Home ئەرشیف2021 لەدەسپێکی تازەی ساڵی خوێندندا… خوێندن و پەروەردە ڕەنگدانەوەی سیستەم و دەسەڵاتی سیاسییە…

لەدەسپێکی تازەی ساڵی خوێندندا… خوێندن و پەروەردە ڕەنگدانەوەی سیستەم و دەسەڵاتی سیاسییە…

by Abdulla Mahmud

ناوەراستی ئەم مانگە دەسپێکی ساڵی خوێندنی ٢٠٢١-٢٠٢٢ دەست پێدەکات و دەرگای قوتابخانەو پەیمانگاو زانکۆکان دەکرێتەوە.

لە کاتێکدا دەرگای قوتابخانەکان دەکرێنەوە، کە ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار و بێبەشانی کۆمەڵگەو لەوپەرێ خراپیدایە و تادێتیش بەرەو خراپ تر دەچێت. رێژەی بێکاری و هەژاری بەخێرایەکی زۆر دەچێتە سەرەوە، گرانی بازار وەکو ئەژدیهایەک دەستی ناوەتە بینەقاقای بەشی هەرەزۆری کۆمەڵگە. سلکی خوێندن و پەروەردە بەرەو داڕمانێکی ئاشکرا پەلکێش کراوە. نەبوونی بینای پێویست بۆ قوتابخانە و پەیمانگاکان، نەگونجاوبوونی بیناکان، نەبوونی پێداویستیەکانی خوێندن، وەکو کتێب و قەڵەم و کورسی و تاقیگەو… پرۆسیسی خوێندن و فیرکردن و پەروەردەی شەلەل کردووە. بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری و بێکارییەوە رێژەی نەچوونی و نەناردنی مناڵان بۆ خوێندن هەڵکشاوەو ئەو مناڵانە ناچار بەوە کراون لە جێگای قوتابخانە، مل بە بازاڕی بێرەحمی سەرمایە بدەن و ببنە سەرچاوەی کاسبی بۆ خێزانەکانیان.

نەبوونی موچەو دواکەوتنی و دڵەڕاوێکی بڕینی موچەکان و لێقرتاندنی، هەمیشە سایەی بەسەرسەری مامۆستایانەوەیە. هەلومەرجی کارمەندانی پەروەردەو مامۆستایان بەتایبەتی لە چەند ساڵی رابردوودا، کە نیوە موچە و چارەکە موچەیان پێدەدرا، ئاستی ژیان و گوزەرانیانی توشی داڕمان کردووە بەو هۆیەشەوە توانایی ئەو توێژەی کەمکردۆتەوە. دابەزینی رادەی دەرچوون بۆ نزمترین ئاست رەنگدانەوەی ئەو دۆخە نەخوازراوەیە. نەبوونی موچەو هاتنی کۆڕۆنا ڤایرۆس و بی دەربەستی سلکی تەندروستی و پەروەردە بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەم گرفتانە، دواکەوتنی خوێندن و داخستنی قوتابخانەکانی بەدوای خۆیدا هێنا گورزی وەشاندە خوێندنی ساڵی رابردوو.

زاڵکردنی کەشی کۆنەپەرستی لەناو زانکۆ و پەیمانگا و قوتابخانەکاندا، تا دەگات بە هەرەشەو چاوسورکردنەوەو ترساندن لە قوتابخانەکاندا، لایەنێکی ترە کە پرۆسیسی خوێندنی بەرەو وێرانەیی بردووە. هاوکات مەنهەجی خوێندنی کۆنەپەرستانەی سەرچاوە گرتوو لە دین و خورافاتی دینی، تا دنەدانی دیدو روانینی ناسیونالیستی و تیکەڵکردنی ئەمانە لەگەڵ مەنهەجەکانی خوێندندا، خودی ناوەندەکانی خوێندنی گۆرێووە بۆ ناو کایەی سیاسی و دوورکەوتنەوە لە فیربوونی زانستی و دیدی ئیساندۆستانەو ژیان دۆستی.

بەجیا لەوانە دیارنەبوونی هیچ ئایندەیەک بۆ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان و دانەمەزراندن و دەستگیر نەبوونیان لە هیچ کارێک، وای کردووە گرنگی دان بە خوێندن لاواز ببێت. هۆکارێکی سەرەکی کۆچی لاوان و تازە لاوان بۆ وڵاتانی ئەوروپا راکردنە لەو دۆزەخە و وێڵ بوونیانە بەدوای ژیان و کاردا.

دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، لەبەرامبەر بەم دۆخەی پرۆسەی خوێندن و پەروەردەدا، نەک هەر بێباکە، بەڵکو خۆی هۆکارێکی ئەم کەشە نەخوازراوەیە کەبەسەر کۆی سیستەمی پەروەردەو خویندن و فیرکردندا زاڵکراوە. چونکە گومان لەوەدانییە، کە سیستەمی خوێندن و پەروەردەو فیرکردن رەنگدانەوەی دەسەڵات و سیستەمی سیاسییە. ناکرێت سیستەمێکی دواکەتووی کۆنەپەست خوێندن و پەروەردەو مەنهەجی خوێندنی پیشکەوتنخوازو ئینسانی بێت. هەر وەکو ناشیت سیستەمێکی سیاسی مۆدێرن و کراوە و ئینسان دۆست، سیستەمی پەروردەو خوێندن و فیرکردنی دواکەتوو و داخراو سەرکوتگەرانەو لەسەر مەبنای گیڵکردن و گەوجاندن دامەزرابێت.

سیستەمی خوێندن و پەروەردە و فێرکردن لە کوردستان، رەنگدانەوەی سیستەمی سیاسی شکستخواردووی دەسەڵاتێکی میلیشیایی تاڵانچییە.

هۆکاری ئەوەی ئەلگۆ و فۆرمی سیستەم و خوێندنی دانیمارکی و سویدی لە کوردستان ناتوانرێت پیادە بکرێت، دەسەڵاتی سیاسییە. ناکرێت خوێندن و پەروەردەو فێرکردن تیکەڵ بەدین و سیاسەت بکرێت و هاوکاتیش چاوەروانی ئەوە بیت، فۆرمی و ئەلگۆ سویدی جێ بەجێبکرێت و سەرکەوتوبێت. ناکرێت مامۆستا موچەی نەبێت و خوێندکار و قوتابی برسی بن و پیداویستیەکانی خوێندن لە بیناوە تا تاقیگەو مەنهەجی خوێندن فەراهەم نەکرابن و چاوەروانی سەرکەوتن و پیشرەوی لە خوێندن و پەروەردەدا بکرێت.

خوێندن و پەروەردە وەکو سەرجەم بوارەکانی تری لە چەشنی تەندروستی، رێگاو بان، یاساو سیستەمی دادوەری… ناکرێت لە ژێر سایەی ئەم دەسەڵاتەدا وەڵام دەرەوەی ویستی خوێندکار و قوتابیان و خواستی گشتی کۆمەڵگە بێت.

 ئەگەر هێشتا خویندن و پەروەردە و فیرکردن لە کوردستان نەتوانراوە بەتەواوەتی ئیسلامیزە بکرێت، نەتوانراوە بەتەواوەتی لەبەین بچێت، هۆکارەکەی راوەستاوی بەرەو بلۆکی ئازادیخوازی کۆمەڵگەی کوردستانە، لە پیشیانەوە مامۆستایان و کارمەندان و شارەزایانی دلسۆزی بواری پەروەردەیە. مەیدانی خوێندن و پەروەردە وەکو هەموو بوارەکانی تر مەیدانی بەرامبەرکێی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگەیە.  

کۆمەڵگەی کوردستان پێویستی بە سیستەم و ئەلگۆیەکی سەردەمی خوێندن و پەروەردەیە، کە بەبێ کۆتایی هێنان بەو دەسەڵاتە مەیسەر بوونی لەمەحاڵ نزیکە. ساڵی تازەی خوێندن دەست پێدەکات، لەگەڵیشدا ململانێی لەگەڵ دەسەڵات بۆ سەرەتاییترین پیداویستیەکانی زامن بوونی کەشیکی سادەو ئاسایی خوێندن و پەروەردەش دەست پێدەکات. پرسی موچە، زیادکردنی موچە، دامەزراندن، بردنە سەری توانایی مامۆستایان، قوتابخانەی شیاو، هەوڵدان بۆ نەهێشتنی سێ دەوامی، تا دەگات بە بەرگرتن بە شەپۆلەکانی کۆنەپەرستی… مەیدانی ئەو بەرامبەرکێیەن.

خوێندکاران و مامۆستایان و کەس و کاریان، پێویستە دەستیان لەناودەستی یەکتریدا بێت، بۆ باشترکردنی پرسی خوێندن و پەروەردە. لەو نێوەدا بوونی ریکخراوەی مامۆستایان و خوێندکاری سەربەخۆ کە بەرژەوەندی هاوبەشی مامۆستایان و خوێندکاران و پرسی خوێندن و پەروەردە، بێ گوێدانە ناسنامەی حزبی و بیرورای سیاسی، مەبناکەی بێت، دەتوانێت کاریگەری زۆری هەبێت بۆ گێرانەوەی ئیرادە بۆ مامۆستایان و خوێندکاران و کەس و کاریان و هەنگاونان، بۆ توڕهەڵدانی ریکخراوە مامۆستایان و خوێندکارییە حزبی و گوێ لەمستەکان. هاوکاتیش دەتوانێت ئاراستەی خوێندن و پەروەردە، بە ئاقارێکی شیاودا ببات و ببێتە گوشاری کاریگەریش لەسەر دەسەڵاتی سیاسی.

ناوەراستی سێبتەمبەری ٢٠٢١

لەوانەیە تۆ ئەمانەشت بە دڵ بێت

لێدوانێک بەجێ بهێلە

هاوڕێمان بن!

پەیوەندی

دەتوانن ڕاستەوخۆ پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ هەر سەرنج و پێشنیار و ڕاگۆرینەوەیەک، لە ڕێگای:

abdulla.mahmud@gmail.com

دیمانەی پێشەنگ

Play Video