Home ئەرشیف2021 شکست هێنان بەهەڵبژاردن، بەشێک بوو لە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری بۆ ڕاماڵینی دەسەڵات!

شکست هێنان بەهەڵبژاردن، بەشێک بوو لە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری بۆ ڕاماڵینی دەسەڵات!

by Abdulla Mahmud

بەرواری ١٠ ی ئۆکتۆبەر، هەڵبژاردنی پێش وەختە بۆ پەرلەمانی عێراق لەسەرتاسەری عێراق بەڕێوە چوو. دیارە ئەم هەڵبژاردنە لەئاکامی ڕاپەرین و بزوتنەوەی فراوانی جەماوەری لە عێراقدا بەسەر دەسەڵاتی سیاسی بۆرژوازیدا سەپێنرا. سەرەتا حکومەتی توشی هەڵوەشانەوە کرد و پاشانیش حکومەتی ناچار کرد دەست ببات بۆ هەڵبژاردنی پێش وەختە.

ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر ساڵی ٢٠١٩، جوڵانەوەیەکی هێندە گەورە بوو، کە لەمیژووی سیاسی عێراقدا کەم وێنەو ناوازە بوو. پایەی چینایەتی ئەم راپەرینە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکیش و لاوانی بێبەشکراو بوون. خواستی هەلی کار و خزمەتگوزاری، ئەمنیەت و وەستانەوە بەرووی دزی و تاڵانی و نۆکەرپیشەیی دەسەڵات بۆ وڵاتانی ناوچەکە بوو. ناوەندی شارەکان و گۆڕەپانەکان ببوونە مەیدانی کۆبونەوەی دەیان هەزار کەسی، دەنگی نارەزایەتی و شەیپوری ڕاماڵین و بڕۆن” ارحل” ببووە نمایشێکی چینایەتی مەزن. بۆرژوای عیراقی هەموو ڕیگایەکی گرتەبەر بۆ پاشەکشەپێکردن بەم بزوتنەوەیەو شکست پێدانی، لەو ڕێگایەشدا فریوکاری و سەرکوت و کوشتار و زیندانی، تیرۆری رابەرانی… بەدەستەوە گرت، بەڵام بەشوێنێک نەگەیشت و سەرئەنجام ئەم بزوتنەوەیە مێژووی سیاسی عێراقی گۆڕی، کە گێرانەوەی بۆ بەر لە ئۆکتۆبەر لەتوانادا نییەو لە میژووی راپەرینی جەماوەریشدا، بۆ دەیان ساڵی تر دەمێنێتەوە. ڤایرۆسی کۆڕۆنا، بووە خێر وبەرەکەتێک چونکە رابەران و هەڵسوڕاوانی جەماوەری و خۆپیشاندانەکانی ناچار کرد کە بڕیاری راگرتنی خۆپیشاندانەکان و چۆڵکردنی شەقام و گۆرەپان و ناوەندی شارەکان، لە پێناو تەندروستی گشتیدا بدەن.

دەسەڵاتی بۆژوازی عێراقی، لەچوارچێوەی دەیان بەڵێندا، ناچار بوون حکومەت هەڵبوەشێنەوە و پاشانیش بریاری هەڵبژاردنی پێش وەختە بە خۆپیشاندەران بدەن. ئامانجی سەرەکیشیان ئەوە بوو،  لەلایەکەوە ویستی راپەڕین و خرۆشانی جەماوەری بۆ ڕاماڵین پاشەکشە پێبکەن و پاشانیش ئارایشیکی تازە ببەخشنە ریزەکانیان، کە توانای بەرگری لە سیستەمی سیاسی بۆرژوای هەبێت.

بۆرژوازی کورد لە کوردستاندا، کە ئەویش لەبەردەم بزوتنەوە و خرۆشانی بەردەوامی جەماوەری بێبەش و نەداردا بوو، پێشوازی لە هەڵبژاردنی پێش وەختەکرد. ئامانجی بۆرژوازی کورد لە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەوە بوو، پێش وەختە، هەنگاو بە ئاقاری خاوکردنەوەی تورەیی جەماوەریدا بنێت و ئەم بزوتنەوەیە پاشەکشە پێبکات و لە داخوازییەکانی بیهێنێتە خوارەوە. لە داخوازی ڕاماڵینەوە بیگوازێتەوە بۆ داخوازی داواکارییەکان و بزوتنەوە نارەزایەتیەکان سەرجەم دەسەڵات نەکەنە نیشانەو خاڵی کۆتایی دانەنێن بۆ دەسەڵات.

لەم چوارچێوەیەدا بۆرژوازی کورد… کەوتنە بەخشینەوەی دەیان و سەدان بەڵێن و وادەی گەورە، پان و تیژ، قوڵ و هەمەگیر، محەلی و سەراسەری… بەتایبەتیتریش فۆکوسیان کردە سەر بەدەستەوەگرتنی پرسی کورد و کێشەی نەتەوەیی، لەبەرامبەر بە شۆڤینیزمی عەرەبی و ئیسلامی و تورکی. بەخەڵکی کوردستانیان دەوت ئەم هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی عێراقە، دەیان وت ئەم هەڵبژاردنە پەیوەستە بە سەنگ و پێگەی کوردەوە لە بەغدا، دەیان وت ئەگەر خەڵک بەشداری هەڵبژاردن بکات و دەنگ بە کورد بدات، ئەوا مافەکانی خەڵکی کوردستان کە لە دەستوردا هاتووە، جێبەجێ دەکەین و مادەی ١٤٠ دەهێننەوە سەر میزی دانوستاندن، دۆخی کەرکوک ئاسایی دەکەنەوەو دەسەڵات دەگێڕینەوە بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان، شایستە دارایەکانی هەریمی کوردستان زامن دەکەین،…تاد. هەموو ئەم درۆ شاخدارانەیان دەبەخشیەوە لە کاتێکدا بەدریژایی بوونیان لە بەغداو دەستخستنە ناو هاوپەیمانەکانیان، تا هاتووە ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان و مافە زۆر سادەو سەرەتاییەکانیان بەرەو نەمان بردووە خودی کێشەی خەلکی کوردستانیشیان، ئاڵۆزتر و پر کێشە کردووە. فیدرالیزمی پوچی قەومی بۆتە بار بەسەر کێشەی رەوای خەڵکی کورستانەوە… باسی کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکانیان دەکرد، لە کاتێکدا زیاتر لە دەهەو نیوێک دەسەڵاتی کەرکوک و ناوچە کیشەلەسەرەکان بەدەستی خۆیانەوە بوو، کەچی لەڕیگای سەرانی مافیایانەوە، لەڕیگای دوو دەزگای ئاسایش و دوو پۆلیس و دوو هیزی پیشمەرگەی حزبی و هەواڵگری و باندی جاسوسیەوە، ژیان و گوزەران و ئەمنیەتی کەرکوک و ناوچە کیشەلەسەرەکانیان، بەرەو وێرانی بردبوو، تەفرەقەی قەومییان قوڵ دەکردەوە، ماف و خزمەتگوازرییەکانیان بە مەتری دەسەڵاتی حزبی دەپێوا… کەچی لەم هەڵبژاردنەدا بەدرۆی بەرگری لەکەرکوکی “دڵ” و “قودس” کوردستان، دەیانەویست خەڵکی کوردنشینی کەرکوک فریوبدەن و بە ترساندنیان بە دیوەزمەی ناسیونالیزم و شۆڤینیزمی عەرەبی و تورکی، خەڵکی راپیچی بەردەم سندوقەکانی دەنگدان بکەن.

لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا، جیاوازی بەرینی چینایەتی بێداد دەکات. لەلایەکەوە سەرمایەدارەکان هەڵدەتۆقن و سەرمایەکەیان بەخێرای زۆرەوە هەڵدەکشێت،  لەبەرامبەردا چینی کریکار و بێبەشان، هەژارتر و برسیتر و بێمافتر و دەبن و بە ئۆردوی هەژارییەوە پەیوەست دەبن، موچە کەمە و نادرێت و لێی دەبڕدرێت، یاسایەک نییە بەرگری لەمافی زۆر سادەی کریکاران بکات، دامەزراندن و پلە بەرزکردنەوە نییە، بێکاری بێداد دەکات و بیمەیەکی بیکاری بوونی نییە، و رۆژانە لاوانی ئامادەبەکار بۆ ئۆردوی بێکارانەوە پەیوەست دەبن. خزمەتگوازرییە زۆر سەرەتاییەکانی وەکو ئاو و کارەبا و سوتەمەنی، خویندن و پەروەردە و تەندروستی، شارەوانی، ڕیگا وبان…. بەرەو وێرانی چوون و دەسەڵات خەریکی هەرزان فرۆشیانە بە کەرتی تایبەتی و شانی خۆی لەهەموو بەرپرسیاریەتیەک خاڵی دەکاتەوە و لەداسەپاندنی باج و سەرانەشدا، بەردەوامە.  یاسا و ریسا کۆنەپەرستەکان پەرە پێدەدەن و دەمەزەردیان دەکەنەوە، کەشی ئاواڵەی سیاسی بەسەرکوتی سیاسی بەرەو قوفڵ لێدان دەبەن، لەسەر داوای موچە و خزمەتگوزاری خۆپیشاندەران  بەر دەسترێژی گوللە دەدەن و لە زیندانیان توند دەکەن و تۆمەتیان دەخەنە پاڵ و بی دادگایی بەساڵ لە گرتوخانەکاندا رایان دەگرن. سەرەتاییترین مافە فەردی و مەدەنیەکان لەبەردەم هەرەشەی چەک و میلیشیادان، ئاسایش و ئەمنیەتیکی سەقامگیر بوونی نییەو هەموو کات و سەعاتیک دەشێت هێزیکی وەکو حەشدی شەعبی، داعش، لەشکرکیشی ولاتیک، دۆخی هەرێمی کوردستان بەسەریەکدا بڕمێنێت. ئاییندەی سیاسی کوردستان، نادیارە… نۆکەر پیشەیی ئاشکرایەو وڵاتانی ناوچەکە لە قوڵایی کوردستاندا تەراتین دەکەن و هێرش دەکەنە سەر هێزە سیاسیە دژ بەرەکانیان… دزی و تاڵانی ئاشکراو نهێنی، بی ئەوپەرەو رۆژانە لەزمانی خۆیانەوە تۆماری دزی و تاڵانی رادەگەیەنرێت. حکومەت و پەرلەمان بوونەتە بار بەسەر شانی هاوڵاتیان و داهاتەوە. موچەی وەزیر و راوێژکارەکانیان، موچەی سەرۆکایەتی هەرێم و راوێژکارو ئیمتیازەکانیان، موچە پەرلەمان و ئەندام پەرلەمان وئیمتیازەکانیان، موچەی بەرێوەبەرە گشتییەکان، تەنانەت موچەی خانەنشینییان بە بەراورد بە موچەی کریکاران و کارمەندان، بەیانی دزییەکی ئاشکرا و تاڵانیەک بێسنور دەکات کە بەیاسایی کراوە.

جەماوەری عێراق و کوردستان، لەبەرامبەر بەو دۆزەخەدا کە هێزە سیاسییە بۆرژوازییە قەومی و دینیەکان، بەدەسەلات و بە ئۆپۆزیسیۆنەوە خوڵقاندویانە، هیچ رێگاو دەرەتانێکیان بۆ نەماوەتەوە جگە لە خەبات بۆ راماڵین و بەشکست کێشانی پلان و نەخشەو ئامانجەکانیان. لەو نێوەدا بە شکست کێشانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، لەدرێژەی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری ئۆکتۆبەری سالی ٢٠١٩ ی  خوار و ناوەراستی عیراق و لە کوردستانیش لەدریژەی بزوتنەوەی نارەزایەتی و خرۆشان و خۆپیشاندانی بەردەوامدا، بوو. بەشکست کێشانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، لەڕیگای بەشداری نەکردنی ملیۆنییەوە و خاڵی راگرتنی بنکەو بازنەکانی دەنگدان و بەخشینی سیمای مانگرتنی گشتی بەدژی هەڵبژاردندا، وەڵامی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری عێراق و کوردستان بوو بەدەسەڵاتی سیاسی وکارنامەی رەش و پرتاوانکاری و نۆکەرایەتیان. هاوکات بەیانی دریژەدان بە خەبات و نارەزایەتی شاری و جەماوەرییە.

چۆن بزوتنەوەی نارەزایەتی ئۆکتۆبەر لە عیراق و بزوتنەوەی نارەزایەتی ١٧ شوبات لەکوردستان و ساڵانی دواتر ئەڵقە بە ئەڵقەی لیکهەڵپێکراوی خەباتی جەماوەرین بۆ راماڵینی دەسەڵاتی بۆرژوازی، بەشکست کیشانی ئەم هەڵبژاردنەش چووە ناو خانە و رەوتی هەمان بزوتنەوەی راماڵینی دەسەلاتەوە.

دیارە ئەمە هێشتا هەنگاوگەلێکن لەراستای هەنگاوەکانی داهاتوودا، بەشکست کێشانی هەڵبژاردن و جووتبوونی لەگەڵ بزوتنەوەی نارەزایەتیدا بۆ راماڵینی دەسەڵات، پێویستی بە رێکخرابوون و یەکگرتوویی هەیە، پێویستی بە خۆجیاکردنەوەی تەواوەتی لە ئاسۆی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە بۆرژوازییەکان هەیە، سزادانی حزبەکان و راماڵینیان، بەبێ تەریک خستنەوەی بزوتنەوە کۆمەلایەتیەکانیان و وەلانانی ئاسۆ و ئامانجی چینایەتی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و نەریتەکانیان، ناکام دەمێنێتەوە. چینی کریکار و جەماوەری بێبەش لە راستای بەسەرکەوتن گەیاندنی خەباتیاندا، لە پێناو دنیایەکی باشتر و خاڵی لەستەم نابەرابەری و بێمافی و هەلاواردن… پێویستیان بە رێکخراوبوون، کۆبونەوە لەدەوری ئاسۆی سۆشیالیستی، بە رابەری کۆمۆنیستی و سەرئەنجام بە وەریخستنی شۆرشی کۆمەڵایەتی چینی کریکارە…

لەوانەیە تۆ ئەمانەشت بە دڵ بێت

لێدوانێک بەجێ بهێلە

هاوڕێمان بن!

پەیوەندی

دەتوانن ڕاستەوخۆ پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ هەر سەرنج و پێشنیار و ڕاگۆرینەوەیەک، لە ڕێگای:

abdulla.mahmud@gmail.com

دیمانەی پێشەنگ

Play Video