Home ئەرشیف2021 نەخێر ئیمانوێل ماکرۆن… دۆستی ”کورد“!! نییە

نەخێر ئیمانوێل ماکرۆن… دۆستی ”کورد“!! نییە

by Abdulla Mahmud

کۆتایی مانگی رابردوو، ٢٩ی ئۆگەستی، ئیمانوێل ماكڕۆن سه‌رۆكى فه‌ڕه‌نسا دوای سەردانی بۆ بەغدا، و بەشداری لە “کۆنگرەی بەغدا بۆ هاوکاری و هاوبەشی” سەردانی هه‌رێمى كوردستانی کرد. سەردانی ماکرۆن بۆ عێراق و بەتایبەتیش بۆ کوردستان، بووە هۆی ئەوەی کە ریزێکی بەرین و لە نووسەر و کەسایەتی سیاسی، ئەم سەردانەی ماکرۆن بە روداوێکی کەم وێنەی مێژووی و پڕ دەستکەوت بۆ هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی لێک بدەنەوە. بەوێنەی سەرکەوتنی دیبلۆماسیەتی کوردی وێنایان کرد. بەشێکی زۆری نووسەر و سیاسیەکانی ناو خانەوانەی بۆژوازی کورد، ئەم سەردانەی ماکرۆنیان بەزامنی ئایندەی سیاسی کوردستان نیشانداو هەوڵیاندا ئەو ترس و نیگەرانییە بڕەوێنەوە کە بە پاشەکشەی ئەمریکا لە عێراق و کوردستان دەشێت رووبدات. هاوکات ماکرۆنیان وەکو فریادرەس لە رۆژە سەختەکان و فەرەنسایان وەکو دۆستی خەڵکی کوردستان و لەڕاستای پاراستنی هەرێمی کوردستان خستە ڕوو.

ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە هیچ کام لەم سیاسی و نووسەرانە، کە فەرەنسا بەدۆستی کورد و فریادرەس تەماشادەکەن، یەک بەڵگەو تەنانەت یەک رستەی ماکرۆنیان نیشان نەداوە کە فەرەنسا دۆستی کوردە و خەڵکی کوردستان دەپارێزێت!!. خوی ماکرۆنیش لەم سەردانەیدا هیچ بەڵینێکی سیاسی و هیچ پرۆژەیەکی دیاریکراوی بۆ خەڵکی کوردستان و ئاینندە سیاسییەکی نەخستە ڕوو، جگە لە راگەیاندنی درێژەدان بە دۆستایەتی، وەفاداری  و هاوسۆزی نیشاندان.

ئەوەی زۆر رۆشن بوو. ماکرۆن پێداگری لە جەنگی دژە تیرۆر و شەری داعش، پاراستنی سەروەری عێراق، هاوکاری ئاوارەکان و هەوڵدان بۆ گەڕانەوەیان بۆ زیدی خۆیان، ئاوەدانکردنەوەی موسڵ و وەبەرهێنان لە عیراق و کوردستاندا… کردەوە. واتە ماکرۆن بە رۆشنی سیاسەت و ئامانجی سەردانەکەی ڕاگەیاند و لەپاڵیدا هاوسۆزی و پێداگری لە دۆستایەتی لەگەڵ “کورد”!! کردەوە. ئەمەش بەرۆشنی نیشانی دەدات کە ماکرۆن جگە لە هاوسۆزی و دۆستایەتی لە بازنەی ئینسان دۆستیدا، هیچ بەڵینێکی سیاسی بەخەڵکی کوردستان نەدا.

دەوڵەتی فەرەنسا بەوێنەی کاراکتەرێکی کارای سیاسی لەدنیادا، و ماکۆن وەکو سەرۆکی ئەو وڵاتە، لە ئێستادا، نوینەرایەتی چینی باڵادەستی فەرەنسا و کۆمپانیاکانی دەکات و بەدوای ئامانجە سیاسی و ئابوریەکانیەوەیەتی، عیراق و کوردستانیش، ژینگەیەکی لەبارن بۆ سەرمایەگوازری و وەبەرهێنان، بەتایبەتیش لەبواری نۆژەنکردنەوەی عیراقی وێرانکراودا کەخۆیان پشکیان لە داروخاندنیدا بەرجەسەتەیە.

پرسی پاشەکشەی ئەمریکا لەعێراق بەدوای ئەفغانستاندا، دۆسیەی ڕۆژەو ئەمریکا دواخاڵی شکستی ئابروبەرانەی خۆیان لە سازدانی “نەزمی نوێی دنیا” ” رۆژهەڵاتی گەورە” بە پاشەکشە لە ئەفغانستان و عیراق، دادەنێت. بێگومان پاشەکشەی ئەمریکا لە عێراقدا، ئاڵوگۆری گەورە بەدوای خۆیدا جێ دەهێڵێت، هاوسەنگی هێزە سیاسییەکان دەگۆڕیت، مەیدانی دەخالەگەری وڵاتەکان لە عێراقدا کراوەتر دەکات، عێراق بەرەو ناوەندی بڕیاردان دەبات. جموجۆڵی هێز و گروپە تیرۆریستەکان پێناسە دەکاتەوە. فەرەنسا دەیەوێت لەو ئاڵوگۆرانەدا کەڵکی خۆی وەربگرێت. لە باری سیاسییەوە هەژموونی ئەوروپا و بەدیاریکراوی فەرەنسا لە عێراقدا باڵادەست بکات و لەو رێگایەشەوە رۆڵی لە گۆرەپانێکی گرنگی ململانیی ناوچەیی و جیهانیدا بباتە سەرەوە. هاوکاتیش عێراقی داروخاوی دەستی جەنگ بەتایبەتی لەبواری بنیاتنانەوەدا، بکاتە سەرچاوەیەک بۆ خستنەگەری کۆمپانیاکانیان لە پێناو کەڵەکەی سەرمایەدا. بە کورتی لەباری سیاسیەوە بۆ پڕکردنەوەی جێگای ئەمریکا و رۆڵگێرانی زۆرتری سیاسی لە عیراق و کوردستان و ناوچەکە و لەباری ئابوریشەوە بەدوای بەرژەوەندییە ئابوریەکانیەوەیەتی. دیارە لەم چوارچێوەیەشدا ململانێ و سازش و مانۆرەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە لە پێشیانەوە ئێران و تورکیادا دەباتە پێشەوە.

پشتگیری دەوڵەتی فەرەنسا و ماکرۆن بۆ “کورد” کە سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی و نووسەرە مۆڵەت پێدراوەکان بانگەشەی دەکەن، پشگیرییە لە نوخبەی سیاسی دەسەڵات بەدەستی ئێستای کوردستان، نەک لە خەڵکی کوردستان و ئەویش تا ئەو جێگایەیە بڕ دەکات، سەروەری عێراق نەباتە ژێر پرسیار. ئەو دوو مەسەلەیەی کە سیاسی و نووسەرانی بۆرژوازی کورد وەکو پەروەندەی میژووی بۆ نیشاندانی دۆستایەتی فەرەنسا بۆ “کورد” و ” هەرێمی کوردستان دەیخەڕوو، جێگای گاڵتەجارییە.

فەرەنسا هەرگیز فریاد رەسی خەڵکی کوردستان نەبووە، نە بریاری ٦٨٨ ئەنجومەنی ئاسایش و نە هەلوێستی لە دوای روداوەکانی ریفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧ ، فەرەنسا ناکات بە دۆستی “کورد”. با کەمێک لەو دووخاڵە وردبینەوە.

بریاری ٦٨٨ ئەنجومەنی ئاسایشی نێو دەوڵەتی لە ساڵی ١٩٩١ دا، پرسی سیاسی خەڵکی کوردستانی هێنایە خوارەوە بۆ پرسی ئاوارەکان، واتە ئەم بڕیارە پشتیوانی سیاسی نەبوو لەخەڵکی کوردستان، بەڵکو بریاری لەسیاسەت خستنی پرسی خەلکی کوردستان بوو بۆ هاوکاری ئاوارەکان، کە بەملیۆنان ئینسان لەدەست زوڵمی سیاسی و سەرکوتی نەتەوایەتی بەعس ئاوارە بوون، فەرەنسا و دنیای قازانج پەرستی بۆرژوازی لە جێگای ئەوەی ئاوارەیی خەڵکی کوردستان وەکو دەرهاویشتەی زوڵمی نەتەوایەتی و سەرکوتی سیاسی بەعس تەماشا بکەن و ڕیگاچارە و پرۆژەی سیاسی بۆ بخەنەروو، پاراستنی کوردەکانیان بە راگرتنی جمجۆڵی ئاسمانی بەعسدا کورت کردەوە و خەڵکی کوردستانیان لە خاوەن پرسێکی سیاسیەوە کردە خەڵکی لێقەوماوی کارەسات دیدەی رووتی دابڕاو لە زوڵمی قەومی و سەرکوتی سیاسی، وەکو ئەوەی کوردەکان و کێشەی سیاسی خەڵکی کوردستان، کێشەی بۆردمان و فرینی فرۆکەکانی عیراق بەسەر خەڵکی کوردستان بێت.. دیارە بەم سیاسەتەشیان کوردستانیان کردە ئۆردوگا و دانیشتوانەکەشیان لە ناسنامەی سیاسی و حقوقی خست و ئیرادەیان بەرگری لەخۆکردن و تیکۆشان لاوزکرد و دەرگایان بۆ تەراتێنی وڵاتەکانی ناوچەکە کردەوە. بەمەش نەک کوردستانیان بە ئاقاری ئارامیدا نەبرد، بەڵکو کردیانە جێگا و جغرافیایەکی بێ دەرگا و پەنجەرەی بێ سنور و نا سەروەر و بێناونیشانی حقوقی لە دنیادا. هەر لەژێر ئەم سیاسەتەشدا تاوانی ٣١ ئابی ١٩٩٦ روویدا. تاوانی کوشتار و تیرۆری سەدان کادر و چالکوانی وڵاتانی ناوچەکە روویدا، تاوانی بەدەسەڵات گەیشتنی دزو مافیاکانی ئیستاش بەرهەمی هەر ئەو سیاسەتە بوو.

دوای ریفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧، دەسەڵاتی ناوەندی عێراقی دۆست و دەست پەروەردەکراوی ئەمریکا و غەرب و فەرەنسا، ریفراندمیان کردە پاساو بۆ هێرش بۆسەر کوردستان، دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتیان گێرایەوە بۆ سەردەمی هەمان سنوری قەڵەمرەوی سیاسی کە بڕیاری ٦٨٨ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دیاری کردبوو واتە “ناوچەی دژە فڕین”.

لەوکاتەدا فەرەنسا پەیوەندیەکانی خۆی لەگەڵ نوخبەی سیاسی هەرێم راگرت و ئەو دوورییە کاتیەی نەگرتەبەر کەبەشێکی زۆر لە وڵاتانی دنیا لە چوارچێوەی بەرژەوەندیان لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی بەغدادا، گرتیانە بەر. ئەم هەنگاوەی دەوڵەتی فەرەنسا لە روانگەی سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی و نووسەر دوورمەودا سز و کورت بینەکانەوە، وەکو فریادرەس وێنا دەکەن… لە وەختكدا کە رۆشن بوو ئەو قەڵەمڕەوییە سیاسییەی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردیەتی کە بەهاتنی داعش فراوان ببوو، بەدوای جەنگی داعشدا دەبوو وەکو پێشووی لێبکرێتەوە. کاتێک داعش لە رووی سەربازییەوە تێکشکا، گێرانەوەی قەڵەمرەوی دەسەڵاتی ناوەندی بۆ پێش هاتنی داعش، لەدەستوری عێراقدا بوو، ریفراندۆم کرا بە پاساوێک تا گەرانەوەی هێزەکانی عێراق بۆ بەر لە جەنگی داعش خێراتر لەوەی پێشبینی دەکرا، رووبدات. لەوەش زیاتر لە دەستوری عێراق و  هیزەکانیدا نەبوو، لەوە زیاتر پێشرەوی بکەن. هاوکاتیش دەسەڵاتی ناوەندی و هیزی چەکدارەکەی ئەگەر پێشرەوی زیاتریان کردبا بۆ شارو شارۆچکەکانی تری کوردستان، دەیانتوانی کۆنترۆڵی کاتی کوردستان بکەن، بەڵام توانای مانەوەیان نەبوو، وەخەڵکی کوردستان نەیدەتوانی قبوڵی بکات بۆیە دەستیان بۆ مغامەرەیەکی لەپێشدا دیاری شکستخواردوو نەبرد. ئەوکاتە نە فەرەنساو نە ئەمریکا و دەنگیان لێوەنەهات و وەکو پرسێکی ناوخۆیی عێراق مامەڵەیان کرد، کەچی زۆر بێ شەرمانە میدیای کوردی و بزوتنەوەی کوردایەتی و بەتایبەتیش میدیای پارتی، رۆڵی فەرەنسا و ماکرۆن وەکو فریادرەس تەماشا دەکەن!!.

ئەمریکا و غەرب و فەرەنسا و ماکرۆنەکان… بەدوای بەرژەوەندییە ئابوری و سیاسییەکانیان و هەژموونی زۆرتر و ناوچەی فراوانتری جێ نفوزدا وێڵن، نەک ویستی ئازادی و ئازادیخوازی و پاریزگاری لە خەڵکی ستەم دیدەو خاوەن کیشەی سیاسی لە دنیادا. بۆ ئەم ئامانجەشیان ئامادەن دەست لەگەڵ داریزیووترین دەسەڵات، قەسابیترین دەسەڵاتی دیکتاتۆر، و دەیان گروپی وەکو داعش و تاڵیبان… تیکەڵ بکەن.

پشتیوانی ئەمریکا و غەرب و فەرەنسا لە “کورد” کە دیارە مەبەستیان دەسەڵاتی سیاسی کوردە، راستەوخۆ بەمانای پشیوانی ئەوانە لەو دەسەڵاتە مافایی و دزو سەرکوتگەرە لەبەرامبەر ویستی ئازادی و ئازادیخوازی و ماف و داواکارییەکانی خەڵکی کوردستاندا. 

بزوتنەوەی کرێکاریی و نارەزایەتی جەماوەری لە ئەمریکا و غەرب و دنیادا، کە بەدژی جەنگ و ملهوری دەستێوردانی ئەمریکا و غەرب هاتنە مەیدان تا دەگات بە هێلەک زەردەکانی فەرەنسا کە بۆ کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی، بۆ کەم کردنەوەی سەعاتی کار، ژیانێکی باشتر هاتنە مەیدان… تا دەگات بەسەرجەم بزوتنەوە ئازادیخوازو ئینسان دۆستەکان دەتوانن هیزی پشتیوانی لە خەڵکی کوردستان و جەماوەری ستەم دیدە بن، نەک مافیاکانی دەسەڵاتی سەرمایە، کە لە پێناو چاوچنۆکی سەرمایەو بەرژەوەندیەکانیاندا، ئۆردی بێکاریی و برسێتیان، بەو پەری خۆ گەیاندووە، دنیایان نوقمی جەنگ و داڕوخان کردووە، دەستیان لەناو دەستی تاڵیبانەکان وئاخوندەکان و ئەردۆغانەکان و پارێزەری چاڵە نەوتەکانی کەنداو دایە.

کۆتایی ئۆگەستی ٢٠٢١  

لەوانەیە تۆ ئەمانەشت بە دڵ بێت

لێدوانێک بەجێ بهێلە

هاوڕێمان بن!

پەیوەندی

دەتوانن ڕاستەوخۆ پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ هەر سەرنج و پێشنیار و ڕاگۆرینەوەیەک، لە ڕێگای:

abdulla.mahmud@gmail.com

دیمانەی پێشەنگ

Play Video