عبداللە مەحمود: لەوەڵام بەدووپرسیاری بڵاوکراوەی ئۆکتۆبەردا، سەبارەت بە پێکهێنانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان
ئۆکتۆبەر: حزبى پێشوو لەماوەى 13 سالڕ کارو هەڵسووڕانیدا کۆمەڵێک دەسکەوتى سیاسىء هەروەها کێشمەکێش و تەنگژەى سیاسیش بۆ حزبى ئایندە بەجێدێڵى (بۆ نموونە تەنگژە لەگەلڕ یەکێتى نیشتمانى کوردستان، بەڕادەیەکیش لەگەلڕ پارتى، وە بەڕادەیەکى زۆر زیاتر لەگەلڕ رەوتء تاقمە ئیسلامیەکاندا)، بەڕاى تۆ حزبى تازە دەبآ چۆ مامەڵە لەگەلڕ ئەم میراتەدا بکات، وە مامەڵەى لەگەلڕ حزبە دەسەڵاتدارو ناسیۆنالیست و ئیسلامیەکاندا چۆن بێت؟
عبداللە مەحمود: دەسکەوتەکانی 13 ساڵەی ڕابردوی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق، سەرمایەی سیاسی و عەمەلی پرشنگداری بزوتنەوە و ڕەوتی ئێمەیە، کۆمەکێکی گەورە بە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان دەکات و دەبنە سەرمایەی کاری داهاتوومان.
تائەوجێگایەی باسی تەنگژە لەگەڵ یەکێتی و پارتی و لایەنەکانی تر دەکرێت، ڕاستییەکەی ئەوەیە من تەنگژە و کێبەرکێی سیاسی لە حەیاتی سیاسی ئەحزابدا، بەشتێکی حەرام نازانم و ئاساییترین حاڵەت ئەوەیە کە حزبە سیاسیەکان لە کێشمەکێش و ململانێدابن لەگەڵ یەکتر بەڵام لە پەیوەند بە کێشەکانی خەڵکی لەپێناو دابینکردنی داخوازی و مافەکانیانیدا.
بەداخەوە لەکوردستان پەیوەندی ئەحزابیش وەکو زۆر شتی تر پەیوەندیەکی لینگەو قوچە، پەیوەندیەکی نانۆرمال و نەخوازراوە، کە پێویست دەکات ڕێکبخرێتەوەو نورمال بکرێتەوە. دەبێ ئەم قاڵبە تێکبشکێنرێت کە دەڵێت یان لەگەڵمی، یان لەدژمی و دوژمنی، یان پشتیوانی لە سیاسەت و هەڵوێستگیریەکانم دەکەیت یان تۆ دژیت و حەقی کارکردن و مۆڵەتی هەڵسوڕانت لەم جغرافیایەدا نییە. بەڕاستی ئەم مامەڵە ناتەندروستە، هێندەی تر فەزای کۆمەڵگای کوردستانی ناتەندروست ڕاگرتووە.
من پێم وایە ئەرکێکی گەورە لەبەردەم ئێمەو هاوکات هەموو ئەو حزب و لایەنە سیاسیانەی کە خۆیان بەمۆدێرن و دیموکراتخواز ئەزانن، ئەوەیە کەبێن ئەم فەزا ناسالم و ناتەندروستە تێکبشکێنن، پەیوەندی ئەحزاب لەگەڵ یەکتر مۆدێرن بکەن، مۆدێرن بەومانەیەی ئۆپۆزیسۆن مانای واقعی هەبێت، و ڕێز لە ئەحزابی ئۆپۆزیسیۆن بگیرێت و فەزای بۆ ئاواڵە بکرێت تا نەخشی هەبێت لە ئاڵوگۆرهێنان بە سیاسەت و کاروکردەوەی دەسەڵاتدا و هەمیشە وەکو هێزێکی چاودێرو گوشارهێنەر لەمەیداندابێت. نابێ پەیوەندی ئەحزاب لەسەر بنەمای بەشان باڵی یەکتردا هەڵدان و تەشریفاتدا ڕێکبخرێت، ئەحزبی سیاسی مۆدێرن لەکاتێکدا کە پەیوەندیان لەگەڵ یەکتردا هەیە، هاوکاتیش ڕەخنە لە سیاسەت و کاروکردەوەی یەکتر دەگرن و بەرنامەو سیاسەت و هەڵویستگیری جیاوازی خۆشیان ئەخەنە بەردەم کۆمەڵگا، هەر ئەم جیاوازی سیاسی و هەڵوێست گیریە جیاوازانەشە کە وای کردووە ئەحزابی جۆراوجۆر هەبن.
بەداخەوە ئێمە تائێستا لەگەڵ واقعیەتێکی جیاواز لەوە بەرەوڕووین، ئەمە ئەو میراتەیە کە کۆمەڵگای سیخناخ کردووە لەپەیوەندی ناتەندروست. دەکرێ بوترێت زوربەی شەڕە ناوخۆیەکان و تەنگژە سیاسی و سەربازی و دیبلۆماسیەکانی نێوان ئەحزابی سیاسی لەکوردستان، بەرهەمی ئەم فەزا سیخناخەن لە ڕوانین بۆ پەیوەندی نێوان ئەحزابەکان بەگشتی و پەیوەندی نێوان حزبی دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆن بەتایبەتی.
تەنگژەی نێوان ئەحزابی دەسەڵات بەدەستی کوردستان لەگەڵ حزبی کۆمۆنیستی کریکاری عێراقدا بەر لەهەموو شت ئاکامی ئەم مامەڵەی نادروستەی ئەحزابی دەسەڵاتدار بووە لەگەڵ حزبی جیاواز بەخۆیان بەگشتی و جیاواز بە سیاسەت و هەڵوێستگیری و کاروکردەوەیان بەتایبەتی.
بەداخەوە حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان” یەکێتی و پارتی” تائێستاهەموو هەوڵیان بۆئەوە بووە کە هیچ حزبێکی دەرەوەی خۆیان “نا” بە سیاسەتیان، بەهەڵوێستیان لەپەیوەند بەڕوداوەکانەوە، بە پلاتفۆرمیان، بەنەخشەکانیان، بە کارکردیان، بەڕەمزەکانیان، بە مێژوویان، نەڵێت و تەقریبەن ئەمانە هەموو وەکو هێڵی سور خراونەتە بەردەم ئەحزابی ترەوە، ئەمە ئەم میراتە ناشیرینەیە کەدەبێت ئیتر میراتگری نەبێت.
لە کاتێکدا کە ئێمە خەریکی پێکهێنانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستانین، دەزانین کە لەگەڵ میراتێکی لەم چەشنە ڕوبەڕووین، من پێموایە یەکێک لە ئەرکەکانی بەردەم ئێمەو هاوکات سەرجەم حزبە سیاسیەکانی کوردستان ئەوەیە کە تەجاوەزی ئەم مێژووە لە پەیوەند بە پەیوەندی ئەحزاب و ئۆپۆزیسۆن بکەن و لاپەرەکی نوێ بکەنەوە، لاپەرەیەک کە ساحەی سیاسی کوردستان بە بارمتە نەگیرێت و دوورو نزیکی حزبەکان لەگەڵ یەکتری لەسەربنەمای ستایش و پیاهەڵدان و تەشریفات بینانەکرێت و لەجێگای ئەوە ئازادی بێئەملاولای هەڵسوڕانی ئەحزاب بەڕەسمی بناسرێت، کێبەرکێی ئەحزاب متمەدینانە بێت، ئۆپۆزیسۆن بوون دیاردەیەکی باوو جوانی دنیای ئەم سەردەمەیە و هێلە سورەکانی بەردەم ئەم دیاردەجوانە دەبێ لاببرێن.
ئێمە خوازیاری پەیوەندی سالمانەو شارستانیانەی بێقەیدوشەرتین لەگەڵ هەموو حزب و لایەنە سیاسیەکانی سەرساحەی سیاسی کوردستان، دوورو نزیکی هەر حزب و لایەنێکی سیاسیش بەخۆمان بە ڕێزگرتن لە ئازادی سیاسی و مافە فەردی و مەدەنیەکانی خەڵکی کوردستان دەپَیوین. بەهەرئەندازە حزبێک ڕێز لەئازادی سیاسی و مافە فەردی و مەدەنیەکانی خەڵکی کوردستان بگرێت و لەپاڵ خواست و داواکاریەکانی خەڵکیدا وەستابێت، بەهەمان ئەندازە ئەو حزبە نزیک لەخۆمان ئەزانین.
تائەوجێگایەی بە دۆسیە زۆر تایبەتیەکانی نێوان ئێمەو پارتی و یەکێتی، بەتایبەتیش یەکێتی نیشتمانی دەگەڕێتەوە، ئەم دۆسیانە کراوەن و ئێمە خوازیاری لێکۆلێنەوەو لێپێچینەوەی عادلانەو یاسایی ئەو ڕووداوانەو قەرەبوکردنەوەی هەمەلایەنەیانین بە تایبەتیش ئەو تەنگژانەی کەچەک تیایدا بەکارهاتووەو هاورێیانێک تیایدا بۆنەتە قوربانی.
ئۆکتۆبەر: تۆ لەوەڵام بە ژمارەیەک بەڕێزدا و لە ووتارێکدا ئەڵێیت کە پێداویستی پێکهاتنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، بڕیاری لەپێشدا لەسەردراوی هیچ حزب و هێزو گروپێکی دیاریکراو نییە، بەڵام بەدوای ئەم ووتارەی تۆدا مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق بەیاننامەیەکی دەرکرد کە تیایدا هاورێیانێک راِدەسپێرت بۆ پێکهێنانی ئەم حزبە، تۆ چۆن ئەم ناکۆکی یە وەڵام ئەدەیتەوە؟
عبداللە مەحمود: ڕاستیەکەی ئەوەیە کەمن لەوبارەیەوە ناکۆکییەک نابینم، پێکێهێنانی هەر حزبێکی سیاسی بەرئەنجامی پێداویستی سیاسی و کۆمەڵایەتی و چینایەتی کۆمەڵگایە، حزب بە فتوادان و بانگەشە، بە ئیشتیاق و… پێک نایەت ئەگەر پێداویستی یە سیاسی و کۆمەڵایەتی و چینایەتی یەکەی هاوکات ماتریاڵە زاتیەکەی ئامادەنەبێت.
کۆمەڵگای کوردستان، ئێستا کۆمەڵگایەکە بە تایبەتمەندێتی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی چینایەتی وئیداری و تەنانەت کەلتوری خۆیەوە، کۆمەڵگایەکە بەناحەق بەهۆی هەلومەرجێکی نەخوازراوی عێراق و ناوچەکەوە و لەسەرو ئیرادەی خەڵکەکەیەوە تائێستا لەچوارچێوەی عێراقدا ڕاگیراوەو بەزۆریش هەوڵئەدرێت پێوەی بلکێنرێتەوە لەکاتێکدا لەدنیای واقعیشدا کوردستان کۆمەڵگایەکی دابراوە بەوێنەی ووڵاتێکی سەربەخۆ بەڵام دانپیانەنراو لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیدا، و هەر بەوجۆرەش مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
هەر ئەم تایبەتمەندیەشە وای کردوەو بیرمەندان و لێکۆڵەرەوە سیاسیەکانی دنیا باس لە دابەش بوونی عێراق بکەن. لەکوردستانیش بزاوتی سەربەخۆیی بە بەرجەستەیەکی زیاترەوە لەمەیداندابێت و ئەحزابیش تۆختر لەجاران مەسەلەی سەربەخۆیی بەگوێی دنیا و دەوروبەردا بدەن.
ئەم تایبەتمەندیتی یە واقعی یە، بەهەمان ئەندازە کە ئێستا جێگای ڕامانی دنیاو سەرجەم ئەحزابی بورژوازی کوردستانە، زۆردەمێکە جێگای ڕامان و هەڵوێستەی کۆمۆنیزم و بزوتنەوەی کریکاری و سوسیالیستییە.
لەدڵی واقعیەتێکی ئاوادایە کە کۆمۆنیزمی مارکس” کۆمۆنیزمی کریکاری” کە خاوەنی حزبی خۆیەتی لەعێراقدا،حەقیەتی لەپێش هەموو لایەن و کەسێکدا بە فکری وەڵامدانەوە بە واقعیەتی پاڵدەستی خۆیدا بێت، و هەلویست و ڕاسپاردەی خۆی بۆئەم واقعیەتە بەیان بکات.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق جگە لەم دەورە ڕاسپاردەیی یە بۆ پێکهێنانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان زیاتر هیچ هەنگاوێکی بڕاوەو بڕیار لەپێشدا لەسەر دراوی سیاسی و تەشکیلاتی و حقوقی،، نەداوە. تەنانەت بەیاننامەی مەکتەبی سیاسی نەیوتووە بەیانی پێکهێنانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، یان بەیانی دروستکردنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، بەڵکە ئەمە تایتلەکەیەتی، “بریارنامە سهبارهت به پیویستى پیکهینانى دهستبهجێى حیزبى کۆمۆنیستى کرێکاری کوردستان ” واتە ئەمیش باس لەو پێداویستی یە ئەکات و فاکتەکانی ئەم پێداویستیە بەیان دەکات و پاشان ڕاسپاردەیەک دەدات و لەم ڕاسپاردەیەشدا دیسان لەبرگەی دوودا دەڵێت:…. لهگهل کهسایهتیو کۆڕوکۆمهڵه کرێکاریو چهپو رادیکاڵو ئازادیخوازهکان پهیوهندیو گفتوگۆ بکرێتو بانگهێشت بکرێن بۆ بهشداریکردن لهپرۆسهى پێکهێنانى حیزبو یهکگرتوو کردنى ریزى چهپو کۆمۆنیزم له چوارچێوهى ئهم حیزبهدا….
ئیتر ئەمە ڕۆشنە کەحزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق، بەپرسانە مامەڵەی لەگەڵ پرسی پێکهێنانی حزب دەکات و ڕێگەی بانگهیشت و بانگەواز ووتوێژو گفتوگۆ دەخاتە بەردەم هەموو کەسایەتی و کۆروکۆمەڵە کرێکاری و چەپ و ڕادیکالەکان بۆئەوەی لەپرۆسەی پێکهێنانی ئەم حزبەدا بەشدار بن. کەواتە ئەمە حزب نییە کە حزب دروست دەکات، ئەگەر بریار بوایە ئەم حزبە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عیراق بەتەنها پێکی هێنابا ئەوا پێویستی بەو بەیانەو بەم ختابە نەدەکردو بەبەیاننامەیەک دەکرا ئەم حزبە بکرێتە دووبەشی کوردستانی و عێراقی و ریکخستنەکانیش بەئیختیاری خۆیان لەگەڵ یەکێک لەم بەشانەدا درێژەیان بەکاری سیاسی و ڕێکخراوەی خۆیان ئەدا.
ئەم دەسپێشکەری یەو بەرپرسیایەتی لەخۆنواندنە پاساو بۆ کەس ناهێلێتەوە بۆخۆپەراوێز گرتن لەپرۆسەی پێکهێنانی ئەم حزبەدا. خۆپەراوێزخستن و خۆدورگرتن لەپرۆسەی پێکهنانی ئەم حزبەدا، ئەم حەقە ئەدات بە کادرانی حزبی کۆمۆنیستی کریکاری عێراق کە بەرپرسیاریەتی دەورەکە درک بکەن و دەست پێشکەری پێکهینانی ئەم حزبە بکەن، دیسانیش لەچوارچێوەی یەکخستن و یەکگرتووکردنی ڕیزی چەپ و کۆمۆنیزمدا بەردەوامی بدەن بەهەوڵەکانیان، بەڵام ناشکرێت پرۆسەی پێکهێنانی ئەم حزبە بەهۆی بەشدارنەبوونی هەموو کۆڕو کۆمەڵەکان یان هەموو کەسایەتیەکان، بسپێردرێت بەمەحاڵ و لە چاوەڕوانی گۆدۆدا ڕابگیرێت.
بۆیە ئێمە خەریکین وبەبەردەوامی بانگەوازی هەموو کۆروکۆمەڵ و کەسایەتییە چەپ و مارکسیستیەکان دەکەین تا هەرچی زووە بێن لەگەڵ ئێمە بۆ پێکهێنانی ئەم حزبە قۆڵی کۆمۆنیستانە و خەباتکارانەی لێهەڵبماڵن و وەڵام بە پێداویستیەکی زۆر پێویستی کۆمەڵگای کوردستان بدەنەوە.