Home دیمانەو گفتوگۆگفتوگۆی ماڵپەڕی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەگەڵ عبداللە مەحمود سەبارەت بەپرۆژەی یاسای کاری ڕۆژنامەنووسی لەکوردستان

گفتوگۆی ماڵپەڕی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەگەڵ عبداللە مەحمود سەبارەت بەپرۆژەی یاسای کاری ڕۆژنامەنووسی لەکوردستان

by Abdulla Mahmud

 سازدانی: نوری بەشیر

 نورى بەشیر: پرۆژەى ڕێکخستنSolentro_egen_bokی کاری ڕۆژنامەگەری لەکوردستان کە سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى کوردستان ئامادەی کردبوو، دوای ئەوەی خرایە بەردەم پەلەمانى کوردستان، پەرلەمان دوای ئاڵۆگۆرێکی تر بەباری دواکەوتوییدا، پەسەندی کرد. پاشان سەرۆکی هەرێم ئیمزای نەکردو نێردرایەوە بۆ پێداچونەوە. پێتان وایە ئەمە ئەنجامى ناڕەزایەتیەکى زۆرە بەدژى ناوەرۆکى ئەو پرۆژەیە، یان بابڵیم ڕاگرتن و ناردنەوەی بۆ پێداچونەوە لەکوێوە سەرچاوەى گرتووە؟

عبداللەمەحمود: پرۆژەی”ڕێکخستنی کاری ڕۆژنامەگەری لە کوردستان” کەسەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ئامادەیان کردبوو، پرۆژەیەک بوو کە مایەی نیگەرانی ڕۆژنامەنووسان و خەڵکی ئازادیخوازو قەڵەمدۆست و ڕوناکبیردۆست بوو. پرۆژەیەک بوو کە نە بۆ ڕێکخستنی کاری ڕۆژنامەنووسی لەکوردستان، بەڵکە بۆ کۆنترۆڵکردن و جڵەوکردنی فەزای کاری ڕۆژنامەگەری و ئازادی رۆژنامەگەری بوو، بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکەش کۆدە کۆنەکە کە کۆدی پاراستنی داب و نەریت و پاراستنی ئاسایشی گشتی و …. دیسان کرابووە مەرج بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی.

 پەرلەمان ئەم پرۆژە یاسا پڕتاریکی و شەوەزەنگەی ناودنیای ڕۆژنامەگەری کە سەندیکا ئامادەی کردبوو لاکەم بوو، بۆیە لەلایەن پەرلەمانەوە ئەوەندەیتر تاریکترکراو ئەوەندەیتر کۆت وبەند پاشفەڕویی بۆ زیادکرا. سەرباری ناڕەزایەتی ڕۆژنامەنووسان و بەرەیەکی فراوانی ناودنیای ڕوناکبیری بەڵام پەرلەمان یاساکەی پەسەند کرد و ئەوەی بۆی مەسەلە نەبوو ئەو ناڕەزایەتی و دەنگ بەرزکردنەوەیە بوو کە بەدژی یاساکە بەرزبۆوە.

بێگومان ئەگەر ناڕەزایەتی ڕۆژنامەنوسان و دەنگی ڕوناکبیری کۆمەڵگا نەبوایە بەرامبەر بە تاریکستانی ئەم یاسا دواکەوتوانەیە، ئێستا ئەم یاسای کاری ڕۆژنامەنووسییە لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە پەسەند دەکراو دەبووە چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ دەمکوتکردنی هەموو ڕۆژنامە و گۆڤارو میدیا دەستەمۆنەبووەکانی تائێستای کوردستان،  وە دەبووە هۆی  قفڵدان لەهەموو ئەو قەڵەمانەی کە”نا”یان بە وەزعیەتی مەوجود و باو و زاڵی کۆمەڵگا و دەووت و دەنگی ڕابونی ناڕازیانی کۆمەڵگایان لەهەرچی زیاتر بە چەکی غرامە و چەک و گوللە گەرم، خامۆش دەکردەوە.

دیارە ئەم کێشمەکێشە درێژەی هەیە، ئەم پرۆژەی یاسای کاری ڕۆژنامەنوسییە کە ڕەتکرایەوە یەکەمین پرۆژە نییە کە بەشێوەی هەمان یاساکانی پێشوو پیرۆزیەکانی ئازادی تاکەکان و پێوانە ئینسانیەکان و ڕەوشت و دابو نەریتە مۆدیرنەکانی دنیای هاوچەرخ، دەکاتە قوربانی بە پیرۆزڕاگرتنی دین و نەتەوەو سمبولەکان و مێژووی سەرکردەکان و دابو نەریتی گشتی….تاد.

بێگومان ئەم داب و نەریتە گشتیانە ئەوانەنین کە وەک هەندیک لە ڕۆژنامەنووسان دەڵێن لاستیکین، بەڵکە بەڕۆشنی ئەم داب ونەریتە گشتیانە، ئەو سونەت و ڕەوشت و داب و نەریت و یاسا و ریسا دەستو پێگیرانەن، کە کۆمەڵگایان بە دواکەوتووی هێشتۆتەوەو کۆسپی گەورەی بەردەم ئازادی و مافە فەردی ومەدەنیەکانن. ئەو بیروباوەڕو داب و نەریتە باوانەش میراتی دەست پێوەگیراون لەلایەن دەسەڵاتەوە. مارکس دەڵێت بیروباوەڕو داب و نەریتی زاڵ لەهەرکۆمەڵگایەکدا بیروباوەڕی چینی دەسەڵاتدارە. بەم مانایە پرۆژەی یاسای کاری ڕۆژنامەنووسی ڕەخنە لەو بیروباوەڕە زاڵ و هەموو ئەویاساو ڕیسایانەی دەسەڵات بەزەبری هێزو چەکی فریودان و دەمە زەردکردنەوەی داب و نەریت و سونەتە کۆنەپەرستە میژوویەکان، دایان سەپاندوەو بەرگری لێدەکەن قەدەغە ئەکات، و بە هێڵی سوری دائەنێن.

هەتا ئەگەر سەندیکای ڕۆژنامەنووسان کە موچەخۆری دەسەڵاتە لەو نێوەدا نەخشێکی ناتەندروست و لەوەش واوەتر کۆنەپەرستانەی هەبێت، ئەوا پەرلەمانی کوردستان ئەم پەرلەمانەی کە هیچ نەخشێکی ئیجابی بەوێنەی پێکهاتەیەکی یاسایی و دانپیانراوی نێودەوڵەتی نییە، کەچی ڕوو بەدەنگ و سەکۆی ئازاد و ڕۆژنامەگەری لەکوردستان ئەوپەری لێهاتووی و بوێری لەخۆی نیشان ئەدات و لەوێوە ئەیەوێت بەدنیای دەرەوەی نیشانبدات کە شتی لەدەست دێت و هەنگاوی بوێرانە ئەنێت!!. بەم هەڵویست و کارنامەشی بۆ سەدەمین جار نیشانیدایەوە کە تروسکایەک لە پێشکەوتنخوازی تیا نییە، نوێنەرەوەی خەڵکی پێشکەوتنخوازی کۆمەڵگا و کەلتوری هاوچەرخ نییە، بەڵکە بەکردەوە نوێنەری کەلتوری دەسەڵاتێکی دواکەوتوانەی تاسەر مۆخە.

هۆکاری بنەرەتیش کە وایکرد ئەم یاسایە ڕابگیرێت و سەرئەنجام ئیمزا نەکرێت، بەرلەوەی خێرو سەدەقەی سەرۆک و سمبولی سبەی کەلتوری ئایندەی دەسەڵاتی حزبی بێت، ئاکامی دەنگ هەڵبڕین و ناڕەزایەتی بەشێک و ئۆردویەک لە ناڕەزایەتی واقعی کۆمەڵگا لە پێشیانەوە ڕۆژنامەنووسان و دەنگە بوێرەکانی ناوپانتای ڕۆژنامەگەری و ڕۆشنبیری کوردستان و بەرەی رادیکاڵ و مۆدیرن بوو.

وە ئەگەر بڕیاربێت ئەم یاسای کاری ڕۆژنامەنووسی یە بە کلک و گوێکردنێکی ڕوکەش جارێکیتر پەسەند نەکرێت، ئەوا پێویستی بەوەڕێخستنی بزوتنەوەیەکی ڕۆژنامەگەری بەهێزی بەردەوام هەیە، بۆ خستنەکەناری یاساکەو دارشتنی یاسایەکی تر کە ڕۆژنامەنووسانی ڕادیکاڵ و پێشکەوتنخوازی ئامادەی دەکەن و بەهێزی واقعی و فراوانی سەراسەری دایئەسپێنن. چونکە ئەم پرۆژە یاسایە لە بنەرەتەوە قابیلی چاکسازی نییە.

نورى بەشیر: ئێوە پێتان وایە لەئێستادا دەبێ یاساى ڕۆژنامەگەرى لەکوردستاندا چۆن بێت. ئایا حکومەتى هەرێم دەتوانێ دەستبەرى یاسایەکى وا بکات بەفعلى یاساى ڕۆژنامەگەرى بپارێزێ، ئەگەر نا بۆ؟

عبداللە محمود: یاسای کاری رۆژنامەنووسی لەکوردستان پێویستە یاسایەکی کراوە و مۆدێرن  و ئینسانی بێت. یاسایەک بێت کەزامنی ئازادی بێئەملاولای چاپەمەنی و ڕۆنامەگەری و بەیان و بیروباوەرو بڵاوکردنەوە. و لەوەش واوەتر زامنی دەستڕاگەیشتنی ڕۆژنامەو ڕۆژنامەنوسان بێت بۆ دەسکەوتنی زانیاری و ئاگاداربوون لەحەقیقەتی هەموو لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئیداری و ئابوری و فەرهەنگی و پەروەردەیی و ئەو ڕوداوو کێشانەی ناوکۆمەلگا. قەدەغەکردنی سانسۆر بەهەموو شێوەیەک لەسەر ڕۆژنامەو میدیاکان، دەستهەڵگرتنی دەسەڵات لە کۆنترۆڵکردنی بەڕێوەبەری میدیاکان و ڕۆژنامەکان و گوشار بۆ هێنانیان. وە بەڕەسمی ناسینی ئازادی بئ قەیدوشەرتی ڕەخنەگرتن و لەهەموو لایەنە سیاسی و حزبی و ئیداریەکان، وگەندەڵییەکان، بەرپرسان و سەرکردەی ئەحزابەکان و مێژوو کارکردیان،  ڕەخنەگرتن لەهەر کەلتورو ئەخلاقیاتێکی کومەڵگا، وە قەدەغەکردنی بە پیرۆزڕاگرتنی هەر بیروباوەڕو مقەدەساتێکی قەومی و دینی و نیشتیمانی و ڕەمزەکانی……. لەبەرامبەر دەربرینی ئازادانەی تاکەکان و ڕۆژنامەنوساندا.

وە یاسای کاری ڕۆژنامەنوسی لەکوردستان لە جێگای ئەوەی سنور بۆ ڕەخنەو ڕادەربڕینی ڕۆژنامەنووسان دابنێت لەژێر “…ناوی پاراستنی داب و سیستەمە گشتییەکاندا، یان لەژێر ناوی زێدەڕۆیی بەرامبەر باوەری یەکێ لە تایفە ئایینییەکان یان بەکەم زانینی دروشمەکانی یان سوکایەتی بە سومبولەکانی…”* وە سزادانی ڕۆژنامەنووسان لەوحالەتانەدا، پێویستە یاسایەکی مۆدێرنی وا پەسەند بکرێت کە ڕەگەزپەرستی و و نەژادپەرستی و پیاوسالاری و داب ونەریتی دواکەوتوانەی تەفرەقە ئامێز و سوکایەتی ئامێزو ….یاساغ بکات و سزای پێویستی بۆ دابنێت. وە ئەرکی میدیاو ڕۆژنامەنووسانی ئازادیخوازو پێشکەوتنخوازی کۆمەڵگایە کە ڕۆژنامە و میدیاکان بە ئاراستەی ڕەخنە لە بیروباوەرو داب و نەریت و ئەخلاقیاتی زاڵ بەسەر کۆمەڵگادا، یەکێک لە لایەنە بەرجەستەکانی تێکۆشانی ڕۆژنامەنوسیان بێت.

 ئەوە کە حکومەتی هەرێم دەتوانێ دەستەبەری یاسایەکی ئاوابکات، ڕاستیەکەی ئەوەیە کە حکومەت دەستەبەری یاسایەکی ئاوا نابیت و هیچ دەسەڵاتێکیش ئەمەی نەکردووە، بەڵکە ئەوەی کە بتوانرێت یاسایەکی پێشکەوتنخواز بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی پەسەندبکرێت، پێویستی بە وەڕێخستنی بزوتنەوەیەکی ڕۆژنامەنووسی فراوانی پێشکەوتنخوازە کە دای بسەپێنێت. لە دنیاشدا ئەگەر میدیا و ڕۆژنامەنووسی ئازاد بەمانایەک هەیە و کۆسپە دەست و پێگیرەکانی وەلاناوە بەرهەمی خەبات و تێکۆشانێکی نەپساوەی کۆمەڵگا و بزوتنەوە ڕادیکاڵ و پێشکەوتنخوازیەکانی و دەنگی ڕەسای رۆژنامەنوسان و نووسەرانی تابۆ شکێنە. بەداخەوە ئێمە تائێستا بزوتنەوەیەکی ئاوامان نەک نییە، بەڵکە زۆرێک لە ڕوناکبیرو ڕۆژنامەنووسانی کۆمەڵگای کوردستان لەلایەک باسی دیموکراسی و ئازادی ڕادەربرین و پێشکەوتنخوازی ئەکەن لەلایەکی ترەوە خەریکی سازش و ستایشی کۆنەپەرستی قەومی و دینی و تەنانەت دەمارگیری زمانەوانین، باسی نەخشی مەلاو زانایانی ئاینی دەکەن بۆ بەرگرتن بەتوندو تیژی لەدژی ژنان و هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگا!!.

باسی زۆری سزاکان مەبلەغی سزاکان، کێشەیانە نەک ناوەرۆکی کۆنەپەرستانەی یاساکە…تاد.

لەهەموو ئەوانەش واوەتر ناکرێت سیستەمێکی بنیاتنراو و یاسایی نەبێت، سیستەمێک نەبێت کە خەڵک دەورو نەخشی ڕاستەوخۆیان لەبنیاتنان و بەڕێوەبردنیدا هەبێت و چاوەڕی ئەوەش بکەێت یاسایەکی مۆدێرن ئەم دەسەڵاتە ملی پێبدات. ڕاستیەکەی لەگەل ئەوەدا کە جێگیرکردنی یاسای کاری ڕۆژنامەنووسی پێشکەوتنخواز پێویستە، پەرلەمان و حکومەتێکی پێشکەوتنخوازو یاسایی کەجێگای ئەم حکومەت و پەرلەمانە نایاساییەی دەسەڵاتی یەکیتی و پارتی بگرێتەوە سەد بەرابەر پێویستە.

بەمانایەکی تر بڵێم پێوستیەکی جدی ئەوەیە کە لەکاتێکدا دەبێ هەموو هەوڵ و تواناو خەباتێک بۆ دارشتنی یاسایەکی پێشکەوتنخوازانە بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی و باقی یاساکانی تر بەردەوامی پێبدرێت، هاوکات پێویستە ئەم تێکوشانە بۆ وەلانانی پەرلەمانێکی بێدەربەست و سەروخەڵکی و نایاسایی و دواکەوتوانەش  دەست پێبکات.

نورى بەشیر: ئایا حکومەت و پەرلەمانى کوردستان بۆچى ئەو پرۆژەیان ڕاگرتوە، وە  بە ڕەئى ئێوە سەندیکاى ڕۆژنامەنووسان لەکوێى بەرگرى لەماف و داواکانى ڕۆژنامەنووساندا وەستاوە.

عبداللە محمود: ئەم پرۆژە یاسایە پەرلەمان ڕاینەگرت بەڵکو پەسەندیکرد. چونکە کێشەیەکی لەگەڵ ناوەرۆکە دژی ئازادیەکەی نەک نەبوو، بەڵکە ڕازی نەبوو بە پرۆژەکە بەوجۆریەی سەندیکا پەسەندی کردبوو، بۆیە دوای ئەوەی سەندیکا پرۆژەکەی ڕەوانەی پەرلەمان کرد، پەرلەمان ئەو پرۆژە کەم وکوڕو پرمەرج و ئەمماو ئەگەرەی کلک و گوێ کرد و کردیە تەیرێکی عەنتیکەی وا کە نمونەکەی لە ووڵاتانی چنگ بەخوێنی دژی ئازادی زۆرن.

ئەوەش کە سەرۆکی هەرێم ڕایگرت پەیوەندی بەو نارەزایەتیە فراوانەوە هەبوو کە شەقامی کۆمەڵگا بەگشتی و لە پێشیانەوە ڕۆژنامەنووسان و ژمارەیەک گۆڤارو هەفتەنامەو ڕۆژنامە دەستیان پێکردو هەڕەشەی ڕاگرتن و داخستن، یان هەڵبژاردنی مەنفایان بۆ دەرکردنی ڕۆژنامەو گۆڤارەکان و گەڕانەوە بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی نهێنی، هێنایە ئارایەوە کە ئەمە تاڕادەیەک نیشانەی تەڵاقدانی ناڕەسمی دەسەڵات و دورکەوتنەوەی دەگەیاند. جگەلەوەش ئەمە لەسەرئاستی ڕای گشتیش ڕەفر کرایەوە، سەرۆکی هەرێم کاتێک ئەم ناڕەزایەتی و هەڵوێستەی بینی، ئامادەنەبوو ئیمزای بکات. ئێستا ئەم پرۆژەیە ڕەوانەی پەرلەمان و لیژنەی یاسایی پەرلەمان دەکرێتەوە و بێگومان ئەوانیش هیچ ئاڵوگۆرێکی بناغەیان بۆ پرۆژە یاساکە لە هەگبەدا نییە، لەوانەیە دیسان کلک و گوێی بکەن و سەرۆکیش جگە لەجاریک حەقی ئەوەی نییە ئیمزای نەکات و بیگێرێتەوە پەرلەمان، بەمانایە کێشمەکێشەکە لە ئاستێکی تردا درێژەی دەبێت. سەرئەنجام ئەگەر بزوتنەوەیەکی گەورە بەدژی پرۆژە یاساکە ومەبنایەک کە پرۆژکەی لێدەرکێشراوە وەڕێنەخریت، بەکەمێک ئاڵوگۆڕی مەتاتی و ڕوکەشەوە دایئەسەپێنن.بۆ چوونە ئەم نەبەردە ئامادەیی ڕێکخراو سەراسەری ئەوێت.

تائەو شوێنەی پرسیارەکە ئەوەیە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لەکوێی بەرگرى لەماف و داواکانى ڕۆژنامەنووساندا وەستاوە، بەسادەیی دەتوانین بڵێین سەندیکا لە پاڵ دەسەڵاتدا وەستاوە بەرامبەر بە ماف و داخوازی ڕۆژنامەنووسان.

سەندیکایەک موچەخۆری دەسەڵاتی حزب بێت، هەرگیز ناتوانێت سەندیکایەک بێت لەپاڵ ڕۆژنامەنووسان و ڕەوتی پێشکەوتخوازی دژی دەسەڵاتدا بوەستێت. تەجروبەش شاهیدی ئەم ڕاستیەیە، لەوەتەی ئەم سەندیکایە هەیە، بەدەیان ڕۆژنامەو ڕۆژنامەنووس و پەیامنێر تووشی هەڕەشەو چاوسورکردنەوە، داخران و سزادان، و تەنانەت زیندانیکردن بونەتەوە، سەندیکا چونکە لەپاڵ دەسەڵاتدایەو وەسیلەی دەسەڵاتە بۆ سەرکوتی ڕوژنامەگەری ئازادو پێشکەوتنخواز مێشیش میوانی نەبووە، کوا دەنگی سەندیکا لەبەرامبەر ڕاگرتنی گۆڤاری بزاو، کوا هەڵوێستی لەبەرامبەر لابردنی سەرنوسەری ئاسۆ… کە لە دوومانگی رابردودا بەبەچاوی سەندیکاوە ڕویانداوە؟ بۆیە سەندیکا لەمەیدانی کاری ڕۆژنامەنوسیدا سەنگەری بەرگری لە ڕۆژنامەی حزبی و نووسەرانی حزبی دەسەڵاتدارە لەبەرامبەر دەنگی ڕەسای ڕۆژنامەنووسانی ئازاد و ڕۆژنامەی سەربەخۆو و نیمچە سەربەخۆ و ڕۆژنامەی ئەحزاب ولایەنی تری دەرەوەی دەسەڵات. ئێستا بەم تەجروبە زیندوانەوە سەندیکا شوێنی دیارە.

 21-12-2007

  • لە پرۆژەی کاری یاسای ڕۆژنامەنووسیەکە وەرگیراوە. مادەی دووەم خاڵی یەکەم و مادەی دەیەم بەندی ه.

لەوانەیە تۆ ئەمانەشت بە دڵ بێت

لێدوانێک بەجێ بهێلە