Home ئەرشیف2022 لەپرۆژەی باڵاپۆشی و تاجی زێرینەوە بۆ پرۆژەی بەهای فەرموودە…

لەپرۆژەی باڵاپۆشی و تاجی زێرینەوە بۆ پرۆژەی بەهای فەرموودە…

by Abdulla Mahmud

یەکگرتووی ئیسلامی، پرۆژەی تاقیکردنەوەی بەهای فەرموودەی بۆ ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی یەکگرتوو و لایەنگرانیان لە بەشێک لە شارەکانی کوردستان وەرێخست. تاقیکردنەوەکە ئەوەیە کە هەر ژنیک ١٠٠ فەرموودە!!ی محمەد لەبەر بکات. ئیسلامیەکانی کوردستان بەگشتی و یەکگرتووی ئیسلامی بەتایبەتی، لە رێرەوی تەریک کەوتنەوە و ئەزمەیەک کە ئەزمە و شکستی رەوت گەلی ئیسلامی داعشی و ئەردۆغانین، بۆ قەربووکردنەوەی ئەو شکستانەو ناکامی خۆیان، ماوە ماوە پرۆژەی جیاجیا بەدەستەوە دەگرن، ڕۆژێک کێبەرکێی باڵاپۆشی و لەژێر ناوی لەسەرنانی تاجی زێڕین و رۆژیک لەبەرکردنی حەدیسەکانی محەمەد و رۆژیک دابەش کردنی شمەک و پیداویستی بەسەر مناڵان و خێزانە کەم دەرامەتەکان… دەگرنە بەر.

ئامانجی یەکگرتوو لەم پرۆژانە لەلایەکەوە بۆ خۆشاردنەوەو پەرەپۆش کردنی شکست و ناکامی و پاشەکشەی بەردەوامیەتی لە گۆرەپانی سیاسی کوردستاندا و لەلایەکی تریشەوە هەوڵە بۆ دەسپێکێکی تازە و خستنی زەخیرە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، وە هاوکات هەوڵیکە بۆ پێگەیاندنی نەوە لەدوای نەوە لەدەوری پرۆژە ئیسلامیەکانیان، تا لانی کەم بتوانن لەم رێگایەوە شارستانی بوونی کۆمەڵگەی کوردستان بشارنەوە و بەرگی ئیسلامی بەبەردا ببڕن. ئیسلامیەکان و یەکگرتووی ئیسلامی چاویان بە کراوەیی کۆمەڵگەی کوردستان، بە هوشیاریان، بە رەفتار و هەلس و کەوتی مەدەنی رۆژانەیان، بەسەیران و سەفایان، بۆ ئارەزوی گەرانیان بەدوای دیتنی پیشرەویەکانی ئینسان و زانست و زانیاری… بۆیە هەمیشە هەوڵ دەدەن بە پرۆژەی ناکۆک بە دنیابینی شارستانی و ئیرادەی ئازادانەی ئینسان، پرۆژەی بە کۆیلەکردن و ملدان بە کۆنەپەرستی و فەرمودەی سەردەمی جاهیلی دواکەوتوانە کۆمەڵگە لیخن بکەن. یەکگرتوو کە هەڵگری هیچ پرۆژەیەک بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان نییە، بە پێوەری خودا لە پێشدا چارەنووسی ئینسانەکانی دیاریکردووە و رسق خواد دەیبەخشیت و ئەم دنیایە کاتی و ئەزموونییە و دنیا دنیای سبەینێیە، خوازیارە کۆمەڵگە لەبەرامبەر ستەمی دەسەڵات، کۆمپانیا، کۆنەپەرستی ئیسلامی بێدەنگە رابگرێت…

هەر ئەو ئیسلامی و یەکگرتوانەی رۆژانە کاوێژی ئەوە دەکەن لە سەدا ٩٩ خەڵکی کوردستان موسوڵمانن!! کەچی پرۆژەی بە ئیسلام کردنی کۆمەڵگە بەدەستەوە دەگرن و ترس و نیگەرانیان لە یەک لە سەدی!! خەڵکی کوردستانە. هەروەها خەڵی کوردستان لەهیچ لایەکەوە زوڵمی مەزهەبی نەک لەسەر نییە، بەڵکو زوڵمی ئیسلامی لە رێگای کۆنەپەرست بوونی دەسەڵات و یاساو رێسا ئیسلامیەکانەوە، لەسەر نائیسلامیەکان و ئاتەئیست و مەزهەبەکانی تر واقعیەتی کۆمەڵگەی کوردستانەو لەو راستایەشدا ئەوە مەلاو ئیسلامیەکانن رۆژانە فتوا دەدەن و بە فتواو فیتنەی ئەوانیش خەڵک تیرۆر کراوەو راونراوەو سوکایەتی پێکراوە و دەکرێت… هیچ ئیسلامیەک، باڵاپۆشیک، مەلا و کەسایەتیەکی دینی لەلایەن عەلمانی و ئاتەئیستەکانی کوردستانەوە هیچی پێ نەوتراوە، بە پێچەوانەی ئەوەوە دەم پیسی و هەرەشەو سوکایەتی ئیسلامیەکان، بە عەلمانیەکان و بەهەموو سیمایەکی مەدەنی و بەهەر لیکدانەوە رەخنەیەک لە ئیسلام… مەلا مەزهەر و هەڵۆکان، عەبدولەتیفەکان، ئامادەن و دەست وەردەدەنە هەموو لایەنێکی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەردی تاکەکان و خواستە ئازادەکانیان.

چ ئیسلامیەکان و چ یەکگرتووی ئیسلامی لە کۆمەڵگەی مۆدێرنی کوردستاندا شانسی بوون بەهێز و گرتنی دەسەڵاتیان نییە، بۆیە بەدوای ڕیگەی تردا دەگەڕین تا ئینسانی ئەم کۆمەڵگەیە بی ئیرادە بکەن، ئەوەش وای کردووە ئاوا بە ئاسانی دەستیان کراوە بێت، دەسەڵاتی سیاسی کۆنەپەرست بۆرژوای کوردە.

لەوانەیە تۆ ئەمانەشت بە دڵ بێت

لێدوانێک بەجێ بهێلە

هاوڕێمان بن!

پەیوەندی

دەتوانن ڕاستەوخۆ پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ هەر سەرنج و پێشنیار و ڕاگۆرینەوەیەک، لە ڕێگای:

abdulla.mahmud@gmail.com

دیمانەی پێشەنگ

Play Video