Home ئەرشیف2014فرسەتە!!

فرسەتە!!

by Abdulla Mahmud

عەبدوڵا مەحمود

abdulla.mahmud@gmail.com9299451-14860419

بەدوای داگیرکردنی شاری موسڵ، لەلایەن گروپی ئیسلامی داعش و دەستەو تاقمەکانی سەر بە ناسیونالیزمی عەرەبدا، وە لەئاکامی بەزینی چاوەروانکراوی سوپای فشۆڵ و گەندەڵی میلیشیایی مالکیدا. بەسەدان هەزار ئینسانی بێتاوان، لە گەورەو بچوک، ژن و مناڵ، لاو و پیرو پەکەوتە و نەخۆش، بەناچاری و بۆ دەربازبوون لەدۆزەخی دەستی ئیسلام ئاوارە بوون. وە بەهەزاران ئینسان سەربڕدران و کوژران، سەدان ژن بەکەنیزەک گیران و ئیغتیسابی ئیسلامی کران و فرۆشران. رەشترین دەستی رەشی تیرۆریست و ئیسلامی، تروسکایی و هەموو روناکیەکی، قەترانی دەکرد. لەناو جەرگەی ئەم مەرگەساتە ئینسانیەدا، هاواری فرسەتە، بوو بە هاواری زۆرێک لەسەرکردە سیاسیەکانی کورد، بوو بەدەربرینی زۆرێک لە نووسەران و مانشێتی میدیاو تۆری کۆمەڵاتیەکان و ماس میدیاکانیان… بانگەشەی سەربەخۆیی، چرینی ئاوازی سەرکەوتنی کورد… بوونە بانگەشەیەکی هەزار سەرە.

پاش کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەی سوپای داوەشاوی حکومەت و حزبەکەی مالیکی، لەترسی هیرشی چەتەکانی ئیسلام، چۆڵیان کردبوو، لەلایەن میلیشیایی یەکێتی و پارتیەوە، نەعرەتەو تای نەتەوەپەرستی و دەمارگیری کوێرانەی قەومی بووە شایی و لۆغانی بێسنور.

ئەم ریزە فراوانە لە میدیاو نووسەر و سیاسی، هەمەرەنگ… لەسەر لاشەی هەزاران ئینسانی لەخوێن هەڵکێشراوی عەرەب و کوردو مەسیحی و ئیزدیدا…، لەناو بیستنی ئاه و ناڵەی سەدان هەزار ئینسانی بیخانەو لانەکراوی بێتاوانی ئاوارەدا، خۆشحاڵی خۆیان بەسەرکەوتنی داعش، دەردەبڕی… خۆشحاڵ بوون و سەمای سەرکەوتنی کورد و فرسەتی سەربەخۆیان دەگێرا، بانگەوازی ئاهەنگ و وەرێخستنی کەرنەفاڵیان، دەدا بە گوێچکەی کۆمەڵگادا. بارزانی راشکاوانە غروری بزواوی راگەیاند و مژدەی سەربەخۆیی، دا، گروپی راسیستی قوتبونەوە، بۆ دەرکردنی ئاوارە عەرەب زمانەکان.

 کاتێکیش، هێزی خوداو قورعان “داعش” ئەمجارە ناوچە کوردستانیەکانی کردە نیشانەو قەزای شەنگال و ئاواییەکانی دەوروبەریان داگیر کرد، هێزی میلیشیایی حزبی و گەندەڵەکەی بارزانی و هاوپەیمانەکانی، هاوشێوەی هێزە میلیشیایەکانی مالیکی، رایانکرد… لەکاتێکدا کە بارزانی و بەرپرسانی کورد، لۆمەی مالیکیان دەکرد، کە گوێی بە هوشداری وئاگادارکردنەوەی خەتەری سەر موسڵ نەداوە، کەچی خۆیان کە زۆر پێشتر زانیاریان لەسەر داعش هەبووە، بەدەیان هەزار ئینسانیان، بەدەستی بەستراوەوە، بۆ جانەوەرانی ئیسلامی داعش، جێهێشت…

فەرماندە سەربازییەکانی میحوەری شەنگال و مەخمور، بەرپرسە حزبیەکانیان، ئەم راکردنەیان، ناو نا پاشەکشە… چ درۆیەکی ئاشکرایە! ئاخر ئەگەر ئەمە پاشەکشە بوایە، خۆ دەبوو خەڵکی ناوچەکە ئاگادار بکەنەوە تا خۆیان رزگار بکەن و لەدۆزەخی ئیسلامیانەی داعش دوور بکەونەوە… ئاخر ئەگەر هەموو خەڵکی ناوچەکە ئاوارە بوایە باشتر بوو لە چاو جینۆسایدی ئاشکرا، لەسەربرێن و ئیغتیسابکردن… چ تاوانێک بە ئاشکرا دەرحەق بە خەڵکی شەنگال وناوچەکە ئەنجامدرا… ئینسان نەک ناتوانێت دیمەنە جەرگبڕەکانی ببینێت، بەڵکە بیستنی هەواڵەکانیشی سەختە…

هەر ئەم نووسەر و سیاسیە کورتبین و بازرگانانی سیاسیە، ئەو میدیاو رۆژنامە زەردانە، دوای ئەم کارەساتە، شەرمنۆکانە وازیان لەدەربرینی وشە و دەستەواژەی” فرسەتە”” سەربەخۆی” هێنا… ئێستا ئەمجارەیان، خەریکن کارەساتی شەنگال، وەکو کارەساتی ئەنفال و ئاوارەیی و کیمیابارانی هەڵەبجە، دەکەنە سەرمایە و سواڵی سیاسی بۆ ئامانجی کۆنەپەرستانەیان…خەڵکی ئینسان دۆست و ئازادیخواز، نابێ رێگەبدەن ئەم جەنابانی سیاسی و حزبە کریگرتەو خۆشخزمەتچیانە، ئەم نووسەرە بە نرخی رۆژ نان خۆر و مۆڵەتپێدراوانە، ئەو میدیا ژەهر رژێنانە، کایە بە قوربانیانی ئەم روداوانە بکەن و ئەم کارەساتانە بکەنە دەستمایەی سات و سەوادی سیاسی و کایەی راگەیاندن… دەبێ تۆمەتبارانی ئەم تاوانکارییە لەهەر ئاست و پلەوپایەکدا بن، سزای تاوانەکانیان لە دادگای جەماوەریدا لێبکرێتەوە…

      ناوەراستی ئابی ٢٠١٤

لەوانەیە تۆ ئەمانەشت بە دڵ بێت

لێدوانێک بەجێ بهێلە