Home ئەرشیف2018 یادی شۆرشی ئۆکتۆبەر… تەنها بیرەوەریەکی مێژوویی نییە…

یادی شۆرشی ئۆکتۆبەر… تەنها بیرەوەریەکی مێژوویی نییە…

by Abdulla Mahmud

یادی شۆرشی ئۆکتۆبەر… تەنها بیرەوەریەکی مێژوویی نییە…

دوای نزیک بە 101 ساڵ بەسەر تێپەربوونی شۆڕشی ئۆکتۆبەردا، ئێستاش بۆژوازی لە ناوجەرگەی دنیای تەمەدونی بەناو غەربیدا نەیتوانییوە ئەو ئازادی و مافانە دەستەبەربکات کە شۆرشی ئۆکتۆبەر بە ڕابەری لینین دەستەبەری کرد.

یادی شۆرشی ئۆکتۆبەر و لینین تەنها گێڕانەوەی بیرەوەریەکی مێژووی نییە، بەڵکە لەوەزیاتر ڕوانینە لە تەجروبەیەکی گەورەو شکۆدار بۆ ئایندەیەک کە ئینسانەکانی خوازیاری عەدالەت و خۆشبەختی و ئازادی ئەم سەردەمەو نەوەکانی داهاتوو بەدوایدا وێڵن.

ئه‌و ده‌رس و ته‌جروبانه‌ی لینین‌ چین که‌ پێویسته‌ کرێکاران و بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی له‌به‌رچاوی بگرن له‌مڕۆدا و جه‌ختی بخه‌نه‌وه‌ سه‌ر؟

عبداللە مەحمود: ڕاستیەکەی دەرس و تەجروبەکانی ئۆکتۆبەرو لینین و نەخشی ئەو لەم شۆرشەو لەوەش واوەتر لەسەر بەشەریەت وە بۆ چینی کریکارو کۆمۆنیستەکان و بزوتنەوەی کریکاری و کۆمۆنیستی هێندە زۆرە، کە لێرەدا ناکرێت و بواری ئەوەمان نییە بەدرێژی باسیان بکەین، بۆیە من لێرەدا ئاماژە بەگرنگترین دەرس و تەجروبەکانی ئەکەم.

یەکەمین دەرسێک کە لینین و شۆڕشی ئۆکتۆبەر نیشانی بزوتنەوە کریکاری و کۆمۆنیستی وچەپ و دنیایاندا ئەوە بوو کە مارکسیزمی لە مەیدانی پراکتیکدا بە کردەوە دەرهێنا، و نیشانیدا کۆمۆنیزم و بنیاتنانی کۆمەلگەی سوشیالستی و کۆمۆنیستی خولیاو خەیاڵێک نییە و کارێکی عەمەلییە.

وە ئەوەی کە بۆرژوازی دەوڵەتکردن و ئیشکردن لە بواری دەوڵەتی کردبوو بە کاریکی ئاڵۆز، وە بەکاری خەڵکی متەخەسیس و دیاریکراوی دەزانی و  بۆدورخستنەوەی چینی کرێکار لەخەباتی سیاسی و دەستبردنی بۆشورش و ئەوەی بەخەیاڵ لەقەڵەم ئەدا کرێکار دەسەڵات بگرێتە دەست، دەوڵەت بەدەستەوە بگرێت و بەڕێوەی بەرێت. شۆڕشی ئۆکتۆبەر ئەم درۆ زلەی بەکردەوە، بەمێژوو سپارد.

لینین و حزبی لینینی لەجێگای شۆرشی میللی و وڵاتی، شۆڕشی کرێکاری بەناوەڕۆکی ئەنتەرناسیونالستی بەرپاکرد، وە بەکردەوە هاوپشتی و هاوچارەنووسی چینی کرێکارو بەرژەوەندییە سەراسەری و گشتیەکانی چینی کرێکاری کردە مەبنای شۆڕش. ناسنامەی میللی و دینی و ڕزگاری خاک و سەرزەمینی میللی و نەتەوەیی و کەلتوری هیچ جێگایەکیان لەناو ئەم شوڕشەدا نەبوو، لەجێگای حزبی میللی و نەتەوەیی، حزبی پێشرەوی چینی کرێکارو شۆرشی کرێکاری پێکهێنا، هاوچارەنووسی چینی کرێکاری نەک هەر لەڕوسیا بەڵکە لەدنیادا کردە مەبنای خەباتێکی ئەنتەرناسیونالستی. وە نیشانیدا کە چۆن سەرمایەدان و دەوڵەتەکانیان سەرباری کێشمەکێشی نەپساوەی واقعی نێوان خۆیان بۆ بردنی دەست رەنجی زیاتری چینی کریکار و قازانج پەرستی، کە لەنێوان خۆیان هەیانە، بەڵام بۆ سەرکوتی چینی کرێکارو شۆڕشی حەقخوازانەیان دەست ئەخەنە ناودەستی یەکترو لە هیچ پیلانێک درێغی ناکەن. لینین و شۆڕشی ئۆکتۆبەر لەبەرامبەردا هاوچارەنووسی چینی کرێکاری جیهانیان کردە بناغەیەکی پتەو. ئەمە لەکاتێکدا بوو کە بەهۆی بەردەوامی جەنگی جیهانی یەکەمەوە دەمارگیری نەتەوەیی و بەرگری لە نیشتمان و بۆرژوازی خۆ وڵاتی تەواوی ئەوروپای ئەوکاتەی داگرتبوو. زۆربەی حزبە لیبرال و سۆسیال دیموکراتەکان، لەژێر ناوی بەرگری لە نیشتماندا کەوتبوونە بەرگریکردن لە بۆرژوازی وڵاتی خۆیان. لەناو دڵی ئەم هەلومەرجەدا لینین و حزبی بۆلشەویک ڕیزی سەراسەری چینی کرێکارو هاوپشتی و هاوچارەنووسی جیهانی چینی کرێکاریان نوێنەرایەتی کرد.

ناسینی وردی هەلومەرج و تەشخیس دانی گرفتە بناغەیەکانی کۆمەڵگەو چونیەتی کۆکردنەوەی چینی کریکار و خەڵکی ستەمدیدە لەدەوری و پێکهنانی هاوپەیمانیەتی لە نێوان کرێکاران و باقی توێژە بێبەشەکانی ئەو سەردەمەدا، یەکێکیتر لەو دەرسە بەنرخانەیە کە دەبێ حزبە لینینیەکان لە خەباتیاندا بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی کرێکاری و کۆمۆنیستی بەدەستیەوە بگرن، لینین لەڕاستای هەڵوەشاندنەوەی خاوەندارێتی تایبەتی لەڕیگای شۆڕشی چینی کریکارو و بێبەشانەوە بۆ بەرپاکردنی کۆمەڵگای سۆسیالستی، سەرەکیترین گرفتەکانی کۆمەڵگەی روسیای بەدەستەوە گرت کە کۆمەڵگەی داگرتبوو، لینین کەدەیبینی ڕۆژانە کلور کلور ئینسان لەجەنگدا دەسوتێن و کەمئەندام ئەبن و خەلکی هەراسانی درێژەکیشانی جەنگ بوو، دروشمی ئاشتی و لەکاتێکدا برسێتی بڕستی لە زوربەی هەرەزۆری کۆمەڵگە بڕیبوو، دروشمی نان و لەوەختێکدا سەرکوتی  بێپەردەی سیاسی و نەبوونی ئازادی بەمانای تایبەتی و گشتی وشەکە، ئازادی پەلبەست کردبوو، دروشمی ئازادی و بەم شێوەیە دروشمی ” نان ئاشتی و ئازادی ” بەدەستەوەگرت و بە بەدەستەوەگرتنی ئەم دروشمانە کە خواستی هەرە زوربەی خەڵکی بێبەشی روسیا بوو توانی خەڵکی روسیا بۆ شۆرش و ئاڵوگۆر لە دەوری ئەم خواستە سەرەکیانە ڕێکبخات.

بزوتنەوەی شورایی و دەسەڵاتی شورایی یەکێکیتر بوو لەو سیستمە سیاسی و ئیداریەی کە لینینی و شۆرشی ئۆکتۆبەر بۆیەکەمین جار لەبەرامبەر سیستەمی پەرلەمانی بۆرژوازیدا دایمەزراند و دەسەڵاتی زوربەی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات چ بەوێنەی دانەری یاساکان و چ بەوێنەی بەڕێوەبردنی یاساکان، جێگیر کرد. وە نیشانیدا کە سیستەمی شورایی و بەڕێوەبردنی دەوڵەت و بە پێچەوانەی بانگەشەی بورژوازییەوە نەک هەرکارێکی دوورە دەست وئاڵۆز نییە، کاری جەماعەتیکی دەورە دیدەی تایبەت نییە، بەڵکە کارێکی ئاسایییە و سادەیە و هەموو کەسێکی سەرو تەمەن 18 ساڵ دەتوانی بەشداری تیا بکات.

لەگەڵ لە دەسەڵات هێنانەخوارەوەی بۆژوازی کۆنگرەی دووەمی سەراسەری شوراکان، بریارنامەیەکی ڕوو بە کرێکاران و بێبەشانی ڕووسیا ڕاگەیاند، یەکێک لەبەندەکانی بریتی بوو لەمەسەلەی دیاریکردنی حەقی دیارکردنی چارەنووسی میللەتەکانی بەدەست خۆیان.

دیبلۆماسی نهێنی هەڵوەشاندرایەوە و هەموو ڕیکەوتننامە نهێنیەکان بڵاوکرانەوە، و بەئاگاداری کۆمەڵ گەیەنران، حەقی پەناهەندەیی بۆیەکەمین جار بەهەموو مافێکەوە کە خەڵکی روسیا هەیبوو درا بەهەرکەسێک کە لەو وڵاتەدا بوو. بەکورتیەکەی دەرسەکان و دەسکەوتەکانی شۆرشی ئۆکتۆبەر کە لینین ڕابەری کرد هێندە زۆرن و هەموو زەمینەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئیداری و ئابووری و حقوقی لە ئاستێکی فراوانی کۆمەڵایەتیدا دەگرێتەوە. بۆ زیاتر ئاشنابوون بەم دەسکەوتانە دەکرێت دەستوری ئەساسی کەدوای چەند مانگ لە پێکهێنانی حکومەتی شورایی پەسەندکرا، بە شێوەیەکی هەمەلایەنە دەسکەوتەکان و تەجروبەکانی ببینرێت. لێرەدا بانگەوازی هەموو خەباتکارانی کۆمۆنیست و خەڵکی ئازادیخواز ئەکەم کە ئەم سەنەدە بخوێننەوە.

تیبینی: وەڵامی ئەم پرسیارە، بەشێکە لە دیمانەیەکی هەمەلایەنە سەبارەت بە شۆرشی ئۆکتۆبەر و لینین، کە هاوڕی جەبار محسین لەگەڵ من پیش چەند ساڵێک ئەنجامی داوە…

 تێبینی: ئەم بابەتە لەبۆپێشەوەی ژمارە ٣٩ بەرواری ١/١١/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە…

لەوانەیە تۆ ئەمانەشت بە دڵ بێت

لێدوانێک بەجێ بهێلە

هاوڕێمان بن!

پەیوەندی

دەتوانن ڕاستەوخۆ پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ هەر سەرنج و پێشنیار و ڕاگۆرینەوەیەک، لە ڕێگای:

abdulla.mahmud@gmail.com

دیمانەی پێشەنگ

Play Video