Home ئەرشیف2023 هێرشی دڕندانە، لە حکومەتی دڕندە چاوەڕوانکراوە!!

هێرشی دڕندانە، لە حکومەتی دڕندە چاوەڕوانکراوە!!

by Abdulla Mahmud

شەوی ١٧ ئەم مانگە دەوڵەتی فاشیستی ئایینی ئیسرائیل، هێرشێکی بێ سنوور وەحشیانەیان کردە سەر نەخۆشخانەی ئەهلی مەعمەدانی لە غەززە، لە ئاکامی ئەم هێرشە دڕندەو تیرۆریستانەیەدا، نزیکە ٥٠٠ کەس لە نەخۆش و پەرستار و دکتۆر و کارمەند و کرێکار و سەردانیکەر… تاد، گیانیان بەختکرد و بەسەدانیش بریندار بوون.

ئەم هێرشە دڕندانە دەست ئەنقەستە، لە درێژە و لەناو جەرگەی بۆردومانێکی بەردەوامی نەپساوەدا بۆسەر کەرتی غەزە دەستی پێکرد. لەدرێژی داسەپاندنی ئابڵۆقە بۆسەر زیاتر لە دوو ملیۆن ئینسان و بڕینی ئاو و کارەبا و سوتەمەنی و دەرمان و خۆراک و کەڵک وەرگرتن لێیان وەکو چەکی جەنگ، لەدژی خەڵکی سڤیل، بەدەستەوە گیرا. لە کاتێکدا ئەم هێرشە دەستی بۆ برا کە دەوڵەتی ئیسرائیلی راهاتوو لەسەر ئینسانکوژی لەژێر داباراندنی دەیان هەزار تەن بۆمب و باروت و چەکی فۆسفۆریدا، داوای لە زیاتر لە ملیۆنیك لە خەڵکی باکوری غەززە دەکرد، کە ماڵ و حاڵیان چۆڵ بکەن و بەرەو باشور بڕۆن. ئەم هێرشە دڕندانەیە کە نیشانەی داماوی و خۆدزینەوەی دەوڵەتی ئیسرائیلە لە چارەسەری کێشەی فەلەستین، بە ئامانجی چۆڵکردنی غەززە و ترساندنی دانیشتوانەکەی ئەنجام درا.

ئەنجامدانی هێرشێکی ئاوا وەحشیانە بۆسەر خەستەخانەی ئەهلی و نەخۆش و بریندار و لاو پیرو مناڵ و پەککەوتە، کە چنگە کڕیان دەکرد بۆمانەوە لەژیان و هیوای چاکبوونەوە خەونیان بوو، چاوەڕوان کراو بوو. چونکە لەلایەکەوە ئەمریکاو غەرب لەژێر ناوی “ئیسرائیل مافی بەرگری لە خۆکردنی هەیە” دەستی دەوڵەتی ئیسرائیلیان ئاواڵاکرد بۆ هێرش و پەلاماری وەحشیانە بۆسەر خەڵکی فەلەستین و بوونە هاندەرو بەشدار لەو تاوانە لێخۆشبوون هەڵنەگر و نەبەخشراوە، لەلایەکی تریشەوە ئەمریکاو غەرب سەرباری هەوڵی زۆر و خستنەگەڕی میدیای پان و پۆڕ و نۆکەری هەزار سەریان شکستیان خوارد لەوەی دنیا و کۆمەڵگە راپێچی بانگەشە پوچەکانیان بکەن، کە دەیان ویست ئەوەی روودەدات شەتەکی جەنگی نێوان ئیسرائیل و رەوتە ئیسلامیەکان و حەماس بکەن، تا ڕاستی داگیرکاری ٧٥ ساڵەی ئیسرائیل و بەرگری فەلەستینیەکان، بشارنەوە و لەوەش زیاتر چارەسەری کێشەی فەلەستن بە نادیار بسپێرن. هاتنە مەیدانی قوتبی سێیهەم لە ئاستی دنیادا کە لەبنەرەتدا رەتکردنەوەی داگیرکاری ئیسرائیل و پشتیوانی لە مافی رەوای خەڵکی فەلەستینە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی خۆیان، نەخشە و پلانەکانی ئەمریکاو غەرب و ملهوری ئیسرائیلی لەئاستێکی بەرینی نێونەتەوەییدا تێكشکاند. ئەم تێکشکاندنی نەخشەیە، زۆر لە شکاندنی لە بەرەکانی بەرامبەرکی لەگەڵ فەلەستینیەکان گەورەتر بوو، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم شکستەیان، شێت گیر بوون و دەست پارێزی ناکەن، هێرش بۆسەر خەڵکی مەدەنی و برینی ئاو و کارەبا خۆراک و دەرمان و سوتەمەنی و ڕیگەگرتن لەگەیشتنی کۆمەک بەخەڵکی غەززە و هێرش بۆسەر خەستەخانەو قوتابخانەو جێگای تری مەدەنی ریشەی لەو راستیانەدایە.

ئەم کردەوە ئینسانکوژی و کۆمەڵکوژییە ئاشکرایە، پێچەوانە بەهەموو بەهایەکی ئینسانی و تەنانەت بە رێساکانی جەنگە، ئێمە لە کاتێکدا سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیان و لەهەموو ئینسانیکی دڵ پڕ لەغەم بۆ ئەم تراژیدیا ئینسانییە دەکەین و بەتوندی ئیدانەی ئەم تاوانکارییە دەکەین، هاوکات لامان وایە تەنها هێزی ئینسان دۆست و ئازادیخوازی دنیایە، کە دەتوانێت ئەم تاوانکارییە وەکو تاوانی جەنگ بسەپێنە سەر نەخشەداڕێژەران و جێ بەجێکارانی و بە دادگایەکی عادلانەی ئینسانیان بسپێرێت، ئێمە لەپاڵ ئەم بەرە ئینسان دۆست و پێشکەوتنخوازەداین.

لەوانەیە تۆ ئەمانەشت بە دڵ بێت

لێدوانێک بەجێ بهێلە

هاوڕێمان بن!

پەیوەندی

دەتوانن ڕاستەوخۆ پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ هەر سەرنج و پێشنیار و ڕاگۆرینەوەیەک، لە ڕێگای:

abdulla.mahmud@gmail.com

دیمانەی پێشەنگ

Play Video