Home هاوپۆلنه‌كراو  کۆمەڵگای بێ حکومەت و حکومەتی بێ دەوڵەت

 کۆمەڵگای بێ حکومەت و حکومەتی بێ دەوڵەت

by Abdulla Mahmud

عەبدوڵا مەحمود  2

abdulla.mahmud@gmail.com

زیاتر لە ٦ مانگە هەڵبژارنی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی هاتووە، کەچی هێشتا حکومەتی نوێ! پێکنەهاتووە. کۆمەڵگاش وەکو جاران و بێگوێدانە ئەوەی کابینە تازە و حکومەتی تازە پێک هاتووە یان نا، وەکو پێشوو دەچەرخێ. ئەمەش نیشان دەدات کە لەم کۆمەڵگایەدا، حکومەت هەبێت و نەبێت، رۆڵێکی لە ژیان و گوزەران و بەرێوەچوونی کۆمەڵگا نییە. لەوانەیە کەسانێک بڵێن ئەوە نییە کێشەی موچە یەخەی بەکۆمەڵگا گرتووە، راستە کێشەی موچە مۆتەیەکی زلی سەر دڵی سەدان هەزار خێزانی موچە خۆرە، بەڵام ئەمە پەیوەندی بەوەوە نییە کە حکومەت هەیە یان نییە، دەکرا و بووە حکومەتیش هەبێت، بەڵام حکومەتی ناوەند لە ململانێی خۆی لەگەڵ هەرێمدا یان وردتر بڵێین لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی هەرێمدا، بودجە دەست بەسەرا بگرێت و وەکو چەکێکی سیاسی و کارتی گوشار بەکاری بهێنێت، و کێشەی موچە یەخەی کۆمەڵگا بگرێت… بۆیە مەسەلەی بودجە بەشێکە لە ململانییەکی فراوانتری سیاسی هەمیشەیی نێوان ناوەندو هەولێر و هەر جارە ئەم ململانییە لەسەر دۆسیەیەک و مەسەلەیەک و روداوێک، وەکو حاڵەتێکی چاوەروانکراو بەرهەمی فیدرالیزمی قەومی، قابیلی پێشبینی یە.

ئەم حاڵەتە لە بۆشایی حکومەتداری بۆ ئەو ماوە درێژە، ئەگەر لەهەر کۆمەڵگایەکی رۆتیندا، کە دەوڵەت بوونی هەبێت، روبدات، دەبێتە مایەی پشێویەکی گەورەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و یاسایی و حقوقی. بەڵام لە کوردستاندا ئەمە بوونی نییە، چونکە حکومەتی بێ دەوڵەتی بەرەسمی ناسراو، حکومەتێکی حزبی و گەمەیەکی فریوکارانەیە.

راستی ئەوەیە حکومەت و پەرلەمان لەهەر جغرافیایەکی سیاسیدا، کە قەوارەی دەوڵەتی نەبێت، دەوڵەت بوونی نەبێت” بەهەر ناوەرۆکێکەوە”، حزب و ئیدارەی حزبی و بەکردەوە جێگای حکومەتداری و پەرلەمان دەگرێتەوە، بەشی هەر حزبێکیش لەدەسەڵاتدارێتیدا بەندە بەرادەی ‌زۆری هێزی چەکدار و سەپاندنی دەسەڵاتی سیاسی و پاوانی داهات، بەهرەمەند بوون لە پشتیوانی دەرەکی.

تەنانەت گەمەی هەڵبژاردنەکان، تەنها کایەیەکی روکەشە بۆ شێواندنی رای گشتی و فەرمی،  لە بنەرەتدا رۆڵیکی کارای لە دەستاو دەستپێکردنی دەسەڵاتدا نییە. زیاتر لە ٦ مانگە لە کوردستان هەڵبژاردن کراوە، ئاڵوگۆر بەسەر رێژەی دەنگی حزبەکاندا هاتووە، بەڵام دەسەڵات و دەستگرتن بە جومگە سەرەکیەکانی قەڵەمرەوی سیاسیەوە، وەکو پێشوەو هیچ ئاڵوگۆرێکی بەرچاو، روی نەداوە.

هەموو ئەو بانگەشانەی حزبەکان بەر لە هەڵبژاردنەکان وەرێی دەخەن، سەبارەت بە خزمەتکردنی خەڵک و دابینکردنی خواستەکانیان و بەرینکرنەوەی ماف و ئازادییەکان، تەنها درۆیەکی ئاشکرایەو پەیوەندی بەباشکردنی دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵکیەوە نییە. دوای ئەو ماوە دریژە لە هەڵبژاردنەکان، هێشتا پێکەوەنانی حکومەتی روکەشیش روبەرووی گەفتی گەورەیە، بەو هۆیەوە حزبە براوەکان! هەموویان شەرو کێشەیان لەسەر پۆستەکانی” پێشمەرگە، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی دارایی، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان، دەزگا ئەمنیەکانە” نەک جەنگ و کێشە لەسەر وەزارەتی پەروەردە یان رۆشبیری و یان ئاوەدانی …تاد. کە گرنگترین لایەنی دروستکردنی کۆمەڵگایەکی تەندروستن. ئەمە خۆی نیشان دەدات، لەو کۆمەڵگایانەی دەوڵەت نییە، حکومەت و پەرلەمان تەنها کاریکاتۆرێکن و قورمیشکراوی دەستی حزب و هاوکات، هیچ کارەن بەرامبەر بە ژیان و گوزەرانی دانیشتوانەوە. ئەوەی کۆمەڵگا، دەچەرخێنی ئەو حزبانەن کە پارەو دەسەڵاتیان لە رێگای زۆری هێزو بە بارمتەگرتنی پاروی دەمی خەڵکیەوە، گرتووە، بۆیە شەر و هەراشیان بۆ پێکهێنانی حکومەتی روکەش و فریودەرانە، تەنها لە گرەوی دەستگیر بوونیان لە پۆستە سەربازیی و داریی و ئەمنیەکاندایە. بۆیە ململانێی حزبەکان بۆ پیکهێنانی کابینەی نوێ، لەسەر پاوانی داهات و دەسەڵاتی سیاسیە، نەک چۆنیەتی چەرخاندنی کۆمەڵگاو وەڵامدانەوە بە پێداویستیەکانی.

٢٣/٣/٢٠١٤

لەوانەیە تۆ ئەمانەشت بە دڵ بێت

لێدوانێک بەجێ بهێلە

هاوڕێمان بن!

پەیوەندی

دەتوانن ڕاستەوخۆ پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ هەر سەرنج و پێشنیار و ڕاگۆرینەوەیەک، لە ڕێگای:

abdulla.mahmud@gmail.com

دیمانەی پێشەنگ

Play Video