خەبات:لەم قۆناغەی ئێستای هەرێمی کوردستان ماف و ئەرکی گەنج چییە؟
عبداللە مەحمود: بەر لەوەی بێمە سەر وەڵامی ڕاستەوخۆی ئەم پرسیارە، بەپێویستی دەزانم ئاماژە بەمەسەلەیەکی سەرنجڕاکێش بدەم کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەوەڵامەکەوە هەیە.
کاتێک باسی”لاو” گەنج دەکرێت، جوداسازیەک دەبینین لەنێوان لاوی کچ و لاوی کوڕ. ڕاستە جوداسازی لەنێوان ژنان و پیاوان تائێستا تایبەتمەندیەکی دنیای ئەمڕۆیە. ژنان بەڕەسمی و تەنانەت بەپێی یاساش لەزوربەی زۆری دنیادا بێبەشن لەو ماف و ئازادیانەی کە پیاوان لێی بەهرەمەندن، بەڵام سەیر ئەوەیە تائێستا نوسەران و ڕوناکبیرانێک سەرباری ئەوەی باسی یەکسانی نێوان ژن و پیاو دەکەن و سەرو بنی زمانیان مۆدیرنەو مۆدیرنیزمە، بەڵام کاتێک باسی لاوی کوردستان دەکەن، مەبەستیان لاوی کوڕە نەک لاوی کچ، وەکو ئەوەی کچێکی لاو خەون و خەیاڵ و ئاوات و ئارەزوی نەبێت. هەر بۆیەش کاتێک باسی ماف و ئەرکی گەنج دەکەن کوڕیان لەبەرچاوە، و دیسان ژن جیاکراوەتەوە و کراوەتە پلە دوو!.
پێم وانییە کەس لاری لەوەهەبێت کەلاوانی کوردستان لە توێژە هەرە بێبەشەکانی کۆمەڵگای کوردستانن. هەربۆیەشە گەنج لای ئێمە بەگشتی ئیرادە وردکراون، شەرمن و بێئایندەن و هەرئەمەشە وای کردووە کە ڕێگای هات و نەهات هەڵبژێرن و ئامادەبن بەناو حەقلی ئەلغام و تەلی دڕکاوی و شەپۆلی دەریاچە بێڕەحمەکاندا، بڕۆن و وێڵی گەڕان بەدوای ئەو مەملەکەتەبن کەخەونە خنکێراو و ئاواتە فەرمۆشکراوەکانیان بۆ دەگێرێتەوە.
دیارە زۆریش لەسەر ئەو بێمافیانە وتراوەو نوسراوە و مشتومڕی لەسەر بووە، بۆیە من نایەمە سەر باسی بێمافیەکانیان هێندەی دەمەوێت ئاماژە بەسەرەکیترین مافەکانی گەنج بدەم. پاشانیش لەسەر ئەرکی گەنجان چەند قسەیەک بە پێویست دەزانم.
بەڵام دیسان بەرلەوەی باسی ماف بکەم پێویستە ئەوە بزانین ئەرک پێش ماف ناکەوێت، ئەوە تەزمینکردنی مافەکانە وادەکات ئینسان خۆی بەبەرپرس بزانێت بەرامبەر بەئەرکەکانی سەرشانی، لاوان کاتێک مافەکانیان بەڕەسمی نەناسرابێت و لەیاسادا جێگیرنەکرابێت و ڕێزی لێنەگیرابێت، ناکرێت چاوەڕوانیت لێیان هەبێت ببنە نەوەی دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی تەندروست و ڕاپەڕێنەری کۆمەڵگا.
فەراهەمکردنی ماف و ئازادیەکانی لاوان بێگوێدانە بیرورای سیاسی و ئایدۆلۆژی ئینتیمای حزبی زامنی ئەوەیە کەلاوان ئارەزومەندانەو بەپێی تواناو داهێنانی خۆیان بەشداری بکەن لە بەرهەمهێنانی هۆیەکانی ژیان و خۆشگوزەرانی گشتی کۆمەڵگادا.
مافەکانی لاوانی کوردستان بە فەراهەمکردنی خوێندنی گشتی و ئیجباری و خۆرایی تا تەمەنی 16 ساڵی دەست پێدەکات بۆ تەزمینکردنی خوێندنی باڵا (زانکۆیی، پسپۆری) خۆرایی بۆ هەموو ئەولاوانەی خوازیاری خوێندن و زانستن، بەدانی دەرماڵەی پێویستەوە، ئەمە یەکێکە لەو ئەرکانەی کە دەتوانێت هەم ڕیشەکێشی نەخوێندەواری بکات و هەم ببێتە هۆی بردنە سەری پلەی خوێندەواری و زانیاری و زانستی و تەکنیکی …… ئومێدەوارکردنی لاوان.
دابینکردنی کار یان بیمەی بێکاری کەهاوتای لانی کەمی بەڕێوەچونی ژیانێکی نورماڵ بێت بۆ هەموو ئەو لاوانەی تەمەنیان لەسەرو 16 ساڵیەوەیە. بۆئەوەی لاوی بێکار نەمێنێت.
کردنەوەی و مەڵبەندەکانی سەرگەرمی بۆ لاوان، فەراهەمکردنی ئیمکاناتی وەرزشی و هونەری و کەلتوری خۆرایی لەوانە یاریگای جۆراوجۆر، هۆڵ، ستۆدیۆی شانۆیی و نواندن، و جوانکاری، کتێبخانە …… لە قوتابخانەو گەڕەکەکاندا، تەرخانکردنی ڕاهێنەرو پسپۆری پێویست بۆی. فەراهەم کردنی ئەو پێداویستی و شوێنانە بۆ لاوانی کەم ئەندامیش.
بەیاساییکردنی مافی یەکسانی ژن و پیاو لە مافە فەردی و مەدەنییەکانداو فەراهەمکردنی هەلومەرجی گونجاو بۆ لاوانی کوڕو کچ لەمەیدانی ئابوری و کاری پیشەیی و بەشداریان لەکاروباری ژیانی سیاسی کۆمەڵگا. توڕدانی هەموو ئەو ڕێگریانەی کە ئەو مافە سەرەتاییانە پێشێل دەکەن.
بەیاساییکردنی پێکەوەنانی ژیانی هاوبەش و ئازادانە بۆ هەر لاوێکی کوڕو کچی سەرو تەمەن 16 ساڵ، و قەدەغەکردنی هەرجۆرە ناچارکردن و گوشار بۆهێنانێک لەلایەن کەس و کاروهەر دەزگایەکەوە لەسەر تاکەکاکەن” بەکورو کچ”ەوە، لەمەسەلەی هەڵبژاردنی هاوسەر” زەواج” و جیابونەوە” تەلاق”دا. وەهاوکات قەدەغەکردنی هەرجۆرە سەوداو مامەڵەیەک لەمەسەلەی زەواجدا.
دابینکردن و زامنکردنی خانوبەرەی گونجاو تەندروست و شاری بەخزمەتگوزاریە پێویستیەکانیەوە، و دیارکردنی نرخی کرێ خانوو بەپێی داهاتی تاک و خێزان، کە نابێت کرێ خانوو لە 10-20 % داهاتی مانگانە زیاتر بێت.
چاودێری پزیشکی و خزمەتگوزاری تەندروستی و جوانکاری خۆرایی، تا دەگات بە ئازادی سیاسی و بەیان و بڵاوکردنەوە و ڕادەربرین و چاپەمەنی، ئازادی مانگرتن و خۆپیشاندان و پێکهێنانی حزب و ڕێکخراوەی جەماوەری و پیشەیی ….تاد. ئازادی ڕەخنەگرتن لەهەموو لایەنە سیاسی و کەلتوری و ئەخلاقی و ئایدۆلۆژی ڕەموزەکانی کومەڵگا، تا دەگات بە ئازادی دینداری و بێدینی. ئازادی بێ ئەم لاولای جلوبەرگ پۆشین و هەڵبژاردنی شوێنی ژیان و سەفەرکردن و قەدەغەکردنی پشکنینی بیروباوەرو پاریزراوبوونی ژیانی تایبەتی لاوان و….. مافە سەرەکی و سەرەتایەکانی لاوانن و دابینکردنی ئەم مافانە دەتوانێت لاوان والێبکات بڕوا بهێنن بە ئێستاو داهاتویان، و ئیرادەو بڕوا بەخۆبونیان بۆ بگێرێتەوە.
لەوچوارچێوەیەشدایە کە لاوان هەست بەخۆشەویستی کۆمەڵگای خۆیان و ووڵاتی خۆیان دەکەن و خۆیان بە بەرپرس دەزانن بەرامبەر بەو ئەرکانەی کۆمەڵگای ئەیخاتە بەردەمیان.
بێگومان لاوانی کوردستان دەبێ بۆ وەدیهێنانی ئەو مافە سەرەکی و سەرتاییانە تێبکۆشن، ڕێکخراوبن. ئەمە یەکێکە لەئەرکە هەرە گرنگەکانی سەرشانیان، و هەردەسەڵاتێکیش ئەگەر دەیەوێت نەوەیەکی پرئیرادەو تەندروست و کارا و بەرهەم بهێنێت و بەربگرێت لەکۆچی لاوان و نەخشی هەبێت لەخستنەگەری توانای چالاکانەی لاوان، دەبێ بەجدیەت و بەبەرنامەوە ئاوڕ لەوخواستانەی لاوان بداتەوەو تەزمینیان بکات، ئەگەر نا لاوان بە گێرانەوەی مێژوو، بە نیشاندانی ڕابردوو، حەماس و وەڵامێک وەرناگرنەوە.
لاوانی کوردستان لەهەلومەرجێکی ئاسایی و تەندروست و خاوەن ئیرادەوماف وئازادیدا، دەتوانن وەکو خاوەنی کۆمەڵگا دەربکەون و بەشداری لە پرۆسەی ژیانی سیاسی کۆمەڵگا بکەن، و ببنە بەشێک لەهێزی ئاڵوگۆربەخش.
لاوانی کوردستان لە نزیک بەدووساڵی ڕابردودا بە مانگرتن و خۆپیشاندنەکانیان لە شارو شارۆچکەکان و زانکۆ و پەیمانگاکان، بەشدارییەکی کاریگەیان کردووە بۆ گوشارهێنان بۆ دەسەڵات لە پیناو دابینکردنی خزمەتگوزاریە ئابوری و کۆمەڵایەتی و تەرفیهییەکانی وەکو ئاوو کارەبا، ڕێگاوبان و سوتەمەنی، بردنەسەری کرێ…تاد، و گەندەڵی و فەسادی ئیداری و سیاسیش بکەوێتە بەردەم گوشارو لێپرسینەوە. من پێموایە ئەمەش مەسئولیەت نیشاندانێکی گەورەبووە بەرامبەر بەئەرکی سەرشانیان.
کارکردنی لاوان بۆ ئەم خواستانە و جێگیرکردنی و لێکهەڵپێکانی ئەم هەوڵانەیان لەگەڵ خەباتێکی هوشیارانەو بۆ بەپارکردنی ڕیفراندۆمێکی ئازاد بۆ بریاردانی خەڵکی کوردستان لەسەر ئایندەی سیاسی خۆیان و بۆ جیاکردنەوەی کوردستان و پێکهێنانی ووڵاتێکی سەربەخۆ، ئەرکی سەرەکی لاوانە لەم قۆناغەی ئێستادا.
نابێت بیرمان بچێت، ماف و ئەرکی ڕاستەقینەی هاوڵاتیان و تاکەکانی کۆمەڵگا بەندە بەئازادی کۆمەڵگاو بەندە بە بوونی ناسنامەی ووڵاتی و دەوڵەتیەوە.
تیبینی: لە ڕۆژنامەی خەبات ی ژمارە(2462) ڕۆژی پێنج شەممە بەرواری 12/4/2007 بڵاوکراوەتەوە.