چەند رۆژی رابردوو، کۆمەڵگەی کوردستان گەواهیدەری هاتنەمەیدانی بزوتنەوەی خوێندکاران بوو. بزوتنەوەیەک کە بەریزی دەیان هەزارییەوە هاتە مەیدان و بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی تری کۆمەڵگەی کورستانیش پشتیوانیان لێکرد.
خۆپیشاندان و هاتنەمەیدانی خوێندکاران بۆ خواستی دەرماڵە کە لەساڵی ٢٠١٤وە بە پاساوی نەبوونی بودجە بڕدراوە، لەگەڵ خواستی چاککردنی بەشە ناوخۆیەکان و زامنکردنی خزمەتگوزاری زۆر سەرەتایی و رەوا، خواستێکی زۆر سادە بوو، لەناو دڵی دەیان خواستی جەماوەریدا کە چینی کرێکار و جەماوەری بیبەش، هەیانە.
بێدەربەستی دەسەڵاتی سیاسی لەوەڵامدانەوە بەسەرەتاییترین خواستەکانی چینی کرێکار و جەماوەری بێبەش لەوانەش خواستی زۆر سادەی خویندکاران، لەکاتی خۆیدا نیشانەی ئەوەیە ئەو دەسەڵاتە نەک هیچ رایەڵ و پۆیەک و پەیوەندیەکی تەندروستی بەهیچ کام لە بەشەکانی کۆمەڵگە نەماوە، بەڵکو بەکردەوە کەوتۆتە بەرامبەر بەبەشی هەرەزۆری کۆمەڵگەو داواو داخوازییەکانیان.
لەوەش زیاتر کاردانەوەی زەبر و دەستبردنی دەسەڵات بۆ هەموو شیوازەکانی سەرکوت و توندوتیژی بەرامبەر بە بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لەبەرامبەر هینانە گۆڕی داخوازییەکانیان، بەناچار جەماوەری بیبەشی کوردستان رق ئەستورتر دەکات و شێوازەکانی خەباتی دەباتە ئاستێکی باڵاترەوەو ڕیگایەک بۆ گەرانەوەی ئەو بزوتنەوەیە بەرەوخامۆشی یان راوەستان ناهێڵێتەوە.
بزوتنەوەی خوێندکاران لەپاڵ دەیان بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی تردا، لەخۆپیشاندان و مانگرتن و بایکۆتی بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، لە موچەخۆاران و کارمەندانەوە بۆ مامۆستایان و وانەبێژان، تا دەگاتە خانەنشینان و شوفێران و کەم ئەندامان و خەڵکی گەرەک و ناوچەکان بۆ خزمەتگوازرییەکان و پیداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان، بزوتنەوەیەکی یەکجار گەورەی کۆمەڵایەتییە کە سەرپای کۆمەڵگەی داگرتووە. هەموو ئەو نارەزایەتیانە بەرەو تیکەڵ بوون و یەکانگیر بوون دەچن.
دیارە هاتنە مەیدانی خویندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان، و پەیوەست بوونیان بە بزوتنەوەی بەش و توێژەکانی تری کۆمەڵگەوە، وەرچەرخانێکی گرنگە لە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەریدا بەدژی دەسەڵات. بزوتنەوەی خوێندکاران لە هەموو سەردەمەکاندا کاتێک هاتۆتە مەیدان ئاڵوگۆڕی گەورەی بەدوای خۆیدا دروست کردووە، لەسەردەمی بەعسدا بەشیکی زۆری زانکۆ و پەیمانگاکان کوانوی و ناوەندی سیاسی بوون بەدژی دەسەڵاتدا، خۆپیشاندانی خویندکاران لە ساڵی ١٩٨٢ شاری قەڵادزی کەدواتر سەرجەم کوردستانی تەنیەوە، هاوسەنگی هیزی لەبەرامبەر بەعسدا گۆڕی و تەکانێکی گەورەی بە بزوتنەوەی دژە بەعسیزم دا. خۆپیشاندانەکانی ئەم رۆژانەی رابردوو بەهەمان شێوە سەرەتای دەورەیەکی نوێیە لە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەریدا بەدژی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی، تۆکمەکردنی خەباتی نەپساوەی جەماوەرییە.
دەسەڵاتی سیاسی هەر بەو هۆیەوە کە هاتنە مەیدانی خویندکاران بە ئاڵوگۆرێ گەورە دەزانێت بەرامبەر بە پێگەو دەسەڵاتەکەی، بۆیە زۆر بەتوندی کەوتە بەرامبەری و هەرچی لەدەستی هات لە یەکەمین ڕاچەنینی خوێندکاراندا بۆ خامۆشکردنەوەی بەدەستیەوە گرت… لە فریوکارییەوە بۆ تێکدان، لەبەکارهێنانی ئاوەوە بۆ غازی فرمیسک رێژ، لە لێدان و شەق وەشاندنەوە بۆ رفاندن و گرتنی سەدان کەس و راپیچکردنیان بۆ زیندانەکان. هاوکاتیش لەژێر گوشار و لەترسی بەرینتربوونەوەی نارەزایەتیەکان، دەسەلات ناچار بوو لەسەر ئاستی باڵای حکومی و حزبیدا، بێتە سەرخەت و گفتوگۆ لەگەڵ خویندکاران بکات و بەڵینی باشکردنی ژیانی خوێندکارانی کەم دەرامەت و چاککردنی بەشەناوخۆیەکان و دابینکردنی بەشێک لە خزمەتگوازرییەکانیان بدات. کە ئامانج لەو دانیشتن و بەڵێنانە، بەر لەهەموو شتێک بۆ خاوکردنەوەی نارەزایەتیەکان و بەرگرتن بە تەنینەوەی بوو، بۆ ئەوە بوو ریگە لەوە بگرن بەشەکانی تری کۆمەڵگە پێیانەوە پەیوەست بن… بەتایبەتیش کە خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکە سەراسەری بوو، واتە هەردوو زۆنی دەسەڵاتی گرتبۆوە.
ئێستا ئەم بزوتنەوەیە تاڕادەیەک لەشەقامدا خامۆش بۆتەوە، بەڵام تورەیی و نەفرەتی خوێندکاران بوو بەبەشێک لە بزوتنەوە کۆمەلایەتیەکانی تر کە بەدوای ١٧ شوباتەوە، رۆژ بەرۆژ لە هەڵکشاندایە و هەنگاو بەهەنگاو خاراوتر دەبێت، ئەزموون پەیدا دەکات، بەرەو ریکخراوبوون دەڕوا، خۆشباوەری بە رەوتە فریوکار و ئۆپۆزیسیۆنە بودەڵەکان و ئەندام پەرلەمانە تەسەلە دەم گەرم و مادام العمر موچە چەند ملیۆنیەکانیان رەویوەتەوە. تەلیسمی ترس و تۆقاندن بەرەو شکان چووە.
نارەزایەتی خویندکاران تەنها لە خواستی دەرماڵەو باشکردنی خزمەتگوزارییەکان و چاککردنی دۆخی بەشە ناوخۆییەکان کۆناکرێتەوە، بەڵکو هاوکات بەشیکە لەو بزوتنەوەی کۆمەلایەتیە فراوانەی بۆ ڕاماڵینی دەسەڵاتی سیاسی ئامادەیی هەیە و لەپەرەسەندندایە.
ئەوە رۆشنە هەموو بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی لە هەلومەرجێکدا کە خواستی راماڵین ئامادەیی هەبێت، ئەگەر بۆ داواکاری زۆر سادەو خواستی بچوکیش بیتە مەیدان، پەیوەست دەبێتەوە بەهەمان رەوەند و خواستی راماڵینی دەسەڵات. بۆیە بزوتنەوەی نارەزایەتی خویندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان، دابڕاو نییە لە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری.
لەنیوان بەڵێنی دەسەلات و خواستی رەوای خویندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکاندا، مەودایەکی زۆر هەیە. دەسەڵات هەمیشە لەژێر گوشاری هاتنە مەیدانی جەماوەرییدا، بەمەبەستی خاوکردنەوە و پاشەکشەپیکردنی بەڵێن دەدەن بەڵام دواتر شانی خۆیان لە جێبەجیکردنی بەڵینەکانیان دەدزنەوە. بۆیە ئەگەر خویندکاران و رابەرانی لەدریژەی خۆپیشاندانەکانیاندا، پیداگری نەکەن و گوشارەکانیان ئیدامە نەدەن، جێ بەجێکردنی خواستەکانیان بەشوێنێک ناگات.
مەسەلەیەکی تر کە زۆر گرنگە و زامنی سەرکەوتنی سەرجەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانە، رێکخراوبوونە. خویندکاران بۆ سەرکەوتنیان و بەدەستهێنانی داخوازییەکانیان و بەرگری لە مافەکانیان، پێویستیان بە رێکخراوبوونە، پێویستیان بەرێکخراوەی سەربەخۆی خۆیان هەیە، ریکخراوێک کە خواستی هاوبەشی خویندکاران و بەرژەوەندیەکانیان بە بێ گویدانە بە ئینتیمای سیاسی و حزبی و بیروباوەر لەبەرچاو بگرێت و مەبناکەی بەرگری لە خواستەکانی خویندکاران و مافەکانیان بێت. هاوکات لێک هەڵپێکانی بزوتنەوەکەیان بۆ خواستەکانیان لەگەل بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی تر لە پێناو خواستەکانیاندا، بزوتنەوەی نارەزایەتی لە ئاستی سەراسەریدا بەهێزتر و گەورەتر دەکات و هێز دەبەخشیت بە تەکانەکانی داهاتوویان.
بزوتنەوەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان، بەشێکە لەو بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە فراوانەی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا هەیە. هیچ بزوتنەوەیەکیش بەتەنها و بەبێ پشتیوانی بزوتنەوە کۆمەلایەتیەکانی تر ناتوانێت بەسەرکەوتن بگات و ئاستی خواستەکانی فراوانترو هەمەگیر بکات.
رابەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی خویندکاران لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا، پیویستە بە نەخشەوە هەنگاو بنین و لەژیر پەرچەم و ئاسۆیەکی رادیکاڵ و شۆرشگێرانەدا و بەشیوەی ریکخراو رەوتی بەرەوپیشەچوونی خەباتی هەقخوازانەیان، بگرنە بەر.
کۆتایی نۆڤەمبەری ٢٠٢١