Home هاوپۆلنه‌كراو کاریگەری ریزبەستنی تازەی حزبەکان و گۆڕانکاریەکان، لەسەر کۆمەڵگای کوردستان

کاریگەری ریزبەستنی تازەی حزبەکان و گۆڕانکاریەکان، لەسەر کۆمەڵگای کوردستان

by Abdulla Mahmud

عەبدوڵا مەحمود1....37

abdulla.mahmud@gmail.com

هەلومەرجی سیاسی کوردستان، لەگەڵ ئەوەدا درێژکراوەی هەمان دۆخی دوای کەوتنی رژێمی بەعسە. بەڵام لە ناو دڵی گۆڕانکاری پێشبینیکراودا، دەژیت. لە ناو دڵی ئالوگۆرێکدایە، کە بەرهەمی دۆخی شۆرشگێرانەی ناوچەکە و شۆرشەکانی دنیا عەرەبە. ناسیونالیزمی کورد کە تا ساڵی٢٠٠٣ لەدەرەوەی قەڵەمرەوی دەسەڵاتی مەرکەزی و دەسەڵات بەدەستی بەشێکی زۆری کوردستان بوو، بە کەوتنی بەعس دەکەوێتە ناو دۆخی لە ئۆپۆزیسیۆن کەوتن و بوونی بەبەشێك لە دەسەڵاتی ناوەندی و وەدیهاتنی خەونی هاوبەشی لە دەسەڵاتی ناوەندیدا… وە لەوکاتەوە خەڵکی کوردستان راستەوخۆ رووبەڕون لەگەڵ دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کوردو باسێک لە دێوەزمە و هەڕەشەی بەعس نەما، کە وەکو کارتێک ناسونالیزمی کورد لەدژی بزوتنەوەی نارەزایەتی خەڵکی کوردستاندا هەمیشە بەدەستیەوە دەگرت. دۆخی شۆڕشەکانی میسر و تونس وهەلومەرجێک کە بەکەوتنی ئەم دوو دەسەڵاتە هاتە ئاراوە، کاریگەی گەورەی بەسەر دۆخی سیاسی کوردستاندا ‌هێنا. لە لایەکەوە بزوتنەوەی نارەزایەتی هەقخوازانەی خەڵک وزەو توانای تێگەراو کەوتە دەرخستن و هێنانە مەیدانی بەشێک لە تواناییە شاراوەکانی و نیشاندانی توڕەیەکی پەنگخواردوی لەدژی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد… لەلایەکی تریشەوە دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کوردی بەکردەوە لە محەکدا، کە چ دەسەڵاتێکی سەرکوتگەرە لەبەرامبەر هاوڵاتیان و داخوازیەکانیان و حزبە نەیارەکانیدا… ئەم دۆخە هاوکات قوتبەندیەکانی ڕۆشنتر لە هەمیشە قوتبی کردەوە. بزوتنەوەی گۆڕان بەوێنەی دەرهاویشتەی ناکۆکیە ناوخۆیەکانی یەکێتی و بەرهەمی ئاڵوگۆرەکانی دوای کەوتنی بەعس، وەکو بزوتنەوەیەک دەرکەوت و پاشان وەکو حزبێکی سیاسی، قەوارەی بەخۆیدا. ئەم بزوتنەوەیە کەوتە کاردانەوەی توند تاڕادەی تۆڵەی سیاسی لە یەکێتی و لە جغرافیای سەوزیشدا کاریگەریەکی بەرجەستەی لەسەر لاوازکردنی پێگەی یەکێتی دانا. پارتی هاوپەیمانی یەکێتی، ئەم کایە سیاسیەو کیبەرکێیەی نێوان بزوتنەوەی گۆران و یەکێتی کردە دەستمایەکی سیاسی تا لەم کێبەرکێیەدا، هێزی داروخاوی داوی شەق بوونی یەکێتی، بەقازانجی خۆی کەڵک لێوەربگرێت و لەکوردستاندا پێگەی خۆی قایمتر بکات. پارتی توانی لەم کەشی لێکترازانەی یەکێتی و بەرامبەرکێی گۆران و یەکێتیدا، براوە بێت، لە بەرامبەردا یەکێتی توشی پاشەکشەیەکی سیاسی و هەڵوەرینی جەماوەرێکی زۆری بوو، بزوتنەوەی گۆرانیش بەو کاردانەوە توندەی بەرامبەر یەکێتی و فەرامۆشکردنی پارتی بەوێنەی هێزێکی سیاسی خاوەن قەڵەمرەویەکی فراوان لە کوردستان و یەکتا دەسەڵات لە ناوچەی زەرد دا، کاریگەری سلبی خستە سەر پێگەی بزوتنەوەی گۆران و بووە هۆی نائومێدی جەماوەرەکەی بەرامبەر بە دروشم و هەڵوێستەکانی. کاریگەری ئەم ئاڵوگۆرە لەسەر پێگەی هێزەکان رێکەوتنامەی ستراتیجی نێوان یەکێتی و پارتی کە رێکەوتنامەیەک بوو بۆ دابەشکردنی دەسەڵات و داهاتی کوردستان لەناو خۆیاندا، خستە بەردەم پێناسەکردنەوەو ئەمجارە پارتی مامەڵەی لەگەڵ یەکێتی بە ئەندازەی قەوارەی یەکیتی دوای قەوارەگرتنی بزوتنەوەی گۆران بوو، هەر بۆیە ڕیکەوتنی ستراتیجی ئەگەر پێشتر پەیمانێک بوو بۆ پاراستنی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی ئەمجارە بووە، مۆتەکە و دێوەزمەی داروخاندنی یەکێتی و پەرواێزخستن و بەهەند نەگرتنی لەلایەن پارتییەوە…

ململانێی جیهانی و ناوچەیی و قوتبی بونەوەی بەرامبەرکێی زڵهێزەکان و هێزەکانی ناوچەکە لە پەیوەند بە ” شۆرشەکانی دنیای عەرەب” دا. قوتبەندی تازەی کردە واقعیەتێکی بەرجەستەی سیاسی لە کوردستاندا. پشتیوانی بێدرێغی هەمەلایەنەی سیاسی و لۆجیستیکی و دیبلۆماسی و مخابەراتی و ناو بەناو سەربازی ئێران بۆ پاراستنی دەسەڵاتی ئەسەد لە سوریادا، هاوکات پشتیوانی حکومەتەکەی مالکی لە ئەسەد و رژێمەکەی، لە بەرامبەر بە تورکیاو بەشێک لەولاتانی ناوچەکەو ئەمریکاو غەرب کە خوازیاری کۆتاییهینان بەدەسەڵاتی بەشار ئەسەدن. ریزبەستنی تازەی بەسەر هیزە سیاسیەکانی کوردستاندا کردە واقعیەتیکی دیار و حاشا هەڵنەگر. پارتی نەک هەر بەرەی ئەمریکاو غەرب و تورکیای گرتووە، بەڵکە بە شێوەی ئاشکرا دەستی لە روداوەکانی سوریادا دیارەو بەشێکە لە هەوڵێکی ئاشکرا بۆ کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی بەشار ئەسەد. پارتی بەم کارەشی بە جیا لە خۆشخزمەتی بە سیاسەتی ئەمریکاو غەرب، لە لایەکەوە ململانێێ خۆی لەگەڵ دەسەڵاتی مالیکی و ئەجندا سیاسیەکەی، لێوە دەباتە پێشەوەو لەلایەکی تریشەوە دەیەوێت پێگەی سیاسی خۆی لە ناو دڵی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد لە سوریاو هیزەکانی و زۆرتر وزۆرتر بکات و بەناراستەوخۆش لە درێژ ماوەدا کۆمەک بە بزوتنەوەی ناسیونالیستی کوردی ناوخۆی تورکیا بکات تا وەکو یاریچیەکی ناوچەیی و هێزێکی دیار مایە لەسەر پێگەی سیاسی و جیپۆلیتیکی هەڵسوڕانی دابنرێت. هەرچی یەکێتی و بزوتنەوەی گۆرانیشین، لە فەلەکی ئێران و مالکیدان و کەهەردوولایان” چ ئێران و چ حکومەتەکەی مالیکی” پیگەی جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆیان بەرەو لەقترو لەقتر دەچێت. یەکێتی و بزوتنەوەی گۆران بەجیا لەوەی لەژێر گوشاری ئێراندان، هاوکات لە ژێر گوشاری دەسەڵات و پێگەی سیاسی پارتیشدان. نزیکبوونەوەی گۆران و یەکێتیش بەشێکی کاردانەوەی تازەی هەردوولایانە بەرامبەر بە زۆر رۆییەکانی پارتی لە کوردستان و پێگەی لە ئاستی ناوچەیی و قوتبەندیەکانی ناوچەکەدا. تا بە رەوتە ئیسلامیەکان بەتایبەییش یەکگرتوو دەگەرێتەوە، ئەمانە بە پێچەوانەی هێزە ئیسلامیە شیعەکانی خواروی عێراق، ناتوانن و بەشێک نین لەو هێزانەی لە فەلەکی سیاسەتی ئێران و حکومەتەکەی مالیکدا بن، بەڵکە ئەمانە زۆرتر ئیلهام لە پێگەی ئیخوانەکان و ئەلگۆی تورکیا وەردەگرن و بەم هۆیەشەوە، بەکردەوە لە پارتی نزیکترن.

پارتی و یەکگرتوو لە بەرەی ئەمریکاو تورکیاو غەربداو یەکیتی و بزوتنەوەی گۆڕانیش، لەبەرەی ئێران و مالیکیدا، ریزبەندی خۆیان کردووە. ریکەوتنی ستراتیجی نێوان پارتی و یەکێتی، لەدڵی دوو ستراتیجی جیاوازییاندا بۆ روداوەکانی ناوچەکە، سوریا، مامەڵە لەگەڵ حکومەتی مالیکی، پرسی دەوڵەت لە کوردستان، ‌هێندە رۆشنن، کە رێکەوتنی ستراتیجی هیچ مانایەکی بۆ نەماوەتەوە. یەکێتی و بزوتنەوەی گۆران، چەند بەرابەری پارتی و یەکێتی خاڵ و ستراتیجی هاوبەشی واژۆ نەکراویان هەیە… کە مەبنای نزیکبونەوەی زیاتر و کاری هاوبەش و کارکردن بۆ ئەجندای وەکویەک چ لە ئاستی ناوخۆی کوردستان، ئاستی عێراق، ناوچەکەو دنیا، لەگەڵ یەکتری کۆیان دەکاتەوە…

جیاوازیەکانی پارتی و یەکێتی لەسەر پرسەکان، چۆن راستی بەرجەستەن، ئاواش قوڵبونەوە و فراوانتر بوونیان، راستیەکی پێشبینیکراوە، کەکاریگەری لەسەر دۆخی سیاسی کوردستان و هاوسەنگی هێزەکان، دادەنێت. یەکێتی نیشتمانی لە هێزێكی هاوبەش لە بریاری سیاسی و وابەستە بە ریکەوتنامەی ستراتیجیەوە، زۆرتر دەکاتە هێزیکی لاوەکی ترو ئۆپۆزیسیۆنی پارتی، بۆ بەرگرتنیش بە داڕمانی زیاتر پێداویستی نزیکبوونەوە لە جەمسەری بەهێزی ئۆپۆزیسیۆن! بزوتنەوەی گۆڕان، کارێکە ناکرێ دوابخرێت. دورکەوتنەوەی بەکردەوەی یەکگرتووی ئیسلامیش لە بزوتنەوەی گۆران و نزیکایەتی لە پارتی و سیاسەتەکانی و جێگرتنی لە قوتبی ئەودا، ئۆپۆزیسیۆن!! زۆر ناوچەییتر دەکاتەوە و پانتای هەڵسورانی بەرتەسکتر دەبێتەوە. بەتایبەت کە یەکگرتووی ئیسلامی ئێستا ‌هێندەی لە دۆخی چاوەروانی ئاڵوگۆری داهاتووی شۆڕشەکانی ناوچەکەیە، ‌هێندە سەقاڵی گەمەی رابردووی نییە لەگەڵ دەسەڵات و بەتایبەتیش لەبەرامبەر پارتیدا. ئەم کەشە تازە سیاسیە، لەلایەکەوە لێکترازان و لەلایەکی ترەوە ریزبەستنی نوێی داسەپاندووە. ئەم ریز بەستنە کەتا ئێستا وادەردەکەوێت، لەداهاتودا بە قازانجی پارتی بێت، بەهیچ پێوانەیەک ناکرێت جێگای دڵخۆشی بێت. بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری، بزوتنەوەی ئازادی و ئازادیخوازی، مافە فەردی و مەدەنیەکان، بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی وەکو بزوتنەوەی کرێکاری، ژنان و لاوان…تاد، هەموویان لە دڵی قوتبی بوونەوەی زیاتری دەسەڵاتی حزبی و میلیشیاییدا، دەکەونە ژێر گوشارێکی فراونترو سەراسەری ترەوە. تەنگەبەری زیاتر بۆ حزب و رێکخراوەی جەماوەری و کۆرو کۆمەڵەکان دروست دەبێت. بۆ بەرگرتن بە وەها دۆخێک ریز بەستنێکی تر پێویستە بۆ ئەم کۆمەڵگایە، ریز بەستنێک لە جێگای بەرژەوەندی سیاسی ئابوری و حزبی، بەرژەوەندی بەرگرتن بەم دۆخەو هەوڵدان بۆ بەرینکردنەوەی ئازادییە سیاسیەکان و فەرهەم کردنی دۆخێک کە بتوانیت خەڵکی کوردستان ئیرادەی سیاسی خۆیان بخەنەگەر بۆ رەسم کردنی ئایندەی سیاسی کوردستان بەدەستی خۆیان کە تیایدا نان و ئازادی و سەبەخۆیی تا پیکهێنانی وڵاتێکی سکیولاری نا قەومی، بکەنە دەسکەوتی ئەم هەلومەرجە پڕ ئاڵوگۆر و قوتبەندییە نوێیە.

ناوەڕاستی نۆفەمبەری ٢٠١٢     

 

لەوانەیە تۆ ئەمانەشت بە دڵ بێت

لێدوانێک بەجێ بهێلە

هاوڕێمان بن!

پەیوەندی

دەتوانن ڕاستەوخۆ پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ هەر سەرنج و پێشنیار و ڕاگۆرینەوەیەک، لە ڕێگای:

abdulla.mahmud@gmail.com

دیمانەی پێشەنگ

Play Video