عەبدوڵا مەحمود:
ئەم دوایانە خولێکی تر لەکۆبونەوەی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن، دەستی پێکردۆتەوە.
دوای سەردانی بێمەرجی هەرسێ بەرپرسی یەکەمی گۆڕان و یەکگرتو و کۆمەڵ، بۆلای سەرۆکی پارتی، نوێنەرانی پارتی و یەکێتی سەردانی هەر سێ لایەنی ئۆپۆزیسیۆنیان کرد و بڕیاریش وایە کۆبونەوەی تری بەدوادا بێت. پرسیار ئەوەیە چۆنە سەرانی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن ئەمجارە بێ مەرج سەردانی بارزانیان کرد؟ بۆچی لەم کاتەدا کۆبونەوەکان وا بەخێرایی بەڕێوە دەچن؟ پرسی بناغەیی و پێداوسیتیەکانی کۆبونەوەکان کامانەن؟
یەکێک لە دیارترین گەمەی سیاسی سەرساحەی سیاسی کوردستان، کۆبونەوەی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنە. گەمەی نێوان پرسی نیشتمانی و نەتەوەیی و بوونی هەرەشەی دەرەکی و پێداویستی یەککریزیە کە دەسەڵات بانگەشەی بۆ دەکات، لەگەڵ چاکسازی ناوخۆیی و رێکخستنی ناو ماڵی کوردی، کە ئۆپۆزیسیۆن بەدەستیەوە گرتووە.
کاتێک بە چاوێكی کراوەوە تەماشای بانگەشەی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن دەکەین، بەسادەیی فریوکاری و هەردوو بانگەشەکە، خۆیان نیشان دەدەن.
پرسی هەرەشەی دەرەکی و پێویستی یەککریزی نیشتمانی، لای هەموو کەسێکی هوشیار و چاودێرێکی سیاسی ویژدان قفڵنەکراو، ڕۆشنە. دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان کێشەو ململانێی قوڵی لەگەڵ هیچ کام لەو لایەن و دەوڵەتانە نییە کە بەهەرەشەی دەرەکی دەرخواردی خەڵکی کوردستانی دەدات. ئەوە عێراقە دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە کە کوردستانی بەکردەوە دابڕاو بە عێراقەوە بلکێنێتەوە و خۆی بەشێکە لە دەسەڵاتی ناوەندی.
ئەوە ئێرانە، دەسەڵات نای شارێتەوە کە ئێران دۆستە و وڵاتی دەرگا لەسەرپشتی نەهامەتیەکانی خەڵکی کوردستان بووە و پەیوەندی دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆنیش لەگەڵیدا، لەکەس شاراوە نییە. تا ئەو ڕادەیەی پەیوەندی ئەم دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنە بەئێرانەوە زۆر زیاترە لە پەیوەندیان بە هێزو حزب سیاسیە نەیارەکانی دەوڵەتی ئێرانەوە.
تا ئەو شوێنەش بە تورکیا دەگەرێتەوە، دیسان دەسەڵات رۆژانە باسی پتەوی پەیوەندیەکانیان بە تورکیاوە، رادەگەیەنن و گرنگی ئەم دۆستایەتی و پەیوەندیەش بە دەستکەوتێکی گرنگ دەرخواردی کۆمەڵگا دەدەن. کەواتە پرسیار ئەوەیە، ئەو هەرەشە دەرەکیەی لەسەر کوردستان هەیەو لە زمانی بەرپرسانی حزبی دەسەڵاتەوە، رادەگەیەنرێت کام دەوڵەتە؟ بەپێ خودی بانگەشەکانیان باسی هەرەشەی ئەو وڵاتانەو هەرەشەی دەرەکی درۆیەکی سیاسییە بۆ ئامانج و مەبەستێکی رۆشن، کە ترساندنی خەڵكی کوردستانە بە هەرەشەی دەرەکی. لەوەش واوەتر دەسەڵات چۆن پارێزەری دەسەڵاتی چێنی سەرمایەداری کوردستانە ئاواش پارێزەری بەکردەوەی بەرژەوەندی و تەنانەت خۆشخزمەتی هەرکام لەو دەوڵەتانەشە…
باسی چاکسازی و ریکخستنی ناو ماڵی کوردی، بانگەشەی “ئۆپۆزیسێۆن” باڵەکانی نارازی بۆرژوازی کوردە لەدەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان. بەرجەستەترین مەبنای بانگەشەی چاکسازی ئۆپۆزیسیۆن، خۆی دەبینێتەوە لەجیاکردنەوەی حزب لەحکومەت، ئەکتیفکردنی پەرلەمان، شەفافیەتی بودجە، گێرانەوەی دەستور بۆ پەرلەمان، یان ئەو یاسایانەی کە دەڵێن (رەهەندی نیشتمانیان) هەیە.
جیاکرنەوەی حزب لە حکومەت، لە کاتێکدا حکومەتێکی متمانەپێکراو سەراسەری و بوونی نییە، و هەموو کەسێک لەوانە پارتی و یەکێتیش دەزانن، کە زونی زەرد قەڵەمرەوی سیاسی پارتی و زونی سەوز قەڵەمرەوی دەسەڵاتی یەکێتییە، کەس حکومەت ناخوێنێتەوە. ئەکتیفکردنی پەرلەمان، ئەمەش رۆشنە کە پەرلەمان سەکۆیەکی حزبییە کە ژمارەیەک لە موچەخۆرانی حزب و کادرانی پلە نزمی حزبی تیایدا کۆبونەتەوە و لە جێگای ئەوەی حزب ملکەچی بریارو راسپاردەکانی بێت و شوێنێک بێت بۆ یاسادادان و لێپرسینەوەو چاودێریکردنی حکومەت، خۆی گوێگری حزبە و هیچ برگەو یاسایەک کە حزب نەیەوێت و لە بەرژەوەندی نەبێت، چاوی روناکایی نابێنیت و لە ئەرشیفی پەرلەماندا دەکرێ تەنها ساڵیادیان بکرێتەوە. شەفافیەتی بودجەش لە دۆخێکدا ئەمە حاڵەتی حکومەت و پەرلەمان بێت و حزب هەمەکارەو هەمە دەسەڵات بێت، چۆن دەکرێت چاوەروانی شەفافیەتی لێبکرێت. گێرانەوەی دەستور بۆ پەرلەمان” کە دیارە رەخنەیان لە بنەما کۆنەپەرستانەو ئیسلامیەکەی نییە” کە ئازادیە و فەردی و مەدەنیەکانی کۆمەڵگا لەتۆری ئیسلامیدا دیل دەکەن، بەڵکە رەخنەیان لەسەر سیستەمی سەرۆکایەتی و گۆرینیەتی بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی پەرلەمانی…کە دیارە هیچ کام لە دوو مۆدێلە لەسایەی دەسەڵاتی حزبی و ئەلگۆی تەوافوق و سازاندا، ناتوانێت هیچ ئاڵوگۆرێکی بەرچاو لەسیستەمی سیاسیدا، پێک بهێنی. بەڵام بۆ گەمەی حزب و خۆراکی ئینتیخاباتی دەشی کارتێکی کاتی بێت.
لەراستیدا ئەوەی کە پرسی ناوخۆییە و خواستی زوربەی زۆری خەڵکی کوردستانە، چۆن لە ئەجندای دەسەڵاتدا نییە ئاواش لای ئۆپۆزیسیۆن و میدیا و نوسەرانی سێبەریان نییە. پرسی ئایندەی سیاسی کوردستان و گەرانەوە بۆ رای خەڵکی کوردستان بۆ بڕیاردان لەسەر ئەو ئایندەی سیاسیە. پرسی دەورو نەخشی خەڵکی کوردستان سەبارەت بە پەیوەندی هەرێم و بەغدا. پرسی بەشداری خەڵکی کوردستان لە سیاسەت و بەڕیوەبردندا. پرسی چونە جەنگی کۆنەپەرستی، پرسی جیاکردنەوەی دین لە سیاسەت و یاساو رێساکان. پرسی زیادکردنی کرێی کرێکاران و کارمەندان و پەسەندکردنی یاسا کارێكی پێشرەوی کرێکاری کە خواستی ئۆردوی کرێکارانی کوردستانە. پرسی یەکسانی ژن و پیاو کە خواستی نیوەی کۆمەڵگاو بەرابەری خوازی کۆمەڵگایە. پرسی خوێندو پەروەدەی سەردەمی کە خواستی گەورەترین توێژی کۆمەڵایەتی لاوان و خوێندکارانە. پرسی دابینکردنی بیمە کۆمەڵایەتی و تەندروستی و بێکاری…تاد، کەخواستی لەشکرێکی زۆر فراونی کۆمەڵگایە. پرسی مافە فەردی و مەدەنیەکان و مافی مناڵان و تا دەگات بە ئازادییە سیاسیەکان و ئازادی رێکخراوبون و کۆبونەوە و خۆپیشاندان و مانگرتن، کە خواستی بەرینی جەماوەرییە… کە لە راستیدا ئەمانە پرسی ناوخۆیین و خواستی سەرەکی خەڵکی کوردستانن. کەچی هیچیان لە دیدی ئۆپۆزیسێۆن و راوێژکارە سیاسی و میدیایەکانیاندا، پرسی ناوخۆیی نیین. پرسی یەک ریزی ناوخۆیی و ریكخستنی “ناو ماڵی کوردی” کە ئۆپۆزیسێۆن بەدەستیەوە گرتووە، پرسی بەشداری زۆرتر لەدەسەڵات، بڕی زۆرتر لە بودجە و داهاتە.
دەتوانین پێداگری لەو راستیە بکەین، کە هەرەشەی دەرەکی وڵاتانی ناوچەکە لەدەسەڵاتی سیاسی نییە، بەڵکە رووی لە خەڵکی کوردستانە. دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنیش لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە تەواوکەری یەکترین لە دژی خەڵکی کوردستان و کۆسپی سەرەکین لەسەر ئایندەی سیاسی کۆمەڵگا، لەسەر پرسە ناوخۆیەکان و پرسە چارەنوسسازەکان.
سەردانی بێمەرجی و سەرانی پلە یەکی ئۆپۆزیسێۆن بۆ لای بارزانی خەواندی پاکیجەکانی چاکسازیان!! قفڵدانی خواستی بەسزا گەیاندنی تۆمەتبارانی ١٧ شوبات و رۆژانی دواتری… بەجیا لەسەرکەوتنی بانگەشەی ئەجندای یەککریزی نیشتمانی و نەتەوەیی!! و پرسی هەرەشەی دەرەکی!!، بەسەر درۆی یەککریزیی ناوخۆیی و چاکسازیدا…هاوکات لەدۆخی سیاسی ئیستای کوردستاندا، داننانی فەرمی ئۆپۆزیسێۆنە بە سیاسەتەکانی پارتی و باڵادەستەکەیدا…
نزیکبوونەی دوەمین ساڵیادی ١٧ شوبات، وەکو یەکەمین خرۆشانی جەماوەری لەدژی دەسەڵاتی کوردی و حزبەکانی، هۆکارێکی تری نزیکبوونەوەی دەسەڵات ئۆپۆزیسێۆنە لەیەکتری. ئەگەر ئۆپۆزیسێۆن لە ١٧ شوباتی دووساڵ لەوەپێشدا، دوای بە ئاژاوەگێر ناوزەدکردنی تورەیی و نەفرەتی جەماوەری لەدەسەڵات، پاشان هەموو هەوڵێکی خستە گەر تا سواری تورەیی خەڵکی کوردستان ببێت و بەهرەبەرداری سیاسی لێبکات. پاشان کردیە کارتی سات و سەودا لەگەڵ دەسەڵات، ئێستا نەک خواستەکانی خەڵکی کوردستان کە بۆی هاتبوونە مەیدان، بەڵکە تەنانەت باسی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی سەرکوت و کوشتاری ١٧ شوبات و رۆژانی دواتریش…جیگایەکیان لای ئەم ئۆپۆزیسێۆنە نییە و ئامادەن لە پێناوی بودجە و خانەنشینکرنی کادران و دەسەڵاتی زۆرتریاندا. ئەم ١٧ شوباتەش دەست لەناو دەستی دەسەڵات بنین، بۆ تێپەڕاندنی ئەم یادە خەباتکارانەیەی خەڵکی کوردستان. ئەم دانیشتنانەی ئێستا دەستیان پێکردوەو نیەتی جدی بوونی رادەگەیەنرێت. هەوڵی پێشگیرانەو لە پێشدای دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنە بەرووی هەر بزوتنەوە و هەوڵێکی جەماوەرییدا کە بیەوێت لە ١٧ شوباتدا، بێتە مەیدان و داوای خواستە رەواکانی خۆی بکات، لە نان و ئازادی و شکۆی ئینسانی و سیاسیاندا تا دەگات بەسزاگەیاندی تۆمەتبارانی ١٧ شباتی ٢٠١١ دا…
١٧ شبات ئەگەر بۆ دەسەڵاتی سیاسی بیرخەرەوەی ترس و نیشاندانی ماهیەتی دژە ئازادیەکەیەتی، بۆ خەڵکی کوردستانیش پڕ ئەزمون و بیرخەرەوەی یەکەمین رابوونی جەماوەرییە بە دژی دەسەڵاتی تاڵانچی و کوردایەتیدا… هاتنە مەیدانی خەڵکی کورستان بە ریزی یەکگرتوانەو سەربەخۆی خۆیانەوە، بەخواستە رەواو دروشمە ئازادیخوازەکانیەوە، تاکە زامنی چاکسازی و پاشەکشەپێکردنی دەسەڵاتە. نەک دانیشتنی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن و سازانیان.
abdulla.mahmud@gmail.com
کۆتایی جەنیوەری ١٠١٣