لەگەڵ قوڵبونەوەی ململانێی پارتی و یەکێتی لەسەر بودجە، بەتایبەتی لە پەیوەند بە بڕگەیەکی مادەی ١٤، کە دەڵێت” حکومەتی هەریمی کوردستان پابەند دەبێت بە پێدانی ئەولەویەت بۆ دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، هەروەها خەرجکردنی شایستەی وەبەرهێنانی پاریزگاکان بەپێی بنەمای ئەو یاسایە، بەپێچەوانەی ئەوە، لەسەر سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵە ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی لە نێویاندا، “تەمویل کردن” واتە پارە راستەوخۆ بداتە پارێزگاکان” جارێکی تر میدیاکانی پارتی و یەکێتی و لە ئاستی هەرە باڵایدا، کاردانەوەیان نیشاندا و لەوەش زیاتر چەند بارە چەند گۆشە لەماهیەتی ڕاشکاوانەی یەکتریان، خستەوە ڕوو. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە جێگرەکەی یەکێتییە دەڵێت” هەڵوێستی ناپاکی نێشتمان فرۆشان لە مێژوودا تۆمار دەکرێت، کە رۆشنە مەبەستی یەکێتی نێشتیمانی کوردستانی بەشدار لە حکومەتەکەیەتی… لەبەرامبەردا مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە بەیانێکی تایبەتدا سەبارەت بە جێگیربوونی بەندی پێشنیارکراویان لە بودجەدا دەڵێن” چیتر غەدر لە سلێمانی و هیچ شارێکی کوردستان ناکرێت و ژیان و گوزەرانی خەڵک نابێتە کەرەستەی ململانێی ناڕەوا”
دیارە ئەوە هەلوێستی هەر دوولایە لە ئاستی هەرە باڵاداو لە خوارتریش، لێدوانی هەردوولا زۆر توندتر و هاوکات رۆشنتر کارنامەی یەکتری دەخەنە ڕوو. لێدوانی هەردوو لایان و کادرەکانیان، باشترین بەڵگەیە کە پارتی و یەکێتی دوو هێزی نیشتیمان!! فرۆش، دەست تیکەڵاوکەر و لەگەڵ نەیارانی خەڵکی کوردستان، ژیان و گوزەرانی خەڵکیان کردۆتە کەرەستەی ململانێ… هەر بەپێی ئەو لێدوانانەی خۆیان، پارتی و یەکێتی دوو هیزی خیانەتکار و نۆکەر پیشەو دژ بە خواست و ویستەکانی خەڵکی کوردستان و بەرژەوەندییەکانیانن، کەواتە هیزی لەو بابەتە مافی فەرمانرەوایان نەک بەسەر خەڵکی کوردستاندا نییە، بەڵکو دەبێ لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت و ببرێنە دادگا لەسەر خیانەتەکانیان و نیشتیمان!! فرۆشی، و کایەکردن بە ژیان و گوزەرانی خەڵکی و غەدر کردن لێیان…
ئەوە سەرەتاییترین و کەمترین سزای رەوای پارتی و یەکێتییە، لە پەیوەند بە تاوانەکانیان کە خۆیان لە ئاستی هەرە باڵادا دانیان پێداناوە.
گومانیش لەوەدا نییە کە دەزگا هەواڵگریەکانی پارتی و یەکێتی، کێوێک لە زانیاری هەمەچەشنی تاوانکاری یەکتریان لای خۆیان تۆمارکردووە، و دەزگا هەواڵگریەکانی تری وڵاتانی ناوچە تا دەزگا مخابەراتیەکانی تری دنیا و ناوەندەکانی بەدواداچوون و زانیاری لەچەشنی ویکلیکس و…تاد، ئەمانیش زۆر زیاتر لەخودی پارتی و یەکێتی، زانیارییان لەسەر تاوانکاری هەمەچەشنی هەردوولا و لایەنە سیاسیەکانی تریش لەبەردەستە.
تا ئەو جێگایەش بە خەڵکی کوردستان دەگەڕێتەوە، تاوانەکانی پارتی و یەکێتی هێندە زۆرن کە دەکرێت بڵێین لە ژماردن نایەن… لکاندنەوەی کوردستان بە دەسەڵاتی ناوەندییەوە لە ژێر ناوی فیدارلیزمی قەومیدا، نەک رێگاچارەیەکی سیاسی، بەڵکو لە بنەرەتدا تاوانێک بوو، کە لەڕیگایەوە ویستیان دەسەڵاتی حزبی و ملیشیایی خۆیان بەسەر خەڵکی کوردستان یاسایی بکەن و ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستان لە هەر بژاردەیەکی ئازادانەو سەربەخۆ دابماڵن… بەشێکی هەرەزۆری نەهامەتی و گرفتە سیاسی و ئەمنی و حقوقی و جغرافی و نادیاری ئاینندەی سیاسی کوردستان و ماکەکانی دوبارە هەڵاواردنی قەومی و جیاکاری، داڕشت. لایەنێکی سەرەکی لەدۆخی ئاڵۆزکار و نادیاری کوردستان و گرفتە بەردەوامەکانی هەرێم و بەغدا، دەرهاویشتەی فیدرالیزمی قەومی بوو. خۆ بەستنەوە و رادەستکردنی پارتی بە تورکیا و یەکێتی بە ئێران، یەکێکی تر لە تاوانکارییەکانی پارتی و یەکێتییە… دەستێوەردانی سەربازی و بوونی دەیان بنکەو بارەگای سەربازی و ئەمنی و هیرش و تیرۆری دەیان و سەدان کەس لە ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتانی ناوچەکە، چەندین گۆشەی تر لە تاوانی پارتی و یەکێتین بەرامبەر بەخەڵکی کوردستان و ئاییندە سیاسیەکەی…. جەنگی دەسەڵاتی ناوخۆیی، ٣١ ئاب و ١٦ ئۆکتۆبەر و شەقکردنی هەرێم بۆ دوو زۆنی زەرد و سەوز… دزی و تاڵانی ئاشکراو نهێنی، بەنایاسایی و لەرێگای یاسا بۆ دەرکردنەوە، هەرزان فرۆشکردنی نەوت و لەگەڵیدا داسەپاندنی قەرزی ٣٠ ملیار دۆلاری بەسەر خەڵکی کوردستاندا، تا دەگاتە سیاسەتی پاشەکەوتی موچە و سەرکوتی نارەزایەتی جەماوەری و بەردەوامی دان بە زاڵبوونی دەسەڵاتی چەک بەسەر خەڵک و دام و دەزگای کارتۆنی وەکو حکومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری و …تاد، خوڵقاندنی کەشی نائارام و برسێتی و گرانی و دەیان موسیبەتی تر تا دەگاتە شەپۆلەکانی رۆشتنی لاوان و قوربانیانی هەموویان چەندین گۆشەی لێکهەڵپێکراوی تری تاوانەکانی پارتی و یەکێتین…
ئەوەی هەر جارە و لەگۆشەیەکدا یان لە هاوپەیمانیەتیان لەگەڵ دۆستە هاوشێوەکانی خۆیاندا، و لە ململانێی یەکتریدا دەیخەنە ڕوو، درێژکراوەی کارنامەیەکی نەنگینە، کە جوتە لەگەڵ ماهیەتی بزوتنەوە و حزبەکانیاندا.
پرسی بودجە، کە ماکینەی پارتی و یەکێتی وەجوڵە دەخات، هەمیشە مەسەلەی میحوەری بووە بۆ مانەوەی دەسەڵاتیان و هەموو سات و سەودایەکیشیان لەگەڵ بەغدا تەنها بۆ بەش پێبرانی پۆست و داهات و بودجە بووە، بەناوی خەڵکی کوردستان و کێشە سیاسیەکەیەوە. لە ناوخۆی هەرێمیشدا کیشەکانی پارتی و یەکێتی لە بنەرەتدا هەر لەسەر قەڵەمرەوی دەسەڵات و دەستبەسەراگرتنی داهات و بەش وەرگرتن بۆ قەڵەوکردنی دەخیلەی حزب و بنەماڵەکانیان بووە.
ئیستا کە گڵۆڵەی پارتی و یەکێتی لەبەرامبەر بە بەغدادا روو لە لێژییە، هێندەی تر بۆتە مایەی لیکترازانیان و پەلوپۆکوتانیان و تا دەستیان بە چلەپوشی رزگاری بگات و تەمەنیان کەمێک درێژ بکاتەوە، و یەکتری تاوانباری ئەم دۆخە تازەیە بکەن، کە دەڵێن، قەوارەی هەرێم لەسەر لێواری ڕمان و پۆکانەوەیە…
دیارە ئەم یارییەش کە بۆ رووبەڕوو بونەوەی ئەو دۆخە دەیکەن و هەر لایەکیان ئومێدی خۆی بە بەرەیەک گرێداوە، ئەمیش تاوانکارییەکی ترە و کوێرەوری و دوکەڵەکەی بۆ جەماوەری بێبەشی کوردستانە.
هەموو ئەم تاوانکاریانەش کە لەلایەکەوە لە ململانێی یەکتریدا خۆیان بەیانی دەکەن و ئەوەشی بۆتە میژوویەکی نەنگین کە خەڵکی کوردستان گەواهی دەریەتی، بەسە بۆ ئەوەی کە خواستی راماڵینی دەسەڵاتیان ببێتە بزوتنەوەیەکی گەورەی جەماوەری کە هەم خۆهەڵواسینی ئەوان بە پرسی کوردەوە کۆتایی پێدەهێنت و هەم ئەڵتەرناتیفێکی شۆرشگێرانە لەسەر کەلاوەی دەسەڵاتی ٣٠ ساڵەیان، دابمەزرێنێت. ئەمە ئەو رێگاچاریەیە دەتوانێت کۆتایی دەستی تاوانکارانەیان کورت بکاتەوە و رادەستی لێپرسینەوەی یاسایی و جەماوەریان بکات و ئاینندەیەکی تریش بخەتە بەردەم خەڵکی کوردستان…