Home هاوپۆلنه‌كراو لەپەراوێزی کۆبونەوەکەی بارزانی لەگەڵ ئەندام پەرلەمانە کوردەکان، لەپەرلەمانی! عێراق ئەندام پەرلەمانەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن، نوێنەری خەڵکی کوردستان، نیین

لەپەراوێزی کۆبونەوەکەی بارزانی لەگەڵ ئەندام پەرلەمانە کوردەکان، لەپەرلەمانی! عێراق ئەندام پەرلەمانەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن، نوێنەری خەڵکی کوردستان، نیین

by Abdulla Mahmud

عەبدوڵا مەحمودth (1)23501346Aufzeichnen22

abdulla.mahmud@gmail.com

١٨ئەم مانگە سەرۆکی هەرێم!  و ئەندام پەرلەمانەکانی فراکسیۆنی کوردستان و ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەمانی عێراق کۆبۆنەوە، بەمەبەستی هەڵویستگیری و دیاریکردنی نەخشەڕیگای مامەڵە لەگەڵ قەیرانی ئێستای عێراق، لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا بەیانێکیان دەرکرد لە ژێر ناوی داوای‌ به‌هێزكردنی‌ نوێنه‌رانی‌ هه‌رێم له‌به‌غدا ده‌كرێت، هەروەها پێداگریان لەسەر چەند خاڵ یان باشتر بڵێن هەموو ئەم لایەنانە رێک کەوتوون لەسەر چەند خاڵیك کە سەرەکیەکانی ئەمانەن” پشتگیری‌ خۆیان بۆ به‌ستنی‌ ئه‌و كۆنگره‌ نیشتمانیی… به‌ مه‌به‌ستی‌ دانانی‌ بنه‌ماكانی‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ فیدراڵی‌ دیموكراتی‌ دامه‌زراوه‌یی‌ به‌ پشت به‌ستن به‌ ده‌ستووری‌ هه‌میشه‌یی‌ عیراق و پرنسیپی‌ پێكه‌وه‌ ژیان و شه‌راكه‌تی‌ راسته‌قینه‌ له‌ حوكمدا، پاراستنی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ عیراق و ته‌ئكیدكردن له‌ پرنسیپی‌ ته‌وافوق …، تاوتوێكردنی‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ 2012…، ته‌ئكیدكردن له‌ جێبه‌جێكردنی‌ مادده‌ی‌ 140ی‌ ده‌ستووری…”‌

سەرەتا دەبێ بڵێین ئەوەی کە بەیاننامەکە ناوی نوێنەرانی هەرێم یان کوردستان و خەڵکی کوردستانی داوەتە پاڵ ئەم ئەندام پەرلەمانانەی لیستی کوردستانی و ئۆپۆزیسێۆن، هیچ راستیەکی تیانییە، ئەمانە نوێنەری چەند حزبێکی سەر بەدەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆنن کە نوێنەرایەتی بۆرژوای کوردو بازرگانان و کۆمپانیا حزبیەکانیان دەکەن، نەک خەڵکی کوردستان. خواست و داوای خەڵکی کوردستان، لەگەڵ خواست و داوای سەرمایەداران و بازرگانان و کۆمپانیا حزبیەکانی نوێنەرەوەی باڵ و لقەکانی سەر بە خانەوادەی بۆرژوازی کورد، زۆر ناکۆک بەیەکن. نوێنەری ئەم حزبانە کێشەیان لەگەڵ باڵ و لقەکانی بۆرژوازی عەرەب و رەوتەکانی لەناو حکومەتی عێراقدا هەیە لەسەر بەش و دەسەڵاتی خۆیان، لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان کێشەی سەرەکی لەگەڵ دەسەڵاتی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و ئەو ئۆپۆزیسێۆنە بودەڵەیە هەیە، کە دەیەوێت سواری شەپۆڵی نارەزایەتی جەماوەری بێت لەدژی دەسەڵاتی زۆرو داسەپاو تاڵانچی کوردایەتی، لەپێناو بەشی سیاسی و دەستەبەرکردنی داهاتی زۆرتر لە قوتی دزراوی خەڵکی کوردستان.

پشتگیری ئەم لایەنانە لە بەستنی کۆنگرەی نێشتمانی جگە لە ڕیگایەک و تونێلێک، بۆ دەستبەرکردنی بەشی حزبی خۆیان و بەرگری لەبەرژەوەندییە سیاسی وئابوریەکانی بۆرژوازی کوردە باڵ و لاباڵەکانی،،، هیچی تر نییە. کێشەی عێراق و خەڵکی کوردستانیش کۆنگرەی نیشتمانی نییە، کێشەی خەڵکی عیڕاق و کوردستان کێشەیەکی واقعییە لەگەڵ هیزە بۆژوازییە قەومی و دینیەکانی عەرەب و کورد، شیعەو سوننە… کە کۆمەڵگای عێراقیان پارچە پارچە، نائەمن، وە داغان کردووە. ئەم هێزە کۆنەپەرست و دژی ئازادی و سەرکوتکەرو تاڵانچیانەی عێراق… جەنگ و هەراو ململانیێیان بۆ فەراهەمکردنی ئارامی و کۆتاییهێنان بە کردەوە تیرۆرستیەکان و تۆڵە سەندنەوەی میلیشیایی نییە، چونکە خۆیان لە رێگای باندو میلیشیاکانیانەوە، شەقام و خوێنی خەڵکی بێتاوانیان کردۆتە کایەی بەشی دەسەڵات لە حکومەتێکی کارتۆنی و کرێگرتەدا. جەنگ و دەعوای ئەم ‌هێزانە بۆ زەمانەتی ئازادی و لەسەر فەراهەمکردنی ئازادییەکانیش نییە، چونکە هەموویان لەسەر بنەمای جەنگ لەدژی ئازادی و ئازادییەکان و بیناکراون. کێشەو بێنەوبەرەیان لەسەر دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و دابینکردنی ژیانێکی تەسەل نییە، چونکە خۆیان تاڵانی ئاشکرای داهاتی خەڵکی دەکەن و دەستیان گرتووە بەسەر هەموو جومگەکانی ژیاری کۆمەڵگاو خۆشیان لە رێگای میلیشیاو باندەکانیانەوە خزمەتگوزارییەکان بەسەر یەکدا دادەرمێنن. ململانێیان لەسەر گێرانەوە شکۆی بۆ تاکەکان و کۆمەڵگا نییە، چونکە دەسەڵاتیان لەسەر بناغەی بێئیرادەکردنی تاک و کۆمەڵگا، داسەپاندووە. پشتیوانی هێزو لایەنەکانی بۆرژاوزی کوردیش” دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆن” لەم کۆنگرەیەو پشتیوانییە لەم ‌هێزە کۆنەپەرست و دژی ئازادیانەی عێراق، لە بەرامبەر بەخواستەکانی خەڵکی عێراقدا… کە ئەمنیەت، نان و ئازادی و خزمەتگوزاری و گێرانەوەی شکۆ و ئیرادەی سیاسی یە بۆ تاک و کۆمەڵگا.

 پشتیوانی‌ حزب و لایەنەکان بەشدار لە کۆبونەوەکەی بارزانیدا “بە مه‌به‌ستی‌ دانانی‌ بنه‌ماكانی‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ فیدراڵی‌ دیموكراتی‌ دامه‌زراوه‌یی‌ به‌ پشت به‌ستن به‌ ده‌ستووری‌ هه‌میشه‌یی‌ عیراق و پرنسیپی‌ پێكه‌وه‌ ژیان و شه‌راكه‌تی‌ راسته‌قینه‌ له‌ حوكمدا” جگە لەدوبارەو سەد بارە کردنەوەی درۆیەک زیاتر هیچی تر نییە، باسی دانانی بنەماکانی دەوڵەت، لە کاتێکدا هەرکام لە ‌هێزە سەرەکیەکانی عێراق، دەیانەوێ قەوارەی دەوڵەت بە پێی خواستی دەوڵەتەکانی ناوچەکە لە مۆدیلی ناسیونال- عەرەبی و ناسیونال- ئیسلامدا دابڕێژن و جەنگی نیوانیشیان لەسەر ئەوەیە، ئەمە کوێ و لە کام ئاستدا کەمترین تەبایی بە دەوڵەتیێکی مۆدێرنی سەردەمیەوە هەیە، کە حزبەکانی کوردستان ببنە پشتیوانی؟ وە ئەمە چ تەبایەکی لەگەڵ خواستی خەڵکی عێراق و کوردستان هەیە؟ دەوڵەتی فدرالی و دیموکراتی… لە عێرقدا و لەسایەی ئەم دەسەڵات گەنیوانەی عیڕاقدا… یانی فدرالیزمی قەومی… یانی پارچەپارچەکردنی رەسمی دانیشتوانی عێراق لەسەر بنەمای ناسنامە بەخشینی قەومی بە تاکەکانی ئەم کۆمەڵگایەو راگرتنیان لەبەرامبەر بە یەکتریدا. وە دیموکرتی ئەگەر بە مانا باوە بۆرژوازییەکەیشی بێت، بە هیزی دیموکراتی و مۆدێرن مەیسەر دەبێت… نوێنەرانی حزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆن دەتوانن بە خەڵکی کوردستان بڵین حزبی دیموکراتیخواز لەعێراقدا کامەیە؟ و کام حزب هەیە خەرمانەیەک کردەوەی دژی دیموکراتی سەریەک نەنابێت و لەسەر بنەمای دیموکراسی دروست نەبووبێت؟ کام حزبەیە کە مافی فەردی تاک بەرەسمی دەناسێت، کام حزبەیە مافی هاوڵاتی بوونی خستۆتە جێگای ناسنامەی تایفی و قەومی؟ کامیانن بروایان بە جیایی دین لە دەسەڵات و سیاسەت هەیە؟ کامیان بروای بە یەکسانی ژن و پیاو …هەیە؟ بۆی بنیاتنانی دەوڵەت، بە ناوەرۆکی دیموکراتی… پێش مەرجەکەی وەلانانی دەسەڵاتی ئەم حزبانەو دەستکۆتاکردنی میلیشیاکانیانە. ئەمانە خۆیان کۆسپی بەردەم دامەزراندنی دەوڵەت و دیموکراتین… نوێنەرانی حزبە بۆرژوازییەکانی کورد بەدەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆنەوە، لە کوردستان خۆیان کۆسپی بەردەم ئازادی و دیموکراسی و قەوارە بەخشینی دەوڵەتی و سیستەمی دامەزراوەیین…بە خۆشی خۆشیان دەست لە سات و سەوداو خۆشخزمەتی هەڵناگرن.

 باسی پشت به‌ستن به‌ ده‌ستووری‌ هه‌میشه‌یی‌ عیراق و پرانسیپی‌ پێكه‌وه‌ ژیان… فریوکارییەکی تری کۆبونەوەی لایەنەکانی بۆرژاوزی کوردە. دەستوری عیراق، لەسەر توڕدانی پرانسیبی پێکەوە ژیان داڕێژراوە. پرانسیبی پێکەوە ژیان یانی بەرەسمی ناسینی ناسنامەی “هاوڵاتی” تاکەکان… لەبەرامبەر ناسنامەی کوردو عەرەب،تورک شیعەو سوننە. دەستوری عیراق بنەماکەی جیاکاری هاوڵاتیانە لەسەر ناسنامە دروستکردن و هەڵخراندنی ئیحساساتی قەومی و تایفی و دینی….ئیوە کە لەکوردستان ئامادەنیین مافی هاوڵاتی بوون بەرەسمی بناسن و ئەم مافە ناسنامە هەڵگرە جیهانیەتان تارادەی ناسنامەی بادینی و سۆرانی، کەسک و سەوزو نیلی، براو خوشکی موسوڵمان… دابەش کردووە، درۆی پرانسیبی پێکەوە ژیان… دەخەنە ناو کارگەی درۆسازییەکانی ترتان؟

تاووتوێی بودجەی ٢٠١٢ بەندێکی سەرەکیی خواستی هیزەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆن و لە راستیدا مەرجی باسنەکراوە بۆ بەشداری و پشتیوانی لەکۆنگرەی نیشتمانی. یەکێک لەکێشە سەرەکیەکانی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردیەتی بە دەسەڵات بەدەست و ئۆپۆزیسێۆنەوە، لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی و هێزەکانی، مەسەلەی بودجەیە. تەنانەت ئەوەی بە شێوەیەکی سەرەکی بۆتە مایەی بەستنەوەی ناسیونالیزمی کورد بە مەرکەزەوە بودجەیە و پاراستنی برەکەیەتی…  بەڵام بودجەی کوردستان لە دەسەڵاتی ناوەندی هەر بڕ و قەبارەیەک بێت، کەمترین و بەش و دوا بەشی بۆ خەڵکی کوردستان و خزمەتگوزارییەکان و هەزاران پێداویستی خەڵکی کوردستان و کۆمەڵگایە… لەپێویستی قوتابخانەوە بۆ خەستەخانەکان، لە ریگاو بانەوە بۆ ئاوو کارەبا، لە پارک و شوێنەکانی سەرگەرمیەوە، بۆ خوێندن و پەروەردە. لە بیمەی بیکاری و کۆمەڵایەتیەوە بۆ وەرزش و ژینگە. بەشە بودجەی هەرێمی کورستان کە لە ناوەندەوە دەگاتە کوردستان و دەچێتە خەزێنەی حزبەوە بە داهاتەکانی ناوخۆی کوردستانێشەوە… سەرەتا و بەشی زۆری تەرخانی وەزارەتخانە حزبیەکان، پێشمەرگەو و هێزە چەکدارەکان، بەرپرسە حزبی و ئیداری و نەسریە بێبنەکان، بودجە حزب و دەزگای چەند سەرەی میدیا و ڕاگەیاندن…تاد، دەکرێت و پاشان داخوازی و پێداویستەکانی خەڵکی کوردستان بەشێوەی مامەڵەی کۆمپانیا لەگەڵیان، ڕیدەخرێت. هەموو پڕۆژەکانی بەڵیندەرایەتی و بازرگانی و گواستنەوە و گەیاندنی… لەدەستی حزب و نزیکی حزبدا قۆرغ دەکرێن. ئەو پرۆژە خزمەتگوزاریانەی دەمێنەوە و لەگەڵ تەواو بوونیان نۆژەنکردنەوەیان دەوێت، دیسان بەپێی سودی حزبی بڕیاریان لیدەدریت.. وە لە ناو ئەم هەموو داهاتەدا تازە بە تازە بیمەی بێکاری بۆ بەشێکی زۆر کەمی خەڵک بەشیوەی سواڵکەرانە، دیاری کراوە. ئۆپۆزیسۆن! بە گشتی و بزوتنەوەی گۆڕان بەتایبەتی  لەگەڵ ئەوەدا بانگەشەی زەبەلاحی سەبارەت بە شەفافیەتی بودجە دەکرد، خۆی چ وەکو بزوتنەوە لەهەمان داهاتی دزراوی خەڵکی کوردستان بودجەی خۆی هەیەو هەم ئەندام پەرلەمانەکانی بەشێکن لە دزە رەسمی و نارەسمیەکانی کۆمەڵگای کوردستان و قیڕە قیڕ و تەپڵ کوتان و بتڵ فڕکانی… هەموویان بوونەتە سەکۆیەک بۆ بودجەی زیاتر و دزی زیاتر لە داهاتی خەڵکی کوردستان، باسی رەوتە ئیسلامیەکانیش پێویستی بە باس نییە چونکە جگە لەموچەی خۆشخزمەتیان لەلایەن وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکەوە، لەلایەن یەکێتی و پارتی و حکومەتەکەیانەوە، بێسنور پارەی خەڵکی کوردستانیان بەگەرودا کراوە. بە کورتییەکەی بودجە چ بۆ حزبەکانی دەسەڵات و چ بۆ ئۆپۆزیسێۆنی بۆرژوازی کورد، هێندە گرنگە کە خۆیانی پێپڕ بکەن و ‌هێندەی بۆیان بکرێت داهاتی خەڵکی کوردستان هەڵبلوشن. ئەمە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی لەلایەک کردووە بە دزانی ئاشکرا و خەڵکی کورستانیشی کردووە بە دزی لێکراوێکی هەمیشەیی و ئاشکرا… بێ ئەوەی دادگاو کەناڵیک هەبێت بۆ راپێچکردنی دزانی گەورەی حزبی و بۆ لێپرسینەوەو بەردەم دادگا…. بەڵام نابێ بیرمان بچێت ئەو ڕۆژە دوور نییە، کە لەسەر ئەم دزییە و کارنامەکانی تری دژی ئازادی و …تاد، رووبەروی ئیرادەی بێداربوونەوەی خەڵکی کوردستان دەبنەوە.

مادەی ١٤٠ فایلێکی ترە کە لایەنەکان جارێکی تر پێداگرییان لەسەر کردۆتەوە بۆ جێبەجێکردن… ئەم دۆسیە وەکو حکایەتی مێشی لێهاتووە و کراوەتە فایلێک بۆ خۆڵ کردنە چاوی خەڵکی کوردستان، لەگەڵ ئەوەدا کەئەم دۆسیەیە لە باری کردارییەوە هەنگاویك نە چۆتەوە پێشەوە، هاوکات لەلایەن زۆرێک لە سەرانی بریار بەدەستی حزبیەوە وەکو کەسانی تاڵەبانی باسی بەهەرێمکردنی هێنراوەتە گۆڕ، ئەمەش نیشان دەدات کە مادەی ١٤٠ لە روانگەی خۆیانەوە، بە بن بەستی یەکجاری گەیشتووە. بۆیە دوبارە هێنانەوە گۆڕی باسی مادەی ١٤٠ هیندەی درۆیەکی ئاشکرایەو کارتێکی گوشارە بۆ سەر هاوکارو هاوپەیمانەکانیان لە ناوەند، نیو ئەوەندە کەیسیك نییە بۆ بەدوا داچوون و پەیگیریکردنی، دیارە خۆ ئەگەر ئەم مادەی ١٤٠ بەتەواوەتیش جێبەجێبێت، نابێتە ڕێگایەک بۆ چارەسەری کێوێک لەکێشە و گرفتەکانی وەکو ئەمنیەت، کۆتاییهێنان بە دانەدانی ململانێی قەومی، خزمەتگوزاری، ماف و ئازادییەکانی خەڵکی ئەم ناوچانە.

بۆیە هەموو ئەو بەندانەی کە لایەنەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆن، لەسەری رێکەوتوون… کۆمەڵە فایلێکن کە وەکو کارتی گوشار بۆ پچرینی بەشی سیاسی و داهاتی دزراو…بەدەستەوە گیراون و هاوکات ڕیگایەکیشە بۆ نیشاندانی  ماهیەتی ململانێی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن کە هیچ نییە جگە سات و سەودا لەسەر پۆست و بەشی دەسەڵات و بەشداری لەتاڵانی و گەندەڵیدا. هەروەها دەرخستنی ئەو راستییە کە ئۆپۆزیسیۆن هیچ جیاوازییەکی سەرەکی لەگەڵ حزبەکانی دەسەڵات نییە و بەشێکن، لەهەمان فۆرمی حزبی و هەمان سیستەمی سیاسی و فکری و بۆرژوازی کورد، کە خەڵکی کوردستان لێوان لێوە لە نەفرەت و ناڕەزایەتی بەرامبەری.

٢٣/١/٢٠١٢

 

لەوانەیە تۆ ئەمانەشت بە دڵ بێت

لێدوانێک بەجێ بهێلە

هاوڕێمان بن!

پەیوەندی

دەتوانن ڕاستەوخۆ پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ هەر سەرنج و پێشنیار و ڕاگۆرینەوەیەک، لە ڕێگای:

abdulla.mahmud@gmail.com

دیمانەی پێشەنگ

Play Video