Home هاوپۆلنه‌كراو ساڵێک دوای ١٧ شوبات

ساڵێک دوای ١٧ شوبات

by Abdulla Mahmud

 عەبدوڵا مەحمود4AAE1CD9-E1AE-490E-9488-4A1D1D8559A3_mw1024_mh1024_s

abdulla.mahmud@gmail.com

لە ئاکامی نابەرابەرییەکی ئابوری زەبەلاح و شەپۆلی نەوەستاوی دژی ئازادی و دزی و تاڵانی و گەندەڵی بێپەردەی ڕاشکاوی فەرمی و نافەرمی، لەبەرامبەر دەسەڵاتی حزبۆکراتی و میلیشایی و بێیاسایی نزیک بە دوو دەهەدا، بەشێکی خەڵکی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی و ناوچەی سەوزو نیلیدا بەئیلهام وەرگرتن لە بزوتنەوەی ڕامالینی دیکتاتۆرەکان و دەسەڵاتی بۆماوەیی “پشتاو پشت- وراسی” و لە پێناو نان و ئازادی و گێڕانەوەی شکۆی ئینسانیاندا، کە وڵاتانی عەرەبی و باکوری ئەفریقای هەژاند، هاتنە سەر شەقامەکان و خواستە سەرەتایی و رەواکانی خۆیان ڕاگەیاند کەپاشان بەزۆری چەک و پیلان و سازشی ئۆپۆزیسیۆنێکی! بودەڵە و ماڵی خامۆشکرا. بەش و ناوچەکانی تری کوردستانی ژێر دەسەڵاتی زەرد کە لەژێر لە قەڵەمڕەوی میلیشیایی پارتیدا بوو ترس و تۆقاندن و ڕێگەی نەدا تورەیی و نەفرەتی لێوان لێویان، فوارەی ئاسایی خۆی بگرێتە بەر و هاواری رەوای ملیۆنییان، بەزۆر کڵۆم درا.

هاتنە مەیدانی خەڵکی ناوچەی سەوزو نیلی و سازشی ئۆپۆزیسێۆن و سەرکوتی ناوچەی زەرد، هەر هەموویان چەند ڕووداوی لە بیرنەکراوی و پڕ ئەزمونی خرۆشانی جەماوەری خەڵکی کوردستانن.

ئیستا کە ساڵێک بەسەر خرۆشانی جەماوەری پارێزگای سلێمانی و بەزۆر کڵۆمدانی دەنگی نارەزایەتی پارێزگاکانی دهۆک و هەولێردا، تێدەپەڕێت. نابەرابەری ئابوری و قوڵبونەوەی قڵشتی چینایەتی نێوان سەرمایەداران و دەسەڵاتی حزبۆکراتی و میلیشیایی لەگەڵ جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستاندا، زیاد بووە و کەمی نەکردووە. کەشتیگەلی دەسەڵات بۆ شێلانی شەپۆلەکانی ئازادی سیاسی و رێکخراوبوون و خۆپیشاندان و ئازادی رۆژنامەگەری و ئازادی بەیان و بڵاوکردنەوە، لەگەڕدان. هێشتا برسێتی و گرانی بازار، بێکاری… دیکتاتۆریەتێکی بێرەحمی دەست نەپارێزن لەسەر ژیانی دەیان و سەدان هەزار خێزانی دەست کورت و هەژار. هێشتا دزی و تاڵانی و گەندەڵی فەرمی و نافەرمی و بەسیستماتیک کراو، درێژەی هەیە. هێشتا بێیاسایی  بێداد دەکات. هێشتا بەرپرسی حزبی و حکومی و ئەولادی حزب، لەسەروی هەموو یاساو رێسایەکەوەن و یاسا لەژێر چەکمەیاندا درۆیەکی بازاڕییە. هێشتا یاسا مۆتەکەیەکە بۆ گیانی هەژاران و خاوەن مافەکان و دەنگە ئازادەکان و ئازادیخوازی. هێشتا تاوانباران و بکوژان و بریاردەرانی کوشتن و لێدان و شکنجە بە کوشتارچیەکانی ١٧ شوبات و رۆژانی دواترییەوە، ئازاد و مکرەم و بەرپرس و هێلی سوری بەردەم یاسان!!

هێشتا لاوانی بێبەش و پڕ تاسەو هیوا، لەدۆزەخی ژێر سایەی دەسەڵاتی تاڵانچی و ماف لوشدەری پارتی و یەکێتیدا، بێهیواترو بێبەشتر و بێئایندە راگیراون و تەمەنی جوانی و لاویان لە چاوەڕوانیدا، دەگوزەرێنن.

هێشتا هەواڵی توندوتیژی و کوشتنی ژنان و ناچارکردنیان بە خۆکوژێ…لە ژێرسایەی دەسەڵاتی کۆنەپەرستانەو رەگ ڕۆچوو بە ئیسلام و یاسا بۆگەنە سەرچاوەگرتوەکانی” شەریعەت” قورعان و حەدیس دا، هەموو ڕۆژە و دڵ کونکەرەیە.

بەڵێ… هێشتا دوای هەموو ئەم ژیانە دۆزەخی و نابەرابەر و نائازاد و نائینسانیەی یەخەگیری خەڵکی کوردستانە… دەسەڵات دەست لەسەرکوت و هەڵناگرێت و رێگا نادات خواستە کەڵەکەبووەکان، هیوا جوانەکان، تاسە رەنگینەکان و خەونە زێڕینەکانی خەڵکی کوردستان، بێنە سەر شەقام.

دوای ساڵێک بەسەر ١٧ شوباتدا، دەسەڵاتی ڕۆچوو لە تاڵانی و نابەرابەی و سەرکوتدا…لەو راستیە تێناگات، کە مەیدانەکانی ئازادی تینووی سێڵاوی جەماوەرێن، تینوی هاوارو بڵندگۆی گەروەکانی نان و ئازادی و بەرابەری و دەسەڵاتی پشتبەستوی پڕ شکۆی جەماوەرین. خواستی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش، لاوان و ژنان و ئازادیخوازی… ئێستا گەورەتر لە پارە. خرۆشان و هاتنە سەرشەقامی پار ساڵ، و کاردانەوەی دەسەڵات و مامەڵەی ئۆپۆزیسیۆنە دەستەمۆکراوەکەی دەشی ئێستا هێندە پڕ ئەزموون بێت کە کرێکاران و زەحمەتکێشانی بەو ئاکامە گەیاندبێت، کە بۆ دوبارە هاتنەوە مەیدان، سەربەخۆیی چینایەتی، ڕێکخرابوونی شوێنی کار ژیان و هەڵبژاردنی نوێنەرانی راستەقێنەی خۆیان، بۆ هێنانە مەیدانی داخوازیەکانیان و ناچارکردنی دەسەڵات بۆ ملدان لەبەرامبەر ریزی رێکخراو و یەکپارچەو سەربەخۆدا، چەندە پێویست و ژیارییە.

کۆبونەوە جەماوەرییەکانی مەیدانەکانی ئازادی، بۆ سەرکەوتن و گۆڕینی هاوسەنگی هێز لەبەرامبەر دەسەڵات و چاوچنۆکی سەرمایەدا بە سودی جەماوەری خوازیاری نان و ئازادی و گێرانەوەی شکۆی و ئیرادەی ئینسانیدا پێویستی بەلێکهەڵپێکان هەیە لەگەڵ کۆبونەوەو رێکخراوبوونی کرێکاران و راگرتنی کارگەکانی بەرهەمهێنان و راگرتنی جوڵەی کۆمەڵگا.

ئەوە کە دەتوانێت تەلیسمی سەرکوت و زۆرداری شەقام برمێنێت، ئەوەی کە دەتوانێت مەیدانەکانی ئازادی بکاتەوە بە نمایشی توانایی واقعی شەقام، هاتنەمەیدانی ریزی کرێکارانی رێکخراو سەبەخۆییە لە شوێنی کار و راگرتنی چەرخەکانی بەرهەمهینانە.

ئێمە کۆبونەوەی مەیدانە ئازادییەکانمان بینی، راوەستاوی چەند مانگەی ئەم گۆرەپانانەمان ئەزموون کرد، بەڵام چونکە کرێکارانی کارگەکانی بەرهەمهێنان، بیناسازی، هاتوچۆ، شارەوانی، گەیاندن…بە راگرتنی کارەکانیان و دەستدانە مانگرتن و خۆپیشاندان و بەهۆی نارێکخراویەوە، بەکردەوە بەمەیدانەکانی ئازادییەوە، پەیوەست نەبوون… دەسەڵات لە ناوچەی سەوزو نیلی توانی لە رێگای زۆرو سەرکوتەکەی مەیدانەکانی ئازادی چۆڵ بکات و لە زونی زەردو ژێر سایەی پارتیشدا مەیدانەکانی ئازادی لە چاوەروانی بانگەشەی نان و ئازادی و بەرابەری و دەسەڵاتی رەوادا، تەنها بمێننەوە.

ئێستا دوای ساڵێک بەسەر ١٧ شوباتدا، هێشتا کۆمەڵگا لە کوڵاندایە، و هیچ کام لەخواستەکانی خەڵکی شەقام گرتوو نەک جێبەجێنەکران بەڵکو تاوانباران و بکوژانی خۆپیشاندانەکانیش دەستگیر نەکراون، ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیش دوای ئەوەی سەرەتا خۆپیشاندان و هاتنە مەیدانی جەماوەری تورەی بە “ئاژاوەچی” ناوزدەکرد، پاشان بۆ بەهرەبەرداری و کردنی بەدەستمایەی بەدیهێنانی خواستی حزبی و پۆستی سیادی و بوجە، لەگەمەی کۆبونەوە سێ قۆڵی و پێنچ قۆڵی و بۆ نیشاندانی شەفافیەتی! دانوستاندن و کۆبوونەوەکان و توڕدانی نەریتی کۆبونەوەی “داخراو و ژورە تاریکەکانیش”!!، کۆبونەوەی داخراوی و دوو قۆڵی ژوری تاریک و دور لەچاوی میدیاکان…کردۆتە پیشەیەکی ئاسایی خۆی.

لە دۆخێکی لەم بابەتەدا، کە خواستەکانی خەڵکی کوردستان زیادیان کردووە. سەرکوت و تاڵانی و دزی و گەندەڵی…پشوی نییە. برسێتی و گرانی و بێمافی، بێداد دەکات. دەسەڵات میلیشیایی و حزبییە. یاسا لەهیچ ئاستێكدا رێز لێگیراو سەربەخۆ و بێلایەن و بەرابەر نییە. شکۆو ئیرادەی خەڵکی لە بەرێوەبردن و دەسەڵاتدارێتیدا، جێگایەکی نییە. ئۆپۆزیسیۆن ماهیەتە واقعی و کارنامەو ناکۆکیەکەی لەگەڵ خواستەکانی خەڵکی کوردستان، رۆژ بەرۆژ زۆرتر دەردەکەوێت… پێداویستی خۆ رێکخراوکردن و کۆبونەوە لەدەور ئاسۆی رزگاری و بەرابەری و دەسەڵاتی پشت بەستوی جەماوەریدا، لە زەمینەیەکی باشتر بەهرەمەندە، نابێ ئەم ژینگەو زەمینەیە خاڵی بمێنێتەوە، ١٧ شوبات بە هێزیكی رێکخراوترو ئاسۆی رۆشنتر و سەراسەری ترەوە، پێویستە پێشوازی لێبکرێت. کارگەکانی کارو بەرهەمهێنان، مەیدانەکانی ئازادی و گۆرەپانەکانی گەڕەك، لە پێشوازی ١٧ شوباتدا لە ئامادەباشیدان.

ناوەراستی شوباتی ٢٠١٢

لەوانەیە تۆ ئەمانەشت بە دڵ بێت

لێدوانێک بەجێ بهێلە

هاوڕێمان بن!

پەیوەندی

دەتوانن ڕاستەوخۆ پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ هەر سەرنج و پێشنیار و ڕاگۆرینەوەیەک، لە ڕێگای:

abdulla.mahmud@gmail.com

دیمانەی پێشەنگ

Play Video