عەبدوڵا مەحمود
abdulla.mahmud@gmail.com
کۆبونەوەی یەکێتی و گۆڕان، بە ئامادەبوونی تاڵەبانی و نەوشیراون مستەفا… کۆبونەوەیەکی رۆتین و باو نییە، لە دۆخێکی ئاساییدا روینەداوە، وە تەنها بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانیشیان نییە لەگەڵ یەکتری… بەڵکە ئەم کۆبونەوەیە دەسپێکی دەورەیەکی نوێیە، لە دۆخێکی تایبەتیدا کە دەیەوێت چاوبخشێنێتەوە بە پێگە سیاسی خۆیان و ئەو گۆرانی باڵانسەی لە پێگەی هێزەکاندا، پێکهاتووە.
هیچ لەوە رۆشنتر نییە، کە دۆخی یەکێتی نیشتمانی چ بەوێنەی هێزێكی سیاسی بەشدار لە دەسەڵات و چ وەکو وەزعی ڕیکخراوەیی و ناوخۆیی و چ پێگەی لە ململانێی هەرێمایەتیدا، تادەگات بە وەزعی سیاسی خۆی لەو ناوچانەی لەژێر قەڵەمرەوی خۆیدایە…دۆخێکی تێكچژاو هاوکات کێرفی روو لەداکشانە. یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ ئەوەدا بەشێکە لەدەسەڵاتی هەرێم و بەشدارە لە سیستەمی سیاسی و حکومڕانیدا…بەڵام ئەمە لەئێستادا نەبۆتە مایەی بەشدارییەکی راستەقینە لە پرسە سیاسیە چارەنوسسازەکان و بڕیارە گرنگەکاندا… یەکێتی نیشتمانی لە دنیای واقعی سەرساحەی سیاسی کوردستاندا زۆرتر رۆڵی ئۆپۆزیسێۆنێکی شەرمۆک دەبینێ، لە بەرامبەر پارتی هاوپەیمانیدا. هەموو دەسەڵاتە گرنگەکانی فەرمانڕەوایی…سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومەت، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم… وە هەموو جومگە بناغەیەکانی حکومڕانی و بڕیاری چارەنوسسازی ئەو جغرافیا سیاسیەی ناوی هەرێمی کوردستانە، لەدەستی پارتیدایە. دیارە هێشتا یەکێتی دەتوانێ ببێتە مایەی گرفت و سەریەشە و بۆ پارتی، وە دەتوانێ دۆسیەکان، رابگرێت و کۆسپ بخاتە بەردەم زۆر لە هەنگاوەکانی پارتی… بەڵام یەکێتی لەدەستبردن بۆئەم گەمەیە، هێشتا لە دۆخی هەڵبژاردن و بریار وەرگرتندایە. یەکێتی لەناوخۆشیدا هێشتا بەدەست گرفتە ناوخۆیەکانی، بەدەست تەکەتولات، بەدەست گورزی جیابوونەوەی بەشێکی زۆر بەرچاوی بزوتنەوەی گۆڕانی ئێستا، دەناڵێنێ. ناکۆکی لە بانگەشەو دروشمەکانی لەگەڵ پراکتیک و مامەڵەی واقعیدا، گرفتێکی واقعی تری یەکێتییە. بە جیا لەهەموو ئەمانە روبەرووە لەگەڵ دۆخ و ناجێگیری باری تەندروستی تاڵەبانی، کە چەسپی بەستنەوەی تەکەتولەکان و مۆتۆری ئیدارەدانی کێشەناوخۆیەکانی یەکێتی و ململانێکانیەتی…لە ئاستی ناوچەیشدا یەکێتی کە میحوەری ئیران و مالیکی گرتووە، خودی ئەم میحوەرە دەرگیری دۆخێکی شکندەیە…لە ناوخۆی عێراقدا ئێران بەهۆی پشت راستکرنەوەی ناسیونالیزمی عەرەبی و هێزەکانیەوە، باڵی مالکی بێ رەقیب نەماوە، پایەی ئێران تیادا لاواز بووە، دۆخی سوریا کە ئێران هەموو هەوڵیك دەدەت بۆ پاراستنی دەسەڵاتی ئەسەد، هەوڵێکی بێهودەیەو سەرئەنجام ئەم سەکۆیەش لەدەستی ئێران دەردێت، کە هاوکات کاریگەری دەبێت لەسەر دۆخی وڵاتانی ناوچەکەو بەدیاریکراویش لە عێراقدا گورزێک لە پیگەی مالکی و ئێران دەوەشێنێ. یەکێتی لەژێر قەڵەمرەوی دەسەڵاتی خۆیشیدا، وەزعی باش نییە…بەشیکی زۆی جغرافیای ژیر دەسەڵاتی یەکێتی نیلییە، نارەزایەتی و نەفرەتی جەماوەری لە دەسەڵاتی یەکێتی بێئەژمارە… ئەمە دۆخی یەکێتییە….
بزوتنەوەی گۆڕان، بەوێنەی بەرهەمی قوڵبونەوەی ململانێێ ناوخۆیەکانی ناو یەکێتی لە ژێر کاریگەری کەوتنی دەسەڵاتی بەعس و هەلومەرجی سیاسی دوای بەعسدا، وە لەبەرامبەر رەوتی رولەپاشەکشەی یەکێتیدا لە سەر ساحەی سیاسی کوردستاندا، توانی خۆی وەکو هیزیکی سیاسی نوێ لەساحەکەدا، نمایش بکات و ئوردویەک لە تورەیی و نەفرەتی جەماوەری لەدەسەڵات، بکاتە سەرچاوەی هێزی خۆی و پشتیوانی لە پرۆژەو سیاسەتەکانی. ئێستا ئەویش پێگەی بەرەو لاوازی چووەو دەچێت. کەم ڕەنگ بوونەوەی یان باشتر بڵیێن رۆشنبونەوەی ئەوەی کە بزوتنەوەی گۆڕان جیاوازی زۆر بەرجەستەی لەگەڵ سیاسەت و نەخشەکانی یەکێتی و پارتی نییەو بەشیک نییە لە بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی جەماوەری بۆ ئالوگۆری بناغەیی سیستەمی سیاسی و حکومرانی لە کوردستاندا، وە هەلگری پرۆژەی لە بنەرەتدا جیاواز لە هی پارتی و یەکێتی نییە، هەروەها هاوپەیمانیەتی بەستی لەگەڵ رەوتە ئیسلامیەکان و پشت بەستنی بە میحوەی ئیران و مالیکی و… دوخی ناوخۆیی و بەیەکددانی نەوەی نوێی سیاسی گۆران لەگەڵ سەرانی پیشووی یەکێتی لەناو گۆراندا…تاد، ئەو هۆکارانەن، کە بزوتنەوەی گۆرانی بەرەپاشەکشە بردووە.
سەرانی گۆرانخوازانی گۆران…لەگەڵ جیابونەوەیان لە یەکیتی، جەنگ و ململانیی ناو تەلاری رێکخراوەیی یەکێتیان هێنایە سەر شەقامەکان و کەوتنە کارادنەوە نواندنێکی توند لەگەڵ یەکێتی و دەسەلاتەکەی لەزونی سەوزدا… لە کاتێکدا یەکێتی ئامانجێکی باش نەبوو، لەناو هۆڵی پەرلەمانیشدا، لەبەرامبەر فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتیدا، دەست بەتاڵ دەرچوون و تەپڵ لێدان و فرکان فرکانی بوتڵ هاوێشتن، دروشمی حەماسی، نەیتوانی لەبەرامبەر زۆری دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی گوێلەمستیدا، ببیتە دەستمایەکی باش… بۆیە ئەمانە لە درێژ ماوەدا بە قازانجی پارتی و بە پاشەکشەی پیگەی خۆیان و یەکیتی و بێئومید کردنی جەماوەرەکەیان، شکایەوە.
لەناو جەرگەی ئەم هەلومەرجەدایە، کە یەکێتی و گۆران، پرۆسیسی بە خۆداچوونەوە و چاوخشاندنەوە، وە نزیکبونەوە لەیەکتری بۆیان بۆتە پێداویستیەکی لەدواخستن نەهاتوو…
پارتی دێوەزمەیەکی سیاسیە، لەسەر ئاستی کوردستان چ بەهۆی فریودان و چ لە ڕیگای سەرکوتی سیاسیەوە، پایەکانی دەسەڵاتی قایمتر کردووە، لە راکێشانی پشتیوانی ناوچەیی و جیهانیدا تا رادەیەکی زۆر سەکەوتووە، میحوەری ئەمریکا و تورکیای گرتووە. بێ ئەمماو ئەگەر پیادەی سیاسەت و دروشمەکانی دەکات، پاراستنی قازنجی چینی سەرمایەداری کوردستان دەکات و نوینەرایەتی سیاسی کردنی ئەم چینەی قۆرغی دەسەڵاتی خۆی کردووە، هەموو جومگە هەستیارەکان و سەرجەم دەسەڵاتەکانی بڕیاردانی لەدەستی خۆیدا کۆکردوتەوە، پێ بە پێی ئەم پێگەیەش پاشەکشەی بەسەر هێزو لایەنەکانی سەر بە خانەوادەی خۆیدا داسەپاندووە، هێشتاش هەوڵدەدەت دەسەڵات بە تەواوی لەدەستی خۆیدا یەک سەرەو قوتبی بکاتەوە و لایەنەکانی تر بە هاوپەیمانەکانیەوە تا لایەنە نەیارەکانی تا ئەو ئاستە لاوازو بکات و بێکاریگەر بکات، کە بتوانێت بە درۆی دیموکراسی بەرگ بکات بەو دەسەڵاتە یەک قوتبیەیدا… لایەنەکانی تر بە دۆراو بێکاریگەر و هاوکات بێ پێگەی جەماوەری نیشان بدات… وە لە پیادەکردن و خستنەگەری سیاسەتەکانی خۆیدا هەوڵدەدات بێ نەیار بمێنێتەوە یان لانی کەم، کاریگەریان هێندە لاواز بکات، کە نەتوانن کێشە بۆ پرۆژەکان و نەخشە سیاسیەکانی دروست بکەن… پارتی تاک لایەنە و بێ مایەدانانی زۆر لەسەر لایەنەکانی تر بریار دەدەت و دەچێتە ناو هەموو گەمەکانی سەرەکیەکانی کوردستان، گەمەی هەرێم و بەغدا، کایەی کێشە ناوچەییەکان… ئەگەر بۆی کرا کەمێک توانای خۆی دەخاتە گەر تا لە ژێر ناوی یەککریزی نیشتمانی، هێرش و هەرەشەی دەرەکی، بیانکاتە پاشکۆی سیاسەتەکانی خۆیان، کە بۆشی نەکرا تاوانباریان بکات بە نەپاراستنی بەرژەوەندی نیشتمانی! و تیکدانی یەککریزی ناو ماڵی کورد!!. ئەمانە ئەو راستیانەن کە پارتی بە نەخشەو بەرنامەوە پیادەیان دەکات. دیارە ئەم جێگاو ڕێگایەی پارتی بە نرخی ترساندن و سەرکوتی سیاسی پاشەکشەکردن بە بزوتنەوە نارەزایەتیەکان و ئازادی و ئازدیخوازی، داسەپێنراوە.
ئەو مامەڵەیی پارتی و ئەو پیگەیەی ئێستا دایمەزراندووە، مایەی ترسێكی واقعییە بۆ سەرجەم هیزو لایەنە سیاسیەکانی سەر بەخانەوادەی بۆرژوازی سەر گۆرەپانی کوردستان و هاوکات بۆسەر خەڵکی کوردستان و خواستە رەواکانیان…لەو نێوەشدا هێزە کاریگەرەکانی وەک و گۆران و یەکێتی وە حزبی دووەم و سێیەم…بەو راستیە گەیشتون کە هیچ کامیان بە تەنها، چ وەکو ئۆپۆزیسیۆن چ وەکو هاوپەیمانی پارتی… ناتوانن پارتی رابگرن و هاوسەنگی هێز، بگۆرن.
گۆران و یەکێتی وەک تالەبانی و نەوشیروان پشت راستیان کردەوە، لەسەر هەموو پرسە گرنگەکان و چارەنوسسازەکانی عێراق و ناوچەکە و ناو هەرێمی کوردستان زۆر نزیکن و تارادەی وەکو یەک بوونیان… بێگومان ئەمەش دانپیانانێکی واقعییە، گۆران و یەکێتی دەرهاویشەی یەک بزوتنەوەی سیاسی و یەک مۆدیلی حزبی بزوتنەوەی کوردایەتین، بەشێک لە هۆکاری لێکترازانیان ریشەی لە مامەڵەی نەرمی یەکیتی لەگەڵ پارتی و رێکەوتنی ستراتیجیدا بوو، ئێستا ئەمە سەلما ئەگەر یەکێتی پێشووی بەر لە جیابونەوەی گۆرانخوازان! لێی، شانسی سەرکەوتنی ململانێی لەگەڵ پارتی بە هۆی نزیکایەتی و کەم بوونەوەی جیاوازییەکانیەوە لەگەڵ پارتی لەدەستدا و بووە هێزی دووەم، وە گۆرانیش بە ئۆپۆزیسیۆن بوونی لەگەڵ دەسەڵاتدا نەک هەر نەیتوانی کارتەکانی ململانێی لەگەڵ پارتی تا سەر بەدەسەتەوە بگریت، بەڵکە پارتی لە رێگای خۆ بەخاوەنکرنی زۆرێک لە کارتەکانی دەستی ئۆپۆزیسێۆن لەوانە، یەک خستنەوەی ئیدارەکان، پیکهێنانی ئەنجومەنی باڵای دانوستاندن، گێرانەوەی دەستور، باس لە هەموارکردنەوە رێکەوتنامەی ستراتیجی… ئۆپۆزیسیۆن و یەکیتی هاوپەیمانی خۆی، دەست خاڵی دەهێڵێتەوەو ئەمەش رەوتی داکشانی کێرفی یەکیتی و گۆران لەسەر گۆرەپانی کوردستاندا، مەلموس تر دەکات و پیگەی سیاسیان لاواز تر…بەرگرتن بەم رەوتی داشکانە و سنوردانانێک بۆ زۆر رۆیی پارتی و نەخشەکانی، ناکرێ نەبێتە دەستور و نەخشەی هاوبەشی یەکیتی و گۆران لەدەورەی داهاتوودا.. بەو مانایە کۆبونەوەی گۆران و یەکیتی، کۆبونەوەیەکی بڕیار وەرگرتن و دەست بردنە بۆ نەخشەو سیاسەتی هاوبەش، وەکو هەوڵێکی بەرگریکەرانەو پێشگیرانە بە سیاسەت و پیگەی پارتیدا…
کاردانەوەی توندی گۆران تەنها یان زۆرتر بەرامبەر بەیەکیتی لە ٣ ساڵی رابردوودا، لە حاڵیکدا یەکێتی دەمێک بوو هیزی بریار بەدەستی کوردستان نەبوو، گۆرانی توشی پاشەکشە کرد و پارتی و هیزە کۆنەپەرستە ئیسلامیەکان، بەرەکەی دەخۆن. بێدار بوونەوەی یەکیتی و گۆران لەم دۆخەدا، یەک دەستکرنەوەی سیاسەتەکانیان و نەخشەکانیان بە رووی پارتیدا، بۆتە پیداویستیەک، ئەگەر گۆران و لەوەش واوەتر یەکێتی خۆی لە ژیر باڵی پاوانخوازی پارتی و سیاسەتەکانی دەرنەکێشیت، و بە پرۆژەی جیاوازەوە دەرنەکەوێت…رەوتی پاشەکشەی زیاتر دەپێوێت و لە حاڵەتی نەمانی کاریگەری تاڵەبانیدا بەهۆی تەمەن و باری ناجێگرییەوە، یەکیتی توشێ لێکترازانی تر دەکات و هیندەی تر پارچەکانی ئەم لیکترازانە دەبنە نێچیر بۆ قەپە گەورەکانی پارتی…گۆرانیش هیچی تر بە تەپڵ کوتانی ئۆپۆزیسێۆن بوون لە دۆخی نا سەقامگیر و هەڵواسراو نادیاری کوردستاندا، ناتوانێ هیچ بەرێک بچنێت. لە کوردستاندا نە هەڵبژاردن دەتوانیت ببێتە بژارەیەک بۆ ئاڵوگۆر لەهاوسەنگی هێزو نە پەرلەمان دەتوانێت ببیتە مەرجەع و پیکهاتەیەکی یاسایی و نە خەڵکی کوردستانیش دەتوانن لە ژێر سایەی ئەم دەسەڵاتەدا بە مافە فەردی و مەدەنیەکانی خۆیان بگەن و ژیانی مادی و مەعنەویان، هێندە بگۆرێت کە ئاهی خۆشبەختی و خۆشگوزەرانی هەڵبکێشن.
باسی کێشمەکێشی هەرێم و بەغدا، ریکەوتنی ستراتیجی، گێرانەوەی دەستور، چاکسازی لە کوردستان…تاد، دۆسییە سەرەکیەکانی رێکەوتنی نیوان گۆران و یەکێتی نیین، بەڵکە مامەڵەکردن لەگەڵ پارتی و هەرەشەکانی بۆسەر پێگەی خۆیان، میحوەرو ئامانجی لێک نزیکبوونەوەی نێوانیانە.
دیارە ئەم لێک نزیکبوونەوەیە و ریكەوتنامەیە هیچ پەیوەندیەکی بە خواستەکانی خەڵکی کوردستان، لەوانەش ئازادیە سیاسیەکان، مافە فەردی و مەدەنیەکان، یاساو ریسای مۆدێرن، نەخشە رێگای ئایندەی سیاسی کوردستان، گێرانەوەی دەور بۆ ئیرادەی خەڵکی، پرسی کۆتاییهێنان بە سیستەمی پشتبەستوو بە میلیشیا و زۆری هێز …نییە. بۆیە بەسادەیی کۆبونەوەی نیوان گۆران و یەکێتی و نزیکبونەوەیان لەیەکتری، بۆ ئاڵو گۆر بەخشین نییە لە ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستاندا، بەڵکە تەنها ململانێیەکی دەسەڵاتە و جەنگە لەسەر بەش و پێگەی سیاسی و داهاتی کوردستان.
گۆران و یەکێتی بۆ پاراستنی زونی سەوزو نیلی، لەبەرامبەر هەیمەنەی پارتی و زونی زەردا، بەرەونزیکبوونەوەی زیاتر دەڕۆن و هەوڵی پێشگرتن بە هەوڵەکانی پارتی دەدەن، بەڵام لەم ململانێی نێوان ئەم دوو زون و ئیدارە جیاوازەدا، خەلکی کوردستان بێ باج دەرناچن…بە تایبەت کە هیچ کام لە هێزانە کەمترین بەهای بەکردەوە بۆ ئیرادەو خواست و مافەکانی خەلکی کوردستان دانانێن و جەنگ و ململانێیکانیان لەسەر خواستەکانی خەڵکی کوردستان نییە. بەڵکە لەسەر بنەمای بێیرادەکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان و پشت کردنە ماف و خواستەکانیان دەتوانن جەنگ بۆ ئامانجە حزبیەکانیان وەرێبخەن.
بۆیە پێویستە لەسەر خەڵکی کوردستان، بە جیاکردنەوەی ریزی سەربەخۆیان، لەسیاسەت و کارنامەی ئەم حزبانە، لە سات و سەودای نێوانیان، و بەکۆبونەوەیان لەدەوری یەکتری و بە ریکخراوبوونیان، بە درێژەدان بە بزوتنەوە نارەزایەتیەکانیان، پاشەکشە بەسەر سەرجەم بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد وحزب و لایەنەکانیدا، بسەپێنن.
ناوەراستی سێبتەمبەری 2012