Home ئەرشیف2021 نەوەی نوێ لەکۆمپانیاوە بۆ حزب سازی

نەوەی نوێ لەکۆمپانیاوە بۆ حزب سازی

by Abdulla Mahmud

کەم شوێن هەیە لەدنیادا، هێندەی جەماوەری کوردستان دەگیری دۆخی نائاسایی بێت. کەم جغرافیا هەیە هێندەی کوردستان پارچە پارچەکراو بێ ئایندە بێت. کەم شوینیش هەیە هێندەی کوردستان حزبی سیاسی عەنتیکەی تیابێت.

زوربەی هەرەزۆری حزبە سیاسییە بۆرژوازییەکانی ئێستا بونەتە کۆمپانیا، کۆمپانیایەکی هەزار سەر بۆ وەبەرهێنان و تاڵانی، لە ڕێگای داسەپاندنی دەسەڵاتی سیاسی و بەشداری لەدەسەڵاتدا.

پارتی و یەکێتی، گۆڕان… بەوێنەی سێ حزبی سیاسی بەشدار لەدەسەڵات… بەکردەوە بوونەتە کۆمپانیا و دوورو نزیک پەیوەندیان بە چارەسەری هیچ پرسێکی هاوڵاتیانی کوردستانەوە نەماوە، لەوەش زیاتر خۆیان بونەتە گەورەترین کۆسپ و رێگر لەبەردەم هەر هەوڵ و جوڵەیەکی تر لە پێناو کەمترین ئاڵوگۆر سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و فەرهەنگی. بازاڕ و هەموو جومگەکانی وەبەرهێنان و بەڵیندەرایەتی، پاڵاوگەی نەوت و بازرگانی، گومرگ و باج و سەرانە، دەروازە سنورییەکان، تا دەگاتە دەستبەسەراگرتنی سەدان و هەزاران دۆنم زەوی و بۆ خانو باغ و کۆشک و تەلارەکانیان.

لەبەرامبەردا لەم هەموو تاڵانی و راوروتە ئاشکرایە ئامادەنین بەشێکی زۆر ناچیزی بدەنە دەست هاوڵاتیان و بەرهەم هێنەرانی کۆمەڵگە، لە جێگای ئەوە بەری دەستڕەنجی کرێکاران و کارمەندان و جەماوەری بێبەش هەڵدەلوشن و لەو کرێ و موچە زۆر کەم و لێقرتینراوەش، دیسان دەدزن، نایدەن و دوای دەخەن… کەرتەکانی خوێندن و پەروەردە، تەندروستییان وێران کردووە، لەژێر چەپۆکی خۆیاندا بەرەوخنکاندنی تەواوەت راپێچ دەکرێن.

ئەم حزبانە لەهەر جێگا و شوینیک، تەنانەت لە یەک ژووردا، لە یەک دیناری چاپدا، لەیەک دەققە بەرهەم هێناندا، لەهەرە ژەمە خۆراکێکی هاوڵاتیاندا، لەیەک ساتدا و لەهەر جێگایەک بوونیان هەبێت، دەدزن و دەدۆشن.

ئەم حزبانە لەم هەموو دزی و تاڵانی و بێ دەربەستیە، لەم هەموو خۆ بەخاوەن زانینەی سامان و داهاتی هاوڵاتیاندا، هێشتا هیچ بەرنامەو نەخشیەکیشیان بۆ ئایندەی ئەم هەرێم و جغرافیایەی ژێر قەڵەمرەویان نییە… تاڵانی و دزی، لەهەموو شتێک و لەهەموو ئاستێک و لەهەموو گۆشەیەک… بۆتە قیبلەنومای کاریان، حکومەت و پەرلەمان و دادگای حزبیان، میدیا و خێڵی کادری حزبی کاریان رەواییدانە بەو دزی و تاڵانییەو خۆشیان بەشێکن لەم فەرهودە راستەوخۆ و رەسمی و نارەسمیەی، کە هەر کەسێکی ویژدان زیندو دەیزانێت.

بەکردەوە ئەم حزبانە بوونەتە کۆمپانیاو بەکردەوەش خاوەنی هیچ بەرنامەو نەخشەی سیاسی و هەڵگری هیچ بژاردەیەک بۆ چارەسەری هیچ کیشە و گرفتێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری ناوخۆیی دەرەکی نین.

لەو چوارچێوەیەدایە ئەو حزب و رێکخراو و جوڵانەوەی سیاسیانەی تر کە دێنە مەیدان و پێدەگرن، بەهەمان نەفەسی کۆمپانیا سازی خۆیان دەخەنە روو، وە دەچنە بەرامبەرکێی حزبەکانی دەسەڵاتەوە. دیارە هەموویان چ ئەوانەی لەدەسەڵاتن و چ ئەوانەیشی پێدەگرن و پێکدێن، وەبەرهێنان و بەهرەبەرداری لەمەسەلەو گرفت و کیشەکانی جەماوەری بێبەشی کوردستان دەکەن.

بزوتنەوەی گۆڕان و ئیسلامیەکان…. وەکو حزب و رەوتی سیاسی هاتن و ویستیان و هەوڵیاندا بگەنە دەسەڵات، زۆریان وت و زۆر بانگەشەیان کرد و خەونەکانی جەماوەری بیبەشیان لە بەرۆکیاندا، کە گەیشتنە دەسەڵات، بە قەبارەی خۆیان دەمیان ژەنییە داهاتی تاڵانکراوی خەڵکی بێدەرەتانی کوردستان و بوونە کۆمپانیای لوشدان و هاوبەش لەگەڵ دەسەڵاتی تاڵانچی پیشوو.

لە ئیستادا جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بە سەرۆکایەتی بازرگانێکی ناو ململانێی کۆمپانیا حزبیەکان، پێگرتوو لە کەشی گەندەڵستانی دەسەڵاتی سیاسی کوردستاندا، دەیەوێت بەرەو بەشداری دەسەڵات بچیت، تا زامنی دزی و تاڵانی بکات و زەمینەی فراوانتری بۆ دزی و تاڵانی بە نسیب بێت. حزبە سیاسیەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی کورد، لە رێگا دەسەڵاتەوە بوون بە کۆمپانیا، ئەم جارە خاوەن کۆمپانیاکان دەیانەوێت ببن حزب و دوبارە کۆمپانیا سازی بکەن لە کەشێکی بەفەرمی ناسراوی ژێر سایەی دەسەڵاتی چەکداری میلیشیایی حزبیدا. بەم جۆرە حزب دەبێتە کۆمپانیاو کۆمپانیا بەرەو حزب هەنگاو دەنێت… هۆکارەکەشی ئەوەیە دەسەڵات و رادەی دەسەڵات، پێوەرە بۆ کاری کۆمپانیاسازی و دزی و بەرینترو رەسمی تر!!

جوڵانەوەی نەوەێ نوێ هیچ پرانسیب و فۆرمێکی ریکخراوەیی و حزبی نییە، مەکتەب سیاسی و کۆمیتە ناوەندی و ریکخراوەی خۆجێی و لۆکاڵی نییە، ناوەندی لێپرسینەوە بڕیاردانی بەکۆمەڵی نییە… بەکردەوە سەرۆکی کۆمپانیاکان، کەسێک لەڕیگای داهاتێک کە لە گەندەڵستانی کوردستانی ژێر دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتیدا بەدەستی هێناوە، بەکەڵک وەرگرتن لە میدیایەک کەهەیەتی، دەیەوێت ببێتە کۆمپانیایەکی حزبی و لەو رێگایەوە، کاری کۆمپانیاسازی لە ئاستیکی فراوانتر و رەسمی تردا بەرەوپیش ببات و ڕیگریەکانی بەردەم بەرینبوونەوە و بڵاوبوونەوەی لاببات. بەپێچەوانەی هەموو حزبە سیاسیەکانی تری کوردستان و کاری حزبایەتی، ئەگەر سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەستی لەکارکیشایەوە جوڵانەوەکە دەمرێت، ئەگەر تۆرا، کۆتایی دێت… یانیش وەکو سەرجەم حزبەکانی تر جێگاکەی بەیەکێک لە خانەوادەکەی دەسپێردرێت و هەمان رێرەوی تەوریسی سیاسی تۆختر دەکەنەوە.

کاری سەرەکی ئەم جوڵانەوەیە بۆ راکیشانی هاوسۆزی دەنگ سازی و گەیشتن بەدەسەڵات، خستنە گەرێ بەشیک لەو ئیمکانەتە فراوانەیە، کە لەژیر سایەی دەسەڵاتی گەندەڵستانی کوردستاندا دەستی کەوتووە. لەو سەرمایەی لەبەردەستیەتی ئاو دابەش دەکات، بەنزین وەکو کەمپەینێک بۆ چەند رۆژ هەرزان فرۆش دەکات، چەند دەبە نەوتێک دەداتە خێزانە کەم دەرامەتەکان، پردیکی داروخاو، بینادەنێتەوە، رێگایەکی کورتی ناچیز نۆژەن دەکاتەوە، چەندین ناوەندی خەیاتی و پیشەیی دەکاتەوە…. ئەو رۆڵە دەگێڕیت کە یەکگرتووی ئیسلامی لەکاتی هاتنە مەیدانییدا لە رێگای کاری خێرخوازی و ئارد دابەش کردن و موچە برینەوە و کردنەوەی کۆرش بۆ مناڵانەوە، لەرێگای ئەو داهاتەی لە وڵاتانەوە وەری دەگرت، دەیویست ببیتە هیز و دەستی لە دەسەڵات گیرببێت… نەوەی نوێ هەمان ئەلگۆی کاری خێرخوازی و بە بەکارهینانی بەشیک لە داهاتی کۆمپانیاکانی سەرۆکی جوڵانەوەکە، کە لەدزینی دەسترەنجی هاوڵاتیانی بیبەشەوە کەڵەکەی کردووەو دەکات، دەبەخشیتەوە بە هەندێک کاری ناچیز بۆ خەڵک… دیارە ئەو رەوشت و ئەلگۆیە لە کاری سیاسیدا، بیئیرادەکردنی رۆڵی جەماوەرە، بۆ شاردنەوەی شارەگەکانی دزی و کەڵکەی سەرمایەدارییە، بۆ دورخستنەوەی جەماوەری بەش مەینەتە لەدەستبردن بۆ کاری ریکخراو و خەباتکارانە. وە بەمانای وشە بۆ تیکشکاندنی ئیرادەی جەماوەرییە. هەر لەراستای ئەم ئیرادە شکاندنەدا، چەندین جار بۆ شکاندنی مانگرتن، خاوکردنەوەی تورەییەکان، نەوەی نوێ لەڕیگای ئەو ئیمکانیەت و توانەیەی هەیەتی، مانگتنی کرێکارانی بەشکست کیشاوە، تورەیی خەڵکی بۆ ئاو نەوت، لەڕیگای دابەشکردنیانەوە، خاو کردۆتەوە و بەهانای دەسەڵاتەوە چووە.

ئەم جوڵانەوەیە لەگەڵ ئەوەدا شانسی دورمەودای نییە، بەلام لەکورت ماوەدا و لە نەبوونی هیزێکی سیاسی راستەقینە کە نوێنەرایەتی خواستە رەواکانی جەماوەری بیبەشی کوردستان بکات شانسی ئەوەی هەیە بەشیک لە جەماوەری نەدار و برسی بەشیوەی کاتی، لەدەوری خۆی کۆبکاتەوە و بیانکاتە دەنگی بەدەستهینانی چەند کورسیەکی پەرلەمانی و خۆیشی ببیتە موچەخۆرێکی یاسایی!! لەدەسەڵاتدا، کە مانگانە چەند ملیۆن دۆلارێک وەربگرێت.  

لەهەلومەرجی ئێستای کوردستاندا، بەکردەوە جەماوەری بێبەشی کوردستان لەگەڵ چەند دەسەڵاتێکی کۆمپانیایی بەرەوروون تا دەسەڵات و حزبی سیاسی… راستە ئەم حزبانە، دەرهاویشتەی بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی بۆرژوازی ناسیونالیستین و لەسەر زەمینەی  بێمافی سیاسی خەڵکی کوردستان و خواستە ئابوری وسیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ئەوان و بە بانگەوازی رزگاریان هاتوونەتە مەیدان… بەڵام دنیا واقعی و ئەزموونی بەکردەوەیان روخساری چەند کۆمپانیایەکمان نیشان دەدات تا حزبی سیاسی. ئۆپۆزیسیۆنی ناو هەمان خانەوادە بەچکەی هەمان بزوتنەوەی کۆمەڵایەتین. جەنگ و بەرامبەرکێیان بۆچوونە ناو دەسەڵات، بەرامبەرکی و جەنگە بۆ کۆمپانیابوونی فەرمی و بەرینکردنەوەی دزی و تاڵانی.  

جێگای سەرسامی نییە، رەوتێکی وەکو جوڵانەوەی نەوەی نوێ، باسی خۆپیشاندان و بەرگری لە ماف و قوتی خەڵک بهێنتە گۆڕ. وەبەرهێنان لە نارەزایەتی جەماوەری لەدژی دەسەڵات بکات، چونکە بێ ئەو درۆیە، بی ئەو بانگەشەیە، ناتوانێت سواری بەشێک لە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەی بێت، ناتوانێت و شانسی گەیشتن بە کاروانی ململانێی کۆمپانیا سازی لەهەرێمدا نابێت کە حزبە سیاسیەکانی تر دەی ئاژۆن.

بزوتنەوەی واقعی و نارەزایەتی بەرحەقی جەماوەری، لەدژی دەسەڵاتی سیاسی و بەکردەوە لەدژی ئەو کۆمپانیانەی لەرێگای دەسەڵاتی سیاسیەوە پاوانی بازار و هەموو جومگەکانی تاڵانسازیان کردووە، ناتوانێت بەسەرکەوتن بگات، ئەگەر لەیەکەمین راسانی خۆیدا، دەست بۆ بەسەرداگرتنی سامانی ئەو حزب و دەسەڵاتە سیاسی و  بەرپرسەکانیان، لە حزب و حکومەتدا نەبات… راماڵینی دەسەڵات هاوکاتە بەڕاماڵینی چەند کۆمپانیایەکی حزبی دەسەڵاتدار، کە لەڕیگای ئەو دەسەڵات و هێزەی هەیانە، دەمیان ژەنیوەتە هەموو سامان و داهاتی ئیستاو داهاتووی کۆمەڵگەوە… بێگومان رۆڵی بنچینەیی و رابەری بۆ ڕاماڵینی دەسەڵاتی ئەو کۆمپانیایانەی کەهێشتا ناوێ حزب و ئارمی حزبیان پێوەیە، ئەرکی بەشی پێشرەوی چینی کریکار و جەماوەری تاڵانکراو و بێبەشی کوردستانە، کە خاوەنی ئەسڵی بەرهەم هێنان و سامان و داهاتی کۆمەڵگەن.   

ناوەراستی نۆفەمبەری ٢٠٢١

 

لەوانەیە تۆ ئەمانەشت بە دڵ بێت

لێدوانێک بەجێ بهێلە

هاوڕێمان بن!

پەیوەندی

دەتوانن ڕاستەوخۆ پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ هەر سەرنج و پێشنیار و ڕاگۆرینەوەیەک، لە ڕێگای:

abdulla.mahmud@gmail.com

دیمانەی پێشەنگ

Play Video