Home ئەرشیف2010یەکێتی نیشتمانی، قوربانی بانگەشەی زل و پراکتیکی پێچەوانەیە

یەکێتی نیشتمانی، قوربانی بانگەشەی زل و پراکتیکی پێچەوانەیە

by Abdulla Mahmud

 عەبدولا مەحمود

abdulla.mahmud@gmail.comth (2)

وتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە میانەی کۆڕێکیدا لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید، ئاماژەی بەوەدا کە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەگەڵ ئەوەدا کە حزبی قەدەغەن!! کەچی نوسینگەیان هەیە و خەریکی هەڵسوڕانن و ڕابەرانیان لەسلێمانین و ئێمە لەگەڵیشیان دانیشتووین…. بێگومان هەموو ئەو قسانەی بەڕێزیان ڕاستن. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی هەم ڕابەرایەتی لە کوردستانەو هەم خەریکی کارو هەڵسوڕانی خۆیەتی.

بەڵام پرسیار ئەوەیە، هۆی چییە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی لە کوردستان تا ئێستا لەلایەن یەکێتی نیشتمانی و حکومەتەوە هەڵسوڕانی یاسایی قەدەغەیە؟ لەکاتێکدا لەژێر سایەی هەرێمی سەوزو هێزی سوسیال- دیموکراتیدا!، دەبوایە هێزی ڕادیکاڵ وچەپ کۆمۆنیستی هەڵسوڕانی یاسایی بوایە و فرسەتی باشتری بۆ فەراهەم کرایە.

لە کوردستان هێزی ئینسان کوژ، جوانی کوژ، ژن کوژ، هونەر کوژ، بیروباوەرو ئایدۆلۆژیای ئازاد کوژ، مۆدێرن کوژ، لە مێژوویەکی خوێناوی بەهرەمەندە، کەچی فەرشی سوریان بۆداخراوەو مانگانەش لە قوتی دەمی خەڵکی کوردستان، هاریکاری خەیاڵیان دەکرێت.

ئایا بەپێی بانگەشەیەک کە یەکێتی هەیەتی پێویست نەبوو ئەم هاوکێشەیە پێچەوانە بوایە؟ تا وتەبێژی مەکتەبی سیاسییش بەشانازیەوە بیوتایە، لەکوردستان ئازادی و دیموکراسی بۆهەمووان هەیە، لەوانەش هێزە رادیکاڵ و چەپ و کۆمۆنیستەکان بەهۆی ئەوەی ئێمە سوسیال دیموکراسین لە فرسەتی باشتر بەهرەمەندن. ئایا پێویست نەبوو ڕایبگەیاندایە کە ئێمە لەسەر بەڵێنی خۆمان بۆ چارەسەرکردن و قەرەبوکردنەوەی ئەو ناحەقیەی لە تەموزی 2000 دا بەرامبەر بەو حزبە کرا ڕاستگۆ نەبوین؟ بەتایبەتى دواى ئەوەى لەگەڵ ڕابەری ئەم حزبە دانیشتینء بەڵێنیشمان پێدان تا هەموو ئەو داخوازیانە جێبەجێ بکەین کە ئەم حزبە خستیە بەردەممان!. یان ئایا باشتر نەبوو بیوتایە لە کوردستان ئێمە دەستی ئینسان کوژان و ژن کوژان و ئەو هێزە کۆنەپارێزانەمان لەسەر ژیانی خەڵکی راگرتووە تا زەمینەو فەزاى ڕوداوەکانی هوها کیشان لەژنان وتەقاندنەوەی ساڵۆنەکانی خۆجوانکردن و دوکانەکانی مەی فرۆشی و شێواندنی سەیرانگاکان وتیرۆری کەسانی ئازادیخوازو نوسەر و چەپ وفتواو…. تا دەگات بە کارەساتی ئاوایى خێلی حەمە  هەربمێنى و بۆ ڕاگرتنى دڵى ئەو هێزانەش کەلەپشتى ئەم تاوانکاریانەوە ڕاوەستاون کۆمۆنیزمى کرێکارێمان لەکوردستان لەحاڵەتى “حیزبێکى قاچاغ ونایاساییدا” ڕاگرتووە؟

بەڵام یەکێتی نیشتمانی کوردستان، قوربانی بانگەشەی زل و پراکتیکی پێچەوانەیە، سوسیال دیموکراسی دەکاتە ناسنامەی سیاسی خۆی، کەچی هێزی چەپ و رادیکال و کۆمۆنیست بە نایاسایی دەزانى وڕێگەی هەڵسوڕانی یاسایییان لێبەربەست دەکا، بەڵام لەولاشەوە هێزە چنگ بەخوێن و ئیستیرادکراو و کرێگرتەکان، لە پێشوازی و هاریکاری گەرمی سوسیال دیموکراسیدا، سەراسیمەن.

  وتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، بەو دانپیانانەی کە کۆمۆنیستی کرێکاریی قەدەغەیە، پرسیار گەلێکی زۆر دەخاتە سەر حزبەکەی. لەدواین پێشهاتیشدا پرسیار دەخاتە سەر ئەو بەڵێن و ڕاگەیاندنەی بە ئاشکرا لە ڕۆژنامەی “ئاسۆ” و پاشانیش لەگەڵ ڕابەری حزبدا بەیانیان کرد، کە هەموو ئەو گرفت و کێشانە بە چارەسەر دەگەیەنن کە بەناحەق بەسەر حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریدا سەپێنراوە، کەچی ئێستا دوای نزیک بەساڵێک بەسەر ئەو بەڵێنانەدا، هەنگاوێکی بەکردەوەیان بۆ بەڵێنەکانیان نەناوە!!. ئایا ئەم جۆرە دەربرینانە و ئەم جۆرە ئاماژانەى جەنابى وتەبیژى مەکتەبى سیاسى کەشەخسى خۆى لەدانیشتنء بەخشینەوەى بەڵێنەکاندا خاوەن قسەو بریار بووە، ئەتوانێ بچێتە خانەى کەمترین ڕاستگۆییەوە؟

لەکوردستان هەموو بزوتنەوەکان لە لایەن حزبەکان و ڕێکخراوە سیاسیەکانەوە نوێنەرایەتی دەکرێت. بزوتنەوەی قەومی کورد، دەیان هێزو لایەنی جۆراوجۆر نوێنەرایەتی دەکەن. ڕەوتی دینی و ئیسلامی دەیان گروپ و ڕێکخراوو لایەن نوێنەرایەتی دەکەن، تەنانەت تایفەش لە کوردستان نوێنەرایەتی دەکرێت و رێگە بەو هێزانە دەدرێت کە بانگەشە بۆ پێکهاتەیەکی تایبەتی دەکەن، و خەریکە کوردی ڕەسەن و ناڕەسەن پۆلێن بکەن. کەچی ڕێگە نادرێت بە بزوتنەوەی کرێکاریی و ڕادیکالیزمی کۆمەڵگا، نوێنەرایەتی ئازادانە و یاسایی بکرێت، رێگەنادرێت نوێنەرایەتی ئازادیخوازی و مۆدیرنیزمی کۆمەڵگا بە ئازادانەو یاسایی هەڵسوڕانی خۆی بکات. ئەو هێزەی کە قۆڵی خەباتکارانەی لێهەڵماڵیوە تا بەرگری لە بزوتنەوەی کرێکاری و بزوتنەوەی مۆدێرنی کۆمەڵگا بکات، تائێستا بەنایاسایی دەزانرێت. دیارە هونەرى ئەم سیاسەتەش بى مەرام وبەرژەوەندى نییە: چینى بۆرژوازى کورد و حزبە ناسیونالیستەکانى لەنمونەى یەکێتى نیشتمانى هەمیشە بۆ ڕاوەستانەوە بەرامبەر بە بەرژوەندییەکانى خەڵکى کرێکارو زەحمەتکێش و ڕاگرتنى دەسەڵاتەکەى پێویستى بەچەکى کۆنەپەرستى و کردنەوەى دەرگایە بەڕووى ئەو هێزانەدا کەئەم مەرامە جێبەجێدەکات. بەڵام دیارە بەدەستەوەگرتنى ئەم چەکە لەسەرێکیەوە هەوڵدانە بۆ سنوردارکردنى ئازادى هەڵسوڕانى سیاسى وقەدەغەکردنى کۆمۆنیزم و بەرەى ڕادیکاڵ و کرێکارى.

ئەگەر یەکێتی نیشتمانی بڕیارە دوای ئەو هەموو ئاڵوگۆڕانەی لە ساحەی سیاسی کوردستان و بەتایبەتیش لە هەرێمی سەوزی سوسیال دیموکراسیدا! ڕوویانداوە، ڕاچڵکەیبێت، تەکانێکی دابێت، وە بیەوێت وەکو هێزێکی سیاسی شانسێک بەخۆی بداتەوە، پێویستە هەرچی زووە چاوبخشێنێتەوە بەسیاسەت و مامەڵەی لەگەڵ دەیان پرسی گرنگ و چارەنوسسازدا. لەپرسی ناسنامەی سیاسی خۆیەوە کە یەکێتی چییە. ئیسلامیە، چەپە، قەومییە، عەلمانییە، سوسیال_ دیموکراسی یە، عەشایەرییە … یەکێتی بەپێی ڕۆژ و کات بانگەشەی هەموو ئەمانە ئەکات،  بەکردەوەش سیمای سوسیال دیموکراسی بوون و عەلمانی بوون و چەپ، بەهیچ کام لە سیاسەت و هەنگاوەکان و مامەڵەکان و بۆچونەکان و هەڵوێستەکان و بەڵێنەکانیەوە… نیییە. وە بەم پێیەو بەپلەی یەکەم یەکێتی قوربانی ئەم سەرەگیژیەیەتی لە ناو کۆمەڵێک بانگەشەی زل و پراکتیکی پێچەوانەدا. یەکێتی نیشتمانی ئەگەر بەکردەوە پرسی عەلمانیەت، پرسی ئازادی و ئازادی سیاسی و  مامەڵە لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسیە مۆدێرن و ڕادیکاڵەکانی کۆمەڵگا تا دەگات بەمامەڵە لەگەڵ پرسی بزوتنەوەی ژنان، لاوان و خوێندکاران، کرێکاران… چاو پیانەخشێنێتەوە، بەدوو نازانرێ کەخۆی لەزۆر ناوچەو وشوێن هەڵسوڕانی یاسایی بکەوێتە ژێر پرسیاری هێزە رەقیبەکانی خۆیەوە.

پرسی هەڵسوڕانی یاسایی کۆمۆنیزمی کرێکاریی گۆشەیەکە لە پرسێکی گەورەتر کە پەیوەندە بەئازادی سیاسیەوە، یەکێتی ئازادی سیاسی بە ڕەسمی ئەناسێت یان تەنها بەمەرجی ڕێکەوتنی سیاسی ڕێگەی هەڵسوڕانی سیاسی دەبەخشنە هێزەکانی ژێر قەڵەمڕەوی سیاسیان؟ حکومەتەکەیان کە یەکێتی ڕوکنێکیەتی، ئازادی سیاسی وەکو پرانسیبێک دانپیائەنێن و بەکردەوە ڕێزی لێدەگرن یان تەنها ریکلامێکی فریودەرانەی حزبییە؟ ئەگەر بریارە وەڵامی ئەم پرسیارانە موسبەت بێت، هیچ جێگایەک بۆ ئەوە نامێنێتەوە چ رەوتی کۆمۆنیزمی کرێکاریی یان هەر هێزێکی سیاسی تر کە خۆی باوەڕی بە ئازادی سیاسی و بیروباوەڕ هەیە و سەرچاوەیەک نییە بۆ ئازاردانی خەڵک و ڕێگە گرتن لە ئازادی سیاسی و ئازادی تاک و بیروباوەر، بەنایاسایی لە کوردستاندا هەبێت. خودی بە نایاسایی ڕاگەیاندنی هەڵسوڕانی کۆمۆنیزمی کرێکاریی لەکوردستان، ڕاستی دیموکراسی بوونی یەکێتی و دەسەڵاتی هەرێمی بەگشتی خستۆتە ژێر پرسیارەوەو خۆی نیشانەیەکە بۆ پێچەوانە نیشاندانی بانگەشەکانیان سەبارەت بە دیموکراسی و ئازادی سیاسی.

29-1-2010

 

لەوانەیە تۆ ئەمانەشت بە دڵ بێت

لێدوانێک بەجێ بهێلە