دوای هێرشی تیرۆریستی بۆسەر دامەزراوە گەورە سیاسی و ئابوری و رەمزی باڵادەستی ئەمریکا، لە ١١ سێبتەمبەری ساڵی ٢٠٠١دا، واتە رێک ٢٠ ساڵ پیش ئێستا، ئەمریکا جەنگی دژە تیرۆری راگەیاند. رایگەیاند کە کۆتایی بە تیرۆر و تیرۆریستان دەهێنێت، لەوەش زیاتر هیرشی کردە سەر چەند وڵاتێک بە پاساوی هاوکاری تیرۆر و تیرۆریستان و ڕیکخراوەی قاعیدە… لەوانەش ئەفغانستان و پاشان عێراق کرانە نیشانە و چەند وڵاتێکی تریش بوونە بژاردەی ئەمریکا و ناوزەد بە میحوەری شەر کران، لەوانە ئیران و کوبا…
هێرشی ریکخراوی قاعیدە وەکو بەشیک لە رەوتی ئیسلامی سیاسی بۆسەر دەوڵەتی ئەمریکا، هێرشێکی تاوانکارانە و تیرۆریستی و ئینسان کوژی ئاشکرا بوو، کاردانەوەی ئەمریکاش لەبەرامبەر بەو کردەوە تیرۆریستییە ئینسان کوژییەدا، بەهەمان شێوە تیرۆریستی و ئینسان کوژی و وێرانکارانە بوو.
چ هێرشی قاعیدە بۆسەر دەوڵەتی ئەمریکا و چ کاردانەوەی ئەمریکا لەبەرامبەر بەو تاوانەدا، دنیای کردە شاهیدی دوو کردەوەی روکەش، بۆ دوو ئامانجی ئاشکرای دوو رەوت لە ئاستی دنیادا. هێرشی تیرۆریستی قاعیدە بۆسەر ئەمریکا بەشێك بوو لە جەنگی فراوانتری ئیسلامی سیاسی بۆ بەش پێبران لە دەسەڵاتی سیاسی لە جوغرافیای سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، بۆ ئەمریکاش دەستبردنی بۆ جەنگ و ملهوری سەربازی، بۆ پێناسەکردنەوەی و نیشاندانی باڵا دەستی خۆی بوو بەدوای شکستی بلۆکی شەرق بە ئامانجی سازدانەوەی دنیا لە ژێر رابەری تاقانەی خۆیدا و بەوێنەی کۆتایی دنیای دوو قوتبی و بیناکردنی دنیای یەک بلۆکی و یەک قوتبی، کە خودی ئەمریکا مۆتۆر جوڵەو ئاراستەکانی، لە ژێر کۆنترۆڵی بێ رکەبەری خۆیدا بێت. واتە چ کردەوەی تیرۆریسستی قاعیدە و چ کاردانەوەی ئەمریکا، ئامانجەکانیان لەگەڵ بژاردەو نیشانەکانیان، لەناکۆکیدا بوون لەگەڵ یەکتری… ئامانج شتێکی تر و بژاردەو هەنگاوەکان شتێکی تر.
هیرشی تیرۆرسیتی ریکخراو قاعیدە بۆسەر ئەمریکا، دەروازەی کردەوە بۆ ئەمریکا تا بەدوای ئامانجە ستراتیجی و فراوانەکانی خۆیدا هەنگاو بنێت. بە واتایەکی تر هیرشی تیرۆریستی قاعیدە بووە خێر و بەرەکەتێک بۆ دەوڵەتی ئەمریکا، تا لاشەی لەخوێن هەڵکیشراوی هەزاران ئینسان بکاتە، رێگایەک بۆ نیشاندانی باڵادەستی تاقانەی خۆی بەسەر دنیا و ترساندن و تۆقاندنی نەیارە جیهانی و ناوچەییەکانی و ملکەچ پێکردنیان.
ئەمەش دنیای روبەرووی دەورەیەکی نوی لە جەنگی تیرۆریستەکان کردەوە. کۆمەڵگەی ئینسانی لەگەڵ یەکێک لەرەشترین دەروانی وێرانکاری و کوشتاری ئینسانیدا رووبەڕووکردەوە.
جەنگ لە دژی تیرۆریزم، کە زۆرێک لە نووسەر و سیاسی کاڵفام و رەوت گەلی سیاسی وابەستە بە سیاسەت و نەخشەکانی ئەمریکا و غەرب، وایان لێکدایەوە کە ئەمریکا و غەرب لەدژی تیرۆر دەجەنگن و دەوڵەتە تیرۆریست و هاوکاران و داڵدەدەرانی سەرانی ریکخراوە تیرۆریستەکان، لە بەین دەبات و وڵاتانی ناو بازنەی میحوەری شەر لە دەستی نیزامە سیاسیە سەرکوتگەرەکان، ڕزگار دەکات… بەکردەوە پیچەوانەکەی دەرکەوت و ئەم نووسەر و سیاسی و رەوتە سیاسیانەش بوونە قوربانی کورت بینی و بەرژەوەندخوازیان تا لە سایەی شەر و ملهوری ئەمریکاو غەربدا دەستیان بە ئامانجە سیاسیەکانیان بگات. دنیای دوای روداوی ١١ی سێبتەمبەر، زۆر نائەمنتر لە پیش ١١ سێبتەمبەر کرا، تیرۆر بە پانیایی هەموو دنیادا بڵاوبۆوەو و هیچ گۆشەو کەنارێکی دنیا نەما، دەستی تیرۆرو نائەمنی و کەشی ترس و تۆقاندن پێی نەگات… ئەمریکا و غەرب دەسەڵاتی سیاسی ئەفغانستان و عێراقیان روخاند، تا بەقەولی خۆیان کۆتایی بە تیرۆر بێنن، کەچی هەردوو وڵاتەکەو ناوچەکەیان کردە ژینگەی پیگەیاندنی تیرۆر و تیروریزم و دەیان دەستەو تاقمی تری لەچەشنی داعش و کە قاعیدە و تاڵیبان لەچاویاندا، یاریچیەکی ناکامڵ بوون، دروست کرد. بەم جۆرە سەرجەم رۆژهەڵاتی ناوەراستیان کردە کوانوی ئەزمەو خوێن بەربوونێکی بەردەوام کە تا ئیستا دریژەی هەیە.
ئەمریکا و غەرب ویستیان لەریگای ملهوری سەربازی و دەستیوەردانی ئاشکرا لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا باڵادەستی خۆیان نیشانی دنیا بدەن و رەقیبە سیاسی و ئابوری و ستراتیجیەکانیان، لەوانە چین و روسیا و بلۆکە ناوچەییە وابەستەکانیان، سەرکز و بێ رۆڵ بکەن، کەچی شکستی ئەمریکا و غەرب، لەوکاتەوە دەستی پێکرد، کە هیرشی سەربازیان کردە بژاردە لەژێر ناوی جەنگی دژە تیرۆردا… راسانی ملیۆنی لە ئاستی دنیادا لەدژی جەنگ و ملهوری سەربازی ئەمریکا، کە لەناوەرۆکدا بەجیا لەوەی دنیا لە ئاکامە زیانبارو وێرانکارییەکانی بەئاگا بوو، هاوکات وێل بوونی بەرەی ملیۆنی ئینسانی بوو بەدوای ئازادی و عەدالەتدا، کە بەدوای شکستی بلۆکی شەرقدا، کەتبوونە بەردەم هیرشی سیستماتیکی سەرمایەو دەستکەوتە ئینسانیەکانیان لێ زەوت دەکرا. دیارە ئیسلامی سیاسی و رەوتە ئیسلامیەکانیش بە کردەوەکانیان لەژیر ناوی بەرگری لە کیشەی فەلەستین و مستەزعەفین و بەرگری لە ئیسلام و وەستانەوە بەرووی “شەیتانی بزورگ”دا، کە لە بنەرەتدا ئەوانیش خوازیاری بەش پێبرانی سیاسی لە رژهەلاتی ناوەراست و هاواکاتیش چاوەروانی بەرەسمی ناسینیان لە ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دەکرد، زۆر زوو کردەوە ئینسان کوژییە کەم وێنە و دڕندایەتیەکەیان، ئەوانی لەگەڵ بزوتنەوەی ئازادیخوازی و ئیساندۆستی دنیا رووبەڕووکردەوە. بەم جۆرە هەردوو بەرەی ئەم وێرانکاریی و کوشتارە ئاشکرایە بۆ بەرژوەندی تر، رووبەرووی پاشەکشە و نەفرەتی دنیای شارستانی و ئینسان دۆستی بوونەوەو پاساوە پوچ و کاڵەکانیان، بە تەواوەتی ئاشکرا بوون… دیارییەکانی ئەمریکاو غەرب لە عیراق و ئەفغانستان، لە دارماندنی کۆمەڵگەو هینانە سەرکاری جانەوەرترین گروپ و دەستەی قەومی و ئیسلامی و مەزهەبی و تایفی ئینسان کوژ، بۆسەر دەسەڵات و پشتیوانی لێکردنیان، سیمای درەندەیی سەدام حسێن و بەعسیەکانی عیراق و تاڵیبان و ئیسلامیەکانی ئەفغانستانی، لە بەرگی درندەتردا نمایش کرد و دنیاشی کردە شاهیدی ئەو بەرهەمە قێزەونەی سیستەمی سەرمایەداری و ململانێ فروانەکانی بلۆکەکانی… ئەمەش لەگەڵ خۆیدا ئەو راستیەی بەکردەوە نیشاندا کە نە ئەمریکاو دیموکراتی کیشەی لەگەڵ تیرۆر هەیە و دژی تیرۆرن، نە قاعیدەو و ئیسلامی سیاسی دژی ئەمریکا و غەرب و باڵادەستی ئەمریکان.
پاشەکشەی ئابڕوبەرانەی ئەمریکا لە ئەفغانستان و بەرنامەی پاشەکشەی لە عیراق و ناوچەکە بەگشتی، ئاکامی شکستی سەرجەم پرۆژەکانی ئەمریکا و غەرب بوو. رادەستکردنەوەی دەسەڵاتیش بە تاڵیبان لە ئەفغانستان و و بە شیوە تاڵیبانەکان و کرێگرتەکانی ئیران لە عیراقدا… دووبارە دەستخستنەوە ناو دەستی ئەو جانەوەرانە بوو کە ١١ی سیبتەمبەر و دەیان کردەوەی تیرۆریستی هاوشیوەیان لە دنیادا، ئەنجامدا و دنیایان لەگەڵ دەورانێکی یەکجار رەشدا رووبەڕوو کردەوە.
ئیستا ئیتر بۆ هەموو کەسێکی هوشیار رۆشنە، ئەمریکا و غەرب کیشەیەکی بنیادی و سەرەکیان لەگەڵ تیرۆر و ئینسانکوژی ئیسلامی سیاسیدا نییە و ئیسلامی سیاسێش کیشەیەکی بنیادی و سەرەکی لەگەڵ ئەمریکا و غەرب و سیاسەتە دژە ئینسانیەکانیاندا نییە… ئەو تاوانکاریی و خوێن بەربوونەو ئاوارەیی و کاولکارییەی لە عیراق و سوریا، لیبیان و یەمەن و ئەفغانستان و رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بەبەرچاوی دنیادا روودەدات، بەرهەمی ئەو لیکچوونە و بەژەوەندییە هاوبەشەی نیوان ئیسلامی سیاسی و ئەمریکا و غەربە و مانەوەی جەنگ و ململانێی لیرەو لەویش، بەرهەمی ناکۆکیەکی روکەشە لەسەر بەرژەوەندییە ئاشکرا و راگەیەنراوەکانیان…
ناوەراستی سێبتەمبەری ٢٠٢١