ئەم ماوانەی دوایی هێرشێکی بەرین لەلایەن ئیسلامیە سەلەفیەکان و بانگخوازو مەلا لغاو بەرەڵاکراوەکانەوە، بۆسەر ژنان و مافە زۆر سادەو سەرەتایییەکانیان و هاوکات بۆسەر کۆمەڵگە لە ئاستێکی بەریندا دەستی پێکردووە. کەم رۆژ و هەفتە هەیە، یەکێک یان چەند مەلایەکی سەلەفی دەست نەبەن بۆ جوعبەی کۆنەپەرستی ئیسلامی تا لێیەوە ئەو دەق و بەند و حەدیس و فتوایانەی مێژووی ئیسلام و خەلیفەکانیان بهێنە دەرەوە بۆ ئەوەی بەباڵای ئینسانی ئەم سەردەمەی ببڕن، بەتایبەتیش ژنان. ئەم مەلاو بانگخوازانە جبە لەبەر بن یان قات و بۆینباغ بەستوو، مەلا بن یان وەکو مەلاکان بیر بکەنەوە هیچ لەو راستیە ناگۆڕیت، کە هەموویان پارچەی یەک ماکینەی چەند سەری هەڵرشتنی ژەهراون، لەدژی ژنان و کۆمەڵگەو هەموو پێشکەوتن و کرانەوەیەک و تازەگەرییەک.
ئەم ریزە لە مەلای بەلاشخۆر و هەوەسبازی ئیسلامی، هیچ لایەن و گۆشەیەکی ژیانی ژنان و مافەکانیان نییە، دەستدرێژی نەکەنەسەری و هیچ رێگاو کەناڵێکیش کە زامنی خاڵی کردنەوەی هەوەس و شەهوەت بەردانیان بکات، دەستی پێوە نەگرن و پشیوانی نەکەن و دنەی نەدەن. بە ژنان دەڵێن کار مەکەن و کار کاری ژنان نییە. دەڵێن لەماڵ مەیەنە دەرەوە و تاعەتی پیاوەکانتان بکەن، ئەگەریش هاتنە دەرەوە حیجاب و مەقنەعە بپۆشن با لە چاوی کەسانی نامەحرەم بەدوور بن!!. دەڵێن ژن کە چوو بۆ زانکۆ بە ساغی نایەنەوە. دەلێن ژنان زەعیفەن. دەڵێن جوانکاری ژنان گوناحە. دەڵێن کچی نۆ ساڵ باڵغە و دەتوانن شو بکەن. دەڵێن چوار ژن، مافی پیاوە… دەڵێن مناڵی بلوری یاساغە. دەڵێن ژنان نابێ بەتەنها سواری تەکسی بن. دەلێن نابێ ژنان جلی سور ومەدەنی بپۆشن…تاد. کەچی بەرگری لە چەند ژنە دەکەن، زەواجی موتعەو میسار کە لەشفرۆشیەکی ئاشکرایە، بەرگری لێدەکەن کەوتوونەتە بانگەشە بۆکردنی. ئەم بانگەشانەی مەلایانی سەلەفی کە جووتە لەگەڵ هیڵ و ئاراستەی ئیسلامی سیاسی و رەوتەکانیان و تەبایە لەگەڵ کەمپەینی حجابکردنی ژنان لە ژێر ناوی تاجی زێڕین!! و پێشبرکێی ئەزبەرکردنی فەرموودەدا، کە ئیسلامیەکانی ساڵانە چەندین جار وەرێ دەخەن.
هەموو ئەو هێرشانەی مەلاکان و بانگخوازەکان و تەواوی ئەو پرۆژەو نەخشانەی ئیسلامی سیاسی لە کوردستاندا وەرێیان خستووە، هیچ نییە جگە لە پەلەقاژەیەکی ناکام بۆ مانەوەی خۆیان و رەوتەکانیان لە کۆمەڵگەی کوردستاندا. هۆکاری ئەم هێرشانە ئەوە نییە کە وەکو خۆیان دەڵێن لە ٩٩% خەڵکی کوردستان موسوڵمانە، بەڵکو نیگەرانییە لەوەی لە ٩٩% لەسەدی خەڵکی کوردستان گاڵتەیان بە بانگەشەی ئیسلامیەکان و فتوای مەلاکان و پیشبرکێی ئیسلامیە سیاسیەکان دێت و لەژیانی واقعی و رۆژنەی خۆیاندا، پەیرەوی لەهیچ کام لەو فتوا و راسپاردانەی سەلەفیەکان و ئیسلامیەکان ناکەن.
سەلەفیەکان و ئیسلامیەکانی کوردستان، نیگەرانن لە کراوەیی کۆمەڵگە و ڕووهێنانی بەردەوامی ژنان بۆ کایەی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و مەیدانەکانی هونەر و ئەدەب و وەرزش و…تاد. نیگەرانن لە دەستراگەیشتنی ژنان و کۆمەڵگە بە زانست و پێشرەویەکانی ئینسانی ئەم سەردەمەو ئەو هەموو دەرگایانەی کراونەتەوە بۆ تیکەڵاوبوون و گۆڕینەوەی زانیاری و بیروباوەر و ئەزموونەکان و مۆدێلەکانی ژیان و …تاد. نیگەرانن لە پاشەکشەی بەردەوامیان چ لەسەر ئاستی شەقام و چ لەسەر ئاستی کایەی هەڵبژاردنەکان… نیگەرانن لە شکستی سەربازی داعش و نەفرەتی بەرینی جەماوەری لە ئەردۆغان و شکستەکانی… نیگەرانن لەوەی رەوتی ژیان لە ژێر سایەی ئیسلامدا، قبوڵکراو نییە. نیگەرانن لەوەی کۆمەڵگەی بەناو موسوڵمانی کورد!! بە چاوی کرێگرتە و نۆکەر دەروانە ئیسلامیەکان و نەفرەت لە بوون و کارکردنیان دەکەن. نیگەرانن لەوەی لە کۆمەڵگەی بەناو موسڵمانی کوردستاندا سەرباری ئەو هەموو ئیمکانیەتەی لە وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکەوە بۆیان هەڵڕژاوە ناتوانن دەستیان بەچەند کورسی پەرلەمان بگات و لەو لەوەرگایە تەسەل بن.
هەر ئەو نیگەرانییە سەلەفیەکان و ئیسلامیەکانی ناچار کردووە، هێندەی بڕست و تونایان هەیە کۆمەڵگە لیخن بکەن، فتوا بدەن، دژایەتی کۆمەڵگە بکەن و دەزانن بۆ ئەمەش بەر لەهەر شتێک دەبێ لەڕێگای هێرش بۆسەر ژنان و مافەکانەوە دەست پێبکەن.
دیارە بەجیا لەو هۆکارانە کە وای کردووە سەلەفیەکان و ئیسلامیەکان، ئاوا هێرش بکەنە سەرکۆمەڵگە و مافەکانی ژنان، هۆکارێکی سەرەکی و بناغەیی تریش هەیە، ئەویش دەسەڵاتی کۆنەپەرستی بۆرژوازی کوردە کە دەستی ئاواڵاو ڵغاوی بەرەڵا کردوون، تا هەر جۆرێکیان بووێت هێرش بکەنە سەر کۆمەڵگەو سیما مەدەنیەکان و مافە جیهان داگرەکانی ئینسان… بەتایبەتی کە دەسەڵاتی سیاسی بۆرژازی کورد، پەیان بەو راستیە بردووە کە خەڵکی کوردستان بریاری ڕاماڵینی داون، بۆیە جوڵە پێکردن بە مەلاکان و کۆنەپەرستی و بە سەلەفیەکان ئیسلامیەکان، یان بێدەنگەکردن لە کار و کردەوەکانیان بە رێگایەک دەزانن کە کۆمەڵگە لەدەستبردن بۆ ڕاماڵین خاو بکەنەوە و لەجێگای ئەوە رێگای پاڕانەوە لەخوا بگرنە بەر و چارەنووسیان بسپێرن بە غەزەب و توڵەی خودا.
پێویستە بەرەی ئازادیخوازی کۆمەڵگە، بەتوندی لەدژی پەیام و فتوا و سوکایەتی کردن و هێرش بۆسەر ژنان مافەکانیان و کۆمەڵگە، بێنە دەنگ و جڵەوی ئەم رەوتە هەرەشە ئامیز و سوکایەتی ئامیزە بکەن و دەسەڵاتی سیاسی ناچار بکەن…کە سزای یاسایی هەموو ئەو مەلاو رەوتە سیاسیانە بدات، کەسوکایەتی بە ژنان و مافەکانیان دەکەن.