Home ئەرشیف2023دادگای فیدرالی بەردەوامە لەسەر گوشارەکانی بۆ سەر دەسەڵاتی سیاسی هەرێم!!

دادگای فیدرالی بەردەوامە لەسەر گوشارەکانی بۆ سەر دەسەڵاتی سیاسی هەرێم!!

by Abdulla Mahmud

بەم دوایانە دادگای فیدرالی عێراق، بریاری ناردنی ٤٠٠ ملیار دیناری و وەکو موچە و شایستە داراییەکانی هەرێم ڕاگرت. بەڵام ئەم بڕیارەی دادگای فیدرالی، بڕیارێکی قورستری پێشووی لە پشتە، کە بەنایاسایی ناساندنی فرۆشتنی نەوت و غازی هەرێمە و لەو چوارچێوەیەشدا پرسی ناردنی پارە بۆ موچەخۆرانی هەرێم!! و شایستە داراییەکان، بە تەواوی وشک دەکات.

 راگرتنی ناردنی ئەم بڕە پارەیەو دوبارە بەدەستەوە گرتنی بریاری دادگای فیدراڵی بۆ نایاسایی بوونی فرۆشتنی نەوت و غاز، کاردانەوەی خێرای بەرپرسانی حزبی و حکومی هەرێمی کوردستانی بەدوایدا خۆیدا هێنا و وەکو دوژمنکارییەک بەرامبەر بەهەرێم خوێندنەوەی بۆکراو لەوەش زیاتر مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی وتی دادگای فیدراڵی “دیارە ئەجندایەکی گوماناوی جێبەجێ دەکات و جێگەی دادگەی شۆرش” محکمە الثورە”ی رژێمی پێشووی گرتۆتەوە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە هەر چەند رۆژ پێش ئێستا، سەرجەم بەرپرسانی حزبی  و حکومی و هەردوو حزبی دەسەڵاتداری کوردستان، لە پێشبرکێی ئەوەدا بوون کە ناردنی ئەو برە پارەیە بەرهەمی ماندووبوونی ئەوانە و هاوکات هەموویان ئەوەیان دەدا بە گوێی خەڵکی کوردستاندا، کە ئاڵوگۆری باش و لێک تێگەیشتنی زۆر لەنیوان بەغدا و هەرێمدا هەیەو بە شان و باڵی “برایانیان!!” لە بەغدا هەڵدەدا. کەچی دوای بریاری دادگەی فیدرالی هەموو لێدوانەکانیان پێچەوانە بوونەوە و ئەمجارەیان یان سەریان کز کردووە، یانیش گڕیان گرتووەو بەتوندی لێدوان لەسەر مامەڵەی بەغدا و دادگای فیدرالی دەدەن.

دیارە نیگەرانی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، بەتایبەتیش پارتی، بەتەنها لەسەر ٤٠٠ ملیار دینارەکە نییە، بەڵکو لەسەر وشک بوونی ئەو سەرچاوەی داهاتەیە کە جاروبار لە بەغداوە دەهات و لەوەش زیاتر نیگەرانییە لەوەی کە بەغدا ڕێگە بە فرۆشتنی نەوت و غازی هەرێم نادات بە شێوەی سەربەخۆ بیفرۆشیت، ئەمەش تەنها پرسیکی ئابوری نییە، بەڵکو پرسێکی سیاسیەو گورزێکی کەمەر شکێنە لە قەڵەمرەوی سیاسی دەسەڵاتی هەریم و تواناییەکانی…

ئەم بریارەی دادگای فیدرالی، لە کاتێکدایە دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، ئومێدی ئەوەی هەبوو بەم زوانە لە گفتوگۆی لەگەڵ بەغدادا لەسەر بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێم بۆ ساڵی ٢٠٢٣ ڕیک بکەوێت و نیازەکانیان، وەدی بهێنن، بەڵام ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی ئەو خەون و ئومێدەشی کوشت و زیاتر لەوەش پرسی گفتوگۆی بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ دوا دەخات و لەگەڵ خۆشیدا برینە قوڵەکانی سەرچاوەگرتوو لە فیدرالیزمی قەومی دەکوڵێنێتەوەو جارێکی تر ململانێی بەغدا و هەرێم، درێژە پێدەدات… ململانێیەک کە بەهەموو پێوانەیەک دوورو نزیک پەیوەندی بە پرسە سیاسی و حقوقیەکانی خەڵکی کوردستانەوە نییەو شەرە لەسەر بەشی داهات  و بودجە و دەسەڵات، کە فیدرالیزمی قەومی مۆری لێداوە.

ئەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم بەناوی خەڵکی کوردستان و لێدوان دەدەن و نیگەرانی لە بڕیاری دادگا و مامەڵەی بەغدا دەردەبڕن، دەیانەوێت خەڵکی کوردستان بکەنە زەخیرەی ململانێی داهاتوویان لەگەڵ بەغدا و ڕیگایەکیش بۆ خستنە رووی هاوئاهەنگی نێوان دەسەڵات هاوڵاتیانی کوردستان… ئەوە لە کاتێکدایە کە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی کوردستان و دەسەڵاتی سیاسی دوو بەرژەوەندی جیاوازی دژ بە یەکترین و بەیەکەوە نەک هەڵناکەن، بەڵکو لەبەرامبەر بە یەکتریدا وەستاونەتەوە.

دیارە چۆن دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، دەسەڵاتێکی چاوچنۆک و نوینەری بۆرژوازی کوردە، ئاواش دەسەڵاتی ناوەندی بەغدا، دەسەڵاتێکی تا سەرمۆخ تاڵانچی و گەندەڵ و هاوکات دژی مافە و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان و دژی ئاییندە سیاسیەکەیەتی…خەڵکی کوردستان لەیەک کاتدا رووبەرووە لەگەڵ دەسەڵاتی بۆرژوازی هەریم دەسەڵاتی ناسیونالیزمی عەرەب لە عێراقدا.

لەوانەیە تۆ ئەمانەشت بە دڵ بێت

لێدوانێک بەجێ بهێلە