Home ئەرشیف2022 کۆبونەوەی دوکان و هەوڵەکانی یەکێتی، هەوڵێکی پشگیرانەی بەپارتی؟

کۆبونەوەی دوکان و هەوڵەکانی یەکێتی، هەوڵێکی پشگیرانەی بەپارتی؟

by Abdulla Mahmud

یەکێتی و پارتی چەندە لەسەر بنەمای درێژەدان بەدەسەڵات و پاوانی زۆنەکانیان تەباو یەک دەنگن، هێندەش لەسەر هەژموونی و زۆرکردنی پێگەیان لەگەڵ یەکتری لە کێشمەکێش و ململانییەکی بێکۆتادان. ململانێی پارتی و یەکێتی بارگرژی نێوانیان و هەڵکشان و داکشانی ئەو گرژیانە، بۆتە تایبەتمەندیەکی جێگیریان لە هەرێمی کوردستاندا. دیارە لەهەر برگەو دەورەیەکدا کێشمەکیش و بارگرژییەکانیان، مۆری ئەو برگەو دەورەیەی پێوەیەو لەژێر کاریگەری روداوە گەورەترەکان و دەرەکیەکاندا، زۆرتر توشی ئەزمەو کاردانەوە دەبن و ئاستی گرژییەکانیان هەڵدەکشێت.

گرژییەکانی ئەم دوایەی پارتی و یەکێتی کە لەڕێگای دۆسیەی ترەوە، وروژێنراون لەوانە دۆسیەی هاوکار جاف، پەراوێزخستنی زۆنی سەوز!!، تاکڕەوی پارتی!!… تەنها رووکەشن و کێشەی سەرەکیان وەکو هەمیشە لەسەر دەسەڵاتە و لە رێگای دەسەڵاتیشەوە دەستگیر بوونە لە داهات و سامانی خەڵکی کوردستان. بەڵام دەسەڵات و گۆرانی هاوسەنگی هێز هەموو رۆژە رونادات، بەڵکو گرێی خواردەووە بە ڕوداوە گەورەکان و ئاڵوگۆرە بەرجەستەکانەوە، نەک روداوە کاتی و ڕاگوزەر و رۆژانەو دوبارەبووەکان…

پارتی لە ٣١ ئاب بەدواوە کە لەرێگای پشتیوانی بەعسی گۆر بەگۆرەوە، شاری هەولێری کەوتەوە دەست باڵانسی هێزی بە سودی خۆی گۆڕی و لەو کاتە بەدواوە پارتی توانی هەژموونی سیاسی خۆی بە ئەندازەی قەڵەمرەی جغرافیای خۆی، زیاد بکات، بەڵام ئەوەی ڕێگری لەوە کرد پارتی بەو قەبارەیەوە، مامەڵەی بەکردەوە لەگەڵ یەکێتی بکات، ڕیکەوتنامەی واشنتۆن و لەوەش زۆتر و بنەرەتی تر ڕێکەوتنی ستراتیجی بوو، کە یەکێتی هاوشانی پارتی، بەوهۆیەوە زۆنێکی بەدەستەوەیە، توانی ئەو باڵانسە نیوە بە نیوە لەگەڵ پارتی بهێڵیتەوە، پارتیش بە مەبەستی جێگیرکردنی پێگەی خۆی و دوبارە ئارایشدانەوەی توانایەکانی لەبەرامبەر یەکێتی نەرمی نواند و خودی جەلال تاڵەبانیش بە نەرمی نواندی لەبەرامبەر هێشتنەوەی پێگەی یەکێتی بە بارتەقای نیوە بەنیوە، سەری رەزامەندی دانەواند. لەو کاتەوە تا روداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەری دوای ریفراندۆم ئەم باڵانسە  تارادەیەکی زۆر وەکو خۆی مایەوە. ١٦ ئۆکتۆبەر برگەیەکی تایبەت بوو، کە یەکێتی هەوڵیدا لەڕێگایەوە باڵانسی هێز بگێرێتەوە و پارتی لەو پێگەیەی هەیە پاشەکشە پێبکات، بەڵام چ بەو هۆیەوە ١٦ ئۆکتۆبەر خێری بۆ یەکێتی نەدایەوە لەوەش زیاتر بووە هۆی پاشەکشەی سەرجەم بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد لەبەرامبەر بەغدا و لەدەست دەرهاتنی کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان لەدەستی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەتایبەیش لەدەستی یەکێتی کە زۆتر جغرافیای یەکێتی بوو، یەکێتی خستە پێگەیەکی لاوازتر لە پیش ١٦ ئۆکتۆبەر. لەوکاتەوە لەلایەکەوە باڵانسی هێزی نێوان بەغداو هەرێم بەسودی ناوەند گۆڕاو، رەوتی هەژموونی پارتیش بەهۆی شکستی یەکێتی لە ١٦ ئۆکتۆبەرداو بەئاکام نەگەیشتی ئامانجەکانی، لە برگەیەکی نوێدا دەستی پێکرد. دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق و کوردستان و سەرباری بەشداری نەکردنی خەڵک و دەنگ هێنانی پارتی لەگەمەی هەڵبژاردنەکاندا بە رێژەیەکی بەرچاو لە پێش یەکێتی و هیزەکانی دی، بەکردەوە پارتی کردە لایەنی بڕیار بەدەست و هاوسەنگی هێزی لەدۆخێکی تازەی بێ تاڵەبانی و سەرلێشیواوی یەکێتیدا، بەسودی خۆی گۆڕی. هاوکات کۆنگرەی ١٤ پارتی کە نمایشی دەسەڵاتی بنەماڵەیی نمایش کرد و بەڵینی پابەندی ئامۆزاکانی بۆ پارتی خستە ڕوو لەبەرامبەر لێکترازانی پەیوەندی ئامۆزاکانی ناو یەکێتیدا… هەنگاوێکی تری پارتی بوو چ لەسەر ئاستی گەمەی هەڵبژاردنەکان و چ لەسەر ئاستی حزبی و بنەماڵەیی… بەمەش پارتی دەیەوێت لە ئاست ئەو بەرەوپێش چوونانەی لە بەرامبەر یەکتیدا، هەژموونی خۆی بەسەر هەرێمدا نمایش بکات و لەو رێگایەشەوە ئەم پەیامە بدات کە هێزی یەکەمی سەر گۆرەپانی سیاسی کوردستانە.

یەکێتی نیشتیمانی لە بەرامبەر پارتیدا، کە ئامادەنییە پێگەی تازەی پارتی بەفەرمی بناسێت، دەیەوێت بە دروستکردنی بەربەست یان هاوپەیمانیەتی پارتی رابگرێت. کۆبونەوەی دوکان لەسەر بانگەوازی یەکێتی، کە وەڵامە بە بانگەوازی ناو بەناو وبەردەوامی پارتی بۆ کۆکردنەوەی حزبە سیاسیەکای هەرێم و کەسی یەکەمیان، نمایشی یەکێتی و هاوکات هەوڵیکە بۆ گوشار خستنە سەر پارتی تا مل بە ویستی یەکێتی و داخوازییەکانی بدات، کە یەکێتی هێندە تامەزرۆیەتی تا رادەی پاڕانەوە لە پارتی. هەر ئەم ئەلگۆ شکست خواردووەشە پارتی کردۆتە هێزی هیرش بەر و لاباک لەبەرامبەر بەداخوازییەکانی خەڵکی کوردستانیش.

دەوانی پێشوو کە تاڵەبانی لە ژیاندا بوو،  پارتی بەپێی ئاکامی هەڵبژاردنەکان مامەڵەی لەگەڵ یەکێتی نەدەکرد، بەڵکو بەر مەبنای هاوبەشێتی و دەسەڵاتی یەکێتی لە زۆنێک و میژووی شاخی!! رەفتاری لەگەل یەکێتی دەکرد، بەڵام ئێستا پارتی بەپێی ئاکامی هەڵبژاردنەکان و لە رەوتی داسەپاندنی هەژموونی زۆرتر و گۆرینی پێگەی خۆی بە حزبی دەسەڵاتی رەهادا، مامەڵە لەگەڵ یەکێتی و هێزەکانی دیکە دەکات. ئەوەش ئاڵوگۆرێکی بنەرەتی لە سیاسەتی پارتیدایە بەرامبەر بەیەکێتی لەدۆخێکی نوێدا. یەکێتی نیشتیمانی لەبەرامبەر بەو سیاسەت و هەژموون تەڵەبیەی پارتیدا، دەست بۆ کارتی سوک و سوتاو دەبات، لەوانە پرسی لامەرکەزی، دووبارە باسی دووئیدارەیی کە خۆی ئێستا دوو ئیدارەییە، خۆ بەستنەوەو خەیاڵ لێدان بەوەی لەگەڵ بەغدادا تاک لایەنە بەندو بەست بۆ پاراستنی دەسەڵاتی بکات، تادەگات بە باسی کشانەوەی لە حکومەتی هەرێمدا…تاد ئەوانە کارتی سوتاون لەبەرامبەر بە پارتیدا، جیا لەوانە دۆخی ئالۆزکاوی ناوخۆی یەکێتی، بەجۆرێکە بواری هەناسەدانی تەسک و توانای دەرچوون لە ئەزمەکانی خۆی نییە، ئەوە جیا لەوەی لە زۆنی سەوزدا هاوبەشی بۆ دروست بووە بێ گرفت نییە لەگەڵ هێزە سیاسیەکانی زۆنەکەدا.

نە کۆبونەوەی لەچەشنی ئەوە دوکان و نە هاوپەیمانیەتی یەکێتی لەگەڵ هیزەکانی دی لە زۆنی سەوز و نە گلەیی و پارانەوە و نە رێکەوتنی تری سترتیجی لەگەڵ پارتی، ڕێگای دەرچوونی یەکێتی لەو ئەزمەو تەریک و کەوتن و بچووک بوونەوەی نییە. یەکێتی ئەگەر دەخوازێت لەوە زیاتر نەبێتە نێچیری نەیارەکانی و بچوکتر و بچوکتر و بێ رۆڵ نەبێت… تەنها یەک ڕێگای لەبەردەمدایە، رێگای دەستبردن بۆ مۆدیلێکی تری حکومرانی، ئەلگۆیەک کە جیاوازی بنەرەتی خۆی لەگەڵ پارتی بخاتە ڕوو. ململانیکەی لە هەرێمدا لەگەڵ پارتی بباتە ململانێ لەسەر دۆسیەکانی پەیوەند بەچارەنووسی خەڵکی کوردستانەوە… خستنە رووی مۆدێلێک لەدەسەڵات، کە پشت بەئیرادەی خەڵک ببەستێت، سەربەخۆی سیاسی و بریاردانی بپارێزێت، ناو تەلاری ریکخراوەیەکی دیموکراتیزە بکات، ئازادییە فەردی و مەدەنیەکان و ئارامی فەراهەم بکات، هەموو کەسێک لەبەرامبەر یاسادا یەکسان بێت، دەستی حزب لەناو دامەزراوەکان ببرێت، دین لە سیاسەت و خوێندن و پەروەردە جیابکاتەوە، یەکسانی ژن و پیاو بە فەرمی بناسێت، دەستی کۆنەپەرستی رەوتە ئیسلامیەکان کورتبکاتەوە لەسەر ژیانی کۆمەڵگە، خزمەتگوازرییە کۆمەڵایەتیەکان زامن بکات، بەکردەوە پابەندی بنەماکانی سۆشیال دیموکراتی بێت… بۆ ئەنجامدانی ئەو کارانە کەس دەستی یەکێتی نەگرتووە. ئەوە جەنگی راستەقینەیە و بردنەوە لە پارتی و هەرهێزیکی تر بەو پڕۆژانە دەبێت… ئایا یەکێتی ئامادەیە ئەم جەنگە بکات… ئەوەی تا ئێستا دەبینرێت، یەکێتی نائامادەیە و ئەمەش رەوتی داکشانی یەکێتی زۆرتر دەکات.

دیارە خەڵکی کوردستان لە ململانێی نێوان پارتی و یەکێتیدا، باش دەزانن کێشەو ململانیان، تا دەگاتە دەست لەناو دەست یەک بوون و تەبا بوونیان، لەسەر ماف و ویست و داخوازییەکانی ئەوان و زامنکردنی ژیانێکی باشتر نییە، بۆیە هەردوو لایان لە لایەن جەماوەری ملیۆنی خەڵکی کوردستانەوە، نەفرەت لێکراون و خەڵکی کوردستان خوازیاری کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئەو دوو حزبە و هاوبەشەکانیان و هاوشێوەکانیانن.

 

کۆتایی نوفەمبەری ٢٠٢٢

  

لەوانەیە تۆ ئەمانەشت بە دڵ بێت

لێدوانێک بەجێ بهێلە

هاوڕێمان بن!

پەیوەندی

دەتوانن ڕاستەوخۆ پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ هەر سەرنج و پێشنیار و ڕاگۆرینەوەیەک، لە ڕێگای:

abdulla.mahmud@gmail.com

دیمانەی پێشەنگ

Play Video