لەم رۆژانەی رابردودا، گروپێکی پەکەکە کردەوەیەکی خۆکوژیان لەنزیک وەزارەتی ناوخۆ تورکیا لە ئەنقەرە ئەنجامداو دواتریش پەکەکە بەرپرسیاریەتی تەقینەوەکەی گرتە ئەستۆ خۆی و لەوەش زیاتر وەکو سەرکەوتنێکی گەورە خستیانە ڕوو.
دەوڵەتی فاشیستی تورکیا، چ لە ناوخۆی تورکیا و دەرەوەی سنورەکان لەدژی خەڵکی کوردستان و چ لە دژی پەکەکەو ئەو هێزانەی ئۆپۆزیسیۆنن، خاوەنی مێژوویەکی نەنگینی دڕندانەی ئینسان کوژییە و دەست پارێزی ناکات. بەم دوایانەش ئاستی هێرش و کردەوە تیرۆریستی و درۆنییەکانی، بەرەو سەر بردووە و لەو نێوەدا کەوتۆتە دروێنەی کادر و بەرپرسانی پەکەکەو لایەنگرانیان و کەم رۆژ هەیە چەندین کەسیان تیرۆر نەکرێن.
چ هێرشی بەردەوامی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر خەڵکی کوردستان لەناوخۆی تورکیا و دەرەوەی سنورەکانی، چ هێرش و کردەوە تیرۆریستیەکانی بۆسەر هێزەکانی پەکەکەو پەیڕەوانی لە جێگاکانی تر بە جێگایەک گەیشتووە، کە بۆتە جێگای نەفرەتی هەموو ئینسانێکی ئازادیخوازو ئینسان دۆست. لە هەلومەرجێکی ئاوادا دەستبردنی پەکەکە بۆ کردەوەی خۆکوژی، خۆکوژییەکی ئاشکرای پەکەکەیە، لە دۆخێکدا نەک کۆمەک بە دەربازبوونی پەکەکە لەو دۆخەی تێی کەوتووە ناکات، بەڵکو رووبەرووی دەکاتەوە لەگەڵ دۆخێکی یەکجار سەختر و لەوەش زیاتر دەستی فاشیزمی تورکیا هێندەی تر ئاوەڵا دەکات، نەک تەنها بۆ بردنەسەری کردەوە تیرۆریستیەکانی و فراوانکردنی، بەڵکو بۆ رەوایەتی بەخشین بەکردەوەکانیشی.
ئەگەر پەکەکە لەژێر گوشاری گورزە تیرۆریستییە بەردەوامەکانی بۆسەر بنکەو بارەگاو کادر و هەڵسوڕوانی ڕیگای کردەوەی خۆکوژی وەکو چالاکیەکی تۆڵە سەندنەوە بەدەستەوە گرتووە، ئەوا گوزە سیاسیی و دیبلۆماسی و نێودەوڵەتیەکانی تورکیا، لەچاو کردەوە تیرۆریستیەکانی سەد بەرابەر زیاتر دەبێت، نەک تەنها بۆسەر پەکەکە، بەڵکو بۆ سەر خەڵکی کوردستان و هاوکات بۆسەر سەرجەم ئەو هیزو رەوتانەی لە پەکەکەوە نزیکن. ئەو کردەوە خۆکوژییەی هێزەکانی پەکەکە ئەنجامیان داو وەکو شیوازێکی تۆڵەکردنەوە پەیرەوی لێدەکەن… لانی کەم ئەم لیکەوتانە بەدوای خۆیدا دەهێنێت:
١/ دەوڵەتی تورکیا، چ بۆئەوەی پاساو بۆ کردەوە سەرکوتگەری و تیرۆریستیەکانی خۆی بهێێنێتەوە و چ بۆئەوەی پەکەکە وەکو هێزێکی تیرۆریستی بەدنیا بناسێنێت، زۆر دەمێکە لە هەوڵدایە کە پەکەکە وەکو هیزیكی تیرۆریستی بەدنیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بناسێنێت و چالاکیەکانی یاساغ بکات، ئەم کردەوە تیرۆریستییە خزمەتێکی گەورەی بەو سیاسەتەی دەوڵەتی تورکیا کرد. تورکیا وەکو بەڵگەیەکی ئاشکراو حاشاهەڵنەگر ئەم کردەوە خۆکوژییە نیشانی ئەو وڵات و لایەنانە دەدات، کە گومانیان لە لێدوانەکانی تورکیا هەبوو سەبارەت بە تیرۆریست ناساندنی پەکەکە، بەمەش نەک تەنها وڵات و دەوڵەتە بەرژەوەند خوازەکان، بەڵکو رای گشتی ئەو وڵاتانەش بەدژی پەکەکە هەڵدەخرێنێ.
٢/ دەوڵەتی تورکیا لە بەرامبەر بە یەپەگەو دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری لە کوردستانی سوریادا، دەستی ئاوەڵاتر دەبێت، بە پاساوی نزیکی یەپەگە لە خەتی پەکەکە، ئەگەر تا ئیستا تورکیا بەهۆی گوشار و ئامادەیی هیزەکانی ئەمریکا و روسیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستپارێزی کردووە نەیتوانیووە ئەوەی دەیەوێت ئەنجامی بدات، لەمە بەدوا دەستی بۆ دەبات و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش وەکو پێشوو ناتوانێت کاردانەوەی هەبێت، واتە ئەم کردەوە خۆکوژییەی پەکەکە راستەوخۆ خزمەتی بەدەوڵەتی تورکیا کرد، بۆ ئەوەی بەدەست ئاوەڵاییەوە لەدژی دەسەڵاتی خۆسەری لە کوردستانی سوریادا، هەنگاو بنێت و دەست پاریزی نەکات.
٣/ دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت لە رێگای ئەو کردەوە خۆکوژیەی پەکەکە ئەنجامیدا، دەوڵەتی عێراق و هیزە سیاسیەکانی هەرێم رازی بکات کە پەکەکە وەکو هیزێکی تیرۆریستی بناسن و بنکەو بارەگاو چالاکیەکانیان یاساغ بکەن و کادرو هەڵسوڕاوانیان، رادەستی تورکیا بکەنەوە و لەبەرامبەر بەهیرشەکانیشدا هاوکار و بێدەنگ بن، بەپاساوی لێدان لە تیرۆریزم.
٤/ ئەگەر دەوڵەت و کردەوەکانی سوپا و هیزەکانی تورکیا بە کردەوەی تیرۆریستی ناسراون، ئەوان ئەم کاردانەوەیەی پەکەکەش، جگە لە کردەوەیەکی تیرۆریستی هیچ مانایەکی تری نییە… واتە تیرۆریزمی دەوڵەتی لەگەڵ تیرۆریزمی هیزی نەیاری ئۆپۆزیسیۆن، ئەمەش پەکەکە دەکاتە هاوشانی گروپە تیرۆریستییە داعشی و ئیسلامیەکان.
٥/ لە روانگەی خەڵکی ئازادیخوازی تورکیا و کوردستان تورکیاشەوە، ئەم کردەوە تیرۆریستییە هیچ تەبایەکی لەگەڵ بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی تورکیا و رزگاریخوازی خەڵکی کوردستانەوە نییە و دوور و نزیک ئەم شیوازە خزمەت بە چارەسەری کیشەی کورد نەک ناکات، بەڵکو دەبێتە کۆسپێک لەسەر رێگای چارەسەر کردنی…
هەموو ئەمانە، بە سودی تورکیای تیرۆریست و هاوکات خستنەڕووی پەکەکەیە وەکو هیزێک کە دەست بۆ کردەوەی تیرۆریستی دەبات، ئەمەش ئەو راستییە دوبارەو سەد بارە دەکاتەوە، کە بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد، هیچ کام لە بەش و لایەنەکانی، بەهەر روپۆشیکەوە خۆی نمایش بکات، هیچ رەگەو تروسکایەک لە شۆرشگێر بوون و پێشکەوتنخواز بوونی پیوە نەماوە. کردەوەی تیرۆریستی و خۆکوژی بەناوی ئەللەو ئەکبەرەوە بکرێت یان بەناوی ئەی رەقیب و بوون و ئاپۆە… هیچ لەو راستیە ناگۆڕیت کە شێوازیکی نا ئینسانی و کوێرانەی ئینسان کوژییە.
پەکەکە کە لەژێر زبری گوشاری نێو دەوڵەتی و گوشاری سەربازی و تورکیا و کردەوەی دروێنەی درۆنەکاندا، ئەوەی لە نەخشەیدا نییە خەباتی شاری و جەماوەرییە، هیچ لەوە سادەتر نییە لەدۆخێکی ئاوا ئەزمەگرتوو وە پاشەکشەکردندا، دەست بۆ هەموو شیوازێک ببات، تا ئەو رادەیەی دەست بۆ هەمان چەکە ببات کە دەوڵەتی تورکیای تیرۆریست، بەدەستیەوە گرتووە. دیارە ئەوەی پەکەکە بەو کردەوە تیرۆریستیە کردی، چەندین ئامانجی تورکیای بەدی هێنا…