عبداللە مەحمود
abdulla.mahmud@gmail.com
بەدوای وتارێکی مندا کە لەژێر ناوی” ئایا کۆمەڵگای کوردستان پێویستی بە حزبێکی سیاسی تر نییە” کە بۆ لێدوان و گفتوگۆیەکی کراوە بڵاوکرایەوە، چەند بەڕێزێک بەنوسین و هەندێکیشیان بەنامە یان لەدیدار و یەکتربینینی ڕاستەوخۆدا، لەوبارەیەوە هەڵوێست سەرنج، ڕەخنە و پێشنیار، گومان و پرسیاری جۆراوجۆریان خستۆتە ڕوو.
من لەگەڵ سوپاسی بێئەوپەرمدا بۆهەموویان، هەوڵئەدەم لەچوارچێوەی ڕۆشنکردنەوەی هەمەلایەنەی بابەتەکەی پێشومدا، لەچەند وتارێکدا وەڵامی هەموو ئەو بەڕێزو خۆشەویستانە بدەمەوە. دیسانیش پێشوازی دەکەم لەهەر سەرنج و پێشنیار و ڕەخنەیەک کە لەڕاستای کۆمەککردن بەم باسەدا بهێنرێتە ئاراوە.
ئاشکرایە باسی پێکهاتنی حزبی سیاسی، باسێکی ئیرادەگەرانەی چەند کەسێکی یاخی نییە. باسی پێکهێنانی حزبی سیاسی زەمینەی مادی دەیسەپێنی. هەرچی حزبی سیاسی جدی هەیە لەدنیادا لەسەر بنەمای پێداویستی سیاسی کۆمەڵ و زەمینە مادییەکانی پێکهاتوون و هەڵگری وەڵامی ڕەوتێکی کۆمەڵایەتی چینێکی دیاریکراوی کۆمەڵگا بوون بۆ وەڵامدانەوە بەوەزعیەتی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی وفەرهەنگی کۆمەڵگا.
بەم پێشەکی یە کورتەوە دێمە سەر ئەو بۆچونانەی کە لەپەیوەند بە هێنانە ئارای باسی پێکهێنانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان هاتونەتە ئاراوە.
دەڵێن هێنانە ئارای باسی پێکهاتنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، گۆرینی ناوی کۆمیتەی کورستانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراقە بە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کورستان، یان تەنها گۆرینی ووشەی عێراقە بە ووشەی کوردستان واتە تەنها ئاڵوگۆر لە پاشگری حزبی عێراقدایە.
ئەم بۆچونە دروست نییە و باسی پێکهاتنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، هیچ پەیوەندی بەکۆمیتەی کوردستانی حزبی عێراقەوە نییە. کۆمیتەی کوردستان تەنها ڕێکخراوێکی ناوچەیی حزبی عێراقە کە لەسەر بنەمای واقعیەتەکانی کۆمەڵگای کوردستانی ساڵی نەوەتەکانەوە، پێکهاتووە.
ئەو کات واتە ساڵی 1993 کە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق پێکهات، سەرباری ئەوەی کۆمەڵگای کوردستان خاوەنی چەند تایبەتمەندیەکی خۆی بوو …بەڵام بەشێکی واقعی بوو لە عێراق، چارەنووسی سیاسی ئەوکاتەو کێشمەکێشێک کە لەم کۆمەڵگایەدا لەئارادا بوو تەواو پانتایەکی سەراسەری هەبوو، دەوڵەتی مەرکەزی فاکتەری چارەنووسازبوو لەدیاریکردنی چارەنووسی کوردستاندا. ئەوکات دەوڵەتی عێراق لەکۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا سەرباری هەر گوشارێک کە لەسەری دانرا بوو، جێگای تایبەتی هەبوو، مەشغەڵەکانی کۆمەڵگای عێراق بە پلەی زۆر لە یەک نزیک و لێکهەلپێکراو بوون، چینی کرێکار عێراق و هەموو خەڵکی ناڕازی و پیشکەوتخوازی عێراق، خوازیاری ڕوخاندنی ڕژێم بوون، ئابلۆقەی ئابوری برستی لە هەموو خەڵکی عێراق بڕیبوو، چارەنووسی خەڵکی کوردستان راستەوخۆ بەسترابۆوە بەڕژێم لەمەرکەزەوە، کێشەی خەڵکی کوردستان ئەوکات هەر بوعدی ناوچەیی و محەللی هەبوو لە ئاستی دنیادا، تەعامولی ئەحزاب لە پەیوەند بە مەرکەزەوە مانای پەیدادەکرد، …. لە هەلومەرجێکی ئاوادا حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق بەوێنەی حزبێکی سەراسەری پێکهات و بەلەبەرچاوگرتنی زوڵمی مێژووی سەر خەڵکی کوردستان. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق ڕێکخراوی مەنتیقەیی لە چواچێوەی سیاسیەت و نەخشەی سەراسەری حزبدا بۆ کوردستان لە ژێر ناوی کۆمیتەی کورستانی حزب پێکهێنا.
ئەم هەلومەرجە لەگەڵ هەلومەرجێک کە بەدوای ڕوخاندنی ڕژێمی بەعسدا پێکهاتووە لەهەموو بارێکەوە جیاوازە لەو هەلومەرجەی کە ڕژێمی بەعس لەسەر کاربووە. بە جۆرێک ئەم واقعیەتە سیاسییە لەئاکامی جەنگ و داگیرکاری و شەری میلیشیایی و تایفی و باڵادەستبونی ئیسلامی سیاسی…تاد، ئالوگۆڕی بەسەدا هاتووە کە کەم شتی پێشوی لەوەی ئێستا دەچێت. یەکێک لەو ئالوگۆرە بەرچاو و مەلموس و ئاشکرایانەش جیایی کوردستانە، کوردستان ئێستا بەتەواوەتی و بەکردەوە لەهەموو باریکەوە جیابۆتەوە کە عێراق و بۆتە ووڵاتێکی سەربەخۆ بە تایبەتمەندیە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و جغرافی و فەرهەنگی خۆیەوە، ئەوەی ماوە ئەوەیە ڕەسمیەت بەو جیایە بەکردەوەیەی بدرێتەوە.
کۆمیتەی کوردستان ڕێکخراویکی ناوچەیی حزبێکی سەراسەریە، وە ڕێکخراوی ناوچەو جغرافیایەکی دیاریکراوی کۆمەڵگایەکی سەراسەری” کوردستان” بووە، ئەمرۆ گۆڕینی ئەم کۆمیتەیە بە حزبێکی سیاسی هیچ بنەمایەک و زەمینەکی نی یە، و جگە لەوەش دەستبردن بۆ کارێکی ئاوا لەهەلومەرجێکی تەواو جیاوازدا کە کاتی خۆی کۆمیتەی کوردستان بۆ پێکهاتووە نادروستەو ئەم کۆمیتەیە ناتوانێت جوابگۆی واقعیەتی ئێستای سیاسی کۆمەڵگای کوردستان بێت.
ئەوە بەجیا لەوەی ئێمە باسی حزبێکی سیاسی کۆمۆنیستی و کۆمەڵایەتی دەکەین، کە زەمینەو ماتریالەکەی بوونی ڕەوت و مەیلێکی دیارکراوی ناوبزوتنەوەی بەرابەری خوازی و یەکسانی خوازی کۆمەڵگایە، کە ئامانجی دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی خاڵی لە نابەرابەری و چەوساندنەوەو هەڵاواردنە،و خودی حزبیکی ئاواش بەشێکە لەحزبێکی فراوانتری کۆمەڵایەتی کە لە کۆمەڵگایەدا هەیە بۆ ئەو ئامانجانە.
حزب سەرئەنجام چوارچێوەی خەباتکارانەی هەموو کۆمۆنیستەکانی کوردستانە. چواچێوەیەکە کە دەتوانێت نەک هەر جێگای هەموو ئەو ئینسانانەی تیابێتەوە کە خۆیان بە هاوبەش لە جێبەجێکردنی بەرنامەی کۆمۆنیستی ئەم حزبە ماکسیستیە ماکزیمالستەدا دەبینەوە، بەڵکە بەشداری بەکردەوەی ئەو ڕیزە لەکۆمۆنیستەکان بۆ پێکهێنانی حزب حەیاتی یە.
بۆیە ڕۆشنە کە باسەکە نەگۆرینی پاشگری حزبی عێراقەو نە گوڕینی کۆمیتەی کوردستانی حزبی پێشوە بە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان. هەموو ئەو کەسە چەپ و کۆمەنیست و سوسیالستانەی نیگەرانییەکی ئاوایان هەیە، بابێن بەیەکەوە قۆڵی خەباتکارانەی بۆ پێکهێنانی حزبێکی سیاسی لەسەر زەمینە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی ئێستای کوردستان، لێهەڵکەین.
پێکهاتنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، بەرئەنجامی چاوخشاندنەوە بە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق، یان ئاکامی ناکامیەکانی ئەو نییە
من بە کورتی لە ووتاری یەکەممدا باسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراقم هێنابووە ئاراوە، لێرەدا هەوڵئەدەم تۆزیک تەفسیلتر لەوبارەوە بدوێم.
هاورێیانێک چ لەدەرەوەی حزب و چ لەناوخۆی حزبیدا دەستبردن یان هێنانە ئارای باسی پێکهێنانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان بۆ ئەوە دەگێرنەوە کەحزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عیراق لەگەیاندنی پەیام و سیاسەت و نەخشەکانی خۆیدا ناکام ماوەتەوە بۆیە باسی پێکهێنانی ئەم حزبەیان هێناوەتە ئاراوەو دەیانەوێ لەم ڕێگایەوە خۆیان لەم شکست و ناکامی یە دوربخەنەوەو بە پرۆژەیەکی ترە بێنەوە مەیدان.
سەرەتا دەمەوێت بەو ڕاستییە دەست پێبکەم، باسی پێکهینانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان لە حزبی عێراقەوە یان لەوەزعی حزبی عێراقەوە دەرنەکێشراوە، لەویشەوە دەستبردن بۆ پیکهینانی حزب لەکوردستان نە دروستەو نەدەتوانی وەڵام بەو پیداویستیە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و جغرافی و فەرهەنگی یەی ئێستای کۆمەڵگا بداتەوە بۆیە لەواقعیەتی سیاسی ئیستای کۆمەڵگای کوردستانەوە گرنگی پەیداکردووە وهێنراوەتە گۆری. کە پێشتر فاکتەکانیم باس کردووە.
بە جیا لەهەموو ئەمانە، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق نزیکەی 14 ساڵ لەمەوبەر پێکهاتووە، کاتێک ئەم حزبە پێکهات هەراوهۆریای دژی کۆمۆنیستی لەلایەن چەپ و ڕاستی کۆمەڵگاوە، لەوپەری گەرمی خۆیدا بوو. کۆمپانیایەکی درۆسازی بەنەخشەوەبەپاساوی شکستی بلۆکی شەرقەوە بۆ سەر کۆمۆنیزم مارکسیزم دروستکرابوو، هێرش بۆ سەر بەشەریەت و ئازادیخوازی لە چوارچێوەی هێرش بۆ سەرکۆمۆنیزم و مارکسیزمدا، پانتایی گۆی زەوی داگرتبوو، بە لێشاو چەپ و سوسیالستە درۆینەکان و حزبەکانی سەر بەبلۆکی بۆرژوازی سۆفیەت لەهەموو دنیادا تا کویرە دیهاتەکانی کوردستان، چوبونەتە پاڵ ئەو هێرشە و سەر تەسلیم بونیان دائەنەواند، نەغمەی خێرو بەرکەتی سەرکەوتنی بازاری ئازادو سەرکەوتنی تەمەدونی غەربی و، تادەگات بە ڕیاکاری باسی کۆتایهاتنی مێژوو، و سەرکەوتنی دیموکراسی لە میدیا هەزارسەرو بەکرێگیراوەکەی بورژوازیدا، بەسەر کۆمەڵگادا تەخشان و پەخشان دەکرا. هێرش بۆ سەر تەحەزوب و دەسکەوتەکانی تائەوکاتەی بەشەریەت هێندە بەهێز وەڕێخرا، زوربەی حزبە بەناو چەپ و کرێکاری و کۆمۆنیست و سوسیالست و ماکسیست و لیننی و……ناوی خۆیان گۆڕی، داس و چەکوش و ئارمەکانی خۆیانیان توردا، ئەمجارە بەئاشکرا سازشی خۆیان یان هەوڵی خۆیان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ بازاری ئازادو دیمکراسیدا ڕاگەیاندو دەستپێکرد. هاوکات دیموکراسی و پۆست مۆدیرنە…بوونە چەترو قیبلەنوما بۆ زۆرێک لە ڕوناکبیرانی چەپ و بەناو مارکسی پێشوو.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق لەناوجەرگەی ئەم هەلومەرجە جیهانی یە و لەدڵی جغرافیایەکی وەکو عێراقیشدا پێکهات کە بریار بوو “نەزمی بەناو نوێ” ی دنیای ئەمریکا لەوێوە خونچە بکات و ببێتە گوڵی تاقانە کە دەبێ دنیا بۆنی پێوە بکات!، بەڵی عێراق لەڕێگای کوشتاری بەکۆمەڵ جەنگ و ئابلۆقەی ئابوریەوە کرابووە مەیدان و جغرافیای ڕاگەیاندنی پەیامی نەزمی نوێ ی ئەمریکا بەڕووی رەقیبەکانی لەدوای شکستی بلۆکی شەرقدا، لەوکاتەدا و هەر لەوجغرافیایەدا کۆمۆنیستەکانی عێراق و کوردستان بە پێکهینانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری وەڵامی چینی کرێکاو مارکس و بەلشەفیزمیان بەو هێرشەی بۆرژازی دایەوە.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق، لەماوەی تەمەنیدا تائێستا خۆشەویسترین دیارەی کۆمەڵگای عێراق و کوردستان بووە. لەهەموو ئەم ماوەیەدا یەک حزبی لێبراوی ماکزیمالستی دژی دینی و مەزهەبی،یەک حزبی جدی کرێکاری و مارکسی کە خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی کاری کرێگرتەو هەڵوەشاندنەوەی خاوەندارتی تایبەتی بووبێت، یەک حزبی جدی خوازیاری یەکسانی ژن و پیاو، یەک حزبی شێلگیری خوازیاری بەڕەسمی ناسینی ڕیفراندرم بۆ دیارکردنی چارەنوسی خەڵکی کوردستان و مافی جیابونەوە، یەک حزب بەدروشمی ڕوخاندنی بەعس و سەرمایەداری لەعێراقدا، یەک حزب کەبێئەملاولا خوازیاری جێبەجێکردنی خواستی لاوان و مافە فەردی مەدەنیەکانیان بووبێت، یەک حزب کە شەهامەتی بووبێت ناسیونالیزم دین و دیموکراسی، و کەلتوری بۆگەن و دواکەوتوانەی سەرچاوەگرتوو لە مقەدەساتی قەومی و ڕەمزەکانی دابێتە بە ڕەخنەی ریشەیی و راشکاو جگە لەحزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق وجودی نەبووە، بۆیە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق ئەگەر لەگەیشتن بە ئامانج و ستراتیجیەکەی کورتی هێنابێت و نەبووبێت بەبەشیک لەدەسەڵات، بەڵام هیچ کەسێکی بەویژدان ناتوانێت مێژووی هەڵسوران و کارنامەو پەیامە ئینسانی و ڕێگاچارە کارسازو سیاسەت ئینسانیەکانی بە هەند نەگرێت.
ئەمە کارنامەو مێژوویەک نییە ئینسان شانازی پێوە نەکات، یابیەوێت یەخەی لەیەخەی بێتەوە.
تا ئێستاش باسی عەدالەت، یەکسانی ژن و پیاو، باسی ڕیفراندۆم و خواستی جیابونەوە، وەستانەوە بەرامبەر بە مقەدەساتی دینی و قەومی، پەردەهەڵماڵین لەڕووی دیموکراسی و ناسیونالیزم، چونە بەرامبەرکێی بزوتنەوە کۆنەپەرستەکان و شەڕی دەسەڵاتی ئەحزابی میلیشیایی، بەحزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق دەناسرێنەوە.
بەڵام هەرگیز باسکردنی ئەمانە بەمانای ئەوە نیە، حزبی ئێمە مەعاف بووبێت لەڕەخنە و کەم وکوڕی و کەمکاری و….تاد. حزبی ئێمە فرسەتی هەبوو ببێت بە دەسەڵات، فرسەت هەبوو ببێتە ڕابەری سیاسی کۆمەڵگا، فرسەت هەبوو …..کە نەیتوانی ئەمانە بکات بێگومان نیشانەی ئەوەیە هەڵەی بووە، وەکو پێویست کاری نەکردووە، ڕیشەی خۆی لەناوخەڵکدا قایم نەکردووە، بەرهەمی کارەکانی خۆی کۆنەکردۆتەوە، لەهەزم کردنی ئەو پێشوازە زۆرو فرانەی لێیکراوە ناکارامەبووە، نەیتوانی ئەو دەیان هەزار ئینسانە کرێکارو نەدارو ئینسانە ئازادیخوازانەی کوردستان لە ڕیزەکانیدا بەشێوەی دروست ڕێکبخات کە پێوەی پەیوەست بوون……تاد.
بۆیە دەمەوێ بڵێم باسی پێکهینانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان نەبۆئەوەیە هەمان حزب لەعێراق بە گۆرینی ناوەکەیەوە سازبدرێتەوەو نە بۆئەوەشە بکرێتە ڕێگەیەک بۆ پەردەپۆشکردنی هەڵەوکەم و کوڕییەکانی ئەم حزبە وەکو هاوڕێ خۆشەویستم کەمال رەئوف، ئاماژەی پێداوە.
دیارە گەڕان بەدوای کەم کوریەکانی ڕابردومان پێویستە و هەروەکو مارکس لە 18 برومیری لویس بوناپارتدا دەنوسێت”شۆرشە کریکاریەکان … بەبەردەوامی ڕەخنە لەخۆیان دەگرن، و پەیتا پەیتا بزوتنەوەی خۆیان ڕادەگرن و سەرلەنوێ چاودەخشێنەوە بەسەر ئەو شتانەدا کە پێیان وایە ئەنجامیانداوە، بۆ ئەوەی جارێکی تر دەست پێبکەنەوە، بێرەحمانە گالتە بە لایەنە لاواز و نیوەناچڵ و لاوازی و سست و خاوی و هەوڵە سەرەتاییەکانی خۆیان دەکەن……”
ئەمە تایبەتمەندێتی حزبە کۆمۆنیست و مارکسیەکانەو ئێمەش ڕەخنەمان لەکارە نیوە ناچڵ و خاوەکانی خۆمان گرتووە، بەشوێن لاوازی و کەم کاریەکانماندا ڕۆشتوین بۆئەوەی بەهەنگاوی گەورەترو بە بەرچاوڕۆشنیەکی زیاترە بۆ ئاییندە هەنگاو بنێن. چاوگێڕانەوەیەک بە بڵاوکراوەو ئەدەبیاتی ئێمەدا ڕاستی ئەم بۆچونەی من نیشان ئەدات. ئێستاش هەوڵی کادرەکانی ئەم حزبە بۆ پێکهێنانی حیزبی کۆمۆنیستی و کرێکاری لەکوردستان نیشانەی چاوگێرانەوەیە بەواقعیەتی سیاسی کۆمەڵگاو جێگای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لە کۆمەڵگای کوردستاندا.
بەڵام باسی ڕەخنەگرتن لە ڕابردووی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق، نەئەرکی ئەم ووتارەیە و نەڕەخنەگرتن لەو حزبە کۆمەکێک دەکات بەو باسەی ئێستامان.
باسی پێکهینانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، هەروەک لەووتارەکەمدا وتوومە پێداویستییەکی لەدواخستن نەهاتووەو ئەرکی کۆمۆنیستەکانی ئێستای کوردستانە.
بنەمای سەرەکیەکەشی بەر لەهەموو شت ئەوەیە کەکوردستان ئێستا کۆمەڵگایەکی جیاوازە. ئەوە کە چارەنووسی خەڵکەکەی بەرەوکوێ دەچێت، چ جێگایەک دەگریت لە جغرافیای سیاسی دنیادا، بەجیا لەبەرەی بورژوازی و هەوڵەکانیان ڕاستەوخۆ بەندە بەپێکهاتنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستانەوە.
ئەمرۆ باسی پێکهێنانی حزبێکی سیاسی لە کوردستانیش، باسی پێکهێنانی حزبێکە کە نوێنەرەوەی واقعی بەشی پێشرەوی چینی کریکارو ڕەوتی بەرابەریخوازی و یەکسانیخوازی کۆمەڵگا بێت بۆ ڕێکخستنی شۆرشی کرێکاری.
حزبێک بێت کەسەرچاوەی هێزو توانای بەسترابێتەوە بەئۆردوی ئینسانە ناڕازی و پێشکەوتنخوازیەکانی کۆمەڵگا، ئامانجەکانی جوت بێت لەگەڵ خواست و ئامانجەکانی خەڵکی کوردستاندا.
بۆیە ئەم حزبەی بڕیارە کۆمۆنیستەکانی کوردستان قۆڵی خەباتکارنەی لێهەڵکەن بۆ پێکهاتنی ئیلهام لە ئێستاو ئایندەی وەردەگرێت و گیرۆدەی ڕابردوو نییە.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لە وەزعیەتی ڕاگوزەرو کاتییەوە پێداویستی پەیداناکات
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری نە لەسەر بنەمای هەڵواسراوی کوردستان و نە بۆ ئیستقلالی کوردستان و …..نە لەڕووداوە دەورەیەکان و هەلومەرجی ڕاگوزەردا دەردەکێشرێت، بەڵکە حزبێکی کۆمۆنیستی و مارکسیستی یە و بۆ سازدانی شۆڕشی کرێکاری، بەڵام مۆری واقعیەتی سیاسی کوردستانی پێوەیە.
هەروەکو چۆن هەموو حزبە سیاسیەکانی دنیا لەهەرووڵاتێک داو لەهەرسەردەمێکدا مۆری تایبەتمەندیە سیاسیەکانی ئەو ووڵات و سەردەمەی پێوەیە، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستانیش بەهەمان شێوە مۆری هەلومەرجی دنیای ئەم سەردەمەو واقعیەتی سیاسی کوردستانی پێوە دەبێت.
بەڵام ئەوە کە هاورێ و دۆستانیک پێیان وایە ئەمە هەنگاوێکی لوکاڵیی یە لە ووڵاتێکی سەراسەری ودیاریکراودا، بنەماکەی ئەوەیە کە تائێستا پێیان وایە کۆمەڵگای کوردستان لەقەڵەمڕەوی دەوڵەتی تازەی عێراقدایە، و بەشێکە لە هەمان واقعیەتی سیاسی کۆمەڵگای عێراق بەهەمان مەسائیل و مەشغەڵەو چارەنووسی سیاسییەوە، لەکاتێکدا ئەمە ڕێک پێچەوانەیە. کۆمەڵگای کوردستان سەرباری ئەوەی ڕەسمیەت نەدراوە بەجیایە بەکردەوەکەی ئێستای و لەگەڵ ئەوەدا کە ئەحزابی قەومی کورد تائێستا چارەنووسی خویان بە ناوەندەوە گرێداوەو هەوڵیشیان بۆئەوەیە کوردستان بکەنەوە بە بەشێک لەعێراق، بەڵام کێشکردنەوەی کۆمەڵگای کوردستان بۆ ناو قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی، کارێکی سادە نییە و خەڵکی کوردستان نیشانیانداوە مل بەیاریەکی ئاوا ترسناک نادەن و ئەمەش یەکێک لە جیاوازییە سەرەکیەکانی ئەجندای خەڵکی کوردستانە لەگەڵ ئەجندای ئەحزابی قەومی کورد. ڕیفراندۆمە نایاسایەکەی کاتی هەڵبژاردنەکان کە 98% خەڵک دەنگیاندا بەسەربەخۆیی، باشترین پێوانەی واقعیەو تەعبیرە لەخواستی خەڵکی کوردستان.
ئەمە بەجیا لەوەی کە ئێستا لە ناوەراست و خواروی عێراق، کێشەی ئەمنیەت، داگیرکاری، شەڕی تایفی کێشەی سەرەکی خەڵکە. هەوڵی ئەحزاب و هێزەکان بەهەموو هدنەو ئیتفاقەکانیانەوە ململانێ یە بۆ تەمەرکوزکردنی دەسەڵات، پاشماوەکانی بەعس و حزبی عەودە، و دەیان گروپ و لایەنی قەومی و دینی، لەسەر بنەمای هەمان واقعیەتی داگیرکاری و شەڕی تایفی و نائەمنیدا، پلان و بەرنامەی هەڵسوڕانی خۆیانە دادەڕێژن و دەبەنە پێشەوە یان دروست دەبن. لە کوردستان کێشەی خەڵک لەپاڵ نەبوونی خزمەتگوزاریەکانی وەک ئاو کارەبا و نەوت و غازو ڕێگاوبان و زیادکردنی موچەو دوای ئازادی سیاسی و مافە فەردی ومەدەنیەکان، کێشەی ئایندەی سیاسی و هەڵواسراو مانەوەو خواستی جیابونەوەو سەربەخۆ بوونی کوردستانە. کێشەی ئەحزاب و لایەنە قەومی کوردیەکانیش کێشەیە لەسەر بەرینکردنەوەی پانتایی قەڵەمرەوی دەسەڵاتی سیاسی لەکوردستان.
واقعیەتی نزیک بە دوودەهەی ڕابردوو، نەسڵێکی وای لەکوردستان هێناوەتە ئاراوە، کە هیچ هاوبەشی و نزیکایەتیەکیان لەگەڵ ناوەراست و خواروی عێراق و خەڵکەکەیدا نییە، تەنانەت زمانی عەرەبیش نازانن، لەوەش واوەتر کارنامەی بەعس لەکوردستاندا لەکتێبەکاندا وەردەگرن، چونکە کە چاویان کردۆتەوە ڕوبەڕووی دەسەڵاتی تاڵانچی و بێمافی ئەحزابی قەومی کورد بوون و دەست و پەنجەیان لەگەڵ ئەودا نەرم کردووە، و ئیستاش بەڕیزێک داخوازی ڕەواوە هاتونەتە مەیدان. ئەمە لەکاتێکدا لە ناوەراست و خواروی عێراق لەجێگای باس لە خواست و داخوازی جۆراوجۆر مانەوەی فیزیکی ئینسان بۆتە ئاوات و ئارەزوو.
ئەمانە واقعیەتێکی هێندە مەلموسن کە جێگایەک بۆ ئەوە ناهێلێتەوە کە بڵێیت کومەڵگای کوردستان بەشێکە لەعێراق و باسی پێکهێنانی حزبێکی کۆمۆنیستی بۆ کوردستان بە ناسیونالستی یان هەوڵێکی لوکاڵی و دابەشکردنی چینی کریکار و پەرتکردنی بزوتنەوەی کرێکاری و جیاخوازی لەقەڵەم بدەیت.
15-3-2007
ماویەتی…..