Home هاوپۆلنه‌كراو هەرێمی کوردستان، لە نەبوونی  حکومەت و پەرلەمان و سەرۆکدا!

هەرێمی کوردستان، لە نەبوونی  حکومەت و پەرلەمان و سەرۆکدا!

by Abdulla Mahmud

عەبدوڵا مەحمودth (1)

abdulla.mahmud@gmail.com

لە ١٩ حوزەیرانی ٢٠١٥، ماوەی یاسایی! سەرۆکی هەرێم کۆتایی پێهاتووە. لە ١٢ئۆکتۆبەریشەوە، سەرۆکی پەرلەمان لەلایەن پارتیەوە بە زۆری چەک رێگریلێکرا بچیتەوە ناو هەولێر و دەزگا شەرعی! و هەڵبژێردراوەکەی کوردستان، پەرلەمان لە کارکەوتووە، حکومەتیش ٦ مانگە تەنها یەکجار کۆبۆتەوە، ئاسۆیەکی نزیکیش بۆ خستنەوە گەریان دیار نییە.

ئیستا هەریمی کورستان هەم بێ سەرۆکی هەرێمی یاساییەو هەم کاری پەرلەمان،  وەستاوە. حکومەتیش بێ پەرلەمان هیچ کارەیە و کۆبونەوەکانی وەستاون. دۆخی هەریمیش هیچ ئاڵوگۆرێکی بەرجەستەی تیا روینەداوە، کۆمەڵگا بە هەمان شێوەی رابردوو، بەهەمان ئەو کێشەو گرفت و قەیرانانەوە، کە بە بوونی سەرۆکی هەریم! و بە چالاک بوونی پەرلەمانیشەوە!، هەیبوو، ئێستاش دەچەرخێت. گرفتەکان بە سەرۆکی هەرێمی یاسایی!! و ماوە بەسەرچوەوە، پەرلەمان بەسەرۆک و کاری رۆتینی خۆیەوە تا بێ سەرۆک و لە کارخستنی… وەکو خۆیان ماونەتەوەو دەشێ بەهۆی هاتنی وەرزی زستانەوە گرفتی کارەباو سوتەمەنیش زیاد بکات و بچێتە سەر گرفتی بێ موچەیی و گرفتە زۆرو زەوەندەکانی تر… ئەمەش هەموو ساڵیک دوبارە دەبێتەوە.

ئەم هەلومەرجە کە هەرێمی کوردستانی پیا تێپەردەبێت، بەوەی سەرۆکی هەرێم و پەرلەمان و حکومەتی هەبێت، یان هیچیانی نەبێت، هیچ لە دۆخەکە ناگۆرێت، جگە لەزۆربوونی هاش و هوشی حزبی و درۆی پیداویستی کۆبونەوە حزبیەکان وبەرین بوونەوەی قیرەقیری لێکٶڵەرە سیاسی حزبی و بێبەهرەو بەرۆژ نرخی نان خۆرەکان. تەنها دەتوانێ راستیەکی سادە بەیان بکات، ئەویش ئەوەیە کە هێشتا هەرێمی کوردستان لە جێگا پێکهاتە و دەزگا یاساییەکان، حزبەکان و لە ناو حزبەکانیشدا، حزبی خاوەن هێزی چەکدار و قەڵەمرەوی جغرافیایی، کۆمەڵگا بەوجۆرەی خۆیان دەیانەوێت و بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکانیان دەپارێزێت، ئاراستە دەکەن. وە ئەو راستیە سادەیە نیشان دەدات کە هەڵبژاردن و حکومەت و پەرلەمان لە نەبوونی ناسنامەی حقوقی، لە نەبوونی قەوارەی دەوڵەتیدا… تەنها دەتوانێ جێگای خۆی بدات بە حزبە چەکدارەکان تا خۆیان بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنن و بەجۆرەی خۆیان دەیانەوێت یاری بە چارەنووس ئایندەی دانیشتوانەکەیەوە بکەن. حکومەت و پەرلەمان لە نەبوونی جغرافیای دان پیانراوی فەرمی نێودەوڵەتیدا، لە کاریکاتۆرێک زیاتر بۆ شێواندنی رای گشتی ناتوانێ رۆڵێکی تر بگێرێت. وە حکومەت و پەرلەمان لەدۆخی نەبوونی دەوڵەت و قەوارەی دەوڵەتیدا، تەنها دەبێتە چەک و کارتی گوشار بەدەست حزبی خاوەن هیزو قەڵەمرەوی جغڕافیای زیاترەوە. ئەوەی کە پارتی لە ئێستادا هەر کاتێک بیەوێت دەتوانێت دەرگای پەرلەمان کڵۆم بدات و سەرۆکەکەی خانەنشین بکات، ئەوەی کە یەکێتی نیشتمانی دەتوانی بەڕێوەبردنی شارێکی وەکو سلێمانی و دانانی پارێزگارێک بۆی بەویستی خۆی دابنێ، گاڵتە بە ئاکامی هەڵبژاردنەکان بکات… تەنها بەرهەمی دەسەڵاتی میلیشیایی و بەبارمتەگرتنی پاروی دەمی خەڵکە لە رێگای زۆری هیزەوە.

 هەرکاتێکیش ئەم حزبانە بەتایبەتی حزبی خاوەن قەڵەمرەوی سیاسی و چەکدار و دەستگیر بوو لە داهاتی خەڵکی کوردستان، پەرلەمان و حکومەت، بۆیان تەنها ئەو گرنگیەی هەیە ،کە رەوایەتی بدات بە دەسەڵاتی مییشیاییان و تاڵان و برۆیەکی ئاشکرا. هەر کاتێکیش بیانەوێت یان بەهەر هۆیەکەوە لە ئەدای حکومەت و پەرلەمان نارازی بن، وەکو موچەخۆری حزب دەتوانن لغاوی بکەن و لەکاری بخەن. ئەمەش نیشان دەادت کە حکومەت و پەرلەمان لە کوردستان لە بنەرەتدا دوو دەزگای فریوکارین بۆ شێواندنی راگشتی دنیای دەرەوە، لەناوخۆشدا بۆرسەیەکە بۆ سات و سەوداو دابەشکردنی داهات و سامانی خەڵکی کوردستان لە نیوان ئەو حزبانەی بەشداری لەم دوو دەزگایەدا دەکەن. ئەوە کە  حزبە سیاسیەکان و لێکوڵەر و توێژەرەوە سیاسیەکان، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کوردستان لە قەیرانێکی قوڵدایە، قەیرانەکە نە کودەتای پارتیە بەسەر شەرعیەت و پەرلەماندا، نە گرفتی سەرۆکایەتی هەرێمە و نە بنبەستی حکومەتی بنکە فراوان و نە تێکچوونی رێکەوتنامەکانی نێوان هەرێم و بەغدایە، وە نە تیكچوونی ڕیکەوتنی گۆران و پارتییە، ئەمانە هەموویان دەرهاوێشتە و ئاکامی گرفتی بناغەییترن…  گرفتی نەبوونی قەوارەی دەوڵەتی ویاسا، وە بوونی دەسەڵاتی میلیشیایی ئەحزابە. ئەم دەسەڵاتە میلیشیایییە خۆی بەربەستێکی سەرەکی هەر هەوڵ و بزوتنەوەیەکی ئازادیخوازانەیە بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتی پشت بەستو بە ئیرادەی خەڵک. وە رێگری سەرەکی یاساو ریسا و دەزگای سیستەماتیکی بەرێوەبردنە. کۆتاییهێنان بەو گرفتانە تەنها لەگرەوی جیاکردنەوەی کوردستان لە عێراق و پێکهێنانی وڵاتیکی سەربەخۆی سکیولاری غەیرە دینی وغەیرە قەومی لەلایەک و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی میلیشیایی ئەحزاب لە لایەکی ترەوەیە…

ناوەراستی دیسەمبەری ٢٠١٥

 

لەوانەیە تۆ ئەمانەشت بە دڵ بێت

لێدوانێک بەجێ بهێلە

هاوڕێمان بن!

پەیوەندی

دەتوانن ڕاستەوخۆ پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ هەر سەرنج و پێشنیار و ڕاگۆرینەوەیەک، لە ڕێگای:

abdulla.mahmud@gmail.com

دیمانەی پێشەنگ

Play Video