ڕۆژی وڵات: ئایا ئەم دانیشتنانە دەتوانێ پرسەکان چارەسەر بکات یان نا؟
عەبدوڵا مەحمود: من ڕام وانییە کە ئەم دانیشتنانە پرسەکانی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکات، چونکە پرسەکانی خەڵکی کوردستان لەگەڵ خواستی ئەم پێنج لایەنە نایەنەوە. خەڵکی کوردستان و ناڕەزایەتی شەقام بۆ ئاڵوگۆڕی بنەڕەتییە لە سیستەمی سیاسی و ئیداری و شێوازی حکومڕانی، لەکاتێکدا دەسەڵات و ئەو لایەنە ئۆپۆزیسیۆنانە نەک لەگەڵ ئەم خواستە نیین، بەڵکە بە کردەوە دژایەتی دەکەن. ئەم لایەنانەی ئۆپۆزیسیۆن دەیانەوێ بەشی حزبی خۆیان لە دەسەڵات بپچڕن، بەڵام خەڵکی کوردستان چاویان بریوەتە ئایندەیەکی خۆشگوزەران و پڕ ئازادی، بۆیە ئەم ئۆپۆزیسیۆنە هیچ جیاوازییەکی بنەڕەتیان لەگەڵ حزبە حکومڕانەکانی کوردستاندا نییە، ئەم دانیشتنانەش ئەگەر بتوانێت تاڕادەیەک دوخی نێوانیان ئاسایی بکاتەوە، یان بتوانێت درز بخاتە ناو سێ هێزەکەی ئۆپۆزیسێۆن، یان بەشداری پێکردنیان لە حکومەتدا مەیسەر بکات، بەڵام ناتوانێ پرسەکانی شەقام و خواستی خەڵکی کوردستان وەڵام بداتەوە. چارەسەری پرسەکانی خەڵکی کوردستان تەنها لە ڕێگای گوشاری جەماوەرییەوە دەکرێت دابسەپێنریت، نوێنەرانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و شەقام و رابەرانی دەبێ رێگای خەباتێکی هەمەلایەنەی جەماوەری و سەراسەری بە دروشم و داخوازی ڕۆشنەوە بەدەستەوە بگرن و هێڵی خۆیان لەگەڵ ئەو حزبانە جیابکەنەوە کە تەنها بەدوای ئیمتیازاتی حزبی و بەتەسکی خۆیانەوەن و خواستەکانی شەقام تەنها وەکو کارتی گوشار بۆ پچرینی بەشی خۆیان بەکاردێنن.
ڕۆژی وڵات: بۆچی بەتەنها ئەم پێنج لایەنە دادەنیشن؟ ئایا ئەم کۆمەڵگایە لەم پێنج لایەنە پێکهاتووە؟ بۆچی ناخوازن لایەنەکانی تر و نوێنەری چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بەشدار بکەن؟
عەبدوڵا مەحمود: ئەم پێنج لایەنە دەیانەوێ وانیشانبدەن کە نوێنەری هەموو خەڵکی کوردستانن و ئامادەنیین بەسادەیی لەو راستییە تێبگەن، کە کۆمەڵگا زۆر لە وان گەورەترەوە هیزو لایەنی سیاسی تر، کۆروکۆمەڵی تر، رابەرانی بزوتنەوە نارەزایەتی… لە کۆمەڵگادا زۆرن. هەروەها ئەم لایەنانە ئیرادەی حزب و لایەنە سیاسیەکانی تری دەرەوەی خۆیان و نوێنەرانی خۆپیشاندانەکان و رابەرانی بەرەسمی ناناسن و بەکردەوە دەیانەوێ لە مەیدانی سیاسی دا، کەناریان بخەن. ٣ حزبەکەی ئۆپۆزیسیۆن دەڵێن خۆپیشاندانەکانی کوردستان سروشتی بوو، خەڵک کردی، کەچی لەسەروی ئیرادەی خەڵک و چالاکوانان و هەڵسوڕاوانی، خەریکی کۆبونەوەکانیانن. تەنانەت تائیستا تۆمەتبارانی سەرکوت و کوشتاری خۆپیشاندانەکان لێیان نەپرسراوەتەوە، بەرەسمی ناوەکانیان و تۆمەتەکەیان ڕانەگەیەنراوە، کەچی بەسەر لاشەی لە خوێن هەڵکێشراو بەسەر جەستەی کون کون بووی هەڵسوڕاوانی خۆپیشاندانەکاندا، باز ئەدەن و دانوسانی زنجیرەی دەکەن. ئەمەش نیشان ئەدات کە ئەمانە نە بەشێک نین لە دەنگی نارازی شەقام، بەڵکە لە بنەڕەتدا کۆپی هەمان دوو حزبی فەرمانڕەوان و لەهەمان قوماشن و نزیکایەیەکیان بە داواو داخوازیەکان و بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستانەوە نییە.
ڕۆژی وڵات: سەبارەت بە پرسە نەتەوەیەکانلە ئیستادا کوردستانی بۆچی بیدەنگن؟ ئەم پێنج لایەنە چۆن نزیکی پرسی نەتەوەیی و دیموکراتیەکان دەبنەوە؟
عەبدوڵا مەحمود: یەکێک لە گرفتە زۆر بناغەیەکانی کۆمەڵگای کوردستان، نەبوونی قەوارەی دەوڵەتیە و ئەم هێزو لایەنانەش ئەوەی بۆیان گرنگ نییە، وەڵامدانەوەیە بەم گرفتە. گرفتی نەبوونی دەوڵەت لە کوردستان لە کاتێکدایە کە کوردستان بە کردەوە لە عێراق دابڕاوەو بەهیچ جۆریکیش خەڵکی کوردستان نایەنەوێت ببنەوە بە بەشێک لە عێراقی ئیستا، کەچی ئەم هێزانە ئامادەنین ئاوڕێک لەم پرسە بدەنەوە و لەوەش واوتر خواستی جیاکردنەوەی کوردستان و پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ بە ناواقعی و خەونی شاعیرانە، فەنتازیای سیاسی…تاد، ناودەبەن. تەنانەت ئامادەنین پرسی راپرسی”ریفراندوم” بکەنە مەبنای ریزگرتن لە ئیرادەو خواستی خەڵکی کوردستان تابزانن خەڵکی کوردستان چ بڕیاریک دەدات؟ هەموو هەوڵی ئەم پینج لایەنە بەو ئاقارەدایە کوردستان بکەنەوە بە بەشێک لە عێراق کە لە دنیای واقعیدا هیچ زەمینەیەکی نییە و لە واقعیشدا جەنگێکە لەگەڵ ویست و خواستی رەوای خەڵکی کوردستان کە دەیانەوێ سەربەخۆ بن و خاوەنی قەوارەیەکی دەوڵەتی و سیستەمێکی سیاسی پشت بەستوو بە دەورو بەشداری خۆیان و بن و ببنە وڵاتێکی سکیولاری نادینی.
هەروەها پرسی ئازادی، یەکێکی تر لەو مەسەلانەیە کە هەرکام لەم پێنج لایەنە ناتوانن پیادەی بکەن و بەرەسمی بناسن، ئازادی لای ئەم هێزانە هێندە پاشگرو پێشگری هەیە، هێندە لە ئەمما و ئەگەر پێچراوە، هێندە مقەدەساتی دینی و نیشتمانی، کەلتوری و ئەخلاقی و میژوویی… پێوە لکێنراوە، کە بەکردەوە دەکاتە تەلبەندکردنی ئازادی، هەروەها هەرکام لەم هێزانە هێندە کارنامەی دژی ئازادیان تۆمارکردووە کە بەهیچ شێوازیک ناتوانن حاشا لەکارنامەی خۆیان بکەن.
ئەم هێزانە هەموویان بەشدران لە جەنگی ناوخۆ، هەموویان بەشدران لە خۆشخزمەتی بۆ وڵاتانی ناوچەکە، هەموویان لەسەرکوتی نەیارانی خۆیاندا خەرمانەیەکیان سەریەک ناوە، بۆیە چ لەپرسی سیاسی کوردستان و چ لە پرسی ئازادییەکان و دیموکرسیدا، دەوری سەرکوتی ئازادی و دەوری گوێنەدان بە کێشەی خەڵکی کوردستانیان هەیە. بۆیە ئەمانە دورو نزیک نە لەگەڵ پرسی دەوڵەتسازیدان و نە لەگەڵ ریزگرتن لە ئازدییەکان و مافە فەردی و مەدەنیەکان.
تێبینی: ئەم دیمانەیە لە گۆڤاری رۆژی وڵات ژمارە ٨ ی بەرواری ٢٠/٧/٢٠١١ دا، بڵاوکراوەتەوە.