گۆرەپانی سیاسی ئێستای عێراق، مەیدانی ململانێیەکی ناوخۆیی نێوان باڵەکانی بۆرژوازی عێراقی بەگشتی و بەرامبەرکێی باڵەکانی ناو خانەوادەی شیعەی سیاسییە بەتایبەتی. هاوکات عێراق بۆتە ناوەندێک بۆ ململانێێ ناوچەییەکان و بلۆکە باڵادەستەکانی، بەتایبەتیش ئیران لەلایەک و تورکیا و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی بە پشتیوانی ئەمریکا و غەرب، لەلایەکی ترەوە.
سەنتیزی ململانێی سەر گۆرەپانی ئێستای عێراق، لەسەر ئەلگۆی حکومەتییە. باڵە دەسترۆشتوەکانی بۆرژوازی عێراقی لە پێکهێنانی حکومەت ناکام مانەتەوەو توانای پێکهێنانی حکومەتیان نەبوو. نە ئەلگۆی حکومەتی زوربەی نیشتیمانی “نە رۆژهەڵاتی و نە رۆژئاوایی” و سەدر و نە حکومەت بەئەلگۆ کۆنەکەی “حکومەتی سازان و بەش بەشینەو هاوبەش” کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێداگری لەسەر دەکەن بەشوێنێک نەگەیشت. ئەمەش پرسی پێکهێنانی حکومەتی قوڵتر کردۆتەوە و لەگەل خۆیشدا گرژی و توندوتیژی بەدوای خۆیدا هێناوە و ئاستی دەستێوەردانە دەرەکیەکانیشی زۆتر کردوە.
دیارە ئەم ململانێیە لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەت، کە بەشێک لە ئەزمەیەکی قوڵتری بۆرژوازی عێراقییە، بە پێکهێنانی حکومەت بە کۆتا ناگات و رەوتێکی درێژتر و پر گرێ و گوڵی زۆرترەی لەبەردەمە، بەلام پێکهێنانی حکومەت دەتوانێت ئاستی گرژییەکانی ئێستا خاو بکاتەوەو چوارچێوەیەکی تر ببەخشێت بە ململانێکانی ناو باڵەکانی بۆرژوازی عێراقی.
لەو نێوەدا دوو رەهەند توانای گەڕانەوەیان نییە… یەکەمیان/ شکستی ئەلگۆی حکومەتی تەوافوقی و سازان و هاوبەش… ئەم رەهەندە ناتوانێت حکومەت پێکبهێنێت و جارێکی تر جومگە سەرەکیەکانی دەسەڵات لەنیوان خۆیاندا تەخشان و پەخشان بکات.. بەڵكو دابەشکاری نێوانیان بەناچار دەبێ پێناسە بکرێتەوە، ئەم پێناسەکردنەوەیە فیدرالیزمی قەومیش دەگرێتەوە… رەهەندی دووەم/ بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەرییە کە لەدژی سەرجەم خانەوادەی بۆرژوازی لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ بە هاتنە مەیدانی میژووی کۆمەڵگەی عێراقی خستە سەر ڕێچکەیەکی تر…
هەردوو ئەم رەهەندە چ رەهەندی شکستی ئەلگۆی حکومەتی بەش بەشێنەو هاوبەش و سازان و چ رەهەندی پێگرتووی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری ڕیگای گەڕانەوەیان لێگیراوە…
حکومەتی هاوبەش و سازان و بەش بەشینە کە دوای روخاندنی حکومەتی بەعسەوە دەسەڵاتی حکومەتی عێراقی بەدەستەوەیە، ناکامی ناتوانایی خۆی لە هەموو زەمینەکاندا نیشاندا، نەک توانای وەڵامدانەوەی بە گرفتە کەڵەکەبووەکانی عێراق نەبوو، بەڵکو خۆی بووە کۆسپ و گرفتیکی تر و ئەزمەی حکومەتی قوڵتر کردەوە و هەمیشەش حکومەتی لە پەراوێزدا راگرت و باڵادەستی میلیشیاکان و هێزەکانی دەرەوەی دەست وەردەر لە عێراقدای بەهێزتر کرد. ئەم رەوتە لەگەڵ ئەوەدا لە ململانێی ئەم دوایانەی عێراق، نیشانیدا کە بە ئاسانی گۆرەپانەکە چۆڵ ناکات و دەست لە ئەلگۆ شکستخواردووی خۆی بۆ پێکهێنانی حکومەت هەڵناگرێت، وە سەرباری ئەوەی کە ئەو ململانێیە نیشانیدا کە هێشتا ئیران کاراکتەرێكی پلە یەک و یەکلاکەرەوەیە لە دۆخی سیاسی عێراقدا… بەڵام هیچ کام لەمانە ناتوانێت رەوتی شکستی ئەلگۆی پێشووی حکومەتی بشاریتەوە و جارێکی تر ئەو ئەلگۆیە سیمای سیاسی عێراق، دابگرێت و ئەزموونی شکستخواردوەکەی درێژە پێبدات… حکومەتی زوربە و دوور لە باڵادەستی یەکلایەنەی ئێران بەسەر پرۆسەی سیاسی عێراقدا رەوەندێکە خەریکە لەسەر کەلاوەو ئەزموونی داڕوخاوی پێشوو، هەنگاو دەنێت. ئەم رەوتە بەجیا لەوەی ئەمریکا و غەرب و پشتیوانی بلۆکە ناوچەیی وەکو تورکیا و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی، لەپشتە، هاوکات زەمینە ناوخۆیەکەشی لەبارترە، بۆرژوازی لە عێراقدا زۆتر مەقبولیەت بەو ئەلگۆیە و حکومەتێکی تا رادەیەک ناوەندی دەدات، و خوازیاری دەستکورتکردنەوەی میلیشیاکان و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتە محلی و تایفی و قەومیەکان، و گێرانەوەی ئارامی سیاسییە بۆ کۆمەڵگەی عێراق. لە ئاستی جەماوەرییشدا ئەو ئەلگۆیە پشتیوانی دەکرێت. خەڵکی عێراق توانای ئەلگوی پێشووی دەسەڵاتدارێتی نەماوەو نەفرەتی بەرووی حکومەتی سازان و هاوبەش و دابەشکارییدا لەسەر بنەمای قەومی و تایفی و دینی، رۆڵی بەهێزی میلیشیاکان و درێژەکێشانی نائارامی سیاسی… بە جێگایەک گەیشتووە شانسی دوبارە بوونەوەی ئەو ئەلگۆیەی زۆر لاواز کردووە… دیارە ئەوە بەو مانایە نییە کە ئەلگۆی حکومەی زوربە، لە کورت مەودادا، دەتوانێت جی بکەوێت و پاشەکشەی تەواوەتی بە ئەلگوی دابەشکاری و سازان… بهێنێت. بەڵام رەوەندێکە دەستی پێکردووەو گەڕانەوەی بۆ دواوە نییە.
رەهەندی دووەم بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەرییە… ئەم رەهەندە بەم دوایانە تاڕادەیەک کەوتە ژێر هەژموونی ململانێی باڵەکانی بۆرژوازی عێراقیەوە و پاشەکشەی پێکرا، بەڵام هیچ کام لە باڵەکانی بۆرژوازی عێراقی نەیانتوانیووە دەستەمۆی بکەن یان بیکەنە زەخیرەی ئامانجە سیاسیەکانی خۆیان. خۆپیشاندانەکانی رەوتی سەدر و لەبەرامبەردا خۆپیشاندانەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، چ بە داخوازیەکانیان و چ بە پێکهاتەکەی، نەک نیشانیدا کە بەشێک نین لە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری، بەڵکو بەڕۆشنی دەریخست ئەو خۆپیشاندانانە خۆپیشاندانی رەوتە سیساسیەکان و بە کۆنتڕۆڵ و بانگەوازی سەرانیان و بۆ خواستە حزبیەکانی خۆیان و بەدیاریکراوی بە ئامانجی کۆسپ دروستکردن بۆ پێکهینانی حکومەت یان بۆ ئاوت کردنی لایەنێک و پێکهێنانی حکومەت وەرێخران. هێزی سەریا سەلام و حەشدی شەعبی ئەمجارە بەجلی مەدەنیەوە لەپاڵ لایەنگرانیاندا نمایشی توانایی خۆیان کرد. لە حالێکدا بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری هەم حکومەت روخاندووە و هەڵبژاردنی پێش وەختەی داسەپاندووەو هەم خواستی نان و خزمەتگوزاری و هەلی کار و کۆتاییهینان بەدەستێوردانی دەرەکی، خواستە بناغەیەکانی بوو… ئەم بزوتنەوەیە لە شەقامدا کەمتر دەبینرێت هۆکارەکەشی ئەوەیە نایەوێت وەکو بەشیک لە ململانێی لایەنە سیاسیەکان دەربکەوێت و بکرێتە زەخیرەی ئەو بزوتنەوە سیاسیانەی بۆ ئامانجی تر گۆرەپانی سیاسی عێراقیان لیخن کردووە. دیارە هەر بزوتنەوەو رەوتێکی سیاسی بتوانیت بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری پەلکیشی دوای خۆی بخات، دەتوانێت گرەوی سیاسی لە عێراقدا بباتەوە… رەوتی سەدر لەو راستایەدا زۆر هەوڵیدا سایەی خواست و داواکاری و فتواو تویتەکانی بەسەر ئەو بزوتنەوەیەدا بسەپێنێت، بەڵام ئەزموونی راپەرینی ساڵی ٢٠١٩ ئەو ئاستە لە هوشیاری پێ بەخشیوە، کە مل بەو مانۆر و سیناریۆیانە نەدات. بەڵام گومان لەوەدا نییە، ئەو ململانێیەی لەسەر پێکهێنانی حکومەت وەکو گۆشەیەک لە ململانێیەکی فراوانتر کە چەند مانگە عێراقی داگرتووەو گرژیەکان هەلکشاون، بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری لەسەر ئاستی عێراق و تەنانەت لە کوردستانێشدا خستۆتە حاڵەتی چاوەروانی و پاشەکشە پێکردنەوە، بەڵام خواستەکانی وەکو خۆی ماوەو و لەگەڵ لانی کەمی ئاسایی بوونەوەی دۆخی سیاسی عێراق و بەدیاریکراوی دوای پێکهێنانی حکومەت، دوبارە بۆ خواستە راگەیەنراوەکانی دێتەوە مەیدان. سەرجەم رەوت و باڵەکانی بۆرژوازی عێراقی هەنگاوی یەکلاکەرەوە بۆ زاڵ بوون بەسەر گرفتەکانی عێراقدا، بەر لەهەموو شت، بە پاشەکردن بەو بزوتنەوەیە دەزانن و ئەوەش چوارچێوە و سەرەکی ترین ململانێی نێوان بۆرژوازی عێراقییە لەگەڵ چینی کریکار و جەماوەری بێبەشدا.
هەردوو ئەو رەوەندە بەشێوەی گشتی کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئایندەی سیاسی عێراق دادەنێت… بوونی حکومەتێکی بەهێز کە توانای کۆنترۆڵکردنی میلیشیاکانی هەبێت، دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی دەرەکی بەرەو لاوازی و نەمان ببات، دەسەڵاتە حزبیەکان و بەپشتیوانی میلیشیا کەنار بخات و دەسەڵاتی حکومەت لەسەر ئاستی عێرقدا هەمەگیر و سەراسەری بکات… پێش مەرجی ئاساییکردنەوەی دۆخی سیاسی عێراقن و رەوتی باڵادەستی عێراق لەناوچەکەو بەتایبەتیش لە دنیای عەرەبدا بەهێز دەکات. ئەم ئەلگۆیە لەحکومەت و دەسەڵات، بە سودی خەباتی چینی کریکار و بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و دوبارە هێنانەوە مەیدانی رێگاچارە بۆ کێشەی سیاسی کوردستانیش دێنیتەوە ئارا.
بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەریش دەخاتە سەر ڕێچکە ئاساییەکەیی خۆی و رووبەڕوو دەبێت لەگەڵ دەسەڵاتێکی دیاریکراو و پێناسەکراو و ئەو دەسەڵاتە حکومییە دەبێتە مەرکەزی نارەزایەتی بزوتنەوەی جەماوەری و خواستەکانی رووبەڕوودەکاتەوە نەک دەسەڵاتی میلیشیایی جۆراو جۆر و هەمەڕەنگ. دیارە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری سەرباری حەقخوازیەکەی و رەوایی داخوازییەکانی، بەڵام خود بەخود و بەبێ رێکخراو بوون و بەبێ زاڵبوونی ئاسۆیەکی شۆرشگێرانەو دیار، ناتوانێت بە جێگایەک بگات… بۆیە چۆن بۆرژوازی عێراقی سەقاڵی ئەلگۆیەکی نوێ بۆ حکومەتدارییە، ئاواش بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری لە عێراقدا، پێویستی بە رێکخراوبوون، هاوئاهەنگی و چوونە سەر رێرەوی هاوخەباتی بەشەکان لەگەڵ یەکتری و ناوەراست و خواروی عێراق لەگەڵ کوردستان و ئاسۆیەکی شۆرشگێرانە و بوونیەتی بە بەشێک لەو بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەی خوازیاری حکومەتێکی پشت بەستوی جەماوەرییە، کە بتوانێت ئازادی و خۆشگوزەرانی و ئاییندەیەکی سیاسی ئارام زامن بکات، کە ماف و داخوازییە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی جەماوەر مەیسەر بکات. ئەوەش بەبێ حزبێکی و چەپ و کۆمۆنیستی بەهێز و ئامادە و دەخالەتگەری بەرچاورۆشن و شۆرشگێر بە جێگایەک ناگات… پێویستە چەپ و کۆمۆنیستەکان و حزبەکانی، ئامادەی ئەم نەبەردە بن.
ناوەراستی سێبتەمبەری ٢٠٢٢