Home وتەو وتارەکان وتەیەکی کورت لە مەراسیمی رێزگرتن لە یادی خەباتکارانەی هاوڕی ئازاد ئەحمەد لە ستۆکهۆڵم…

وتەیەکی کورت لە مەراسیمی رێزگرتن لە یادی خەباتکارانەی هاوڕی ئازاد ئەحمەد لە ستۆکهۆڵم…

by Abdulla Mahmud

ئامادەبوانی خۆشەویست!580545_445287758913211_1097408499_n-e1383224917612

سەرەتا بە ناوی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان و تەشکیلاتی سویدی حزبەوە، بەگەرمی بەخێرهاتنتان دەکەم…

ئامادەبوانی بەڕیز… دیارە سەختە ئینسان بتوانیت، لەسەر هاوڕێیەکی خۆی قسەوباس بکات کە نزیکەی چارەکە سەدەیەک هاوڕێی شەخسی و حزبی بێت و ئێستاش بۆ هەمیشە ماڵئاویی کردبێت و بەم شیوە دڵرەقانەیەش گیانی لێسەندرابێتەوە …

دیارە رۆژانە لە گۆشەو کەنارەکانی دنیادا، لەدڵی جەنگ و پێکدادنەکاندا، لەخەبات و روبەروبونەوەکاندا، وەبەتایبەتیش لە عێراق و کوردستانیدا، خەڵکی جۆراو جۆر، هەلسوراوی سیاسی و کادری حزبی و … گیان لەدەست دەدەن و یان دەبنە قوربانی… بەڵام لە ناو ئەو هەموو لەشکرەدا کە رۆژانە دەبنە قوربانی… کەسانێک هەن کە جێگایان پر نابێتەوە، خەسارەتی لەدەستچونیان تەنها خانەوادەو دەورو بەریان نییە، بەڵکە لەگەڵ خۆیان بۆشایەکی گەورە دروست دەکەن… ئازاد ئەحمەد لەو ئینسانانە بوو…

ئازاد ئەحمەد، هەلگری خەمی گەورەو هەمەلایەنە بوو هەڵگری پەیامی گەورەو هەمەلایەنەش بوو… دیارە زۆرن ئەو ئینسانانەی خەمێکیان هەیە، یان پەیامێکیان هەیە… بۆ نمونە هەن خەمی کرێکارانیان هەیە و دەبنە ئەندامی سەندیکایەک، یان خەمی رزگاری نەتەوەییان هەیە، بۆ ئەو خەمەیان دەبنە هەڵسوراوی رزگاری نەتەوەیی… هەن خەمی ستەم کیشی ژنان، خەمی گەورەیانە، دەچن دەبنە فیمنیست یان هەڵسوراوی رێکخروێکی ژنان،… هەم خەمی ژینگەیان هەیە، دەچنە پاڵ حزبە سەوزەکان،… ئازاد لەیەک کاتدا هەڵگری هەموو ئەو خەمانە بوو… هەم خەمی کرێکاران و ژنان و لاوان و مناڵان و هەم کێشەی نەتەوایەتی، وە هەڵسوراوی بزوتنەوەیەک رابەری دوو حزب بوو کە لەیەک کاتدا، خەمی هەموو گرفتە بناغەیەکانی کۆمەڵگاو، رێگاچارەی ئینسانی شۆرشگێرانەی بۆیان هەبوو… بۆیە گیان لەدەستدانی ئازاد لەگەڵ ئەوەدا خەسارەتێکی گەورەیە بۆ هاوسەر و مناڵەکانی بۆ خانەوادە تێکۆشەرەکەی، بەڵام هاوکات خەسارەتێکی گەورەیە بۆ هەموو بزوتنەوەی کۆمەڵایەتیە ئینسانی و رادیکاڵ و پێشکەوتنخوازەکان، بۆ بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی، بۆ هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و کوردستان…

ئازاد هەر لەتەمەنی لاوێتیەوە بەو هۆیەوە لەخانەوادەیەکی پێشکەوتنخوازو چەپ و تیکۆشەردا، تیكەڵی کاری سیاسی دەبێت و دەبێتە چەپی دەستی یەک، کۆمۆنیزمی کرێکاری دەستی یەک… ئەو بەپێچەوانەی نەسڵەکانی پێش خۆی کەلەژێر کاریگەری چەپی دنیادا، یان  لە ناو ‌هیزو بزوتنەوە ناسیونالیستەکانەوە نەهاتە ناو مەیدانی هەڵسوڕانی سیاسی… ئەو یەکسەر وەکو چەپێک و کۆمۆنیستێک هاتە نێو دنیای سیاسەت و کاری رێکخراوەیی…

ئەو سەرەتا لەگەڵ رێکخراوی رەوتی کۆمۆنیست، دەست بەکاری رێکخراو دەکات و لەگەڵ پێکهاتنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراقیش دەبێتە ئەندام کادری ئەو حزبە…

ئازاد… یەکەم دەرکەوتنی کۆمەڵایەتی و بەریەک کەوتنی لەگەڵ کۆمەڵگادا، لە ٥ ئازاردا، دەست پێدەکات… ئەگەر دەروازەی راپەرینی ساڵی ١٩٩١ خەڵکی کوردستان رانیە بێت، ئەوا ئازاد بڵندگۆ بەدەست و یەکیک لە رابەرانی خرۆشانی شارەکەیە بۆ هەلپێچانی دامودەزگاکانی بەعس و ریكخەری جەماوەری شارەکە… و پاشانیش یەکێکە لە دامەزرێنەرانی شوراکان و بزوتنەوەی شورایی… ئازاد تا ١٧ شوبات کە خەڵکی بەشێکی زۆری کوردستان لەدژی دەسەڵاتی حزبۆکراتی پارتی و یەکێتی و تاڵان برۆ و بێمافیەکاندا، دێنە مەیدان… بیپسانەوە بەردەوام دەبێت…و ئەمجارەشیان ئازاد بۆ هەڵپێچانی دەسەلاتی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد، دیسان لەپاڵ جەماوەری نارازی کوردستاندا و لە رانیە دەبێتە رابەری خەڵکی تورە لەم دەسەڵاتە تاڵانچی و میلیشیاییە… دیارە لە نێوان ساڵی ١٩٩١ وە تا ساڵی ٢٠١١ کەم خۆپیشاندان و نارەزایەتی جەماوەری ناوچەکە هەیە، ئازاد رابەرو بڵندگۆ بەدەست و رێنوێنی دەری نەبووبێت… وە بەهەوڵی بیدرێغی ئازاد نەریتی سازادنی مەراسیم و بۆنە کرێکاری و رادیکاڵەکانی وەکو ٨ مارس، یەکی ئایار، یادی مارکس و … جێکەوت لە ناوچەکەدا… هەر ئەمەشە ئازاد دەکاتە ئەو روخسارە خۆشەویست و ناسراوەی ناوچەکە…

بەڵام هەڵسورانی ئازاد هەر ناوچەی پشدەرو بیتوێن نییە، هەر کوردستانیش نییە، نا ئازاد… چونکە هەڵگری خەمی گەورەیە، چونکە پەیامی گەورەی پێیە، لەو رۆژەوەی دەسەڵاتی بەعس، گۆربەگۆر دەکرێت، ناوەراست و خواروی عێراقیش، دەبنە مەیدانی کار و هەلسوران و خەباتی سیاسی و جەماوەری، ئەو… بۆوەستانەوە بە رووی داگیرکاری و گێرانەوەی ئەمنیەت و زامنکرنی نان و ئازادی و لەو دۆخە خراپەی عێراقدا، لەناو جەنگی بزوتنەوە و هیزی ئینسان کوژدا، لە ناو دۆخی کوشتار و شەری میلیشیایی و تیرۆر و تەقاندنەوەی هەموو رۆژەدا… لەگەڵ هاوڕێکانی دەست دەداتە خەبات و تێکۆشان و پێیەکی لە کوردستان و یەکێکیشی لە ناوەراست و خواروی عێراق دەبێت… وە ئازاد یەکێک بوو لە کۆڵەکە سەرەکیەکانی هێنانی مالیە بۆ هەردوو حزبی کرێکاری و عێراق و کوردستان و هەموو توانایەکی خستە گەر تا وەڵام بە گرفتی مادی هەردوو حزب بداتەوە…

وە بەجیا لەهەموو ئەمانە دوو مەیدانی تر… هەمیشە مەیدانی هەڵسوارانی ئازاد  بوون، مەیدانی بزوتنەوەی یەکسانی خوازی ژنان و مەیدانی بەرگری لە مناڵان…

بەهەوڵ و هاوکاری ئەو لەگەڵ رێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان و سەنتەری بەرگری لە ژنان… دەیان ژن لە دەستی چەقۆ مەرگ رزگارکراون… لەگەڵ سەنتەری مناڵان کاری کردووە بەرپرسیاریەتی گرتۆتە ئەستۆ…

ئیستا ئازاد بەو دەورە بەرجەستەو هەمەلایەنە حزبی و جەماوەرییەی بویەتی، وەکو سیمایەکی کۆمۆنیست و ئازادیخوازی و ئینسان دۆستی و ژن دۆستی و ژیان دۆستی و مناڵ دۆستی، ئازاد دۆستی… سەختە بروا بەوە بکرێت کە ئیتر لە ناوماندا نەماوە… سەختە بزوتنەوەی جەماوەری و هەلسوراوانی ناوچەی پشدەر و بیتوێن و کوردستان بروا بکەن ئیتر ئازاد، لەگەڵیان نییە، قسەکەر و رێنوێنی دەریان نییە، سەختە رابەران و شەخسیەتە سیاسیەکانی وەسەت و جنوبی عێراق باوەر بکەن ئازاد جێیهێشتوون، سەختە هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عیراق و کوردستان، بروا بکەن ئیتر ئازاد بۆ یەکجاری ماڵئاوایی کردوەو ئیتر لە پلنۆم و کۆنگرەو کۆبونەوە حزبیەکان، بەشدار نابیت، … سەختە قبوڵبکرێت ئیتر ئازاد باوەشی خۆشەویستی بەساکاردا ناکات و دەستی ژیلا و دارین ناگرێت، بۆ یاری و پارکەکان… سەختە بۆ دایک و خانەوادە ئازیزو تێکۆشەرەکەیان بروا بکەن ئیتر ئازادیان نەماوە… بەڵام راستی تاڵ ئەوەیە ئازاد هەموومانی بۆ یەکجاری بەجێهێشت…بەڵام هیواو ئاواتەکانی ئازاد، خولیاو پەیامە رزگاری بەخشە ئینسانیەکەی ئازاد… بە گەورەیی خۆی، بەرەوایی خۆی ماوەتەوە… تا ئەوکاتەی زوڵم و ستەم نابەرابەری هەیە، تا چەوساندنەوەی ئینسان بەدەستی ئینسان هەیە، ئەم خولیاو ئاواتانەی ئازاد بە زیندووی دەمینەوە و دەبنە وانەی خەبات و نەسرەوتن بۆ هاوڕیبازو نەوەکانی داهاتوویی…

بەرزو بەرێزبێت یادی خەباتکارانەت… زۆر سوپاس

 

لەوانەیە تۆ ئەمانەشت بە دڵ بێت

لێدوانێک بەجێ بهێلە

هاوڕێمان بن!

پەیوەندی

دەتوانن ڕاستەوخۆ پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ هەر سەرنج و پێشنیار و ڕاگۆرینەوەیەک، لە ڕێگای:

abdulla.mahmud@gmail.com

دیمانەی پێشەنگ

Play Video