره‌كه‌ی لۆكاڵی له ناوچه كوردنشینه‌كان پێكبهێنێ و خه‌ڵك ده‌سه‌ڵاتی ڕاسته‌وخۆی بكات، نه‌یكردۆته پشتیوانی له‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ی كه له ئه‌نكه‌ره و ئیستانبول به‌ڕێكه‌وتووه. كاتێك بزووتنه‌وه‌یه‌كی وا دێته مه‌یدان و ئه‌مان یه‌ك حه‌رفیان نییه كه‌واته مه‌سه‌له‌ی ئه‌وان به دیموكراتیزه‌كردن نییه، به‌جیا له‌وه‌ی كه وه‌ك وتم له كوردستانی توركیاوه ده‌وڵه‌ت به دیموكراتیزه ناكرێ. له ڕاستیدا ئه‌مانه زۆرتر ئه‌وه‌ن كه ئاپۆ له به‌رگرینامه‌كانیدا له‌م دواییانه‌دا هێناویه‌تی كه ئه‌ویش هێنده‌ی ناكۆكیه‌كی گه‌وره نیشان ده‌دات هێنده خه‌ریك نییه وه‌ڵامێكی دیاریكراو به گرفتێكی بناغه‌یی بداته‌وه كه حزبه‌كه‌ی له‌سه‌ر پێكهاتووه.
چ په‌یه‌ده و یا په‌كه‌كه و ئه‌وه‌ی له‌م دواییانه‌دا پێكهات واته هه‌ده‌په كه ئه‌ساسی پێكهاتنه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی جه‌ماوه‌ری نییه، بگره ئه‌وه‌یه كه له كوردستانی توركیا زوڵمێكی قه‌ومی هه‌یه و ده‌وڵه‌تی توركی ئه‌و زوڵمه به ڕه‌سمی نا‌ناسێ و له چوارچێوه‌ی ئه‌و به‌ڕه‌سمیه‌ت نەناسینه‌دا په‌كه‌كه وه‌ك هه‌ر هێزێكی تری برۆژوای له ڕێگه‌ی باڵه جۆراوجۆره‌كانیه‌وه باڵێكی چه‌كداری و باڵێكی ناوخۆیی هه‌یه كه له ساڵی ٢٠١٢ ه‌وه دروست بووه ده‌یانه‌وێ ببنه گوشارێك كه بچن له ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زیدا به‌شداری بكه‌ن. هه‌ر ئه‌وه‌ی كه خۆیان كاندید ده‌كه‌ن و دڵیان به‌وه خۆشه كورسی په‌رله‌مانییان هه‌بێ و ته‌نانه‌ت بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستی كورد شاگه‌شكه بووبوون كه هه‌ده‌په له ناوخۆی توركیادا ٦٧ كورسی به‌ده‌ستهێناوه. ئه‌وه موسیبه‌ته بۆ به‌شێك له كۆمۆنیسته‌كانیش كه دڵیان به‌م مەسه‌له‌یه خۆش بوو كه گوایه كورد توانیویه‌تی ده‌سكه‌وت به‌ده‌ست بهێنێت بێ ئه‌وه‌ی بۆ یه‌ك ده‌قه ئه‌م كه‌سانه یان خاوه‌نانی ئه‌و دیدگایه له خۆیان بپرسن كه مه‌گه‌ر له كوردستانی عێراقدا كه‌م كورسی په‌رله‌مانی له‌لایه‌ن حزبه كوردستانیه‌كانه‌وه به‌ده‌ست هات؟ به‌ڵام هیچ كارێك نه‌كرا. به‌تایبه‌تی له نێو ئه‌و سیستمه دیكتاتۆریانه‌ی لەو ناوچه‌كه‌دا هه‌ن له نمونه‌ی ئێران و عێراق و سوریا و وڵاتی له‌م بابه‌ته به هیچ جۆرێك قسه‌كه له‌سه‌ر پرۆسێسی دیموكراسی و شتی وا نییه. هه‌تا خودی ئه‌و په‌رله‌مانه له توركیادا كه سه‌یری ده‌كه‌ی هه‌ر به پێی ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ی له ١٦ ساڵی ڕابردودا له ده‌سه‌ڵاتی ئاك پارتیدا پێكهات و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا یه‌كێك له ئامانجه‌كانی ئه‌و پارته كه بریتی بوو له‌وه‌ی سیستمی په‌رله‌مانی بۆرژوازی به مانا خراپه‌كه‌شی بگۆڕێ به سیستمێكی سه‌رۆكایه‌تی و تاكڕه‌وی و ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های فه‌رد له‌سه‌ره‌وه ته‌ماشا بكه‌ن به كوێیان گه‌یاند. خودی په‌رله‌مانی بێهوده كرد، نه‌ك ٦٧ كورسی، ١٠٠ و ٢٠٠ كورسیش ناتوانێ ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی له‌ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی تاكلایه‌نه و فاشیستیانه‌ی حزبێكی وه‌ك ئاك پارتی و ئه‌ردۆگاندا هه‌بێ تا كه‌سانێك بێن دڵیان پێی خۆش بێ. بۆیه له‌وباره‌یه‌وه من پێم وایه ئه‌بێ خاترجه‌م بین له‌وه‌ی كه هیچ ئاڵوگۆڕێك له توركیادا نه له ڕێی په‌رله‌مان و نه له‌ڕێی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه ده‌كرێ و نه له‌وێوه ده‌كرێ كه له‌نێو به‌نده‌كانی كه‌مپینی هه‌ڵبژاردندا بێیت ئه‌م خاڵانه بهێنیت كه گوایه داكۆكی له كرێكار ده‌كه‌ی، كۆمه‌ڵگە دیموكراتیك ده‌كه‌ی، یه‌كسانی ژن و پیاو دێنێ… ئه‌مانه له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ناكرێ. له كوردستانی توركیادا ده‌كرێ ڕێگایه‌كی تر بگیرێته‌به‌ر، بۆ نمونه به‌ره‌وپێشبردنی بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوەری شۆرشگێڕانه بۆ خواستی كۆتاییهێنان به هه‌ڵاواردنی قه‌ومی، بزووتنه‌وه‌یه‌ك ده‌كرێ بچێته پێشه‌وه و ده‌وڵه‌تی توركیا ناچار بكات ئه‌مه به‌ڕه‌سمی بناسێ. ئه‌ویش به مه‌رجێك ئه‌گه‌ر ڕێگه‌چاره‌یه‌كی سۆشیالیستانه و ئینسانانه، یان لانی كه‌م بڵێم ڕێگاچاره‌یه‌كی كارسازی بداتێ گه‌ر سۆشیالیستانه‌ش نه‌بێ. كارسازانه به‌و مانایه‌ی كه نه‌چێت دیفاع له فیدراڵیزم یان ئه‌وه‌ی كه خۆیان پێی ده‌ڵێن كۆنفیدراڵیزمی دیموكراتی ببەستێتەوە، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ناچێته پێشه‌وه، چونكه ئه‌م دوو نمونه‌یه ته‌جروبه‌ی خۆیان له دنیادا نیشان داوه به تایبه‌تی فیدراڵیزمه‌كه ئه‌وه ته‌جروبه‌كه‌ی زیندووه. كۆنفیدراڵیزمیش خۆی به‌ڕاستی شتێكی به‌رگریكارانه‌یه له كۆمه‌ڵێك بڕگه‌ی دیاریكراودا، له ئه‌مریكا ڕوویداوه، له سویسرا ڕوویداوه، به‌ڵام كاتێك بۆرژوازی ده‌كه‌وێته مه‌ترسیه‌وه یان ده‌وڵه‌ته‌كه له مه‌ترسیدایه كۆمه‌ڵێك لایه‌ن به سه‌ربه‌خۆیی خۆیان بڕیار ده‌ده‌ن هاوپه‌یمانێتی پێكبهێنن بۆ به‌رگری له ده‌سه‌ڵاتی سه‌راسه‌ری، ئه‌مه كۆنفیدراڵیزمه. فیدراڵیزمی قه‌ومیش ئێمه خۆمان بینیومانه كه ته‌جروبه‌كه‌ی چۆنه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مان به‌ڕاستی بیانه‌وێ ئه‌م كێشه‌یه له كوردستانی توركیادا چاره‌سه‌ر بكرێ، ڕێگاكه‌ی ئه‌وه‌یه له پشت بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری بوەستن و به‌تایبه‌تی كه ئه‌گه‌ر فه‌زای زاڵی هه‌ده‌په به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای كوردستانی توركیادا، لەبەرچاوبگرین، ئەوە راستیەکە کە ئەوان خاوەنی پایەگایەیەکی بەرجەستەن و واقعیه‌ته ئه‌توانن ئه‌و كاره بكه‌ن. ئه‌و كاره به‌جۆرێك به‌رنه‌پێشه‌وه كه ده‌سه‌ڵاتی توركیا ناچار بكه‌ن مل بدات به ڕێگه‌چاره‌ی كارساز بۆ كێشه‌ی كورد له كوردستانی توركیادا.
ماویەتی…
تێبینی: ئەم دیمانەیە لەبۆپێشەوەی ژمارە ٤١ی بەرواری ١/١٢/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە…