Home ئەرشیف2021 هۆکاری نارەزایەتی هاوپەیمانی فەتح لە ئاکامی هەڵبژاردنەکان چییە؟

هۆکاری نارەزایەتی هاوپەیمانی فەتح لە ئاکامی هەڵبژاردنەکان چییە؟

by Abdulla Mahmud

هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق کە ریکەوتی ١٠/١٠ بەڕێوەچوو، سەرجەم خانەوادەی بۆرژوازی لەسەرتاسەری عێراقدا بە عەرەب و کورد و شیعەو سونەوە تەکاندا. بەشداری نەکردنی خەڵک لەو هەڵبژاردنەدا بەم رێژە زۆرە، بە پلەی یەکەم بەر لەوەی پرۆسیسی هەڵبژاردن و نمایشی دیموکراسی بۆرژوازی نیشان بدات، نمایشی نارەزایەتی جەماوەری بەرووی سیناریۆی هەڵبژاردنەکاندا، نیشاندا. دیارە ئەم نارەزایەتیە و شکستدانی خەونی خانەوادەی بۆرژوازی لە هەڵبژاردنەکاندا، تەنها رەتکردنەوەی هەڵبژاردنەکە نەبوو، بەڵکو رەتکردنەوەی سەرجەم دەسەڵاتی سیاسی بۆرژوازی و پێداگرتنەوەی جەماوەری دەیان ملیۆنی خەڵکی بێبەش و ماف زەوتکراو لەسەر بەردەوامی دان بە نارەزایەتیەکانیان و خواستەکانیان، بوو.

لەم هەڵبژاردنەدا، خانەوادەی بۆرژوازی گورزێکی کەمەر شکێنی بەرکەوت، بەڵام لەناو ئەو خانەوادە رەنگاو رەنگەدا بەشێک لە ماڵەکانی ناو حەسارەکەی گورزی سەختر و کەمەر شکێنتری بەرکەوت، ئەوانیش رەوت و لایەنە سیاسیەکانی سەر بەئیران بوون. ئەو لایەنانەی کە ئەم گورزە سەختەیان بەرکەوت، ئەوانەبوون کە لەدوای روخانی دەسەڵاتی بەعسەوە، لە عێراقدا هەمەکارە بوون و ئیران بە تەواوەتی لە پشتیان بوو. کارنامەی ئەم لایەنانە، بەکردەوە لەسەر ئینتیمای تایفی و خزمەت بە ئەجنداکانی ئیراندا دەچووە پێشەوە، جەماوەری بێبەشی عیراق لەئاستی سەراسەریدا بەر لەهەر لایەنێک، ئەو رەوتانەیان بە هۆکاری برسێتی و بیکاری و گرانی و سەرکوت و بێمافی دەزانی کە بەتەواوەتی رۆڵی نیابەتیان بۆ سیاسەت و نەخشەکانی ئیران دەگێراو دەرگایان بۆی واڵاکردبوو کەهەم دەستێوردانی ئاشکرا بکات و هەمیش ژینگەیان بۆ سازکردبوو ململانێکانی لەگەڵ ئەمریکادا لە عێراقدا بباتە پێشەوە.

هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆکایەتی هادی عامری کە ڕابەرایەتی باڵی سیاسی حەشدی شەعبی دەکات، لەم هەڵبژاردنەدا پلەی حەوتەمی گرتووە و تەنها توانیویەتی ١٦ کورسی بەدەست بهێنێت… ئەمە گەورەترین شکستە بۆ هێزێک کە پشتی بە گەورەترین هێزی چەکداری وەکو حەشد بەستووە و لەلایەکی تریشەوە لە پشتوانی راستەوخۆی ئیران بەهرەمەند بووە، کە یاریچیەکی سەرەکی لە گۆرەپانی عیراق و ناوچەکەدایە.

ئەم شکستەی هاوپەیمانیەتی فەتح ئاماژەیە بۆ تێکچوونی باڵانسی هێزی نێوان لایەنەکان و گۆڕانی هاوپەیمانتیەکان، هاوکات لایەنێکی ململانێی ناوخۆی ناوی ماڵی شیعی!! و درز کەوتنە ناویان ریشەی لەهەمان ئاڵوگۆری هاوسەنگی هێزدایە. ئەم رەوتە کە خاوەنی هێزێکی چەکداری گەورەیی تایفییە و ململانێی لەگەڵ ئەمریکا و رەوتەکانی لایەنگریدا رۆشنە، نایەوێت ئەوە قبوڵ بکات، کە جێگەو رێگەی سیاسی لە عێراقدا لاوازبێت.

دیارە هێشتا ئاکامی هەڵبژاردنەکان لە دادگای فیدرالیەوە، رەسمیەتی وەرنەگرتووەو بۆیە دەیانەوێت بەر لە راگەیاندنی ئاکامی کۆتایی فەرمی هەڵبژاردنەکان، گوشارەکانیان زیاد بکەن.

نیگەرانی رەوتی فەتح و لایەنەکانی تری سەر بەئیران ئەوەیە، کە دەزانن رەوتێکی روو لەخوار و داکشان دەپێون، لەبەرامبەر رای گشتی خەڵکی عیراقدا. لەخۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٩دا، دروشمی کۆتاییهێنان بە دەستێوردانی ئێران و هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان و دەستکورتکردنەوەیان… بەیانی رۆشنی “نا” وتنی جەماوەی بوو، بەرۆڵی وێرانکارانەی ئیران و حەشدی شەعبی وەکو میلیشیایەک کە هۆکارێکی سەرەکی نائارام راگرتنی عیراق و وەسیلەیەکی سەرکوتی ئاشکرای بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و لەبەین بردنی رابەران و هەڵسوراوانی بوو.

دیارە بەهەر ئەندازە ئەم رەوتانەی سەر بەئیران پێگەیان لاواز بێت، شانسی لایەنگرانی ناسیونالیزمی عەرەب و رەوتە شیعیەکانی دوور لە ئیران زۆرتر دەبێت… ئەمەش سەرچاوەی نیگەرانی هاوپەیمانیەتی فەتحە.

دیارە لە عێراقدا ئەگەری دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردن بەهیچ پاساوێک ئیمکانی نییە، هاوپەیمانیەتی فەتحیش ئەوە دەزانن، تەنانەت ئیرانیش لەگەڵ ئەوەدا نیگەرانن لە رەوتی پاشەکشەی هیزەکانی وابەستە بەخۆیان، بەڵام ئاکامی هەڵبژاردنیان لاباشترە لەوەی ئاڵۆزی لەعیراقدا روولەپەرەسەندن بکات. ئیران لە ئێستادا خوازیاری پشێوی و بەیەکدادانی لایەنەکان بەتایبەتی لەنێوان خانەوادەی شیعەدا نییە و دەزانن ئەمە بە زیانیان تەواو دەبێت، بەتایبەتی کە بە ئاشکرا تۆخبوونی رۆڵی بەشیک لە وڵاتانی عەرەبیدا لە عیراقدا دەبینن.

لەگەڵ ئەوەدا هێزەکانی سەر بە ئیران پاشەکشەیان کردووە و بەڵام ئێران تا ئێستا یاریچی و رۆڵی سەرەکی لە عێراقدا، دەگێرێت. بۆیە نارەزایەتی و بانگەشەی هاوپەیمانیەتی فەتح سنور بۆدیاریکراوە و نابێت ئەو سنورە ببەزینێت. ئامانجی نارەزایەتی هاوپەیمانیەتی فەتح بۆ ئەوەیە بەپێی پێوەری ئاکامی هەڵبژاردنەکان مامەڵەیان لەگەڵ نەکرێت و لە پێگە و بریار و بەشداری سیاسیدا، رۆڵیان لاواز نەبێت. دیارە تا ئیران کاراکتەری سەرەکی لە عێراقدا بێت و رەوتە سیاسیەکان خاوەنی میلیشیای سەر بەخۆیان بن، ناتوانرێت ئەو هیزانە بە پێی ئاکامی هەڵبژاردنەکان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. هاوپەیمانی فەتحیش لەگەڵ ئەوەدا لە هەڵبژاردنەکاندا شکستی گەورەتری بەرکەتووە، بەڵام ئەمە بە مانای کەنار کەوتن و لاوازکردنی رۆڵی لە بریار و بەشداری سیاسییدا نییە، بەتایبەیش تا ئەو کاتەی خاوەنی حەشدی شەعبی و پشتیوانی ئیران و هاوکاتیش ئەڵتەرناتیفی ئیران لە عێراقدا لاواز بێت.

ئەوەی مەسەلەی میحوەرییە، و دەتوانێت کاریگەری راستەوخۆی لەسەر هاوسەنگی هێزی لایەنەکان هەبێت. پەیوەندی بە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەرییەوە هەیە. ئەو بزوتنەوەیەی حکومەت و دەسەڵاتی ناچار بە هەڵوەشاندنەوەی حکومەتەکی عادل عبدالمهدی کرد و پاشان هەڵبژاردنی وەختەی بەسەردا سەپاند. هیزی کاریگەر و بریادەرەی بێ گەرانەوەیە لە واقعیەتی سیاسی عێراقدا. بەشداری نەکردنی زوربەش لە هەڵبژاردنەکاندا و تەنانەت ریسواکردنی پرۆسەکە، بەیانی داخستنی ڕیگاکانی سازش بوو بۆ پاشەپیکردن بەو بزوتنەوەیەی بۆ “هەلی کار و نان و خزمەتگوازرییەکان و ماف و ئازادییەکان و دەستیوەردانی دەرەکی” هاتە مەیدان. ئەم بزوتنەوە نارەزایەتییە، ئەگەر بتوانێت بەسەر لاوازییەکانی خۆیان زاڵ بیت، لە پیش هەموویانەوە دەست ببات بۆ خۆریکخراوبوون لە ئاستی ناوەند و کارگەو محەلاتەکان و لەهەر جوڵانەوەیەکی داهاتوودا تیکەڵی نارەزایەتی شەقام و گۆرەپانی تەحریرەکان ببێت… وە هاوکات گرفتی رابەرایەتی سەراسەری وەڵام بداتەوە، دەتوانێت ئایندەی سیاسی عیراق، بە دیوێکی تردا بگورێت، کە ئیرادەو توانایی جەماوەری تیایدا میحوەرو بنیات نەر دەبێت. ترسی سەرەکی و بناغەیی بۆرژوای لە عێراق و ناوچەکەشدا، ئەم بزوتنەوە نارەزایەتییە جەماوەرییە نەک پاشەکشەی لایەن و هاوپەیمانیەتیەک لە هەڵبژاردنەکاندا. ئەگەر هاوپەیمانیەتی فەتح نیگەرانە لە پاشەکشەی لە هەڵبژاردنەکاندا، ئەوا نیگەرانی سەرەکی ئەو لەپاڵ هیزە ناکۆک و نەیارەکانیدا، هەر بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری ریشە داکوتراوە، کە پشت ئەستوورە بە راپەرین و خرۆشانی سالی ٢٠١٩…

لەوانەیە تۆ ئەمانەشت بە دڵ بێت

لێدوانێک بەجێ بهێلە

هاوڕێمان بن!

پەیوەندی

دەتوانن ڕاستەوخۆ پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ هەر سەرنج و پێشنیار و ڕاگۆرینەوەیەک، لە ڕێگای:

abdulla.mahmud@gmail.com

دیمانەی پێشەنگ

Play Video