عەبدوڵا مەحمود
abdulla.mahmud@gmail.com
جارێکی تر، پرسی داهات و بودجە، هێنراوەتە گۆڕ. جارێکی تر گەمەی ململانێی بودجە شەقامی داگرتووە، جارێکی تر مزایەدەی سیاسی لەسەر بودجە، فریوکاریەکی ئاشکرایە بۆ شێواندنی ڕاستیەکانی پشتی هەراو هۆریای داهات و بودجە.
بودجە و داهات، کە مەبنای داپۆشینی شەڕە ناوخۆیەکان، بنەمای ڕێکەوتنی واشنتۆنی ساڵی ٩٨، و داینەمۆی ڕێکەوتنی ستراتیجی یەکێتی و پارتی فایلی سازانی حزبە نەیارەکانی خانەوادەی بۆژوازیی لەگەڵ دەسەڵات، سەرچاوەی چەرخاندنی حزبە شێوە کۆمپانیاکانی ناو بازنەی پارتی و یەکێتی، کانی دزی و تاڵانییەکی یاسایی و نایاسایی…ە.
دیارە ئەوەی پێی دەوترێت داهات و بودجە، و بەشی هەرە بنەڕەتی و بناغەیەکەی، داهاتی نەوتە، ئەو بڕەشی کە بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانە، موچەی ناوەندە کە دەدرێت بە یەکێتی پارتی، لەجیاتی ئەوەش لەسەر بنەمای خەمڵاندنی و پێوانەی زانستی و یان پێداویستی هاوڵاتیان و کۆمەڵگا بێت، لەسەر بنەمای سازانی سیاسی و ململانێی سیاسیە.
لەکوردستانیش دیسان، ئەو بودجەیەی لە ناوەندەوە دێت و لەگەڵ ئەو داهاتەی کەهی کارگەکان، کارخانەکان، ئاو وکارەبا، تەلەفۆن، گومرگی خاڵە سنوریەکان، بازرگانی و بەڵێندەرایەتی، و هەزاران کۆمپانیای هەمەچەشن، بەرهەمی کشتوکاڵی… کە هی کوردستان خۆیەتی، هەموو مۆڵی دەستی حزبە. دابەشکردنی دیسان لەدەستی حزبدایەو هەراوهۆریای ناوپەرلەمان وەک پەرلەمان خۆی، درۆیەکی گەورەیە، بۆ شێواندنی رای جەماوەری و رەسمی و یاسایی.
لە کوردستان، نەک بەپێی پێداویستەکانی کۆمەڵگا، نەک بۆ پڕکردنەوەی خواستەکانی هاوڵاتیان، نە لەسەر لێکدانەوەیەکی زانستی لەسەر وەبەرهێنان و وەگەرخستن، نە لەسەری تێگەیشتن لە بنەماکانی بازاڕی ئازادو کەرتی تایبەت، نە لەسەری درککردن بە پوڵ و کەڵەکەی سەرمایەی ئاسایی وژینگەی ئارامی سەریەکخستنی پوڵ، نە لەدیدی ململانیی سەرمایەی جێگیرو جوڵاو، بەڵکە لەسەر بنەمای تەوافوقی دوو حزبی سیاسی میلیشیایی و سازان لەگەڵ ئەو حزب لایەنە سیاسیانەیە، کە لەململانێی رەقەمی حزبایەتیدان.
حزبی خاوەن قەڵەمڕەوی و بەرینتر پلە یەکەو بەشی زیاتر دەبات، حزبی قەڵەمڕەوی جغرافیای بەرتەسکتر، کەمتر دەبات، حزبەکانی تری پلە سێ و چوار و پێنج… تادەگات بەو حزبانەی کە لەخۆشخزمەتی حزبە دەسەڵاتدارەکاندان، هەریەکەیان بەپێی ئامادەییان لە کۆبونەوەکانی سەرۆک، ئیمزادانیان لە بەیاننامەکان و هاوهەڵوێستان لەگەڵ هێڵی سیاسی و بێدەنگەبوونیان یان هونەری سەفکردنی پەردەپۆشکردندا، لەبەرامبەر نابەرابەری و سەکوت و فریوکاری و دزی و گەندەڵی و بێمافی زوربەی کۆمەڵگادا، هەریەکەیان، بەشی پێدەدرێت.
لە کوردستان چۆن حکومەت و دەسەڵاتی حکومی درۆیەکی گەورەیە، چۆن پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری و یاسایی و مافی تاک و هاوڵاتی بوون درۆیەکی گەورەیە، ئاواش بودجە و شێوەی سەرفکرن و دابەشکرنی هیچ بنەمایەکی زانستی نییە، پشت بە خواستی هاوڵاتیان، پێداویستی کۆمەڵگا.. نابەستێ و تا بڕی داهات و بودجە زیاتر بیت، پانتایی دزی و تاڵانی زۆرترە.
٥٧% بەشی پارتی و ٤٣% بۆ یەکێتی، یانی ئەوەی کە بودجە و داهات، لەم مەملەکەتی بێدەوڵەتی و بێحکومەتی، بێپەرلەمانی و بێ یاسایی سەراسەریدا، بودجەیەکی میلیشیاییە، سەرف و دابەشکردنی، وەگەرخستن و وەبەرهێنانی، لەسەر بنەماو بڕیاری حزبی میلیشاییدا، دابەشدەکرێت.
موچەی خەیاڵی بۆ حزبەکانی دەسەڵات و پلەکانی خوارتریان، موچە بۆ میدیایەکی غولئاسای هەزار سەری گیژکردن و فریودان، موچەی کارمەندانی خەیاڵی حزب لە حکومەت و پەرلەمانی درۆینەدا، کە جیاوازی موچەیان لەگەڵ موچەی کرێکاران و کارمەندانی ئاساییدا، گەورەترین دزی یاسای میلیشیاییە. موچەی سەدان هەزار ئەندام لق و ناوچەو جێگرەکانیان، موچەی هەزاران ئەندام کۆمیتەو کەرت و جێگرانی، موچەی دەیان هەزار کەسی دوو ئاسایشی، دوو دەزگای دژە تیرۆر و پاراستن، دەمامکدارەکان .موچەی خەیاڵی بۆ خانەنشینکراوەکانی حزب و حکومەت!، موچەی بۆ چەکدارکرنی هیزەکانیان، موچەی دەیان هەزار پاسەوانی بەرپرسە حزبی و حکومیەکان، موچەی پاسەوانانی سنور کە تائێستا گوللەیەکیان لەدژی هیچ سەرپێچیەک و سنوربەزاندنێکی وڵاتانی ناوچەکە و دوژمنانی کورد نەتەقاندووە، موچەی تەخانکراو بۆ ئەم هەموو بارەگا حزبی و حکومیانە!، پارەی تەخانکراو بۆ نەسریەی سەرۆک و بەرپرسە حزبی و حکومی، موچەی سەدان رێکخراوەی پیشەیی و جەماوەری و رێكخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، موچەی سەدان دامەزراوەی ئەدەبی و هونەری و وەرزشی…فۆرماڵی و گوێگرانی حزبی. لەپاڵ تەرخانکرنەوەی پارە بۆ هەزاران پڕۆژەی تەواو نەکراوی ساڵە یەک لەداوی یەکەکان، پارەی خەیاڵی دانان بۆ ئەو پرۆژانەی لەگەڵ تەواو بوونیان، نۆژەنکردنەوەیان دەوێت، تا دەگات بەسەدان پرۆژەی وەهمی، تەخشان و پەخشانکردنی زەوی بۆ حزب و بارەگانیان و بەرپرسان و ریزبەندی و پلە بەندی شەهیدان!، هەزاران دۆنم لە مەزرعەی بەرپرسان…. ئەو دزییە ئاشکراییە لە بودجە و لەداهاتی خەڵکی کرێکار و هەژارو برسی و بێکار و لاوانی کوردستان.
داوی ئەم دزیە زەبەلاح و ڕێکخراوە، خواستی هاوڵاتیان و پێداویستی کۆمەڵگا دێت، کە بێگومان دوای ئەم فەرهودە، بودجە و داهات ناتوانێ وەڵام بە لانی کەمی کۆمەڵگا بداتەوە.
ئەوەی لە کوردستان پێی دەوترێت بودجە، سەرچاوەی گەورەترین دزی سیستماتیکی حزبییە لە خەڵکی کوردستان و لە پێداویستیە زۆرو زەوەندەکانی کۆمەڵگا.
بەشە داهاتی خەڵکی کوردستان، لە داهاتی نەوتی عێراق بەگشتی، لە جیاتی رادەستی نوێنەرانی خەڵکی یان رادەستی سیستەمێکی سیاسی و حکومی و دامەزراوەیی بکرێت، لە غیاب و نەبوونی هیچ کام لەمانەدا، دەدرێت بە دوو حزبی میلیشیایی تاڵانچی، کە ئەوەی بۆی گرنگ نییە، داوای کۆمەڵگاو خواستەکانی کۆمەڵگاو پڕکردنەوەی بۆشایی ژیاری و خزمەتگوزاریەکان و سیستەمی خوێندن و پەروەردەو بیمە کۆمەڵایەتیەکانە.
سەیر ئەوەیە چ حزبەکانی دەسەڵاتداری کوردستان و چ چەند هێزێکی تری نەیاری دەسەڵات” بزوتنەوەی گۆڕان، یەکگرتوو کۆمەڵی ئیسلامی” لە پەرلەمانێکی حزبیدا، لەگەڵ هاتنی باسی بودجەدا، دەکەونە مزایەدەی سیاسی بەسەر خەڵکی کوردستانەوە، مزایەدەیەک کە بەژمارەو دیکیومێنت دەکرێن، هەر لایەکیان دەیانەوێ خەم خۆری خۆیان بۆ کۆمەڵگا لەو مزایەدە سیاسی و حزبیەدا، نیشان بدەن، بۆ ئەوەی راستی تاڵانی و دزی پشتی پەردەی بودجە، پێ پاساو بکەن، کە هەموویان ٢٠ ساڵە، هەڵێدەلوشن. کۆمپانیای پێ ساز دەکەن. ژیانی گوزەرانی سەران و دەوربەریان بە فیرعەونی دەکەن. دەرخواردی میدیا و کەناڵەکانی تری ڕاگەیاندن و هێزەکان و دەزگا نهێنییە جاسوسیەکان و دەزگا ئاشکراکان و میلیشیاکانی خۆیانی دەکەن.
راستی ئەوەیە تا داهاتی نەوت و سەرجەم داهاتەکانی تری کوردستان، تەسلیم بە دەسەڵاتی یاسایی و حکومەتی و دامەزراوەیی نەکرێت، بودجە میلیشیای دەبێت و میلیشیا بە پیێ ویستی حزب و ویستی پاراستنی پایەکانی دەسەڵات، مامەڵەی پێوەدەکات و حکومەت و پەرلەمانیش!! هەر موچە خۆری حزبی میلیشیایی دەمێنەوە.
گومان هەڵنەگرە، کاتێك داهات و بودجە لە کوردستاندا دەتوانرێت بە شیوەیەکی شەفاف و تەندروست مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، کە بەڕۆشنی لە چوارچێوەی پێداویستیە ژیاری و کۆمەڵایەتیەکان و خزمەتگوزاریەکاندا، نەخشەرێژی بۆ بکرێت، بۆ تەزمینی کەشێکی ئاوا تەندروستیش دابڕانی یەکجاری کوردستان لە عێراق، راماڵینی دەسەڵاتی بۆرژوا-ناسیونالیستی کوردو جێگرتنەوەی بەدەسەڵاتێکی پشتبەستوو بە ئیرادەی خەڵک لە قەوارەیەکی دەوڵەتی دامەزراوەییداییە. کە دەوڵەتی سکولاری غەیرە ئەتنیکی چواچێوە یاسایی و حقوقی و پێناسەکراوەکەیەتی.
کۆتایی ئایاری ٢٠١١