Home هاوپۆلنه‌كراو کوردستان و گرنگترین وێستگە سیاسیەکانی ساڵی ٢٠١٢

کوردستان و گرنگترین وێستگە سیاسیەکانی ساڵی ٢٠١٢

by Abdulla Mahmud

عەبدوڵا مەحمود

abdulla.mahmud@gmail.com2

٢٠١٢ ساڵی شۆرش و دژە شۆرش بوو. ئەو شەپۆل و ڕاچەنینەی ساڵی ٢٠١١ کەبە دەستپێکردنی شۆڕشەکان لە باکور ئەفریقا دەستی پێکردو گەراکانی شۆرشی لە ناو دڵی ئەمریکاو ئەوروپای ئەزمەگرتوودا چاند، بەردەوامی هەبوو. ئەزمەی سەرپاگیر و گشتگیری ئابوری دنیای سەرمایەداری، کاریگەریەکانی ئەم تسۆنامیەی سەر دڵی سەرمایەداری، ئینسانیەتی لە سەر گۆی زەویدا روبەروی برسێتی و گرانی و…تاد، کردەوە. لە ناو حەوزەی کاری هەرزانی باکوری ئەفریقادا، کاردانەوەو شۆرشی بەدوای خۆیدا هێنا و خواستی نان، ئازادی و شکۆی ئینسانی…بوونە داینەمۆی ‌بێداربوونەوە و خۆنیشاندانی هێزی شاراوەی ملیۆنی برسیەکان و ئازادیخوازان و دەستبردن بۆ شۆرش. شۆرش بۆ مانەوەو ئاڵوگۆری شۆرشگێڕانە بووە دەستپێکردنی مێژوویەکی نوێ. مێژوویەک کە ئەمجارە نەک ئەمریکاو غەرب، نەک دەرهاویشتەکانی ململانێی ئیسلامی سیاسی و ئەمریکاو بانگەشەی دژە تیرۆر، بەڵکە میژوویەک کە ئینسانەکان وەجەماوەی ستەم لێچوو بۆ ئازادی، نەخشاندیان.

بەرجەستەترین ویستگەی ساڵی ٢٠١٢ ساڵی ململانێی ئەمریکاو غەرب و نۆکەرە محەلیە ئیسلامی و قەومیەکان بوو بە پشتیوانی میدیایەکی نۆکەر و سەرلێ تێكدەر بۆ وەستانەوە بە دژی شۆرشدا… بۆ شێواندنی شۆرش، بۆ دزینی شۆرش، بۆ ترساندنی خەڵک لەدەستبردن بۆ شۆرش. لەگەڵ ئەوەدا هەوڵدرا دیمەنی دزێوی بۆمباباران و ناتۆ لە لیبیادا بەدرێژەی شۆرش وێنا بکەن، وە بە دوور لەو هەوڵانەی دەیانەوێت بەیەکدادانی دەستەو تاقمی نۆکەرو کرێگرتەی وڵاتانی ناوچەکەو قاعیدە و ئیخوانەکان و دەستەجاتی ناسیونالیزمی عەرەب و کورد، لە سوریادا بە شۆرش لەقەڵەم بدەن…بەڵام ناکام مانەوە.

 هەڵبژاردنەکانی  تونس و میسر، بانگەشەی بەرێوەچوونی دیموکراسییانەی پرۆسەکە لەلایەن میدیا و ماس میدیای کرێگرتەوە، وە پشتیوانی بێدرێغی ئەمریکاو غەرب بۆ ئیخوانەکان و ئیسلامیەکان، هیچ نەبوو جگە لە هەوڵێکی بەنەخشە بۆ روحکێشانی شۆرش و ناردنەوەی خەڵکی نارازی بۆ ماڵەوە، ئەم گەمە و سیناریۆیە کە ‌هەڵبژادنەکان، روە گەنیوە دیموکراسیەکەی، نیشاندا. نەیتوانی شۆڕش رابگرێت و دڵی شۆرش لە لێدان بخات…ئێستا چ تونس و چ میسر شانۆی جموجۆڵێکی بەرینی جەماوەری و نارەزایەتین بەرووی ئیخوانەکان و ئیسلامیەکاندا… بزوتنەوەی کرێکاری و ول ستریت داگیر بکەن، درێژەی هەیە، ئەوە کە دەنگدانەوەی کەمترە بە جیا لەسەرکوتی پۆلیسی، خامۆشی میدیای نۆکەرە کە بلۆکی گواستنەوەی هەواڵەکان و چالاکیەکانیان دەکەن… کەریگەری ئەزمەی قوڵی ئابوری لەسەر ئینسانیەتی زوربەی زۆری ئەم ئەم گۆی زەویە شەقامی شارەکانی یونان و پرتوگال و ئیسپانیاو ئیتالیاو ئیسرائیل و…تاد، کردۆتە مەیدانی روبەرووبونەوەی کرێکاران و خەلکی دەست تەنگ بۆ وەوستانەوە بەرووی سیاسەتی سگهەڵوشین و تەسلیم بووندا، بە رووی پلانی بە نەخشەی سەرمایەداری و دەوڵەتە چاوچنۆکەکانی پارێزەری قازانچ پەرستییدا.

کۆمەڵگای کوردستانیش بە جیا لە کاریگەریەکانی دنیا و وڵاتانی ناوچەکە و قوتبەنییە جیهانی و ناوچەیەکان لەسەری، مەیدانی چەندین روداو و ویستگەی دیاریکراو بوو…

ململانێی نێوان هەرێم و بەغدا، داکشانی کێرفی ئۆپۆزیسێۆن و خۆشباوەری خەڵک پێیان، توندوتیژی بەگشتی و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، دورکەوتنەوەی تاڵەبانی لەکایەی سیاسیدا، بەردەوامی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری… بەرجەستەترین روداوەکانی ساڵی ٢٠١٢ کۆمەڵگای کوردستان بوون.

ململانێی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر دەیان پرسی وەکو بودجە، یاسای نەوت و غاز، سەرژمێری، مادەی ١٤٠ ناوچە کێشەلەسەرەکان، جوڵەپێکردنی سوپا و بارگرژی لەسنوری ناوچە کێشەلەسەرەکان، ململانێییەکی نەپساوەو چاوەروانکراوی سیاسی ساڵ بوون، کە چ رەوتی ناسیونالیزمی کورد و چ رەوتی ناسیونال عەرەبی ئیسلامی، نەخشی دیاریان هەبوو تیایدا تا لە ڕیگایەوە سەرنجی خەڵکی عەرەب زمان و کورد زمانی عێراق لەسەر خواستەکانیان و دواکاریەکانیان بگوازنەوە بۆ سەر ململانێی داهات و دەسەڵاتی خۆیان و کردنیان بە زەخیرەی ئامادەباشی ململانێکانیان. دیارە ریشەی ئەم ململانێیە و ژینگەی هەمیشە بەرهەم هێنانەوەی بەردەوامی ئەم تەنگژانە و قوڵبونەوەی تا رادەی بە یەکدادانی چەکدارانە، بوونی دوو وڵاتە لە ناو یەک دەوڵەتی ئەزمەگرتوو، کە هیچ ئیرادەیەکی سەربەخۆی نییە و جوڵەو کاروکردەوەکانی لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەو لە ژیر کاریگەری بلوکبەندیەکانی دنیادا، دەچەرخێ. بە جیا لەوەش کۆمەڵگای کوردستان، لەهەموو رویەکەوە دابراوە لە عێراق و بۆتە کۆمەڵگایەکی سەربەخۆ، هەوڵەکانی ناسیونالیزمی عەرەب و ناسیونالیزمی کوردی بۆ بەیەکەوە گرێدانەوەی کوردستان بەعێراقەوە، تاوانکارییەکی ئاشکرایە بەرامبەر بە ئیرادەی سیاسی خەلکی کوردستاندا…وە هۆکاری ململانێکانی نیوان بەغداو هەولێریش هەر ئەم راستیەیە کەناکرێت عێراق بەزۆر و لە رێگای سازانی حزب و لایەنە بۆرژواییەکان، بەیەکەوە شەتەک بدریتەوە، ئەمە ئەگەر سەرچاوەیەکی داهات و دەسەڵاتە، بۆ لایەنە قەومی و دینییەکانی عێراق، بەڵام مایەی بەڵاو سەیەشەو دوبارە زەمینە سازکردنەوەی ململانێی قەومی و قوڵکردنەوەیەتی…

داکشانی کیرفی ئۆپۆزیسێۆنی بۆرژوایی لە کوردستاندا و رەوینەوەی رادەیەکی بەرچاو لە خۆشباوەری خەڵکی کوردستان بەم ئۆپۆزیسێۆنە، دیمەنێکی دیاری سیاسی سەر ساحەی سیاسی کۆمەڵگای کوردستان بووە. دەستی ئۆپۆزیسێۆن لە گەمەی پەرلەمانیەوە بۆ گەمەی شەقام، لە بانگەشەی شەفافیەتی بودجەو چاکسازیەوە بۆ جیاکردنەوەی حزب و حکومەت!! تا دەگات بە رەخنە لە ئەدای حزبە دەسەڵات بەدەستەکانیان لە پەیوەند بۆ پەیوەندیەکانیان و لە تاریکیدا راگرتنی کۆبونەوەکان و ڕیکەوتنامەکان…تاد، هەموویان ئەو دۆسیانە بوون کە ئۆپۆزیسێۆن بە تایبەتیش بزوتنەوەی گۆڕان، بە بانگەشەکردنیانەوە هاتە مەیدان و تارادەیەکی زۆریش توانی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری کۆنترۆڵی خۆی بکات و لەرێگایەوە سواری شەپۆلی نەفرەتی جەماوەر ببێت لە دژی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی. ساڵی ٢٠١٢ هەموو ئەم بانگەشانە پوچی خۆیان نیشاندا. نەحزب و حکومەت وەکو دەڵێن لەیەکتری جیاکرانەوە. نە چاکسازی هیچی لێ سەوز بوو. نە بودجە کەمترین روناکی و شەفافیەتی بینی. نە پاکیجەکانی خۆیان کە پیشکەشیان کردبوو بوونە خاوەنی. نە کۆبونەوەی نهێنی و دوور لە چاوی کامیراو میدیا، جێگای رەخنە بوون… خودی ئۆپۆزیسێۆن تەبایی خۆی لەگەڵ هەموویان بە کردەوە نیشاندا. پاکیجەکانی چاکسازیان پێچایەوە. تەنانەت خواستی بە دادگا کێشانی تۆمەتبارانی ١٧ شوبات و رۆژانی دوتریش بێدەنگەیان لێکرا. بە بەهرەمەند بوونەوە بە بودجەی حزبیان، باسی شەفافیەتی بودجە، خەوێنرا. بە هەند گرتنیان لەلایەن دەسەڵاتەوە باسی جیای حزب و حکومەتیان پێچایەوە. بە کۆبونەوەکانی پشت پەردەو دور لەچاوی میدیاکان، ئەزمونی شاردنەوەی دۆسیە و رێکەوتنامەی ناو کۆبونەوەکانی حزبۆکراتی کودستانیان، دەوڵەمەند تر کرد. هەموو ئەمانە ئەو تاقیکردنەوانە بوون کەلەڕیگایەوە خەڵکی کوردستان زوو درکیان بە ماهیەتی ئەم ئۆپۆزیسێۆنە کرد و تا رادەیەکی زۆرێش خەڵکی کوردستان و لایەنگرانیان، و تەنانەت بەشێک لە کادرو ئەندامانی خۆیان ریزی خۆیان لێیان جیاکردنەوە و رێگایەکی تریان گرتە بەر. بەمەش کێرفیان روو لە کزی کرد.

توندوتیژی بەگشتی و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، دۆسیەکی گەرم و کارەساتئامیزی ساڵی ٢٠١٢ بوو. هەواڵی سەربڕینی چەند کەسی، دۆزینەوەی تەرمی شێوێنراو، هەڵواسراو، خنکێنراو، جەستە دابێژراو، وە رفاندن…تاد، وەستانیان بۆ نەبوو. هەروەها توندوتیژی دژ بە ژنان، لە هەڕەشە و لێدانەوە، بۆ تیرۆریان، تا ناچارکردنیان بە خۆسوتاندن، ئەو جەنگە بەردەوام نەپساوەی  پیاوسالاری و کەلتوری دارزیوی ناسیونالیستی و دینی، کە دەسەڵات بەیاساو هێز لە پشتیەتی، لەبەرامبەر بە ژنان و بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژناندا، هەدادانی بۆ نەبوو. دەسەڵات لەم جەنگی دژی ژنەدا، بەرپرسیاری یەکەمە و ئەوە ئەوە بەماهیەتە چینایەتی و دەستلەپشت دانی ئیسلامیەکان و  کەلتوری دارزیوەوە ژینگەی بۆ سازدانی ئەم دۆزخەی ژنان، سازکردووە.

تێکچوونی باری تەندورستی تالەبانی و دورکەوتنەوەی لە کایەی سیاسی کوردستاندا، یەکێکی تر لە روداوەکانی کۆتایی ساڵی ٢٠١٢ یە… پێگەی تاڵەبانی لە کایەی سیاسی عێراق و کوردستاندا،لە ناوچەکەدا، لە ناو یەکێتی نێشتمانیدا، بەرجەستەیە. تاڵەبانی لەسەر ئاستی عێراقدا نوێنەرایەتی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد لە دەسەڵات و لە ناوەندا دەکات. لە کوردستاندا تاکە نەیاری هاوتا سیاسیەکەی سەرۆکی پارتی و پارتی دیموکراتی کوردستانە. لە ناوخۆی یەکێتیدا، هەم چەتری بەیەکەوە گرێدانی باڵەکانی ناو تەلاری رێکخراوەیی یەکێتییەو هەم ئیدارەدانی ناکۆکیەکانیان و هەم هەموو باڵەکان ئەو بە برا گەورە!! دەزانن و خاوەنی متمانەیەکی بێ ئەمما وئەگەری هەموو سەرکردایەتی یەکێتی و باڵەکانیەتی. هەروەها تالەبانی لەسەر ئاستی ناوچەیشدا، لە مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا… یەکێک لە دیبلۆماتکارەکانی گەمەی سیاسی و سازان و رێکەوتنامەکان و دۆسیە هەمەجۆرو هەمە رەنگە ئاشکراو نهێنیەکانە. دورکەوتنەوەی تاڵەبانی لە کایەی سیاسی بەر لەهەموو شتیک بە پێچەوانەی بانگەشەی فریوکارانەو چەواشەکارانەی زوربەی زۆری سەرکردایەتی و کادرەکانیان، یەکێتی دەخاتە بەردەم دۆخێکی نەخوازراو و بەرەو پارچە پارچە بوونی دەبات و دەیکاتە نیچێرێکی چەور بۆ قەپە گەورەکانی پارتی و پاشانیش گۆران و هەڵوەرینی جەماوەرەکەی…ئەگەر وەکو کاردانەوەیەی ویژدانی و ئەخلاقی سەرەتا خۆراگریەک بکرێت، بەڵام ئەستەمە بتوانرێت رەوتی لێکترازانی یەکێتی بەر پێبگیرێت. هیچ لە باڵ و لاباڵەکانی یەکێتی کەسی باڵەکەی تر بە رەسمی ناناسێت و متمانەی پێنادات. وەکەسیش لە ئاستی ئەو متمانەی تاڵەبانیدا نییە تا چەسبی بەیەکەوە هێشتنەوەی باڵەکان و خەتەکانیان بێت… بۆ پۆستی نوێنەرایەتی بەغداش، کە زۆرتر تەشریفاتی و رەمزییە دیسان کەس ناتوانێت ئەو ڕۆڵە بگێرێت کە تاڵەبانی لەو ئاستەدا لەخۆی نیشانداوە، ئەوە جگە لەوەی قبوڵکرانی کەسێکی تر لەلایەن ‌هێزو لایەنە سیاسیەکانی عێراقەوە خۆی دەبێتە دۆسیەکی تری ئەزمە، بۆ ئەزمەکانی تر.. لەسەر ئاستی کوردستانیش بارزانی لە پێگەیەکی باشتر بەهرەمەند دەکات و بەو پێیەش پارتی قاچەکانی دەسەڵاتدارێتی توندتر لە زەویدا، قایم دەکات. لەسەر ئاستی ناوچەکەشدا، وڵاتانی ناوچەکە مامەڵەچیەکی سیاسی و دیبلۆماسی دەستپەروەردەکراوی خۆیان لەدەست دەدەن و قوتبی ئیران لەگەمەی خۆیدا بەرامبەر بە قوتبی تورکی و وڵاتانی عەرەبی، لاوازتر دەبێت، کە ئەمە کاردانەوەی لەسەر ریز بەستنی حزبەکانیش لە کوردستاندا، دادەنێت. بەهەموو پێوانەیەک دورکەوتنەوەی تاڵەبانی لە کایەی سیاسیدا، روداوێکی گەورەیەو سیناریۆی جۆراو جۆراو بەدوای خویدا کیش دەکات.

یەکێکی تر لە دۆسیەکانی کۆمەڵگای کوردستان، ململانێی نیوان خەڵک و دەسەڵاتە. لەگەڵ ئەوەدا کە تورەیی و نەفرەتی خەڵکی کوردستان لەدەسەڵات، ئەگەر زیادی نەکردبێت کەم نەبۆتەوە، وە قڵشتی دەسەڵات و خەڵک گەورەتر بووە، وە درزی چینایەتی بەرینتر بۆتەوە، بەڵام بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری تا رادەیەک لاواز بووە، هۆکاری ئەوەش بەر لەهەموو شتێک سازشی ئۆپۆزیسێۆن لەگەڵ دەسەڵات، ترسی خەڵکی کوردستان لە پێگەی ئیسلامیەکان، وە نەبوونی بەدیلێکی بەهیزی سیاسی ترە کە جێگای متمانەی خەڵکی کوردستان بێت.

ململانێی نیوان بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و لەگەڵ دەسەڵاتدا، بۆ ساتێکیش نەوەستاوە. بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی وەکو کرێکاران و کارمەندان، ژنان، لاوان، خوێندکاران…هەمیشە لە مەیداندابوون، بەڵام نارێکخراوبوون، نایەکگرتوو بوون، لە رێکخراوەی سەربەخۆی خۆیاندا و لێک هەڵنەپێکرانی ئەم بزوتنەوانە بەیەکەوە، تا ئیستا لاوازیەکی بەرجەستەیە…ئەم بزوتنەوە نارەزایەتیە بەهەر ئەندازە بەسەر ئەو خاڵە لاوازەی کە نارێکخراو بوونە، سەربکەوێت ئاسۆی سەرکەوتنی و پاشەكشەکردن بەدەسەڵاتی پارێزەری سەرمایەو قازانجپەرستیدا، زامنترە…

بە هەموو پێوانەیەک ساڵی ٢٠١٣، لەناو هەمان دۆخی شۆرشگێرانەی ساڵی ٢٠١١ و ٢٠١٢ دا، دەگوزەرێنێ.. دۆخێک کە لە پایەترین ئاستی خۆیدا دۆخی شۆرش و دژی شۆرشە، ئەگەر شۆرش لە تونس و میسر بەتایبەتیش شۆرشی میسر بتوانێت ئیخوانەکان پاشەکشە پیبکات، وە ئەگەر بزوتنەوەی کرێکاری وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا، تەکانێکی تر بەخۆی بدات، کۆمەکێکی زۆر گەورە بە بزوتنەوەی کرێکاری و جەماوەری خەڵکی کوردستان دەکات، بۆ رێکخراوبوون و دوبارە دەست بردنەوە بۆ خۆپیشاندان و هێنانە مەیدانی توانای خەباتکارانەیان بۆ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی تاڵانچی و حزبی و بزوتنەوەی کوردایەتی… ساڵی ٢٠١٣ دەشی ببێتە ساڵی خەبات و تێکۆشانێکی ڕیکخراو نەخشەمەندانە بە ئاسۆیەکی سۆسیالیستیەوە بۆ بنیاتنانی کۆمەلگایەکی ئازاد و شیاوی ئینسانی و پر ئاسودەیی..

کۆتایی ٢٠١٢

لەوانەیە تۆ ئەمانەشت بە دڵ بێت

لێدوانێک بەجێ بهێلە

هاوڕێمان بن!

پەیوەندی

دەتوانن ڕاستەوخۆ پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ هەر سەرنج و پێشنیار و ڕاگۆرینەوەیەک، لە ڕێگای:

abdulla.mahmud@gmail.com

دیمانەی پێشەنگ

Play Video