دوای چەند ڕۆژ لە نارەزایەتی و خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی سەراسەری کوردستان، بۆ دەرماڵەو چاککردنی بەشەناوخۆییەکان و خزمەتگوزارییەکان، دەسەڵاتی سیاسی ناچار بوو، لەگەڵ بەشیک لە خوێندکاران کۆببنەوەو هەندێک بەڵینی نیوەناچڵ بدەن. دیارە کۆبونەوەکانیش زۆتر لەگەڵ بەشێک خویندکارانی سەر بە ریکخراوە قوتابی و خوێندکارییەکانی خۆیان بوو تا لەگەڵ نوینەری راستەقینەی خوێندکاران و قوتابیاندا.
لەو کۆبونەوانەدا لە جێگای بەڵێن دان بە خواستی دابینکردنی دەرماڵە بەخوێندکاران، کە لەساڵی ٢٠١٤ و بە پاساوی دابەزینی نرجی نەوت و شەری داعش لێیان بڕدراوە، بەڵینی دابینکردنی بڕیک پارەیان کرد بۆ چاککردنی بەشە ناوخۆییەکان و هاوکاتیش هاوکاریکردنی خوێندکارانی کەم دەرامەت، لە کاتێکدا خوێندکاران داوای دەرماڵەیان وەکو مافێکی خۆیان دەکرد بێ لەبەرچاوگرتنی دۆخی خێزانی خوێندکاران و قوتابیان.
ئەم بەڵێنە نیوە ناچل و نا زەمانەتکراوە، بووە هۆی ئەوەی جارێکی تر بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەست بدەنەوە نارەزایەتی دەربرین و کۆبونەوە و خۆپیشاندان.
لەبەرامبەر بە دوبارە دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانەکانی خوێندکاراندا، هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵات بەوپەڕی دڵرەقیەوە مامەڵە لەگەڵ خویندکاران دەکەن کە بۆ خواستی زۆر سادەو رەوای خۆیان هاتوونەتە مەیدان.
دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، لەئاستی باڵاییدا لە بێ ئاگایان دەڵێن خوێندنی خۆرایی و دەرماڵە لە دنیادا نییە، لە کاتێکدا پێچەوانەی ئەو لێدوانە راستە و لە زوربەی زۆری وڵاتانی دنیادا، هەم خوێندن خۆراییەو هەم دەرماڵەو دەیان ئیمکاناتی تر بۆ خوێندکاران زامنکراوە، سەرجەم خزمەتگوزارییەکانیشیان بە ستانداردی بەرز بۆ فەراهەمە. ئەوە بەجیا لەوەی مامۆستایانیش خاوەنی موچەی پیویست و دەیان دەورەی بردنە سەری توانایی و هونەری دەرس وتنەوەیان بۆ فەراهەمەو باسێک لە بێ موچەیی و موچەبرین و پاشەکەوتکردنی موچە نییە… کەشی ناو خوێندگا و پەیمانگاو زانکۆکان ئارام و دوور لەدەستێوردانی حزبی و پێشکەوتنخوازانەو ئینسانییە.
دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، لە جێگای وەڵامدانەوە بە خواستی دەرماڵە، باسی کەمترین هاوکاری دەکات بۆ خوێندکارانی کەم دەرامەت… ئەمەش بەمانای ئەوەیە لە جیگای دەرماڵە، سەدەقە بە خوێندکارانی هەژار دەکەن. ئاستی داخوازییەکی روون، دەهێننە خوارەوە بۆ خێر و سەدەقە… ئەمەش نەک وەڵام بەداخوازی خوێندکارن نییە، بەڵکو سوکایەتیەکی ئاشکرایە بە خویندکاران و خواستەکانیان.
خوێندکاران توێژێکی دیاریکراو و گرنگی کۆمەڵگەن و هەموو خویندکارێک بەجیا لەوەی دۆخی خێزانیان چۆنە، پیویستە بە یاسا و بەشیوەی بەردەوام لە دەرماڵەو خزمەتگوزارییەکان بەهرەمەند بن و کەشی زانکۆ و پەیمانگاکان ئارام و دوور لەدەست تێوەردانی حزبی بن. مامۆستایان موچە و ئیمیازاتی پیویستیان هەبێت نەک لەژێر گوشاری بازاڕدا و بەهۆی موچەی کەم یان بڕین و دواخستنی موچەوە، نەتوانن بە ئەرکی خۆیان هەڵسن.
چ خویندکارو چ مامۆستا، بەر لەهەموو شتێک پێویستە ژیان و گوزەران و خواست و پێداویستیەکانی خوێندنیان بۆ زامن بکرێت، تا بتوانن درێژە بەخوێندن بدەن و ئاستی خوێندن و پەروەردە بەرنە سەرەوە. هیچ زانکۆ و پەیمانگایەک ناتوانێت ئاستی پیویست نیشان بدات، ئەگەر خوێندکاران و مامۆستایانی لە ژێر گوشاری سەختی ژیان بن و خزمەتگوازریی و پیداویستیەکانیان بۆ زامن نەکرێت. لەو نێوەشدا شوینی حەوانەوە، هاتوو چۆ، بەشی ناوخۆیی، بینای گونجاو سەردەمی، تاقیگە و دەوراتی بەهیزکردنی توانایی و دەرماڵەو خزمەتگوزارییەکانیان، لە پیداویستییە سەرەکیەکانن.
هەوڵ دانی دەسەڵات بۆ ئەوەی خوێندکاران بەسەدەقە و خێرو خێرات مل بدەن، باشترین بەڵگەی بێ مۆراڵی دەسەڵات و ناکۆکیەتی لەگەڵ خویندن و پەروەردەو زانستدا.
هۆکاری دوبارەی دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانی خوێندکاران رەتکردنەوەی ئەو سیاسەتە شکستخواردووەی هەرێمە لە پرۆسیسی خوێندندا، وەڵامە بە بێدەبەستی وەزارەتی خوێندنی بالاو دەسەڵات… “نا” وتنە بە سەدەقە و خێر و خێرات و پێداگرتنە لە بەهرەمەند بوون بە دەرماڵەیەکی گونجاو، نەک خێر و سەدەقە، یان دەرماڵەیەک کە بەشی دابینکردنی کەمترین پیداویستی خوێندکاران ناکات… ئاخر ١٠٠ هەزار دینار لە هەلومەرجی ئیستای کوردستاندا بۆ مانگانەی خوێندکارێک خۆی لەسەدەقە دەچێت تا وەڵامدانەوە بە ویستی خوێندکاران. کەچی دەسەڵات ئەو ١٠٠ هەزارەش بە ڕەوا بە خوێندکاران ڕەوا نابینێت.
خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان… مافێکی سەرەتایی خۆیانە لە خۆپیشاندان و نارەزایەتی دەربڕین بەردەوام بن، تا دەسەڵات ناچار دەبێت دەرماڵەی گونجاو و پێداویستی و خزمەتگوازرییەکانیان بۆ فەراهەم دەکات… دیارە پێویستە خەڵکی کوردستانیش لە پێشیانەوە مامۆستایان و کارمەندانی سلکی پەروەردە، پشتیوانی لە داوای رەوای خوێندکاران بکەن، کەسوکاری خویندکاران کە زوربەیان ژیانێکی مەمرەو مەژیان هەیە، ئەرکیانە پشتیوانی لە رۆڵەکانیان بکەن و ببنەگوشار لەسەر دەسەڵات، تا خواست و ویستی خوێندکاران بەدی دێت.
هەر ئیستا کە خوێندکاران لەسەر شەقامەکانن بۆ دەرماڵە و خزمەتگوازرییەکان، بەرپرسانی حزب و حکومەت ژیانی فیرعەونیان بۆ خۆیان فەراهەم کردووە، کوڕ و کچەکانیان، لە پەیمانگا و زانکۆ تایبەتییەکانی جیهاندا بە گیرفانی پرەوە، دەخوێینن. هەر ئێستا کە خویندکاران داوای دەرماڵە دەکەن، باسی موڵکێکی سەرۆکی حکومەت!! لە ئەمریکا دەکرێت بە بەهای زیاتر لە ١٨ ملیۆن دۆلار… ئەم نابەرابەرییە قوڵە، سەرچاوەی زۆرێک لە خۆپێشاندانەکانی جەماوەری بێبەشی کوردستانە.
خویندکاران لەم سەردەمەی پێشرەوی زانست و دەستراگەیشتن بەسەرچاوەکانی زانیاری، ناتوانرێت فریوی فریوکارییەکانی دەسەڵات و بەرپرسەکان بخۆن و مل بدەن بە سەدەقەو خێرو خێرات. بۆیە پیویستە دەسەڵاتی سیاسی دەست لە سوکایەتی بە خوێندکاران هەڵبگرێت و واز لە لۆژیکی نا لۆژیکی بهینێت و لە جیاتی سەدەقە و خێر، بەخیرای دەرمالەی خوێندکاران بەپێی پیداویستی خوێندکاران بدات و دەستیش لەم سەرکوت و داپلۆسینە هەڵبگرێت، کە لەبەرامبەر بە خوێندکاران و چالاکوانی بەشدار تیایدا، بەدەستیەوە گرتووە. پێویستە دەست بەجێی و بێ قەیدو شەرت هەموو گیراوەکان ئازاد بکرێن و قەرەبوو بکرێنەوە.