Home هاوپۆلنه‌كراو ئەزمەی حکومەتی و دەوڵەتی عێراق و کۆنگرەی نیشتمانی

ئەزمەی حکومەتی و دەوڵەتی عێراق و کۆنگرەی نیشتمانی

by Abdulla Mahmud

عەبدوڵا مەحمود2

abdulla.mahmud@gmail.com

پەل و پۆ کوتانی چەند ساڵەی بۆرژوازی عێراق بۆ رزگاربوون لەو ئەزمەیەی کە یەخەگیری حکومەت و دەوڵەتی! عێراق بووە، کە بە پلەی یەکەم مەسەلەی پێکهاتن و بیناکردنەوەی قەوارە دەوڵەتی عێراقە، ئاسۆیەک و کەناڵیک دیار نییە بۆ دەرچوون لێی.

لەو کاتەوەی دەوڵەتی عێراق لە چوارچیوەی ملهوری و جەنگخوازی ئەمریکادا، داڕوخاو دەسەڵاتی بەعس کۆتایی هات، تا ئێستا هیچ هەوڵێک و هیچ ڕێگاچارەیەک نەیتوانیوە قەوارەی دەوڵەتی عێراق بینابکاتەوە. دەسەڵاتی بەناو حکومەتیش لە ناوچەی سەوزی بەغدا زیاتر، پەل بهاوێت.

لە ساڵی ٢٠٠٣ وە کە بەعس لەدەسەڵات خرا، دەوڵەت و بنەماکانی کاولکران تا ئێستا بە پێی ئاماری خودی دەزگا رەسمیەکانی سەر بە ئەمریکاو غەرب، چەند ‌هێندەی قوربانیانی جەنگی کۆنەپەرستانەی هەشت سالەی عێراق و ئێران… خەڵکی بێتاوان بوونەتە قوربانی و لەگەڵ ئەوەشدا هەرچی سیمای مەدەنی هەیە، داروخێنراون. بە پێچەوانەی درۆیەکانی ژۆرنالیزمی غەربی و باڵەکانی بۆرژاوزی تاڵانچی عەرەب و کورد، شیعەو سوننە..نە ئازادی و دیموکراسی لە سایەی جەنگی ئەمریکاو حزوری چەندساڵەی و دەسەڵاتی بەش بەشی ئەم لایەنە کرێگرتانەدا، لەهیچ ئاستێکدا خۆی نیشانداو نە توانرا عێراقی داوەشاو بینابکرێتەوە و نە حوکومەتیکیش توانرا پێك بێت…

وە لە ٢٠٠٣وە تا ئێستا لە جێگای حکومەت، دەسەڵاتی لۆکاڵی نایاسایی و بیناکراو داسەپاوی میلیشیا لەپشت بەسەر هەر ناوچەو هەرێمکدا لەسەر بنەمای دینی، مەزهەبی، قەومی و…کۆمەڵگای دابەش و ئەنجن ئەنجن کردووە و قڵشتی تایفی و قەومی و دینی…بەرین کردۆتەوە.

ڕێکەوتنی لەسەرەوەی هێزو لایەنە بۆرژوازی و کۆنەپەرستە خۆشخزمەت و کرێگرتەکان، بەپێی تەوافق و لەسەر بنەماو ناوی شەراکەتی نیشتمانی! و بەشداری لە دەسەڵاتدا، لەسەر بناغەی کوشتارو خستنەگەری میلیشیا لەشەقامدا، براوەتە پێش.

ئیستا نزیکەی ٨ ساڵە، خەڵکی عێراق بەدەست ململانێی ئەم هێزو لایەنانە، کە لەبنەرەتدا نوینەرایەتی بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری بۆرژوازی و هەژمونی وڵاتانی ناوچەکە دەکەن، کراونەتە قوربانی.

قەیرانی سیاسی عێراق، ئەگەر لەلایەکەوە بەرهەمی ململانێی ‌هێزو لایەنەکانە لەسەر چۆنیەتی بنیاتنانەوەی قەوارەی دەوڵەتسازی و حکومەتی جۆری ئەو دەوڵەتە، هاوکات جغرافیای سیاسی عێراق شانۆیەکە بۆ نمایشی راکێشانی جەستەی حکومەتێکی بێدەسەڵاتی تەوافوقی. لەبەرامبەر ململانێ ی ‌هیزی میلیشیایی هەر ئەو لایەنانەی لەحکومەتدا کۆمەڵگایان ئالودەی فایرۆسی قەومی و دینی و مەزهەبی کردووەو داهاتی خەڵکەکەشی هەڵدەلوشن.

  لەم ٨ ساڵەدا، لەگەڵ هاتنە ئارای هەر فاکتێکی تازەدا، ئاڵوگۆر لە هاوسەنگی هیزە ناوچەیەکاندا، هەڵچون و داچونێک لە سازانە بەزۆر بەیەکەوە لکێنراوەکاندا، لەگەڵ هاتنەوە گۆڕی باسی بودجە، سەرژمێری، هەموارکردنەوەی دەستور، مادەی ١٤٠، کەکوک…دیسان ئەزمە یەخەگیری ئەم ‌هێزانەو حکومەتەکەیان بووە. مێژووی هەشت ساڵەی رابردوو بە جیا لەکاری ئیرهابی و دادۆشینی داهاتی کۆمەڵگا و قوڵکرنەوەی نەزعەی تایفی و دینی و قەومی، مێژووی ئەزمەو کۆنگرەی نیشتمانی و دەستێوردانی وڵاتانی ناوچەکە و گەمەی لێکترازانی شەراکەتی نیشتمانی… بووە.

ئەزمەی ئەم جارە لەگەڵ هەموو ئەمانەی سەرەوەدا، ئەزمەی دارمانی هاوسەنگی ‌هێزی ناوچەیی و هاوسەنگی حزب و لایەنە بۆرژوازییەکانی بەشدار لە دەسەڵات و واقعی سیاسی عیراقدایە، کە بەهۆی کشانەوەی سوپای ئەمریکا و شۆڕش و راپەرینەکانی ناوچەکەوە، هاتۆتە ئاراوە.

  پاشەکشەی ناچاری سوپای ئەمریکا لە عێراق لەئاکامی شکستێکی گەورەی سیاسی و دیبلۆماسی و رەسمی و نێونەتەوەیی، جەماوەری و تەنانەت سەربازیدا. هاوسەنگی ‌هێزی ناوچەیی و بەو پێیەش هاوسەنگی هیزو لایەنە سیاسیەکانی سەر بەو ‌هێزە ناوچەییانەی لەعێراقدا بەسەر یەکدا ڕماند. کە ئەمە دەرگای زیاتری بەرووی ئێراندا کردۆتەوە تا لە فەزایەکی ترو لە غیابی سوپای ئەمریکادا دەورێکی زیاتر لە ساحەی سیاسی عێراقدا بگێڕێت و بەو پێیەش ناسیونال- ئیسلامیەکانی سەر بە ئیران، دەیانەوێ کەڵک لەو دۆخە تازەیە وەربگرن و بەربگرن بە رەوەندیك کە بەدەستپێکردنی شۆرشەکانی ناوچەکە، دەشێ دەسەڵات و بەناو حکومەتەکەی مالکی، بخاتە ناو مەنگەنەی خرۆشان و راپەڕینی جەماوەرییەوە. بە تایبەتیش لەسەروبەندی روخانی رژێمی سوریادا، کە جمهوری ئیسلامی هەموو هەوڵێکی خستۆتە گەر بۆ پاراستن و بەرگری لێکردنی. روخانی ڕژێمی سوریا نەک هەر پایەگای جمهوری ئیسلامی لە ناوچەکە دەهێنێتە خوارەوە بەڵکە خۆیشی دەخاتە بەردەم ئەگەری شۆرش و راپەرینی جەماوەری خەڵکی ستەم لێکراو. بۆیە لەم دۆخەدا ئێران هەموو هەوڵێکی ئەوەیە دۆخی سیاسی عێراق تیک نەچێت تا لانی کەم دەسەڵاتی تائیستای لایەنەکانی سەربەخۆی بپارێزێت. لە بەرامبەردا ‌هێزو لایەنەکانی سەر بە ناسیونالیزمی عەرەب، لەگەڵ ئەوەدا کەلەبنەرەتدا خوازیاری پاشەکشەی ‌هێزەکانی ئەمریکا بوون، حزوری ئەم سوپایەیان بە پێشێلکردنی سەروەری نیشتمانی دەزانی… بەڵام ئەو راستیەشیان درک دەکرد کە پاشەکشەی ئەمریکا دەستی ئێران باڵاتر لە دەخالەتکرن لە عێراقدا دەکات. بۆیە زۆر زوو ئەمانیش بە پشتوانی بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی و کەنداو ناسیونالیزمی عەرەب و رژێمی تورکیای نەیاری ئێران لە ناوچەکەدا، سیاسەتی بەرگرتن بەکورتکردنەوەی دەسەڵاتەکەی مالیکی و رەوتی ناسیونال-ئیسلامی یان دەستپێکرد، لەڕێگای هەوڵدان بۆ قۆستنەوەی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان، دەستدانە فیدرالیزەکردنی پارێزگاو هەرێمەکان بەمەبەستی زامنکردنی ناوچەی رەسمی و قانونیکردنی و کەڵک لێوەرگرتنی وەکو سەکۆکانی ئاراستەکردنی جەنگ لە دژی حکومەتەکەی مالیکی و نەخشی ئێران، وە لە رێگای پاشەکشەی ئەندامەکانیانەوە لە پەرلەمان!، هەرەشەی کشاندنەوەی وەزیرەکانیان!! بە مەبەستی نابودکردنی حکومەتەکەی مالیکی…تاد. ئەمانە هەموویان کاردانەوەی ناسیونالیزمی عەرەب بوون لە دۆخی تازەی پاشەکشەی سوپای ئەمریکاو تیکچونی هاوسەنگی ‌هێزە ناوچەییەکان.

قوڵبونەوەی ئەم بەرامبەركێیە و نمایشی هێزو توانایی لایەنەکان بەرامبەر بەیەکتری، بۆ جێگاپەیداکردنەوە لە ئارایشی تازەی دوای پاشەکشەی سوپای ئەمریکادا، سەرەکیترین لایەنی کێشمەکێشەکانی ئیستای سەر گۆرەپانی سیاسی عێراقە.

دۆسیەی تاریق هاشمی و سالح موتلەق یش بەشێکە، لەهەمان گەمەی سیاسی و ئەگەر بڕیار بێت تۆمەتبارانێک بخرینە بەردەم دادگایەکی عادلانەو ئازاد، ئەوا سەرانی هەموو ئەم لایەنە سیاسیانە و خودی دادگاکەشیان، تاونباریان دەسەلمێ.

  ئەم هەلومەرجە سیاسی و ئەزمەگرتووە، کە بەدەست کۆمەڵیک لایەن و هێزی کۆنەپەرستی ناسیونال-ئیسلامی و قەومی، قوڵتر و قوڵتر دەکرێتەوە. خەڵکی عێراق کراونەتە ئامانچ و کەنالێک بۆ خاوکردنەوەی ئەزمەکە و داپۆشینی لەژێر ناوی بەستی کۆنگرەی نیشتمانیدا. لەو کاتەوەی ململانێی نێوان ئەم لایەنانە پێی ناوەتە دۆخییکی چەقبەستوو، شەقام و خەڵکی عێراق کراوەتە سەکۆی کردەوەی زنجیرەیی ئیرهابی و تۆڵەسەندنەوەی دەسەڵاتخوازی و تاڵانچێتی و کرێگرتەیی.

  لەناو ئەم دۆخەدا، سەرانی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد چ بارزانی و چ تاڵەبانی… پێشنیار و پرۆژەی بەستنی کۆنگرەری نیشتمانیان خستۆتە روو، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە بۆچی لەگەڵ قوڵبونەوەی ململانی هێزو لایەنە دەسەڵات بەدەستە قەومی و دینی و تایفییەکانی عیراقدا، سەرانی حزبە دەسەڵات بەدەستەکانی کوردستان و بەشدار لە دەسەڵاتی ناوەندا، خەم دایان دەگرێت و هەوڵی کۆکردنەوەی سەرانی لایەنەکان دەدەن و پێشنیاری بەستنی کۆنگرەی نیشتمان دەکەن؟ مەبەستیان لەبەستنی کۆنگرەی نیشتمانی عیراقی چییە؟ وە کۆنگرەی نیشتمانی وەڵام بەکام گرفت دەداتەوە؟ ئایا دەتوانی کۆتایی بە ئەزمەی و دۆخی تەلیسمگرتووی عێراق بهێنێ؟

کەڵک وەرگرتن لەململانیی وڵاتانی ناوچەکە و درزو کەلێنی هێزە سیاسیەکان، بۆتە عادەتێکی سیاسی چەسپاو و دەزگایەکی زیندومانەوەی سیاسی بۆ حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی. دیارە وەها دەزگایەک و راونینێکی زاڵ لەگەڵ هەر ئاڵوگۆرێک لەهاوسەنگی ‌هێزو پێگەی وڵاتانی ناوچەکە و ‌هێزەکانیدا، ناچار ترسی لەدەستدانی پیگەو رێگەی سیاسیان دەیانخاتەوە ناو پەلەپروزێ سیاسی.

حزبە دەسەڵات بەدەستەکانی کوردستان کە خاوەنی دورنماو ستراتیجیەکی رۆشن بۆ ئایندەی پێگەی دەسەڵاتدارێتیان نیین لەعێراق و کوردستاندا، هەموو هاوسەنگیەکی تازە، هەموو هەڵچون داچونێکی سیاسی، بەر لەهەموو لایەنێک یەخە گیری ئەوان دەبێت. بێگومان دۆخی سیاسی عێراق بەهۆی پاشەکشەی سوپای ئەمریکاوە کە هاوکات یەکێتی و پارتی و بە زامن و پشتیوانی خۆیان دەزانی، هاوسەنگی ‌هیزو لایەنەکان دەگۆرێت، ئەم ئالوگۆرە کاریگەری لەسەر حزب و لایەنە سیاسییەکان دادەنێت، بەڵام بەتایبەت ئەو هێزانە دەخاتە مەنگەنەوە کە مایەی خۆیان و دەسەڵاتی خۆیان لەسەر بنەمای سیاسەتی رۆژ و پاشکۆیەتی سیاسی، بیناکردووە.

بەشداری یەکیتی و پارتی لەو سازنە سیاسیەی لایەنە سیاسیەکانی عێراقدا لەژێر ناوی شەراکەتی نیشتمانیدا، پشتی بەهیچ بنەمایەکی چەسپاو پایەکی ستراتیجی نەبەستووە. بۆیە هەر ئاڵوگۆرێک لە هاوسەنگی ‌‌هێزەکاندا، هەموو ئەو لینک و کەناڵانەی کە ئەوانی بە ‌هێزە سیاسیەکانەوە بەستۆتەوە دەخاتەوە بەردەم چاوپیاخشاندنەوە. ململانێی نەبڕاوە لەسەر دەیان دۆسیەی وەکو نەوت و غاز، مادەی ١٤٠، کەرکوک، ناوچە کێشەلەسەرەکان، سنور، بودجە، سەرژمێری، یاسای نەوت و غاز، هەموارکردنەوەی دەستور… بە جیا لەمەتاتی بوونی بەندەکان هەمیشە لەگەڵ هاتنە ئارای هەر مەسەلەیەکی تردا، دەبنەوە بە مەیدانی کێشمەکێشی سیاسی… میژووی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد، لەو سازانەی کردویەتی لەگەڵ ‌هێزەکانی عێراقدا، مێژووی بەرامبەرکێیەکی نەبڕاوەیە لەسەر ئەو مەسەلانە دوبارەو دوبارە دەبنەوە. ئەمە نیشان دەدات کە هەموو ڕیکەوتن و سازانەکان هەمیشە لەژێر پرسیاردان، چونکە خودی هاوسەنگی ‌هێزەکان لە ئاڵوگۆڕدان.

بارزانی و تاڵەبانی ئامانجیان لەبەستنی کۆنگرەی نیشتمانی نە کۆتاییهێنانە بە کوشتارە زنجیرەیەکانی شەقام و نە نیگەرانی تێکچوونی ‌سازانی لایەنە سەرەکیەکانی عێراق و قوڵبونەوەی ئەزمەکەن، بەڵکە بەدوای ئەوەوەن دەسکەوتە حزبیەکانی خۆیان چ وەکو بەشدار لە دەسەڵاتی ناوەندو  پۆستەکانیان و دەسەڵاتدارتیان لە کوردستان بەو هەموو داهات و سامانەوە، بەدەست لێنەدراوی بمێنێتەوە دۆسیەکانی نێوان هەولێر و بەغداش پارێزراو بن لەململانێی دۆخی تازەی لایەنەکانی تری ساحەی سیاسی عێراقدا.

هەروەها یەکێتی و پارتی لەڕیگای وروژاندنی بەستنی کۆنگەری نیشتمانیدا، دەیانەوێت دۆسیەکانی ناوخۆی کوردستان بخەنە ژێر تەپۆیۆزی ململانێی لایەنەکانی عێراق و هاوکات ترسی دۆخی ناسەقامگیری عێراق وە هەرەشەیەک لەسەر خەڵکی کوردستان نیشان بدەن تالەو ڕێگایەوە هەم ئۆپۆزیسیۆنی نەیاری ناو خانەوادەی خۆیان توشی پاشەکشە و هەم نارەزایەتی خەڵکی کوردستان بۆ خواستە رەواکانی هەڵپەسێرن و بڵێن دیسان هەڕەشە لەسەر ئەزمونەکەمان! هەیە.

ئەگەر وای دابنێین کۆنگرەی نیشتمانی عێراقی بەوجۆرەی هەموو لایەنەکان دەیانەوێت، سەرکەوتوانە بەڕیوەبچیت” کە ئەمە مەحاڵە” چ شتێک لە واقعیەتی سیاسی دەگۆڕیت و چەندە لە قازانجی سیاسی خەڵکی عێراق و کوردستان دەبێت؟ بێگومان چ بەپێی تاقیکردنەوەیەکی زیندوی رابردوو وە چ بەپێی ماهیەتی دژی ئازادی ئەم هێزانە هیچ ئاڵوگۆرێک بە قازانجی خەڵکی عێراق و کوردستان لەو کۆنگرەیە چاوەڕوان ناکرێت… زۆر کۆنگرەی تر لەژێر ناوی ئاشتی و نیشتمانید لەناوخۆی عێراق و لەدەرەوە، بەستران و بانگەشەی سەرکەوتنەکانیشی بۆماوەیەک کرایە خۆراکی راگەیاندنەکان و دەسکەوت بۆ لێکۆڵەرەوە سیاسیە موچەخۆرەکانی لایەنە بەشدارەکانی ئەم کۆنگرانە، بەڵام لە دنیای واقعیدا نە مافی هاوڵاتی بوون و شکۆ بۆ کۆمەڵگا گێڕدرایەوە، نە ئازادی و بانگەشەی دیموکراسی بوونە بەشیک لە ساختاری ئەم حزبانەو نە کۆمەڵگاش کەمترین ئازادی و خۆشبەختی بەرکەوت. بەڵکە ئەم کۆنگرانە بەجیا لەوەی بوون بە ماکی گێرمەوکێشەکانی داهاتوو و چاوەڕوانمانەوە بۆ کۆنگرە نیشتمانییەکانی دی، هاوکات بوونە چوارچێویەک بۆ رێکەوتن لەسەر پارچە پارچەکرنی دەسەڵات و دابەشکردنی داهاتی خەڵکی لە نێوان خۆیاندا.

تا ئەو جێگایەش بە خەڵکی کوردستان دەگەڕێتەوە هیچ کام لەم کۆنگرانە دەسکەوتێکی بۆیان بەدەست نەهێناوە، ئەگەر بودجە ١٧% یە چی بەر خەڵکی کوردستان کەوتووە، لە بەرامبەر ئەو تاڵانییەی یەکێتی و پارتی سیستماتیک ئەنجامیان داوەو دەیدەن. یاسای نەوت و غاز چ ماڵێکی کەم دەرامەتی لە ژێر باری گرانییەکەیدا، رزگار کردووە؟. سەرژمێری چ سیستەمێکی ئامارو شاری رەسم دەکات؟ هەموارکردنەوە یان نەکردنەوەی دەستور چ مافێکی تاک و مافی مەدەنی ئینسانەکان دەستەبەر دەکات؟ ئەگەر مادەی ١٤٠ جێبەجێبکریت، کام دۆسیەی لە دۆسیەکانی نابەرابەری و نەبوونی، بێکاری، نا ئارامی و نەبوونی ئاسایش بۆ خەڵکی کەرکوک و ناوچەکانی دەگێڕدرێتەوە؟ بەرێکەوتن لەسەر سنورەکان کەی دەتوانێ ئارامی ناوچە کێشە لەسەرەکان وخەڵكی سەر سنورەکانی عێراق- ئێران. عێراق- تورکیا، عێراق- کوردستان…خاترجەم بکات کە ژیانیان بێترس بگوزەرێنن؟

راستی هەر کام لەوانەی سەرەوە لە کاتی ئاشتی و ڕێکەوتنی ئەم ‌هێزانەدا لە محەک دراون. بۆیە کۆنگرەی نیشتمانی لە باشترین حاڵەتی خۆیدا ئەگەر سەرکەوتوش بێت، کۆنگرەی دوبارە سازانەوە و ئاشتبونەوەی کۆمەڵێک ‌هێزی کۆنەپەرست و قەوپەرستە بۆ درێژەدان بەدەسەڵاتدراێتی و وەستانەوەیان بەرووی ئازادی و مافە فەردی و مەدەنییەکانی خەڵکی و جەنگینە لەدژی بزوتنەوەی نارەزایەتی خەڵکیدا بۆ ژیان و گوزەرانێکی تەسەل و پڕ ئازادی و بەردەوامی دانە بە فەرهودی رەسمی و ناڕەسمی کۆمەڵگا.

    ١٣/١/٢٠١٢

 

لەوانەیە تۆ ئەمانەشت بە دڵ بێت

لێدوانێک بەجێ بهێلە

هاوڕێمان بن!

پەیوەندی

دەتوانن ڕاستەوخۆ پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ هەر سەرنج و پێشنیار و ڕاگۆرینەوەیەک، لە ڕێگای:

abdulla.mahmud@gmail.com

دیمانەی پێشەنگ

Play Video