بەرێزان…لاتان شاراوە نییە، کە سەرجەم حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و گشت حزب و رەوتە سیاسیە ئیسلامیەکان، خاوەنی داهاتی باش و چەندین دەزگا و کەناڵی راگەیاندنی هەمەجۆرن. هەروەها ئەوەش روونە لاتان ئەوەی کە خاوەنی هیچ کەناڵ و میدیا و داهاتی پێویست نییە، خەڵکی بێلایەن و ئازادیخوازو رەوتی شارستانی کۆمەڵگایە. لەناو دڵی ئەو راستیە زۆر سادەیەدا، بەهەموو پێودانگێک دەبوو کەناڵ و دەزگا میدیاییەکان بەتایبەتیش ئەوانەتان کە بانگەشەی سەربەخۆ بوون و ئەهلی بوون دەکەن، بە پلەی یەکەم دەرگاتان بۆ کەسانی دەرەوەی حزبەکان و کەسانی بێلایەن و ئازادیخوازو مۆدیرن بخساتەیەتە سەر پشت و پشکی شیرتان بۆ ئەم رەوتە تەرخان کردبا. کەچی بەداخەوە، هێندەی ئێوە، مینبەر دەخەنە بەردەم بەرپرس وکادری حزبەکان، بەتایبەتیش بۆ بەردەم بەرپرس و کادری حزب و رەوتە ئیسلامییە سیاسی و سەلەفیەکان، مەلا هەرە کەللە وشک و دواکەوتوەکانی کۆمەڵگا، بە دەگمەن دەبینرێت نوسەرو کەسانی بێلایەن و چالاکوانی سەربەخۆ، سیمای ناسراوی شارستانی وکەسانی مۆدێرن لەو کەناڵانە دەربکەون و مینەبەریان بخرێتە بەردەم. ئەمە مایەی تیڕامانێکی قوڵ و هەڵویستەیەکی جدییە. ئێوە تەماشای تەوەرەو پرۆگرامەکان، ئەرشیفی بەرنامەکانتان بکەن. رۆژ و شەوێک، یان تەوەرەو برگەو بەرنامەیەک نییە، ئێوە کادرو بەرپرسی حزب و بەتایبەتیش حزبە ئیسلامیەکان و سەلەفی و بەرگریکارانی داعشیزم بانگهێشت نەکەن؟ جێگای رامانە لەناو ئۆردویەکی بەرین لە نوسەر و لێکۆڵەر و شیکاری سیاسی و نوسەر و دەرچوانی زانکۆ و هونەرمەند و چالاکوانی سیاسی بیلایەن و بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی وەکو لاوان و خوێندکاران و و ژنان و… ئیوە کردوتانە بە پیشە و عادەت و خوتان گرتووە کە ئیسلامیەکان و ژەهراو رێژەکانیان، داوەتی بەرنامەکانتان بکەن و رێگەش دەدەن کە بەبەرچاوی کۆمەڵگاوە سوکایەتی و بێرێزی بەپرانسیپە ئینسانیەکان، بەمافە سەرەتایەکانی ئینسان، بە مافە فەدری و مەدەنیەکان، بە ژنان و ئازادیخوازن و تەنانەت بە کاری رۆژنامەوانی ئیوەش بکەن و هەرچی سوکایەتییە بەئیتیکی دواندن و گفتوگۆی کاری رۆژنامەوانی بکەن.
بەڕیزان… ئیسلامیەکان و مەلاکانیان، مینبەریان کەم نییە، پوڵ و داهاتیان کەم نییە، کەنالی رادیۆیی و تەلەفزیۆنی و سەتەلایتیان کەم نییە، مینبەری مزگەوتەکانیان کەم نییە، کەوایە بۆچی ئیوە واز لەم خێڵە دواکەتووە خۆشخزمەتە ئیسلامیانە، ناهێنن؟ بۆچی بە پێچەوانەی بانگەشەی خۆتانەوە رەفتار دەکەن. مەگەر ئێوە ناڵین کەناڵی بێلایەن و سەربەخۆ و ئەهلین، دەی کەوایە بۆچی کەسانی بێلایەن وسەربەخۆ و ئەهلی بەدەگمەن و کادری حزبەکان و ئیسلامیەکان بە تایبەتی پشکی شیریان لە بانگهێشتن و مینبەر خستنە بەردەم لەلایەن ئێوەوە بۆ رەخساوە؟
بەرێزان ئەوەی ئێوە دەیکەن، هیچ پەیوەندی بە ئازادی بیرو باوەر و بۆچوون و رادەربرینەوە نییە، ئازادی بیروباوەرو رادەربرین هەرگیز بەمانای چاوسورکردنەوە، هەرەشە، تەکفیرکردن، هاندان و سوکایەتی کردن، نییە. کە ئیسلامیەکان و کادرانیان سڵی لێناکەنەوە. ئازادی بیرورا یانی ئازادی رەخنەگرتن لەهەموو لایەنە سیاسی و کەلتوری و ئەخلاقی و ئایدۆلۆژیەکانی کۆمەڵگا. ئەرکی میدیای ئازاد و سەبەخۆیە رێگە بگرێت لەهەر جۆرە وروژاندن و چاوسورکرنەوەیەکی دینی و قەومی و رەگەزپەرستانەو داوکەوتوانە لەدژی دەربرینی ئازادانەو بۆچون و دیدی تاکەکان.
تکایە چاوێک بە کاری دەزگاو کەناڵەکان و بەرنامەو تەوەرەکانیدا بخشینەوە…
عەبدوڵا مەحمود
کۆتایی نۆفەمبەری ٢٠١٥