Home دیمانەو گفتوگۆلەوەڵام بە پرسیارکی گۆڤاری “ڕوماڵ”دا عەبدولا مەحمود: بەشێکی زۆری ڕۆشنبیرانی شەقامی کوردی، بەشێکن لە قەڵبکردنی پیرۆزییەکانی ئینسان “تەوەر”ی ژمارەی نۆبەرە

لەوەڵام بە پرسیارکی گۆڤاری “ڕوماڵ”دا عەبدولا مەحمود: بەشێکی زۆری ڕۆشنبیرانی شەقامی کوردی، بەشێکن لە قەڵبکردنی پیرۆزییەکانی ئینسان “تەوەر”ی ژمارەی نۆبەرە

by Abdulla Mahmud

سازدانی: ئەرسەلان مەحمود7872164_300x300

رۆشنبیری جددی و، مۆدێرن، له‌ بنه‌مادا هێنده‌ی که‌ ده‌بێ‌ هێزێک بن بۆ به‌رهه‌مهێنانی جیاوازی‌و دۆزینه‌وه‌ی رووبه‌ری جیای بیرکردنه‌وه‌‌و روانین له‌ده‌ره‌وه‌ی ترادسیۆنه‌ داخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌‌، ئایدولۆژیا‌، خه‌یاڵگه‌ نه‌ریتییه‌کان، ئه‌وه‌نده‌ خولانه‌وه‌ له‌ بازنه‌یه‌کی دیاریکراو، یان خۆبه‌ستنه‌وه‌ به‌ ئاین و ئایدیۆلۆژیه‌تێکی حزبی و ڕێسا باوه‌کانه‌وه‌ نیه‌، که‌چی نوخبه‌و رۆشنبیره‌ هه‌ره‌ دیاره‌کانی هه‌رێم تا ئێستا نه‌یانتوانیوه‌ له‌و دۆخه‌ ده‌ربازیانبێ‌، هه‌ندێک ده‌ڵێن له‌ بازنه‌کدا خنکاون، ئه‌مه‌ بۆ؟..
عەبدولا مەحمود: لە کۆمەڵگایەکدا کە هێزەکانی دەسەڵات بەدەست سەرباری دەریایەک لە بانگەشەی زل و دروشمی بریقەداری مەدەنیاوی بەکردەوە ناتوانن مەدەنی و پێشکەوتنخواز بن. ناتوانن دین لەدەسەڵات و خوێندن و پەروەردە جیابکەنەوە. ناتوانن یەکسانی ژن و پیاو بەڕەسمی بناسن. ئامادەنین دەست لەیاساکانی پێشووی بەعس بەردەن. دەترسن دەست بۆ توردانی پێودانگە میلیشیایەکان ببەن. بیر لە ڕێزگرتن لەئیرادەی خەڵک بۆ بڕیادرانی ئازادانە ناکەنەوە، مافی مەدەنییەکان مافی تاک بەڕەسمی ناناسن. بەهەمان شێوەش نووسەرو ڕۆشبیرانێک کەسەر بەم بزوتنەوەیەن ناتوانن کرانەوەو دابڕان لە کەلتوری زاڵی ئەم بزوتنەوە تێپەڕێنن. بۆیە فایرۆسی خولانەوە لە بازنەی بزوتنەوەی زاڵی کۆمەڵگای کوردستاندا گیریان دەکات.
ئێوە تەماشا بکەن، زوربەی هەرە زۆری نووسەرو رۆشنبیران بەڕەسمی ئەندامی حزبەکان نین، و زۆریش لەدژی بە حزبیکردنی کۆمەڵگاو دەستێوەردانی حزب لە کۆمەڵگا ناڕازین و ڕەخنە دەگرن، کەچی خۆیان پەیامیان، ڕوانین و بۆچون و دنیابینیان، لەهی حزب یان لەباشترین حاڵەدا ئەو بزوتنەوانە تێناپەڕێت کە ئەم حزبانەی هێناوەتە دەرەوە. و هیچ بزوتنەوەیەکی کۆمەیەڵایەتی تر نابینن.
گرنگ نییە رۆشنبیران و نووسەران حزبی بن یان نەبن، پرسیار ئەوەیە ئەگەر حزبین، حزبی سەر بەکام بزوتنەوەی کۆمەلایەتین؟ ئەگەر حزبیش نین دیسان سەربەکام بزوتنەوەی کۆمەلایەتین؟ ئایا بەشیکن لە بزوتنەوەیەکی رادیکال و ئینسانی و پێشکەوتنخواز، یان وتاربێژن بەزمانی ڕۆشنبیری بۆ بزوتنەوەیەکی قەومگەرای عەشیرەتی و میلیشیایی، یان رەوت گەلی دینی و فیرقەیی؟
بزوتنەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەتوانێ ژینگەی پێکهاتن و دروستبوونی دەیان حزب و ڕێکخراوەی سیاسی و چەندین ناوەندی رۆشنبیرو ئەدەبی و هونەری و… بێت و مالی سەرەکی رۆشنبیران و نووسەرانیکی زۆر بێت. یەکێتی و پارتی و حزبی زەحمەتکیشان و سۆسیالیست و حزبی شیوعی و لیستی گۆران….حزبی بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیە جیاوازەکان نین، بەڵکە ئەمانە هەموویان حزب و ڕێکخراوەی جیاواز جیاواز و باڵی جیاواز جیاوازی سیاسی و ڕێکخراوەیی بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیین. بزوتنەوەیەک کە لەسەر بنەمای کێشەی ئێتنکی” نەتەوەیی” فرچکی گرتووە. لەبری شوناسی ئینسانی بوونی ئینسان” هاوڵاتیبوون” ،شوناسی قەوم و دین و ناسیونالیستی، پیرۆز کراوە. ڕۆشنبیرانی ئەم بزوتنەوەیە بەشێکن لە بزوتنەوەکەو زوربەشیان کرنۆشبەر. بۆیە بەشێکی زۆری ڕۆشنبیرانی شەقامی کوردی، بەشێکن لە قەڵبکردنی پیرۆزیەکانی ئینسان. ڕۆشنبیرانێک لە کاتێکدا بە پێی ناوو پێناسەکەی ئەبێ بیریان ڕۆشن بێت، و ئەو جیاوازیەش بەکردەوە نیشان بدەن، کەچی بینیمان نەک لە دڵی ئاڵوگۆڕێکی وەڕێکەوتووی ڕیشەیی بەڵکە کەش و هەوای هەڵبژاردن زوربەیانی لولدا، لە بیر ڕۆشنی خستن و بوونە بانگەشەیەکی بێتام بۆ باڵێکی ڕاستڕەوی هەمان بزوتنەوە کە 18 ساڵە پیرۆزیەکانی ئینسان و ئیرادەی خەڵکەکەی ئەنفال دەکات. ڕۆشنبیرانی بزوتنەوەی ناسیونالیستی سەرباری هەر جیاوازیەک کە لەگەڵ یەکتری هەیانە، بەڵام هەموویان ڕۆڵەی یەک خانەوادەن، جیاوازیەکانیان لەگەڵ یەکتر جیاوازیەکی ڕەمزی و جزئیی و زمانەوانیییە، کە سەخت ئینسان ئەتوانێت ئەم جیاوازیانەش ببینێت..
ئەم ڕۆشنبیر و نووسەرانە کە جیاوازی و قبوڵ ناکەن و بەشێک نین لە هەوڵەکانی ئینسانی پێشکەوتنخواز بۆ کرانەوەی کۆمەڵگاو بەرەسمی ناسینی مافی هاولاتی بوون و تاک، وە بەکردەوە بەشێک نین لە رێزگرتن لە ڕوانین و دنیابینی دی، بەڵکە سەربازی ڕەدوکەوتووی ڕوداوەکانن.نەک رێ نیشاندەو هۆشیارکەرەوە.
هیچ بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی ڕۆشنبیری کە بەرچاوتەنگی ئیتنیکی، نەتەوەیی و دینی شادەمارەکانی سڕکردبێت، ناتوانێ جیاوازی قبوڵ بکات. وە ناکری ببنە هێزیک بۆ کرانەوەو قبوڵکردنی ئەوی دی.
دەرسی هەڵبژاردنەکانی ئەم دوایەی کوردستان، دەرسێکە ئەم ڕاستیەی بەهەمووان نیشاندا. ڕۆشنبیرانێک کە پێشتر وانەی عەقلانیەت، مۆدیرنەیان دەرخواردی کۆمەڵگا دەدا…، چۆن هۆشیارانە بوونە وتاربێژی ڕاسترەوترین دیدگای داخراوی لیستێکی دیایکراو، کە کارنامەی کاراکتەرە سەرەکیەکانیان و پەیام و دیدی سیاسی و کۆمەڵایەتیان، نەک هیچ نزیکایەتیەکی بەدنیای شارستانی سەردەمەوە نییە، بەڵکە باڵی دیاری وەستانەوە لەدژی عەقلانیەت و مەدەنیەت و جیاوازی قبوڵکردنە.
بە کورتیەکەی ئەم دۆخە کە زوبەی ڕۆشنبیرانی قەتیسی دیدگای داخراو کردووە، لە بازنەیەکدا دەوران بکەن. بەشێکە لەو ڕەوەندەی کە بزوتنەوە سیاسیەکەی لە خولانەوە لە بازنەدا دەست و پێی نەرم کردووە. وەبەرهەمی گیرۆدەبوونە بە فەرهەنگێ” شەرقزەدە” رۆژهەلاتیی، بەسەر دنیابینی و ڕوانینیاندا.

لەوانەیە تۆ ئەمانەشت بە دڵ بێت

لێدوانێک بەجێ بهێلە