Home ئەرشیفبۆمباباران و لەشکرکێشی، یان ترس لە شۆڕش

بۆمباباران و لەشکرکێشی، یان ترس لە شۆڕش

by Abdulla Mahmud

 عەبدوڵا مەحمودth (4)

abdulla.mahmud@gmail.com

تائێستا، تۆپباران و لەشکرکێشی جمهوری ئیسلامی ئێران و ڕژێمی تورکیا بەردەوامەو بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ و بەیانی پەرلەمانی!! کوردستان سوپا یئێران بە قوڵایی ٢٠ کیلۆمەتر هاتۆتە ناو هەرێمی کوردستانەوە و تورکیاش جگە لە ملهوری سەربازی دەمێکە بارگەی جێخستووە.

دیارە کورتکردنەوەی دەستێوەردانی ئەم رژێمانە بە بۆردومانکردنی ناوچە سنوریەکان، یان هێرش و پەلامار بۆسەر بارەگاو هێزەکانی پژاک و پەکەکە، یان هێزە نەیارەکانی ڕژێمی ئێران و تورکیا… بێ ئامانج نییە. چونکە تۆباران و بۆمبابارنکردن و بەزاندنی سنورەکانی هەرێمی کوردستان، تەنها گۆشەیەک و دیوێکی ملهوڕی نواندنی ئەم ڕژێمانەیە کە نزیکەی ٢٠ ساڵە، ناو بەناو و لەژێر بیانو پەڵپی بێبنەمادا، ئەنجامی دەدەن.

ئێران و تورکیا، بەبەرنامەوە دەستێوەردانی خۆیان لە وەزعی سیاسی عێراق بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی دەست پێکردووە. لەوکاتەوەی ڕژێمی بەعس لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی تەریک خراو پاشان نەخشەی جەنگی و جەنگ لەدژی بەپاکرا، هەردوو ڕژێمی ئیران و تورکیا، بەمەبەستی بەهێزکردنی ڕۆڵی سیاسی خۆیان لەناوچەکە و عێراقدا بەنەخشەو لەرێگای جۆربەجۆرەوە ئەم دەستێوەردانەیان دەستپێکرد. دۆسیەی ململانێی ئەمریکاو ئێران لەژێر ناوی بەرنامەی هەستەیی ئێران، دەوری ئێران لەپشتیوانی رەوتگەلی ئیسلامی شیعی لە خوارو ناوەراستی عێراق و رەوتگەلی ئیسلامی سونی لە کوردستان، تورکیاو ئێران و پیشبرکێیان لە ناوچەکە، مەسەلەی بوونی تورکمان لە کەرکوک و پێگەیان لە بڕیاری سیاسی عێراق، تا دەگات بە دۆسیەی سیاسی کوردستان و دۆخی هەڵواسراو کراوەکەی و دەسەڵاتی خۆجێی حزبەکانی کوردستان… کۆمەڵیک فایلی زنجیرەیین کەوای کردووە عێراق کوردستان بکەنە مەیدانێکی جەنگی سیاسی و دیبلۆماسی و گۆرەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە وململانیی نیوان خۆیان و ئەمریکاو پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابورییەکانیان.

لەو نێوەدا، دەیان بنکەو بارەگایی جاسوسیان لە ژێر ناوی جۆراوجۆردا، قوتکردۆتەوە. بە ئاشکرا رەوتگەلی سیاسی سەر بەخۆیان دروست کردووە، یان کەوتونەتە دەستەمۆکردنیان، وە لە هاوکاری و پشتیوانی حزب و لایەنەکانی موچەخۆری خۆیان دریغیان نەکردووە بۆ ئەوەی مەئموریەتی ئەم رژێمانە جێ بەجی بکەن و لەو رێگایەشەوە دەستێوەردانی خۆیان ببەنە پێشەوە.

  ئەوەی لە دۆخی ئیستادا دەگوزەرێ، بیگومان زۆر فاکتەری تازەی لەپشتەوەتە. درێژە کیشانی دورگەی ئاوەڵاو کراوەی کوردستان و نەبوونی ئاسایشی سنوری بەهۆی نەبوونی ناسنامەی جێگاو ڕیگای حقوقی کوردستان لە جغرافیای رەسمی ناوچەکەو دنیادا. ململانێ و کێشمەکێشی باڵەکانی بۆرژوازی عێراقی لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانەوەی قەوارەی دەوڵەتی عێراقی، ناکامی ئەمریکا لە عێراق و ناچاربوونی بە پاشەکشەی زوربەی هێزە چەکدارەکانی، بوونی فایلی کیشەی کەرکوک و تورکمان، ئامادەیی رەوتگەلی ئیسلامی سەر بەئێران و رەوتی باڵادەست و کریگرتەی ئێران لە پیكهاتەی حکومەتی!! عێراقدا” مجلس اعلی ئیسلامی و رەوتی سەدر و فەزیلەو…، بوونی رەوتگەلی ئیسلامی و ئامادەیی خۆشخزمەتی پارتی و یەکێتی زوربەی باڵەکانی ئۆپۆزیسیۆن! بۆ ئێران…. هەموویان زەمینەکان و ژینگەی دەستێوەردانەکانی ئیران و تورکیایان دروستکردووە.

بە جیا لەوهۆکارانەی سەرەوە دەورەی شۆرش و دۆخێ شۆڕشگێڕانە کە ناوچەکەی داگرتووە، تازەترین فاکت و بەهێزترین هۆکاری درێژەپێدانی دەستێوەردانەکانی تورکیاو ئێران و فراونکردنەوەیەتی.

پریشکی شۆڕش و ئاگری توڕەیی جەماوەر لە دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکان و بۆ ڕاماڵینی نابەرابەری ئابوری و گەندەڵی… دەوری ئێران و تورکیای تەنییوە. سوریای دۆست و هاوسێی هەردوو ڕژیمی ئیران و تورکیا و… لە لێواری کەوتندایە بەدەستی جەماوەری توڕە لە سەرکوت و گرانی و برسێتی…تاد.

دەستپێکردنی شۆرش لە سوریا و بەردەوامی بۆ روخاندنی ئەم رژێمە، سێڵاوێکە لە تورەیی کە لەگەڵ خۆیدا، شەپۆلەکانی هەرئیستا کەنارەکانی ئەم رژێمانە دەلەرزێنێ… هێزی تورەو شاراوەی  بۆ گۆرانکاری و شۆرش لە ئێران و تورکیادا… ڕادەپسکێنێ و ئامادەی دەکات و دەیجوڵێنی. ئیران و تورکیا بەدوای بەرگرتن بە سێڵاوی شۆڕشەدا… وێڵن. وێڵن تا جوڵەکان و ئامادەییەکان، تا هێزی شاراوە و ئامادەی ڕاسان دەستەمۆ بکەن، سەرنجەکان و چاوی تیژ سەر ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکە بگوازنەوە سەر کێشەو دۆسیەیەکی تر.

ئێران و  تورکیا، وەک دوو رژێمی فاشستی دینی و ناسیونالیستی، لە کەنار ڕاپەرینی برسیەکان و خوازیارانی ئازادیدا کە لەسوریا دەستی پێکردووە، هاوکات وەکو دوو ڕژێم کە ئامادەنین کیشەی خەڵکی کوردستان بە چارەسەر بگەیەنن، ناچارن لە دۆخی شۆڕشگێرانەی ئێستای ناوچەکەو دنیادا، لە فەزای چاوکراوەیی و خۆ هۆشیاری جەماوەری و بەرین بونەوەی تورەیی و نەفرەت و نارەزایەتی ئۆردوی کرێکاران و زەحمەتکێشانی ناو کارگەو شارەکان، دەستەمۆی جەنگی سەر سنورەکان و پێکدادنی چەکداری و دەستێوەردانی ناوچەیی بکەن.

فاکتەکان و زەمینەکانی هەڵسان و ڕاپەرینی دنیای عەرەب و ناوچەکە، لە تورکیاو ئێراندا ئامادەیی بەرجەستەیان هەیە. سەرکوت و دیکتاتۆریەتی مەزهەبی ئێران و قەومی و فاشستی تورکی، قوڵبونەوەی قڵشتی چینایەتی فراوان، کێشمەکێشی باڵەکانی باڵای دەسەڵاتدارێتی ئێران و بۆ رزگارکردنی دەسەڵاتی ئیسلامی، درزە فراوانەکانی دەسەڵاتی رەسمی دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ دەسەڵاتی سەرکردەو سوپا سالارە خاوەن کودەتا سەربازییەکان، درێژەدان بە زوڵمی نەتەوایەتی، لەگەڵ ئەو هەموو گەندەڵی و برسێتی و گرانییەی دەستی ناوەتە بینەقاقای ملیۆنەها ئینسانەوە…تاد، ژینگەی هەڵسانی ئۆردویەکی ملیۆنی لەدژی ئەم ڕژێمانە سازداوە.

ترس و هەراسی هەردوو ئەم ڕژێمە لە شۆرش و راپەڕینی جەماوەری، مەبنای جموجۆڵە دژی خەڵکی و ملهوری نواندنی ئەم دەورە تازەیەیە.

چونەسەری ئاستی دەستێوەردانەکانی ئێران و تورکیا و بۆدومان و لەشکرکێشی سەربازی ئیستا نەک تەنها بۆ پاشەپێکردن بە بزوتنەوەی شۆڕشگێرانەی خەڵکی کوردستان و نارەزاییتیە جەماوەریەکانیان کە لەشارەکاندا قوڵپدەدات، نەک بۆ دەستەمۆکردنی زیاتری دەسەڵاتی لۆکاڵی یەکێتی و پارتی، نە بۆ ململانێی لەسەر چۆنیەتی سازدانەوەی دەوڵەتی عێراق و نە بۆ ململانیی لەسەر قەڵەمرەوی باڵادەستی… بەڵکە لە بنەرەتدا بۆ ئەوەیە کە دەسەڵاتەکانیان لە مۆتەکەی شۆڕش دوربخەنەوە. ئەو شۆڕشەی لەسەر بنەمای پچرانی پەتی تەحەمولی ملیۆنی و ئینسانەکانی وێل بەدوای ئازادی و نان و بەرابەری و لە ژێر کاریگەری شۆڕشی وڵاتانی ناوچەکەدا، خەریکە وەجوڵە دەکەوێت.

لەشکرکێشی و مانۆرەکانی هەر دوو رژێمی ئێران و تورکیا لە ئاستی دنیا و ناوخۆ و لەسەر سنورەکان و … هەوڵ تەقەلایەکی بەنەخشەیانە بۆ بەرگرتن بەشۆڕش و ڕاپەرین کە ئێستا لە سوریای پاڵ دەستیاندا، شەپۆڵ دەدات. بێدەنگەی ئەمریکاو غەربیش لەبەرامبەر بەم هێرشانە، نیشانەی پشتیوانیکردنی ڕاستەوخۆیە لەم هێرشانەو درککردنی هەلومەرجی خەتەرناک و لەدەست دەرچووی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئەم دەورەیەیە. بێگومان هەرهەوڵێک و هەر مانۆرێک کە بتوانێ فراونبونەوەو بەرین بوونەوەی دۆخی شۆڕشگێڕانەو شۆڕش، دوابخات یان بەلارێیدا ببات، لەلایەن ئەمریکاو غەربەوە قابیلی پشتیوانییە.

 ناوەڕاستی سێبتەمبەری ٢٠١١

 

لەوانەیە تۆ ئەمانەشت بە دڵ بێت

لێدوانێک بەجێ بهێلە