٩ی مانگ هەردوو وەفدی باڵای پارتی و یەکێتی، لە پیرمام کۆبوونەوە، دوای کۆبونەوەکە سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند. “کە تەنها لەسەر دەرنەکردنی بەلاغێک ڕیکەوتوون… “هەروەها رایگەیاند یەکێتی مێژووە، خوێنی شەهیدانە، مێژووە، هیزە…”
فازیل میرانیش نەیشاردەوە کە هەم نزیکایەتیان هەبوو هەمیش جیاوازی و بە شێوەی مەتاتی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و باسی بەرپرسیاریەتی و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کرد.
ماوەیەکی زۆرە گرژییەکانی نێوان پارتی و بە جێگایەک گەیشتووە، کە نەک کۆبونەوەکانیان بە جێگایەک ناگات، بەڵکو لەکاتی رێکەوتنیشدا، ریکەوتنەکەیان بەرگەی ٢٤ سەعات ناگرێت. هەروەها ئێستا کۆتایی کۆبونەوەکانیان بە شکست رادەگەیەنرێت، بە هەرەشە بۆ کۆبونەوەی داهاتوو دەست پێدەکات.
ئەوەی کە بۆتە هۆی ئەوەی درزی پارتی و یەكیتی بەو ئەندازە بەرین بێتەوە، دوور نزیک پەیوەندی بە هیچ ماف و داخوازییەکی خەڵکی کوردستانەوە نییە، بەڵکو بەجیا لە کێشەی نێوانیان لەسەر دەسەڵات وداهات و خۆجوتکردن لەگەڵ سیاسەتەکانی ئێستای بەغدا… پەیوەندی بە بێ ئاسۆیی سیاسی و دەستخاڵی دەرچوونە لە دۆخی سیاسی ئێستا و بی وەڵامییە لە بەرامبەر بە هەژموونی بۆرژوازی باڵادەستی عێراقی بەسەر دەسەڵاتی هەرێم و هەرەشەکانیان بۆ سەر قەوارەی سیاسی هەرێم. بەڵام بەجیا لە گوشارە بەردەوامەکانی بەغدا بۆسەر هەرێم، پارتی و یەکیتی لە بەردەم دوو گوشاری تردان، گوشاری رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەمریکاو غەرب بەداخوازی قورسی وەکو “یەکخستنی هێزی پیشمەرگە” و ئەنجامدانی “هەڵبژاردن”، لەلایەک و نارەزایەتی جەماوەری کوردستان و بایکۆتی هەڵبژاردن، وەکو درێژەی نارەزایەتی خەڵکی کوردستان بە دەسەڵاتی سیاسی هەرێم لەلایەکی ترەوە. ئەم دوو گوشارە دەرەکی و ناوخۆییەن، پارتی و یەکیتی دەرگیری دۆخێکی بێ چارە کردووە… رێگای سێهەمیش هێشتا دیار نییە.
ئەم دۆخە کە پارتی و یەكیتی و سەرجەم بۆرژوازی کورد رووبەڕووی بۆتەوە، نەک بواری کردۆتەوە بۆ ئەلتەرناتیفی تر و هێزی تر، بەڵکو بۆشایەکی دروستکردووە، کە دەبێ پڕ بکرێتەوە… زوربەی هەرە زۆری خەڵکی متمانەیان بە پارتی و یەکێتی نەماوەو لەوەش زیاتر دژیانن و لە دەرفەتێک دەگەڕین، کۆتایی بەو دەسەڵاتە بهێنن. هەروەها ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی ئێستا توانای جڵەوکردنی نارەزایەتی جەماوەری کوردستانی نییەو زۆر لەوە لاوازتر و بی نەخشە ترە بتوانێت خەڵکی کوردستان لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە و ببێتە بەدیلی دەسەڵاتی شکستخواردووی پارتی و یەكیتی، بۆیە کۆمەڵگەی کوردستان وێڵی دوای بەدیلێکی ترە، بەدیلێک بتوانێت، لەسەر حاڵی لە گیانەڵای پارتی و یەکێتی، ئاییندەیەکی تر بخاتە بەردەم خەڵکی کوردستان و ژیان و گوزەران و ماف و ئازادییەکانی هاوڵاتیان و ئاینندەی سیاسی کوردستان.
تەمەنی پارتی و یەکێتی، لە گرەوی هاتنە مەیدانی ئەم بەدیلەدایە… تا ئەو بەدیلە دروست نەبێت، پارتی و یەکێتی بە لاوازی و نەخۆشی و دەیان دەردی بێ دەرمانی ترەوە، دەتوانن نەفەس بدەن و دەسەڵاتی بەزۆر داسەپاویان بەرگری لی بکەن…