عەبدوڵا مەحمود: سەردەشت بۆتە سمبولی ئازادی و ئازادیخوازی، ئەم سمبولی ئازادییەش یەکێك لە چەخماخەکانی گڕدانی شۆرشی داهاتووی بێبەشان دەبێت
هاوپشتی: لەحەوتەمین ساڵیادی تیرۆری رۆژنامەنووس سەدەشت عوسماندا، لێدوان و پەیامی ئێوە چییە؟
عەبدوڵا مەحمود: لە حەوتەمین ساڵیادی تیرۆری سەردەشت عوسمانی رۆژنامەنووسدا… نەک تەنها دۆسیەی سەردەشت، بەڵکو دۆسیەو کەیسی هەموو قوربانیانی دەستی تیرۆر لەکورستادندا، بەزیندویی و بەکراوەیی ماونەتەوە. بە زیندوویی و کراوەیی ماونەتەوە چونکە لە تیرۆرێکی زنجیرەیدا، کە بەدەیان رۆژنامەنووس و کەسانی سیاسی و چەپ و کۆمۆنیست و پێشکەوتنخواز…تاد تیرۆرکراون، یەک دۆسیەیەش دادگا نەیتوانیووە یەکلایی بکاتەوە. نەخشەدارێژەران و بکەرانی راستەقینەیان، بەسزا بگەیەنیت. ئەم حاڵەتەش رووداوێکی بەرێکەوت یان نەبوونی بەڵگە و دیکیۆمێنت نییە بۆ ئاشکراکردنی نەخشەداڕیژەران و بکەرانی ئەم کوشتاری ئازادییە. بەڵگەی زۆر ئاشکرا بۆهەموو تیرۆرەکان، لەخودی تیرۆرەکان ئاشکراترن. بەر لە تیرۆرەکان، چاوسورکردنەوە وهەرەشە و هاندانەکان، بەتۆمارکراوی هەن. ئەمەش پێمان دەڵێت، هەموو ئەو تیرۆرانە بەنەخشەی لە پێشدا داڕیژراو ئەنجام دراون و بکەر و جێبەجێکاری تیرۆرەکانیش فەردی یان بکەری خۆرسک نیین، بەڵکو ناوەندی دەسەڵاتی دیکتاتۆری و دژی ئازادی لە پشتیانە. دادگاش لەکوردستان بەکردەوە سەلماوە ئامرازو حەربەی یاسایییە بۆ تیرۆری کەسایەتیەکان، دوای تیرۆرکردنیان. لیژنەکانی لێکۆڵینەوەو سیناریۆکانی دوای تیرۆرەکان، بەڵگەی ئاشکران بۆ پوچی دادگا و لێکوڵینەوەکان و هاوکات بەڵگەشن بۆ نیشاندانی ئەوەی کە تیرۆرەکان خودی دەسەڵات و لایەن و کەسانی سەر بەدەسەڵات، ئەنجامیانداوە. هەر ئەوەشە وای کردووە کە یەک دۆسیەی تیرۆری ئازادی و رۆژنامەگەری و سیاسی، تۆتبارانی ئاشکرا ناکرێن و سزای یاسایی نادرێن و لەبەرامبەریشدا ئەگەر کردوەیەکی کوشتن و یان تاوانێکی تر رووبدات و دەسەڵات لەپشتی نەبێت، و ڕووداوەکان لەلایەن خەڵکی کەم دەرامەت و سادەی کۆمەڵگاوە روویان دابێت، ئاسان توانراوە ئەو تۆمەتبار و تاوانبارانە بە زوویی بدۆزرێنەوە و رەوانە زیندانی هەتاهەتایی و حکومی زۆر بدرێن. یاسا بۆ بەسزاگەیاندنی هەژاران و تاکەکانی کۆمەڵگا و نارازیانی دەسەڵات، تیژ و کاراو بۆ بەرپرسانی حزب و بنەماڵەی حزبی و دەسەڵات، هەر نییە.
ئەمەش پەیامێک دەدات… کە نابێ کەس چاوەروانی لەم دەسەڵات و دادگا موچەخۆرەی حزب هەبێت، تا ڕاستی رووداوی تیرۆرەکان ئاشکرا بکات و تۆمەتباران بخاتە بەردەم لێپرسینەوەی یاسایی. چاوەروانی لەم دەسەڵاتە حزبی و دیکتاتۆر و میلیشیاییە بۆ کارێکی ئاوا، وەهمە. لەبەرامبەردا رێگایەک خۆی دەسەپێنێت، ئەو رێگایەش ئەوەیە کە لەهەر راسانێکی جەماوەریدا، لەهەر ١٧ شباتێکی فراونتر و رۆشنتر و رێکخراوتر لە هی ساڵی ٢٠١١، یان لەهەر راپەرینێکی لەخوارەوەو شۆڕشگێرانەی جەماوەریدا، کە پێشبینی دەکرێت لەدژی ئەم دەسەڵات دیکتاتۆر و مافیایی و میلیشیایی و تاڵانچییە، رووبدات، دەبێ بەرەی ئازادیخوازی کۆمەڵگاو و سەرجەم ئازادیخوازن، تۆمەتبارانی ئازادی و تیرۆر لەکوردستان، بەدەستی خۆیان دەستگیر بکەن و بیاندەنە دەست دادگایی ئاشکرا و جەماوەری، بۆ وەرگرتنی سزای یاسایی تاوانەکانیان.
لەحەوتەمین ساڵیادی تیرۆری سەردەشت عوسماندا، دەسەڵات و تیرۆریستان و باندەکانیان، ریسواترن. دەنگی رەسای ئازادی بەرزترە. هەموو دۆسیەی تیرۆرەکان بەبێ گوێدانە تێپەرینی زەمەن، بە زیندوویی بەکراوەیی ماونەتەوە. سەردەشت بۆتە سمبولی ئازادی و ئازادیخوازی. ئەم سمبولی ئازادییەش یەکێك لە چەخماخەکانی گڕدانی شۆرشی بێبەشان دەبێت، بۆ کۆتایی بەم دەسەڵاتەی بکوژی ئازادی و برسی کردنی خەڵک و نۆکەری وڵاتانی چنگ بەخوێن و بازرگانانی سیاسی بەپرسی خەڵکی کوردستانەوە.
٤ ئایاری ٢٠١٧