Home ئەرشیف2022 کۆنگرەی پارتی هەڵگری چ پەیامێک بوو؟

کۆنگرەی پارتی هەڵگری چ پەیامێک بوو؟

by Abdulla Mahmud

سەرەتای ئەم مانگە پارتی دیموکراتی کوردستان کۆنگرەی چواردە هەمینی خۆی لە شاری دهۆکدا بەست… بەرجەسترین رووداوەکانی کۆنگرە دەستپێک و کۆتایی هاتنی کۆنگرە بوو. دەستپێک وتاری کردنەوەی کۆنگرە لەلایەن مەسعود بارزانییەوە بوو کە وەسیەتی مستەفا بارزانی باوک بۆ کوڕەکانی بوو، کە دەبێ یەک گیان بن لەدوو جەستەداو پشتی یەکتری بگرن و تەواوکەری یەکتری بن. دواتر بارزانی نیچیر بارزانی وەکو جێگری خۆی ناساند و پاشان نێچیر بارزانی مەسرور بارزانی وەکو جێگری خۆی یان جێگری دووەم ناساند… چ داهێنانێکە؟! ئەم نمایشە لەسەرەتای کۆنگرەوە نمایشی دەسەڵاتی بنەماڵە بوو بۆ چەسپاندنی ئایندەی دەسەڵاتی بنەماڵە لە پارتیدا و داخستنی پۆستی سەرۆکی پارتی بۆ هیچ کەسێکی تر جگە لە بنەماڵەی بارزانی. هەروەها هەوڵێکی بەنەخشەی بنەماڵە بوو، بە ئاقاری کونبڕکردنی هەر درزو کەلێنێک کە لەنێوان ئامۆزاکاندا رووبدات. نابی ئەوەشمان لە بیربچیت کە ئەم کۆنگرەیەیە جێگایەک بوو بۆخستنە رووی وەسیەتی ئاشکرای بارزانی بۆ کوڕ و برازاکەی کە پشتی یەکتری بگرن و بۆیەک بژین و بمرن. 

هەروەها کۆتایی کۆنگرە بە هەمان شێوە، پێداگری بارزانی لەسەر وەسیەتی پێشوو باوکی و خستنەرووی مامەڵەی باوک لە گەڵ برازا و برازا لەگەڵ ئامۆزا، بوو، کە وەکو مژدە وسەرەتای ئومێدی بۆ تەبایی ئامۆزاکان خستیە ڕوو… بەجیا لەم پەیامە روونە بۆ بەرگرتن بە قڵشتی نیوان نیچیر بارزانی و مەسرور بارزانی دوای مەسعود بارزانی… هیچ لایەنێکی تری بەرجەستە لە کۆنگرەدا بۆ نمایش کردن بوونی نەبوو.

لەناو دڵی دەیان گرفت و کیشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەمنی و حقوقی و نادیاری ئایندەی سیاسی کوردستان، كیبەرکێی نیوان لایەنە سەرەکیەکانی دەسەڵات لە هەرێم، ململانێی هەمیشەیی هەولێر و بەغدا، دەستێوردانی نەپساوەی وڵاتانی ناوچەکە لە هەرێمدا… هیچ سیاسەت و بریار و پرۆژەیەکی دیاریکراو نەخرایە ڕوو، وە جێگای گرنگی پێدانی بەرجەستەی کۆنگرە نەبوو بە بەراورد بە کیشەی داهاتووی رابەری پارتی و تەبایی نێوان ئامۆزاکان. ئەوەش ئەو راستیەی لە زمانی مەسعود بارزانییەوە خستە ڕوو، ئەوەی هەرەشەی سەرەکی لە پارتی و بنەماڵەی دەسەڵاتخوازەکەی دەکات… ململانێی داهاتووی نیوان ئامۆزاکانە و پێویستە کۆنگرە ئەو هەرەشەو مەترسیە، لەبەرچاو بگرێت. دیارە کەدەڵێن کۆنگرە دیسان بنەماڵەی بارزانی سەنتێزی بریار و خستنەرووی نمایشی کۆنگرەو ئایندەی کۆنگرەو پارتین.

جوڵەکان و بەشدارییەکانی ناو کۆنگرە، ئەوەندەی بینراو نمایشکرا، جوڵەو بەشداری یەکلاکەرەوەی بنەماڵەو ئامۆزاکان و چەپڵەو سەر ڕاوەشاندنی هەزاران کادری بەشداری کۆنگرە بوون. هیچ ئەمما و ئەگەرێک… چەند و چونێک… لە کۆنگرەدا نەبوو.

ئەگەر پارتی سیاسی و دەسەڵاتی سیاسی دوانەی یەکتری بن و بزوتنەوە کۆمەلایەتییە سیاسیەکان و حزبە سیاسیەکان دەرهایشتەی سروشتی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان بن… ئەوا بەرۆشنی ئایندەی دەسەڵاتی سیاسی کوردستان لە روانگەی پارتییەوە و لەڕیگای کۆنگرەوە، ئەو راستیەی خستە ڕوو، کە دەسەڵاتی سیاسی داهاتوو هیچ تەبایەکی لەگەڵ دەسەڵاتێکی مۆدێرن نییەو بەهەموو پێوانەیەک دەسەڵاتی بنەماڵەیی پیرۆزترین و لەسەروی دەست لێنەدراوەکان و تابۆکانە، ئەمەش ئەوە دەخاتە ڕوو کە ئەحزابی سیاسی بۆرژوازی کورد خۆیان کۆسپن لەبەردەم هەر بەرەوپیشەوە چونێکی کۆمەڵگە و ڕێگرن لەهەر دەسەڵاتێك کە مافی هاوڵاتیبوون و  شارستانیەت بە مەبنا وەربگرێت.

زوربەی هەرەزۆری کۆنگرەو کۆنفرانسی حزب و ڕیکخراوە سیاسیەکان، بە بریارە سیاسیەکانیان، پرۆژەکانیان، سەرخەتی ئەرکەکانیان، پەیامەکانیان… دەناسرێنەوە، کەچی کۆنگرەی پارتی تا ئێستا لەوبارەیەوە هیچی نەخستۆتە روو. نەخستنەڕووی هیچ نەخشەڕیگاو پلاتفۆرمێکی سیاسی دیاریکراو لە کۆنگرەی پارتیدا ئەوە دەخاتە ڕوو کە کۆنگرە زۆتر نمایشێکی سیاسی و خۆنواندنی بنەماڵە و جیگرکردنی ئەلگۆی گوێزانەوەی دەسەڵات بوو بەشیوەی ستونی و سوێندخواردن بوو بە پیرۆزی بنەماڵەی بارزانی و هەوڵی بەنەخشەی بارزانی بۆ رێگری لە لێکترازانی بنەماڵەو قڵشت.

لە کۆنگرەی پارتییدا هەوڵیاندا پارتی وەکو هێزی یەکەمی کوردستان نیشان بدەن و لەوەش زیاتر ئەوەیان راگەیاند کە دەیانەوێت پارتی ‌لەهێزێکی گەورەوە!! بگوازنەوە بۆ حزبی رەهای دەسەڵات لە هەرێمدا… ئەوە لە کاتێکدایە، لە دواین هەڵبژاردندا چ پارتی و چ حزبەکانی تر کەمتر لە ٢٠% دەنگی خەڵکی کوردستانیان بەدەست هێناوە و ٨٠% خەڵکی کوردستان بە بایکۆت و بەشداری نەکردن فاتیحای دەسەڵاتی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیان، خوێند و لە ئاستی شەقامیشدا تا دێت تورەیی و نەفرەتی جەماوەری بەرەو هەڵکشان دەچێت و هەر ئەو داکشانە جەماوەریەشە، ڕیگەی نەدا پارتی و یەکێتی مل بە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بدەن و ناچار بوون ماوەی پەرلەمان و دەسەڵاتیان درێژ بکەنەوە.

ئەگەر ئینسان لە روانگەی کۆنگرەی پارتی و حزبەکانی تری بۆرژوازی کوردەوە بڕوانێتە ئاییندەی سیاسی کوردستان، بە سادەیی دەتوانێت ببینێت، کۆمەڵگە لەبەردەم چ کابوسێکدایە… حزبێک نوزەیەک لە ئازادیخوازی و هەنگاوێک بەڕووی کرانەوە و پرۆژەیەکی رۆشن بۆ ئاییندەی سیاسی کوردستان و پەراوێزێک بۆ ئازادییەکان و مافەکانی تاک، نەخاتە ڕوو، لە جێگای ئەوە پیرۆزی بنەماڵە و دریژەدان بە سیستەمی ویراسی لە دنیای ئەم سەردەمەدا نمایش بکات، دەبێ جەماوەری کوردستان چ ئاییندیەک لەبەردەم خۆی ببینێت… ئەوە لە کاتێکدایە بەشیک لە نارەزایەتی خەڵکی کوردستان رووی لەدەسەڵاتی بۆماوەییە.

 

 

 

لەوانەیە تۆ ئەمانەشت بە دڵ بێت

لێدوانێک بەجێ بهێلە

هاوڕێمان بن!

پەیوەندی

دەتوانن ڕاستەوخۆ پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ هەر سەرنج و پێشنیار و ڕاگۆرینەوەیەک، لە ڕێگای:

abdulla.mahmud@gmail.com

دیمانەی پێشەنگ

Play Video