Home هاوپۆلنه‌كراو پێشمەرگە بەتامی سەرۆک…

پێشمەرگە بەتامی سەرۆک…

by Abdulla Mahmud

عەبدوڵا مەحمود23501346Aufzeichnen22

abdulla.mahmud@gmail.com

هەر کاتێک باسی پرسی سەرۆک بۆ هەرێمی کوردستان، دێتە ئارا و گەرم و گوڕی ئەم پرسە شەقام داگر دەبێت. بەرپرسانی پارتی، تەنگەتاو دەبن و رادەگەیەنن، کە پێگەی بارزانی زۆر گەورەترە لە پۆستی سەرۆک. بارزانی کاریزمایە. بارزانی خاوەن ئەزموون و کەسایەتیەکی ناسراوی ناوچەیی و نێودەوڵەتییە. ئەوەش کە زۆر بە شانازییەوە رای دەگەیەنن و پێداگری لەسەر دەکەن ئەوەیە، کە بارزانی پێشمەرگەیە و شانازی بە پێشمەرگەبوونیەوە دەکات. خودی بارزانیش لەگەڵ دەرکەوتنی هەر قەیرانێکی قوڵ و هەر باسێک سەبارەت بە پلەو پایەو پۆست، رایدەگەیەنێت کە پێشمەرگایەتی گەورەترین شانازییە بۆی و شانازی بە پێشمەرگەبوونیەوە، دەکات.

ئەم هەموو شانازییە کە پارتی و بەرپرسانی، تا دەگاتە بارزانی کە بە پێشمەرگە بوونەوە دەیکەن، لە دنیای واقعیدا هێندەی بۆ ئەوەیە بارزانی بۆ ئەبەد سەرۆک بێت و لەهەرەمی پلە یەکەمی دەسەڵات لە کوردستان نەیەتە خوارەوە، نیو ئەوەندە بۆ ئەوە نییە کە پێشمەرگایەتی میداڵی شانازییە و بارزانی دەیەوێت بۆ ئەبەد پێشمەرگە بێت.

بارزانی دەیەوێت پێشمەرگە بێت لە بەرگی سەرۆکێکی دنیا نەدیوودا. سەرۆکێک کە ژیانی شاهانە و فیرعەونی ئەو بەهیچ پێوانەیەک ناتوانرێت لەگەڵ ژیانی پێشمەرگەیەک، یان هاوڵاتیەکی سادەی ئەم سەرزەمینە بەراورد بکرێت. بارزانی خاوەنی چەندین کۆشکی ژیان و خۆشگوزەرانییە، کە بەخەون و خەیاڵیش پێشمەرگە نەک ناتوانێت بیبینێت، بەڵکە هیچ زیندەوەریک بۆی نییە لەو دەڤەرە نزیک بێتەوە کە ئەو لێی نیشتەجێیە. بارزانی خاوەنی جۆرێک لە ئیمتیازاتەکانی ژیانە، کە لە فیلمەکانی هۆلیۆدیشدا، نمایشکردنی سادە نییە. بارزانی خاوەنی تەیارەو و دەیان جۆری ئۆتۆمبیلی گوللە نەبڕ و دوا مۆدێلە کەوێناکردن و تەنانەتە وێنە کیشانیشیان، کارێکی سانا نییە. بارزانی خاوەنی دەیان هێکتار زەویی و خاوەنی سەرمایەی گەورەیە لە بانکەکانی دنیادا. بارزانی بەهەر رێگاو شەقامێکدا بڕوات، ئەم ناوچەیە بە هێزی تایبەتی ئاشکراو نهێنی هەمەچەشن میلیتاریزە دەکرێت. هیچ کەسێک لە ناو بنەماڵەی بارزانی و پارتیدا، ناتوانێ و زات ناکات دەست ببات بۆ کارێکی گرنگ و چارەنووساز ئەگەر بارزانی پشتگیری نەکات و بریاری لێنەدات. نەک  بارزانی خۆی و خانەوادەی بارزانی، بەڵکو کەسە نزیکەکانی دەوری بارزانی لەناو گەورەترین نیعمەتی سەر ئەم زەویەدا، نوقـمن و لەبەر دەستیانە. جۆری و ژیان و گوزەرانی بارزانی و خانەوادەو دەوروبەرەکەی و خۆی بەهەشتیکە لەسەر ئەم زەوییە، بەراوردکردنی بە بەهەشتی ئەو موسوڵمانانەی خەونی پێوە دەبینن، خەونێکی نەزۆکە.

بارزانی پێشمەرگەیە… کەچی خۆیی و بنەماڵەو کەسانی دەوروبەریان ژیانی شاهانەیان بۆ ئێستا و داهاتووی درێژ، شارزە و لەهیچیان کەم نییە و هەر داواش دەکەن. بۆیە ئامادەنین بەهیچ جۆرێک بە خۆشی دەست بەرداری بن.

پێشمەرگەش، ئەو ئینسانانەن، کە زوربەی هەرە زۆریان برسی و روت و رەجاڵن، خاوەنی هیچ نین جگە لە موچەیەکی کەم کە بەشی هیچ ناکات. نەک خاوەنی خانوو سەیارەو ژیانێکی گونجاو و شایستە نین، بەڵکو کرێچی و قەرزارن و هاتووچۆشیان سەختە. شێوەی ژیان و خوێندن وپەروەدە و تەندروستی، خزمەتگوزاری، خۆیان و خانەوادەیان، کۆیلەتیەکی مۆدێرنە. دیارە ئەگەر شەر نەبێت، ئەوا موچەشیان چەند مانگ جارێکە. باسی کەس و کاری ژیانی ئەو لەشکرە لەپێشمەرگە کە گیانیان بەخت کردووە و بوونە قوربانی، یان کەم ئەندام بوون و ئەگەر شەرێک نەبێت بێکارن، گۆشەیەکی تر لەمەرگەساتەکانی پێشمەرگەیە.

هەروەها بارزانی و بنەماڵەی بارزانی کۆمپانیای دروسکردنی سەرۆکەکانن و کارخانەی سەرۆک سازییان، لەسەر بنەمای بۆ ماوەیی کردۆتە نەریت و بەشی دەیان دەهەی تر، سەرۆکیان، ئامادەیە، بەمەش پێمان دەڵێن ئێمە بۆ ئەبەد سەرۆکین، حزبی یەکەمین.

بارزانی ئامادە نییە و بە ساناییش واز لە پۆستی سەرۆکی هەرێم ناهێنێت. خۆ ئەگەر لە داهاتووشدا بارزانی ناچاربکرێت بۆ دەستبەردار بوون لەو پۆستە، ئەوا بنەماڵەی بارزانی ئەو پۆستە بە موڵکی خۆیان دەزانن و دیسان پارتی ئامادە نییە بە سانایی ئەو پۆستە رادەستی هیچ لایەنێکی سیاسی تر بکات.

پارتی و بارزانی شانازی بە پێشمەرگەوە دەکەن بۆ ئەوەی کورسی سەرۆک، بۆ ئەبەد لەدەست خۆیاندا بهێڵنەوە. بارزانی پێشمەرگەیە، بەڵام ئامادە نییە واز لە پۆستی سەرۆکی بهێنێت. بارزانی پێشمەرگەیە بەو مەرجەی کەس دەست نەبات بۆ پۆستی سەرۆکایەتیەکەی.

مەسەلەیەکی تر لە پەیوەند بە پرسی سەرۆکی هەرێمەوە، پرسی یاساییە. ئەو پێشمەرگەیەی بە تامی سەرۆکەوە، ئامادە نییە واز لە پۆستی سەرۆکایەتی بهێنێت، هەرکاتێک بخرێتە ژێر گوشارەوە،چ خۆی چ سەرانی پارتی دەڵێن، ئەو پرسە ئەگەر یاسایی نەبێت قبوڵی ناکەن و ئەوان ملکەچی یاساو دەنگی میللەتن. دنیایەکی سەیرە! ئاخر ئەوە ئاشکرایەو زیاتر لە دوو دەهەیە لە پرۆسیسی مەحەکدایە، کە لە هەرێمی کوردستاندا، یاسا لە درۆیەک زیاتر هیچی تر نییە. یاسا  هیچ کارەیە لە پەیوەند بە پاراستنی مافی هاوڵاتیان و بەرگریکردن لە مافە فەردی و مەدەنی و یاسایی و ئینسانیەکانیان. بەپێچەوانەشەوە یاسا هەموو شتێک و باشترین چوارچێوەیە بۆ بەرگری لە تاڵانی و دزی و داسەپاندنی کۆنەپەرستی و هێشتنەوەی زۆری چەک بەسەر سەری خەڵکی و کوردستان و نەیارانی دەسەڵاتەوە. هەر لەو چوارچێوەیەشدایە پارتی و بارزانی یاسا بەدەستەوە دەگرن و ئامادەن ملکەچی یاسا بن. لەم ئەزمونەی هەرێمی کوردستاندا، یاسا بۆ دەسەڵات و پاراستنی دەسەڵات و سەرکوتی ناڕازیان و نەیارانی دەسەڵات و فریودانی رای گشتی، ئامرازێکی پڕ خێرە. هەر لەو روانگەیەشەوە پارتی و بارزانی مل کەچی یاسان و شانازیش بە پابەندبوون بە یاساوە دەکەن، بەڵام ئەمە نەک نابێ مایەی شانازی بێت، بەڵکو بەراستی ئەمە بیرخەرەوەی دڵرەقترین جۆری سیستەمە سیاسیە سەرکوتگەرەکانە. ئاخر هەرچی سەرۆکی زاڵم و دیکتاتۆر و مادام العمر هەبووەو هەیە، یاسای بۆ سازکراوە و بەیاسایی کراوە. چ دەسەڵاتی چەندین دەهەی قەزافی و چ سەدام حسێن، بە پێی یاسا بووە و حیلەی یاسایش لە ناو حیلەی دەسەڵاتی مافیایی و کۆنەپەرست و سەرکوتدا، هێندە زۆرە، کە دەتوانێ دەسەڵات بۆ هەزاران ساڵ پیرۆز بکات. شانازی کردنی پارتی و بارزانی بەوەی ئەگەر درێژکردنەوەی پرسی بارازنی نایاسایی بێت، قبوڵی ناکەن، زۆر جێگەی شەرمە تا جیگای شانازی بیت. بارزانی پێشمەرگەیە بەتامی سەرۆک. مل کەچی یاسایە، لە نەبوونی سیستەمی یاسایدا، لەناو حیلەی دەسەڵاتێکی نایاسایدا…

سەرەتایی ئابی ٢٠١٥

لەوانەیە تۆ ئەمانەشت بە دڵ بێت

لێدوانێک بەجێ بهێلە

هاوڕێمان بن!

پەیوەندی

دەتوانن ڕاستەوخۆ پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ هەر سەرنج و پێشنیار و ڕاگۆرینەوەیەک، لە ڕێگای:

abdulla.mahmud@gmail.com

دیمانەی پێشەنگ

Play Video